"an independent online kurdish website

لە دنیای ئەوڕۆدا مەزهەب و نەزم و نیزامی کۆمەڵایەتی و سیاسی جۆراو جۆرو لێک جیا و لە هێندێک بواریشدا دژ بەیەک هەن. زۆرێک لەوانەی بەشێکیان لە زانست و عیلم پێبڕاوە، بە سەربەخۆیی فکری لە هەڵبژاردنی مەزهەب یان نیزامی سیاسی دا کە بڕوایان پێیەتی دەناسرێن.

داخوا ئەو سەربەخۆیی فکریە دەبێتە هۆی ئەوەی کە شارەزایان ڕێگایەک هەڵبژێرن کە بۆیان سەلمێندراو بێ یان نا ؟!

 نازانم لە کوێوە دەست پێبکەم!

ئەوەی ڕاست بێ زۆرێک لە دواکەوتوانی دینەکان و بگرە سیاسیە کانیش هەم دین و هەم سیاسەتیشیان وەک میرات لە باوان و پێشینیان وەرگرتوە. یان باشتر بڵێم: هەڵبژاردنەکە لە ڕوی لێکدانەوە و لێکۆڵینەوە نیە و دواکەوتن و چاولێکەریە واتـە (تەقلیدە نـەک تەحقـیـق) ئێستا کە دنیای زانست گەیـوەتـە لـوتکەی بـەرزی خۆی مرۆڤ دەستی بە هەموو زانیاریەک رادەگا،کاتی ئەوە هاتووە مرۆڤ عەقڵ و مەنتیق دەکار بێنین و لە شتەکان بەوردی بکۆڵێتەوە واز لە دوا کەوتن و چاو لێکەری بێنین. زانستیانە و لە هەمان کاتدا ژیرانە و بـوێـرانە ڕیبازێک چ ئایینی و چ سیاسی هەڵ بژێرین کە لە دروست بوونەکەی دڵنیا بین و بـە عەقڵ و مەنتیق هەڵیسەنگێنین و ئەوجار بڕوای پێی بهێنین.

باوەڕی دینی وابزانم هەر لە زاتی مرۆڤدا هەیە. لێرەدا مەبەست لە باوەڕی دیـنی دینێکی تـایـبـەت نـیـە، بـەڵکو ڕاستـەوخۆ بـاوەڕی مـرۆڤ دەگرێـتـەوە. تـەنـیا پەناگایەکە مرۆڤ بۆ خۆپاراستن لە تەنگ و چەڵەمە لە حاڵێکدا کە هەموڕێگاکانی لێ داخراوە پەنای بۆ دەبا، بۆیە دەبێ زۆر باس و لێکۆڵینەوەی لەسەر بکرێ و ببێتە بناغەی ڕێنوێنی و بەحسی ئـازاد. زۆر بـەداخـەوە زۆرێک لـە دانیشتوانی ئـەو سەر زەویە هەرچەند بەشێکی باشیان لە عیلم و زانست و ئەزمون پێبڕاوە، بەڵام لێکدانەوە و هەڵسەنگاندنیان لە دەمارگرژی و چاو لێکری و لاساکردنـەوە بـەدوور نیە، بـە تـەواوی نـەچونە بـنج و بـناوانـەکانی دین و فـەلسەفـە و هـۆی هـاتـنیان و چۆنیەتی بەڕێوە بردنیان یان نەزانیوە یان وەلایان ناوە. بۆیە دیسان دەڵێم: نازانم لـە کوێـوە دەست پـێبکەم. بـە داخەوە تـا ئێستاش حەقیقەت و گەورەیی ئیسلام بۆ زۆرێک لە دانیشتوانی ئەم سەرزەویە و بەشێکی زۆر لە موسوڵمانان نەزانراوە، دەگەڵ ئەوەی مرۆڤ بەشێکی لە زانست پێبڕاوە . ئەگەر لێکدانـەوەیـەکی بـەدەر لـە کارتێکەری عـاتیفەو مـیـراتگری و چـاو لێکەری لـە سەر ژیـان و ئەرکەکانی مرۆڤ و چۆنیەتی هەڵبژاردنی بکردبایە، بیستانی مێشک و دڵ و دەرونی بەو ئاوە پاکەی زانست و دادپەروەری داشتبایە، هەرگیز توشی ئەو هەمو قەڕقەشە و گرفتاریانە نەدەبوو. نەبوونی سەربەخۆیی فکری و خراپ تێگەیشن یان پێجەوانە دەکار هێنانی بیرورای ئازاد، کۆمەڵگای بەگشتی و موسوڵمانانی بە تایبەتی توشی ئەو هەمو قەیران و ئاڵۆزی و گێرەو کێشەو بـگرە شەڕولـێکـدانـانـەش کردوە. ڕاستتر ئـەوەیـە بڵێین ئـیسلام شتێکە و مـوسوڵـمان شتێکیتر! بـە دڵنیایەوە ئەوەی هێندێکان ئێستا بە نێوی ئیسلام ئەنجامی دەدەن لە ڕاستیدا ئیسلام نیە. ئێمە هاتوین لە ئیسلام تەنیا نوێژو ڕۆژوو حەج باس دەکەین. لە وانەش مـەبـەستی ئەسڵی و کاکڵ و ناوەرۆکەکەی دەکار ناهێنین. ئـیدی درۆ، غـەیبەت، بـۆختان، فـزولی و نەمامی، دزی و خەیانەت و زوڵم و زۆریتریش کە کاکڵـو نـاوەرۆکی ئـیسلامـن هەر باس ناکەین. دنیایەکمان خوڕافات و شتی داهـێندراوی غـەیـرە شـەرعی و غەیرە مەنتیقی پێوە زیاد کردوە کە زۆر جاران ئەسڵی دینەکە گۆڕاوە ! تـەنـیـا قازانجی ئەنجامدەرەکە لە بەر چاو گیراوە. درۆ بـەزمـانی خـواشەوە دەکەیـن و شتی غەڵەت بە زمانی پێغەمبەرەوە دەڵـێن ! بـۆیـە دەـڵێم :ئـەو عەیبانـەی لێمان دەگیرێن ئیخۆمانن و لە سەر ئیسلام حیساب دەکرێن .

ڕاستی ئەوەیـە بـڵێین : زۆربـەی بـە نـاومـوسوڵمـانی ئـەوڕۆ دینەکەیان ناناسن ، تەفسیر و تەعبیری غەیرە زانستیانە لە قورئان دەکەن .زۆر ئایەتی قـورئـانی لـە ڕاستای بەرژەوەندی خۆیان شیدەکەنەوە . ڕواڵەتێکی تـیکدراو لە ئـیسلام نـیشان دەدەن . عادەت و ڕەوشتی ئەوتۆ دەکار دێنن کە ئیسلامیشی پێناحەز دەکەن. دیارە لە دنیای ئیسلامدا خەبات دژی ئەو ڕەوتە دەستی پیکراوە ، ڕێـو شوێنێک گیراوەتە بەر ئەگەر تا لوتکەی خۆی بروا تاکەکان کۆمەڵگای ئیسلامی حەقیقی دروست دەکەن . کاتێک خودی موسوڵمانان توشی ئەو وەزعە نـامـۆو قـەدەغـە کراوە لە ڕوانگەی ئیسلامی محەمـەدیـەوە هـاتـون ،هـیچ سەیر نیە ناموسوڵمان دوری لێبەکەن وبە خراپ لە سەری بدوێن. هەمومان دەزانین ئیسلام لەسەرەتای هاتنیەوە تا ئەوڕۆش دوژمنی زۆرو سەرسەختی هەبون وهەن ، بەردەوام تێک ئاڵقان ململانەکان جاریوابوە گەیشتونە لوتکەی خۆیان .ئەوە لەسەردەمی نەزانی یان کەم زانیدا تەوجیە دەکرا، بەڵام ئێستا دەبێ شیوەکەی بگۆڕدرێ .دەبێ زمان و قەڵەم و عەقڵ و مەنتیق بێنە مـەیـدان و گۆڕەپـابی بـەحس و وتـووێـژو لیدوان وڵیکدانەوەی دورلە هەڵچون ودەمارگرژی کێ بەرکێی پێبکرێی. دەبێ لە هەمو حاڵەتێکدا زۆرو ملهوڕی بە تـوندی مـەحکوم و بـەرهـەڵستی بـکرێی ، چونـکە زۆردار زاڵمەو زاڵمێش دوژمن خوا ومرۆڤایەتیە. بۆیە زاڵم دەگەڵ خواوخەڵکی خوا تەڕەفە . خۆ هەمـوش بـزانـن بـاشە خوا دینی بـەزۆر سەپـاوی قـبوڵ نـیە و فەرمویە { لاإکراە فی ألدین.} کە وابـوو لـە دەست پێک وتاکۆتایی دەڵێم : دەبێ زانستیانە ئاوڕلە ڕابردو بدەینەوە،لێزانانە بابەتەکان هەڵسەنگێنین، داد پەروەرانە بـڕیـار بـدەیـن. شـەڕو لێکدانی جەستەیی بە تـوندی مـەحکـوم بکەیـن. لە هەمـو بـوارەکانی ژیـانـدا بە شێوەی مرۆڤانەو ئەقڵ پەسندانە هەڵسوکەوت بکەین . دەبێی سـەیـرێکی وردی بـەسـەر هاتەکانی ڕابردوبکەین، بزانین هۆکاری تێک هەڵچون و پەنا بـۆ زۆر بـردن چی بـون وڕێگای دوبـارە نـە بـونـەوەیـان چـیـە وبەکوێدایە. دین نەکەینە ئامرازی گەیشتن بە حەزە ناڕەواکانی خۆمان و ڕێزی مرۆڤیش وەک مـرۆڤ بگریـن ،نـەک وەک کـەرەسەو ئـامـرازی دابـیـن کردنی ویست و حەزەکانمان .

براتان مەلا ئیبڕاهیمی مەجید پور

 ١٠ خەرمانانی ٢٧٢٢ ی کوردی

 ١ / ٩ / ٢٠٢٢ زایینی 

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی