"an independent online kurdish website

دوای ئەوەی سوید و فینلاند لە گەڵ تورکیە رێکەوتنێكیان واژۆ کرد و رێکەوتنەکە لە سەر کورد بە تایبەت هێزەکانی دژبەری تورکیە کرا ، کوردەکانی زۆر نیگەران کردوە.

پێشمەرگەکان: بەشێکی زۆری کوردستانیان ئەم رێکەوتنە بە خەیانت کردن بە کورد دەزانن بەڵام تورکیەش زۆر دڵخۆشە و ئەردوغان دەلێ سوید قەولی داوە و دەبی قەولەکەشیان بەرنە سەر، کە 73 کەسیان تەحویل بداتەوە پێشتر باس لە لە لیستەی 33 کەسی دەکرا .  چاوەدێرانی سیاسی بە دوری دەبینن کە حکومەتی سوید بتوانێ یان بیهەوێ کارێکی وا بکات بەڵام بەو حاڵەش کوردانی سویدی نیگەران کردووە و بێزاری خۆیان لەم رێکەوتنە و بە تایبەت حیزبی سوسیال دێمۆکڕاتی سوید دەربڕێوە.

بەداخەوە لە مێژوودا، چەندین جار خەیانەت لە کورد کراوە و لە سەر کورد و خاکی کوردستان رێکەوتن کراوە کە زەرەری زۆری لە کورد و کوردستان داوە.

ئەم رێکەوتنە ئێستا بۆتە باسی مێدیاکانی سوید و لێکدانەوەی جۆراوجۆری لێ دەدەنەوە و داهاتووی ئەم رێکەوتنە زۆر ناڕوونە بەڵام ئەوەی هەیە، رێکەوتنەکە لە سەر کورد و بە تایبەت یەپەگە و پ ک ک و جەماعەتی گولەن کراوە کە هاوکاریان نەکرێ. حکومەتی سویدیش دەڵێ ئێمە هیچ کات هاوکاریمان نەکردوون و پ ک ک ش لە سوید وەک هێزێکی تێرۆریست دەناسین .

دەقی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی نێوان تورکیا، سوێد و فینلاند

رووداو دیجیتاڵ: تورکیا بە واژۆکردنی یاداشتنامەیەکی چوارقۆڵی لەگەڵ ناتۆ، سوێد و فینلاند کۆتایی بە ناڕەزایی خۆی بەرامبەر بە بەئەندامبوونی ئەو دوو وڵاتەی باکووری ئەوروپا لە هاوپەیمانییە سەربازییەکە هێنا.

یاداشتنامەکە رۆژی سێشەممە لە پەراوێزی لووتکەی ناتۆ لەلایەن رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا؛ ساولی نینیستۆ، سەرۆکی فینلاند و ماگدالینا ئەندرسن، سەرۆکوەزیرانی سوێد بە نێوەندگیریی یانس ستۆڵتنبێرگ، سکرتێری گشتیی ناتۆ گفتوگۆی لەسەر کرا و چەند کاژێرێک دوای ئەوە، لەلایەن وەزیرانی دەرەوەی هەرسێ وڵاتەوە واژۆی لەسەر کرا.

یاداشتنامەکە لە چەند خاڵێک پێکدێت، ئەمەی خوارەوە دەقەکەیەتی:

1- ئەمڕۆ [سێشەممە، 28ی حوزەیرانی 2022]، نوێنەرانی تورکیا، فینلاند و سوێد، بە سەرپەرشتیی سکرتێری گشتیی ناتۆ، لەسەر ئەم خاڵانەی خوارەوە رێککەوتوون.

2- ناتۆ هاوپەیمانیێکە لەسەر بنەماکانی بەرگریی بەکۆمەڵ، یەکپارچەیی ئاسایش و بەها هاوبەشەکان دامەزراوە. تورکیا، فینلاند و سوێد جەخت لە پابەندبوونی خۆیان بەو بنەما و بەهایانە دەکەنەوە، کە لە پەیماننامەی واشنتندا پارێزراون.

3- یەکێک لە ستوونە هەرە سەرەکییەکانی هاوپەیمانییەکە یەکڕیزیی و پێکەوەکارکردنی نەگۆڕە لەبواری بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، بە هەموو شێوە و پێکهاتەکانی، کە هەڕەشەی راستەوخۆ بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانیی هاوپەیمانان و ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی دروستدەکات.

4- وەکو دوو هاوپەیمانی چاوەڕوانکراوی ناتۆ، فینلاند و سوێد هەموو پاڵپشتیێکی خۆیان بۆ تورکیا دژی هەڕەشەکانی سەر ئاسایشە نیشتمانییەکەی پێشاندەدەن. هەر بەو پێیەش، فینلاند و سوێد پاڵپشتی بۆ یەپەگە/پەیەدە و ئەو رێکخراوەی کە لە تورکیا بە فەتۆ ناودەبرێت، دابین ناکەن. تورکیاش بەهەمانشێوە هەموو پاڵپشتیێکی خۆی بۆ فینلاند و سوێد دژی هەڕەشەکانی سەر ئاسایشی نیشتمانییان دەردەبڕێت. فینلاند و سوێد تیرۆر بە هەموو شێوە و پێکهاتەکانییەوە، بە تووندترین شێوە، رەتدەکەنەوە و سەرکۆنەی دەکەن. سوێد و فینلاند بە روونی سەرکۆنەی هەموو ئەو رێکخراوە تیرۆرستیانە دەکەن، کە هێرش دژی تورکیا ئەنجامدەدەن، هەروەها ئەوپەڕی هاوسۆزیی خۆیان بۆ تورکیا و خێزانی قوربانیان دەردەبڕن.

5- فینلاند و سوێد پشتڕاستیدەکەنەوە کە پەکەکە رێکخراوێکی تیرۆرستیی قەدەخە کراوە. فینلاند و سوێد پابەندن بە رێگرتن لە چالاکییەکانی پەکەکە و هەموو رێکخراوە تیرۆرستییەکانی دیکە و باڵەکانیان، لەگەڵ هەموو ئەو چالاکییانەی لە لایەن ئەو کەسانەوە دەکرێن، کە ئەندامی گرووپە هاوسۆز و هاوبیرەکانی ئەو رێکخراوە تیرۆرستیانەن. تورکیا، فینلاند و سوێد رازیبوون لەسەر پەرەدان بە پێکەوەکارکردن بۆ رێگرتن لە چالاکییەکانی ئەم گرووپە تیرۆرستیانە. فینلاند و سوێد ئامانجەکانی ئەم رێکخراوە تیرۆرستیانە رەتدەکەنەوە.

6- زێدەباری ئەمە، فینلاند دەگەڕێتەوە سەر چەند هەموارێکی ئەمدواییەی یاسای تاوان کە تێیدا ژمارەیەک کردەوەی نوێ بە تاوانی تیرۆرستی شیاوی سزادان دانراون. دوایین هەموارەکانی ئەو یاسایە لە 1ی کانوونی دووەمی 2022 چوونە واری جێبەجێکردنەوە، کە تێیاندا مەودای بەشداریکردن لە چالاکیی گرووپی تیرۆرستی فراوانکراوە. لە هەمانکاتدا، هاندانی ئاشکرای پەیوەندیدار بە سەرپێچیی تیرۆرستیانە، وەکو سەرپێچیێکی جودا، بە تاوان ناسێنراوە. سوێد پشتڕاستیدەکاتەوە کە یاسایێکی نوێی تووندتری سەرپێچییەکانی تیرۆر لە یەکی تەمووزەوە دەچێتە واری جێبەجێکردنەوە، حکومەتیش یاسای تووندتر بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر ئامادە دەکات.

7- تورکیا، فینلاند و سوێد پشتڕاستیدەکەنەوە کە لەم کاتەوە هیچ گەمارۆیێکی نیشتمانیی چەک لە نێوانیاندا نەماوە. سوێد چوارچێوەی نیشتمانیی خۆی بۆ هەناردەکردنی چەک لە ئاست هاوپەیمانەکانی ناتۆدا دەگۆڕێت. لە داهاتوودا، هەناردە بەرگرییەکانی فینلاند و سوێد لە ئاست یەکڕیزیی هاوپەیمانییەکە و بەگوێرەی دەق و گیانی بەندی ژمارە 3ی پەیماننامەی واشنتن دەبێت.

8- ئەمڕۆ، تورکیا، سوێد و فینلاند پابەندبوونی خۆیان بەم هەنگاوە کۆنکرێتیانەوە دووپاتدەکەنەوە:

– پێکهانی میکانیزمێکی هاوبەش بۆ گفتوگۆ و پێکەوەکارکردنی رێکخراو لەسەر هەموو ئاستەکانی حکومەت، لە نێویشیاندا، لە نێوان ئاژانسەکانی چەسپاندنی یاسا و هەواڵگری، بۆ بەهێزکردنی پێکەوەکارکردن لە بواری رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر، تاوانی رێکخراو و ئاستەنگە هاوبەشەکانی دیکە، کە بڕیاری لەسەر دەدەن.

– فینلاند و سوێد بە پێداگریی، پابەندبوون و بەگوێرەی نێوەڕۆکی بەڵگەنامە و سیاسەتەکانی ناتۆ  شەڕی دژی تیرۆر دەکەن و هەموو هەنگاوێکی پێویست بۆ تووندکردنی یاسای نێوخۆیی لەم بارەیەوە دەگرنەبەر.

– فینلاند و سوێد خێرا و بەوردی وەڵامی داواکارییە هەڵپەسێردراوەکانی تورکیا بۆ دیپۆرتکردنەوە و رادەستکردنەوەی گومانلێکراوانی تیرۆر دەدەنەوە، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو زانیاری، بەڵگە و هەواڵگرییەی کە تورکیا دابینیان دەکات، هەروها چوارچێوەی یاسایی دوولایەنانەی پێویست دادەنێن بۆ ئەوەی ئاسانکاری بۆ رادەستکردنەوەکە و پێکەوەکارکردنی ئەمنیی لەگەڵ تورکیادا بکەن، بەگوێرەی پەیماننامەی ئەوروپی بۆ دیپۆرتکردنەوە.

– فینلاند و سوێد لێکۆڵینەوە لە هەر چالاکیێکی دارایی و چوونە نێو پەکەکە و رێکخراوە تیرۆرستییەکانی دیکە و باڵەکانیان و هەموو ئەو گرووپ و تۆڕە هاوسۆز و هاوبیرانەی لە بڕگەی ژمارە 5 دا هاتوون، دەکەن و رێگرییان لێدەکەن.

– تورکیا، فینلاند و سوێد پابەندن بە ڕووبەڕووبوونەوەی بڵاوکردنەوەی زانیاریی ناڕاست و رێگەنادەن یاسا نێوخۆییەکانیان بۆ پاڵپشتیکردنی گرووپە تیرۆرستییەکان یان سوودپێگەیاندنیان، لەوانەش لە رێگەی ئەو چالاکییانەی کە هانی تووندوتیژی دژی تورکیا دەدەن، بە خراپی بەکاربهێنرێن.

– فینلاند و سوێد جەخت لەوە دەکەنەوە چوارچێوە یاساییەکانیان کە تایبەتن بە هەناردەکردنی چەک، بواری بەجێگەیاندنی ئەرکی نوێ بەرامبەر بە هاوپەیمانان دەدەن و رەنگدانەوەی پێگەکەیان وەکو دوو ئەندامی ناتۆ دەبن.

– فینلاند و سوێد پابەندن بە پاڵپشتیکردنی تەواوی بەشداریی تورکیا و هاوپەیمانەکانی دیکەی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا لە دەستپێشخەرییەکانی هەنووکەیی و چاوەڕوانکراوەکانی (سیاسەتی ئاسایش و بەرگریی هاوبەشی یەکێتیی ئەوروپا)، لە نێویشیاندا، بەشداریی تورکیا لە پڕۆژەی (پێکهاتەی هەمییشەیی پێکەوەکارکردن).

9- بۆ جێبەجێکردنی ئەم هەنگاوانە، تورکیا، فینلاند و سوێد میکانزمێکی هاوبەشی هەمیشەیی بە بەشداریی شارەزایانی وەزارەتەکانی دەرەوە، نێوخۆ و دادوەری، هەروەها دامودەزگاکانی هەواڵگری و ئاسایش، پێکدێنن. میکانزمی هاوبەشی هەمیشەیی، دەرگای بۆ ئەوانی دیکەش کراوە دەبێت.

10- تورکیا پاڵپشتیی درێژخایەنی خۆی بۆ سیاسەتی دەرگای کراوەی ناتۆ دووپاتدەکاتەوە و لە لووتکەی مەدریدی 2022 رازییە بە بانگهێشتکردنی فینلاند و سوێد بۆ ئەوەی ببنە ئەندامی ناتۆ.

لینکی رێکەوتنەکە بە پدف لە سایتی ناتۆ

لینکی رێکەوتنەکە لە سایتی پێشمەرگەکان

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی