"an independent online kurdish website

لە بیرەوەری پێشمەرگەیەک دا

 بۆ ماوەی چەند خولەک بارودۆخەکە شێوا و پێشمەرگە شڵەژان. زۆر نامۆ بوو کە لە شوێنێکی وەک دۆڵی دەرە و ئەویش بە شەو چەکدارانی ڕێژیم ئامادە بن. ئەمە ڕووداوێک بوو کە پێشمەرگە چاوەڕوانی نەبوون.


وادیارە لە ڕێگای کەس یان کەسانێکەوە جێگای ئێمە بە دوژمن ڕاگەیەندرابوو. ئەوەی کە لە پەنجا میترییەوە تیمێکی چەکداری دوژمن بە هەموو تواناییەوە بە نێو پێشمەرگەکاندا دەسڕێژ بکەن و، نە پێشمەرگە ئامادە بێ و تەنانەت زۆرێکیمان هێشتا لە نێو کیسەخەوەکانماندا بووین و کەسانێکیشمان هەبوون لە بەر ئەوەی شەو هەموو لیباسەکانیان شۆردبوو، جگە لە شورتێک هیچ لیباسیان لە بەر دا نەبوو، لە هەمانکاتدا هیچ بەربەستێکیش وەک سەنگەر نەبوو بەر بە گولـلەی چەکی هێرشبەرەکان بگرێ، دەکرا هەر لە یەکەم چرکەکانی ئەو شەڕەدا بە دەیان پێشمەرگە شەهید و بریندار ببن. ئەوەی جێی تێڕامانە ئەوەیە کە زیاتر لە چەند خولەکێک بەسەر ئەم دۆخە چاوەڕواننەکراوەدا تێ نەپەڕی کە پێشمەرگەکان خۆیان کۆ کردەوە و بەرەنگاری هێزە هێرشبەرەکانی دوژمن بوونەوە. لە ئاکامدا، ئەو تیمەی ڕێژیم لەگەڵ ئەوەی ڕووناکی دڕنی بە تاریکایی دا، لە لایەن پێشمەرگەکانەوە بێ دەنگ کران. لە دەسترێژی یەکەمدا، بەداخەوە محەممەد سەلیم منبەری (جێگر پەل) شەهید بوو و میرزا محەممەد بڕناس (جێگر لک) بەسەختی بریندار بوو.

وردە وردە پێشمەرگەکان لە دۆڵی دەرە بەرەو ناوچەی تاوگۆزی پەڕینەوە و شەڕ بەسەختی دەستی پێکرد. دیارە یاسای شەڕیش ئەوەیە کە ئەو لایەنەی کە دەست بە شەڕەکە دەکات و هێرشبەرە، ئامادەکاریی زیاتری کردووە. بۆیە کاتێک پێشمەرگە بەرەو ناوچەی تاوگۆزی پەڕینەوە، زۆرێک لە بەرزاییەکان لە ژێر دەستی هێزەکانی ڕێژیمدا بوون و پێشمەرگەکان پێویست بوو ئەو بەرزاییانە کە دەکەوتنە مەسیری حەرەکەتی شەوی داهاتوومانەوە لە دەستی دوژمن دەربێنن. جوگرافیای ئەو ناوچەیە بە جۆرێکە کە جگە لە چۆمەکان، لە بەرزاییەکان هیچ ئاوێکی دیکەی لێ نییە. ئەمەش بە هیچ شێوەیەک لە بەرژەوەندیی پێشمەرگەدا نەبوو. لە لایەکی دیکەشەوە، گەرمای ناوچەکە دەگەییشتە نیزیک پەنجا پلەی گەرمی کە فشارەکانی بۆ سەر پێشمەرگەکان چەند قات زیاتر دەکرد. هەرچی کات زیاتر تێدەپەڕی، ڕێژیم هێزی زیاتر و تازەنەفەستری ڕەوانەی مەیدانی شەڕ دەکرد. هەر لە نیوەڕۆکەیەوە، پێشمەرگە وێڕای ئەوەی لەگەڵ کەمئاوی، ئەگەر نەڵێم بێئاوی، بەرەوڕوو بوون، دیارە  شەوی پێشتر نەخەوتبوون و سەرباری ئەمەش گەرمایەکی لە ڕادەبەدەر تا دەهات ماندووتری دەکردن. لەو نێوەدا، پێشمەرگەی وا هەبوون کە توانایی بەخەبەربوونیان نەمابوو. لە ئەنجامدا، ڕووداوی ئەوتۆ ڕووی دەدا کە بە هیچ شێوەیەک جێگای باوەڕپێکردن نەبوو. تیمێک لە هێزەکانی ڕێژیم بە هەڵە یان بە بەرنامە، لە نێو دارستانێکی چڕ و پڕدا لەگەڵ تیمێک لە پێشمەرگەکان دەستەویەخە بوون. پاش تێکشکانیان، پێشمەرگەکان بڵاوەیان لێ کرد و لەو ناوە سەنگەریان گرت. پێشمەرگەیەکمان لە بن داربەڕوویەکدا بوو کە ڕاست لەو کاتەدا کە لەنێو گەرمەی شەڕدا بووین، خەوی لێ کەوت! خومپارەیەک (هاوەنێک) لەو دیوی داربەڕووەکەی دا، کە بە مەودای کەمتر لە ٢ میتر لەو پێشمەرگەیەوە دوور بوو، کە چی پێشمەرگەکە بە خەبەر نەهاتەوە! بۆیە بێخەوی، تینوویەتی وگەرما هەر سێکیان پێکەوە بووبوون بە دوژمن لە پێشمەرگەکان. ئەوەی کە لەو بارودۆخەدا پێشمەرگەی بە پێوە ڕاگرتبوو، تەنها ئیرادە و ورەی پێشمەرگانە بوو کە تەسلیمی بارودۆخەکە، بێ ئاوی، کەم خەوی و ئەو گەرمایە نەبن، ئەگینا بە هیچ شێوەیەک بارودۆخەکە بۆ پێشمەرگەکان لەبار و گونجاو نەبوو. ڕێژیم لەوە دڵنیا بوو کە پێشمەرگە لە داڵاهۆ و هەورامان حوزووری نییە، بۆیە بە هەموو هێزییەوە خۆی لە ناوچەی سەلاسی باوەجانیدا کۆ کردبۆوە و هێزێکی زۆری لە داڵاهۆ، جوانڕۆ و هەورامانەوە هێنابوو و بە بەردەوامی هێزی یارمەتیدەریشی ڕەوانەی ناوچەی شەڕەکە دەکرد. پێشمەرگەکان بە بیروباوەڕەوە ڕووبەڕووی هێزی زۆری دوژمن دەبوونەوە. هەرچی کات تێدەپەڕی، پێشمەرگەش بەرزاییەکی زیاتری لە دەست هێزەکانی ڕێژیم دەردەهینا. بارودۆخەکە بەم جۆرە زۆربەی ڕۆژ بەردەوام بوو، ناوچەی شەڕەکە زۆر بەربڵاو بوو،  زۆر جاڕ پێشمەرگە و هێزەکانی رێژیم، تێەکەڵاو دەبوون و کاتێک دەگەیشتنە چەند میتری یەکتر، ئەوکات بە یەکیان دەزانی. تەنانەت کاتی واهەبوو یان ئەوەتەی لە بەر پاراستنی گیانی خۆیان بێ یان خود لە بەر هەستی کوردبوون، لە جاشەکان ئاسانکارییان بۆ پێشمەرگە دەکرد لە کاتی تێپەڕبوون. وەک وتم ناوچەی شەڕەکە زۆر بەربڵاو و شاخاوی و دارستانی بوو کە زۆر جار هێزەکان ئاگاداری ئەوە نەبوون کە روویان یان پشتیان لە هێزی بەرنابەرە.

ڕۆژ بەرەو کۆتایی دەچوو و تا ئەو کات پێشمەرگە توانیبووی ئەو شەڕەی کە دوژمن دەستی پێکردبوو و بە سەدان کەس هێزی تازەنەفەسی هێنابوو و هەموو شوێنە ستراتیژییەکانی لە دەست دا بوون، پێجەوانە بکاتەوە و بە سەر هێزەکانی رێژیمدا سەرکەوێت. تەنها یەک شەهید و بریندارێکمان هەبوو کە ئەوەش لە دەستڕێژی یەکەم دا بوو. ئەمە لە کاتێکدا بوو کە ڕێژیم تووشی زیانێکی  زۆر زیاتر بووبوو و بە دەیان کەسی لە دەست دابوو و نزیک بە هەموو شوێنە ستراتیژییەکان لە دەستی پێشمەرگەکاندا بوون. وێرای ئەوەی شەهیدێک و بریندارێکمان دابوو و ئەمەش زیانێک بوو، بەڵام لە شەڕێک کە دەکرا تەنها لە چەند خولەکی یەکەمدا بە دەیان پێشمەرگە شەهید و بریندارمان دابا، تا ئەو کاتە بە سەرکەوتنێکی بەرچاو حیساب دەکرا. هێندێک لە ناوچەی شەڕەکە بە دارستانی چڕ دەورە درابوو. دوو دەستە لە هێزەکانی دوژمن کەڵکیان لە چڕوپڕیی دارستانەکە وەرگرت و لە دوو جێگادا لەگەڵ پێشمەرگە دەستەویەخە بوون و لە ئاکامدا وێڕای ئەوەی دوژمن جارێکی دیکە پاشەکشەیان پێ کرایەوە، بەڵام بەداخەوە لەو دوو هێڕشەدا ٣ پێشمەرگەی دیکەمان بریندار بوون کە بریتی بوون لە: عادڵ ئەبدوڵاهی کادری سیاسی، فەرهاد شەبرەندی سەرپەل و حەمە سەعید قادری پێشمەرگەیەکی قارەمان و بەئەزموون. بە دوای ئەم دوو هێرشەدا هێزەکانی ڕێژیم بەیەکجاری پاشەکشەیان کرد و شوێنی پێشمەرگەکان لەلایەن دوژمنەوە کەوتە بەر خومپارەبارانێکی زۆر توند، بە جۆرێک کە بۆ ماوەی چەند خولەک شپرزەی کردین.

 ڕۆژ کۆتایی هات و ئێمە یەک شەهید و ٤ بریندارمان هەبوو کە ٣ کەس لە بریندارەکانمان زۆر بە سەختی بریندار ببوون و دەبوو بۆ گواستنەوەیان ٣ هێستر پەیدا بکەین. گواستنەوەی بریندار لەم ناوچەیە  کارێکی زۆر زەحمەت بوو و ئەمەش بارودۆخەکەی ئەوەندەی تر نالەبارتر کرد. ماوەیەک تێپەڕی و هەر چۆنێک بوو، هێستر پەیدا کران و ئامادە بووین بۆ ڕۆیشتن. کومیتەی ماکوان لێمان جیابوونەوە و یەک لەو ٣ کەسەی کە شارەزای ناوچەکە بوون لەگەڵ کومیتە ڕۆیشت. تا ئێستاش جێگای پرسیارە کە بۆ لەو بارودۆخەدا کومیتەی ماکوان لە هێز و ئەویش بە ٤ بریندارەوە جیا ببێتەوە! دیارە ناوچەکەش دەکەوتە چوارچێوەی تەشکیلاتیی کومیتەی ناوبراو. یەکێکی دیکە لەو ٣ کەسەی کە شارەزای ناوچەکە بوون، واتە عادڵ عەبدوڵاهی، لە نێو بریندارەکاندا بوو کە دیارە برینەکەی زۆر سەخت بوو و نەیدەتوانی بۆ خۆی بە ڕێدا بچێ. ئێستا ئەوەی راستی بێ، تەنها یەک کەس هەبوو کە شارەزای ناوچەکە بێ بۆ ئەوەی ئێمە هەوڵبدەین بە هاوکاریی ناوبراو بریندارەکان بگەڕێنینەوە بۆ سنوور. لە ماوەی رۆژی یەکەمی شەرەکە دا ئەو زانیاریانەی کە لە هێزەکانی دوژم کۆکرابوەوە ئەوەیان دەگوت کە ئەو بەشە لە هێزەکانی رێژیم کە خەریکی شەڕکردن بوون لە گەڵ پێشمەرگەکان، تەنها هێزێک بوە بۆ سەرگەرمکردنی پێشمەرگە تا ئەو کاتەی هەم هیزی زیاتر و تایبەتیتر دێن و هەمیش پێشمەرگە بەرەو ناوخۆ و جێگایەکی گونجاوتر راکێشن بۆ ئەوەی بە باشی گەمارۆمان بدەن. چوونکە ئەو ناوچەیەی کە رۆژی یەکەم شەڕی لێ دەکرا ناوچەیەکی شاخاوی یەکجار سەخت بوو کە دوژمن مەحاڵ بوو بتوانی پێشمەرگەکان لەوێ بە تەواوی گەمارۆ بدات. بەم هەموو بەربەست و کێشانەوە، پێشمەرگەکان خۆیان بۆ حەرەکەت بەرەو مەسیرێکی نادیار ئامادە کرد.

درێژەی هەیە …

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی