"an independent online kurdish website

دوای ئەوەی یەک دوو ڤیدیۆی ئەم دەنگە ڕەسەنەی کورد و لوڕستانم بینی و بیست، ئەم بەیانییە١-٢ کاتژمێرم بە گوێگرتن بەدیار تەواوی بەرھەمەکانییەوە بەسەر برد… بێ دەسەڵات و بێ ئاگا لەخۆم چاوەکانم جۆگەلەی فرمێسکیان بەست ( فرمێسک و گریانی خۆشی)… ئای لەو خەڵات و پاداشتە ڕۆحییە بەنرخ و بەرزە!..

ئەم ھەڵکەوتووە، (عەلی توڵابی) لە ئیستاوە لێی دیارە سەفیریی گۆڕانی کوردی داھاتوومان دەبێت…

دەنگێکی ئاوریشمی و دڵفڕین و کاریگەر، جوڵە و ڕەفتاری تژی لەکەسایەتی و پێشکەشکردن.. شارەزا و باڵادەست لە ھونەرەکەیدا و رۆح شیرین و خۆشەویست لە رووخساردا…

«» بنۆڕن.. لۆڕستان چۆناوچۆنی پێشوازی لە رۆڵەکەی دەکات!…

«» بنۆڕن.. ئەو خەڵکە چەند تینوویی ژیان و ھونەرە!

«» بنۆڕن.. دەبێت ئاوا کەسایەتی کوردی دروست بکرێ…

بەڵێ فەرشی سوور بۆ کاکە عەلی توڵابی داخەن و گوڵی گوڵزارەکان بچنن و بچنە پێشوازی ئەم ڕۆڵە ھەڵکەوتووەی کورد و ھەموو دڵخۆش بن بە بوونی ئەم دەنگە ڕەسەن و ھونەرمەندە بەتوانایە و بیکەنە قارەمانی ھونەریی کوردیی…

ئەم دەنگە ئەفسووناوییە، ئەم جریکە زێڕینە ڕەسەنە،لەرەی ژێ و قوڕگە پڕ لرفە و شەپۆلەی دەنگ و ئاواز، نوێنەری ھونەر و کەلتوورێکی باڵای دەوڵەمەندی کوردییە..

توڵابی ھونەری نەتەوەی کورد پێشکەش دەکات و خزمەتی دەکات ، دەبا ئێمە شیعر و گۆرانی بڵێین، بۆ ئەم نەمانە تازە پێگەیشتووەی خۆمان! تا دەبێتە پیرە دارگوێز و ڕەگ لە دڵی نیشتماندا دادەکوتێ، ڕەگوڕیشەیەک ، بە زوڵم و زۆرداری ھەزاران داگیرکەر و دوژمن ھەڵنەکەندرێ و نەبڕێتەوە…

دەبا جۆشوخرۆشی زیاتری بە پشتیوانی و خۆشەویستی و ڕێزلێنان بخەینە خزمەتەوە.. ئەو ئایندەیەکی گەشی دەبێت، گەر دەست و ھێز و نەخشەیەکی دڵسۆزانە و کارامە و ھۆشیار و خەمخۆر پاڵپشتی بێت.

دە با بنۆڕینە نەتەوە زیندووەکانی ئەم جیھانە پانوبەرین و پێشکەوتووە و لێیانەوە فێربین ، ئەوان چییان کردووە و چ دەکەن؟؟!! بۆ ھەڵکەوتوو و بەھرەمەندەکانیان…

+سڵاو لەو دایک و باوکەی ئەم ھونەرمەندەیان ھێناوەتە ژیانەوە و رێگەیان داوە ئەم ڕێچکەیە بگرێتە بەر…

+ سڵاو لە مامۆستا و ھاوکارانی…

** خۆشەویستان بچنە سەر یوتوب لەوێ دەتوانن زۆربەی گۆڕانییەکان گوێ لێ بگرن… من لینکی چەند نموونەکم لەخوارەوە بۆ راگوێزاون.

ئەو فرمێسکەکانەی ھەڵیدەڕێژم ھی خۆشین و وشک نابنەوە و تا ئێستا ھەڵدەوەرن…ئاخر کوردستان لانکی ھەزاران بەھرەمەندی ترە، ڕێیان لێ گیراوە ، چونکە نیشتمانیان داگیر و پارچەپارچەکراوە. کورد خاوەنی دەیان و سەدان وزە و پۆتەنسیالی زۆری ترە، لێ کۆت و بەند کراون، دەنا حەز و خۆشەویستی بۆ ژیان و ھونەر زۆر بەھێزە و لە چڵەپۆپەدایە…..

بەھیوای (کوردستانێکی ئازادی و سەربەخۆ) و ژیانێکی پڕ لە شادی و مرۆڤدۆستی…

‏https://www.youtube.com/watch?v=tMogPV-KbZA

‏https://www.youtube.com/watch?v=xZEedSDdHDo

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی