"an independent online kurdish website

 ئەوەی لە خوارەوە دەیخوێنیەوە تەنیا رای خۆمـەو پـێوەنـدی بەهـیـچ حیزبێکەوە نیە و قەت ڕێگەم بەخۆم نەداوە رای خۆم بە ئی حیزب لەقەڵەم بدەم و نایدەم .

مـن لە مەڵبەنـدی نەغەدە هەم مەلا بووم هەم حیزبایەتیم کردوە، بە پێی ئەرکەکانم دەگەڵ چینە جۆراوجۆرەکان تیکەڵاویم بووە. دوای شەڕی سەپێندراوی نەغەدەش لە هێور کردنەوەی کەش و هەوا ژاراویکراوەکەی مەڵبەندەکە دەگەڵ پـۆلێک لە هاوڕێیانی حیزبی بـە تـایبەت شەهـیـد محەممەد نادر و برای بەڕێزم کاک ڕەحیم بهروز و شەهید غەفوری میهدیزادە و هیتر توانیمان کەشەکە هێور و گرژیەکان تا ڕادەی نەمان کەم کەینەوە.

مـەسەلـەی کورد و ئازەری لـەو مـەڵـبـەنـدە جـێـگای باسـەو دەبـێ هـەم کەسایەتیە تێگەیشتوەکانی مەڵبەدەکە و هەم حیزبە سیاسیەکان بە کورد و ئازەریەوە بیخەنە بەرباس و لێکۆڵینەوە هەرچەشنە تەموو تارماییەک لەسەر مەسەلەکە هەبێ لێزانـانـە و ژیرانە بیرەوێننەوە. مێژوی ئەو مەڵبەندە سابیتی کردوە کە ئەو دو نەتـەوەیـە ناکرێ و ناتوانن بەبێ یەک لەو مەڵبەندەدا بژین. بە خۆشیەوە زۆرینەی هەردوک لا زۆر وشیار و هـەستیارن و ئـیتر بە هـیچ کلۆجەیەک ڕێگە نادەن شتێکی وەک شەڕی نەگریسی نەغەدە جارێکیتر دوپات بکرێـتەوە. مـن دڵنیام خەڵکی کورد و ئازەری ئەوەیان نەویستوە و نایانەوێ، تەنـیا (حەسەنی و مەعـبودی و قەتاری و سەیادیان)کە لە جینایەتکاریدا بێ وێـنـەن ئەو ئاگرەیان هـەڵگـیـرساند تا خەڵک بسوتێ و ئەوان خۆی لەبەر گەرم کەنەوە. بـەرهـەمەکەی بـەتاڵان بـەرن زەوی سوتێندراو بۆخەڵکی ناوچەکە بهێڵنەوە!. بەخۆشیەوە زۆری نەخایاند ڕوی ڕەشی شاراوەیان دەرکەوت ئەو دوو نەتەوەیە تێگەیشتن و زۆر زوو ئاشـتبـونـەوە. بە ڕای من حیزبەکان و خەمخۆرانی هەردوکلا دەبێ زۆر لێبڕاوانە قۆڵی هیمەتیان لێ هەڵماڵن و خشتو خاڵەکەیان بخەنە ناو زبڵدانی مێژۆوە.

هەمو دەزانین دەسەڵاتدارانی پێشوو ئێستای ئێران مـان و بـونی خۆیان لە شەڕو وناکۆکیو دووبەرەکی نەتەوەکانی ئێراندا دەبینن .ئەسڵی دەسەڵاتەکە وەلی فەقیهە یان نوێنەرەکەیەتی و بڕیاری سەرەکی وبێ ئەولاو ئەملا بەدەست ئەوەو کەس ناتوانێ ڕەد یان کاتەوە ، ئەهلی (تەقیە) شن ، ئەگەر بـۆیـان گـونـجا لـێـدەدەن و ئەگەر بێ تواناش بون سەردادەنەوێنن و دەپـاڕێـنـەوە! هـەر بـۆیـەشە فرمێسکی زڕدایکانە بۆ لایەک دەڕێژن و بەو بیانویەوە لایەنەکەیتر سەرکوت دەکەن . سروشتیە لەنێو هەمو گەلانی جێهاندا کەسانی نۆکەر سفەت و خۆفرۆش هەن بۆ بەرژەوەندی خۆیان هەمـو کردەوەیەکی نـا مەردانە دەکەن . بەڵام ئەگەر بەناوی دین بێ نـەفـرین لـێکراوەو تەنـیا خەڵکی پێ فـریـو دەدەن . دژی کوردان دەگەڵ خراپترین دەسەڵات هاو پەیمانی دەکەن . کۆماری ئیسلامی مـیـراتگری بـەهەقی ڕیژیمە جینایەتکارەکانی پێش خۆیـەتی، بەڵێنی داوە ئەوەی ئەوان بۆیان نەکراوە ئەمان ئەنجامی دەدەن . گرینگ تـریـن و کوشندەتـریـن ژەهـرکە کوردو ئازەری پێدەمـرن ئـەوەیـە کە بـە نـاودێـر کردنی پارێـزگای ورمـێ بـە ئـازەر بـایجان بە مەبەستی پێک وەرکردنی کوردو ئـازەریەکان وادەزانێ نـیـشـانـەکەی پـێـکاوە، واتە بقسەی خۆیان ئەو پارێزگایەیان داوە بە ئـازەریـان و بـەتـەواوەتی کوردیـان وەلاناوە و لێی بێبەریە، وەک چۆن تاران کوردی زۆریشی لێیە وکوردستان نیە! ئـەو پـارێـزگایـە هـەر نێوێکی لـێـبـنـدرێ شوێنی نشتەجێبونی کوردو ئازەریانەو زۆرینەی نفوسیش ئەگەر دەستی تێنەخرابێ ئی کوردانە. دەگەڵ ئـەو هەمـو فێڵ وتەرفەندانەش ئەوەتا زەقـو زیندو لەبەرچاوە. واتە پارێزگاکە هەر لە ساینقەڵاو مەحمود جغو میاندوئاو تـا دەگاتـەوە مـاکۆو بـازرکان مـەڵـبـەنـدێکە هەر کوردو ئازەری تێیدا ژیاوە . کورد کوتەنی مڵکی باب و باپیرانیانە و پشت بەپشت بۆیان بەجێماوە. هیچکامیان ناتوانن و نابێ وا بیربکەنەوە کە پاریزگای ورمێ بەتەنێ مڵکی یەکێکیانەو ئەویـتـر بەشیان پێوەی نیە. باشتر بڵێم : پارێزگای وردمێ هەر دەسەڵاتێک بەسەریدا زاڵ بێ هەرکوردستانی ماڵی کوردو ئازەریەکانە . ئەوەندەی من لە بیرم بێی دەسەڵاتی حاکم بەسەر ئێرانـدا هـیچیان نەک دڵسۆزی کوردو ئازەری بەڵکو ئی هەمو گەلانـیتریش نـەبـون و نابـن. ئـەگەر بێ غەرەز سەیری بارو دۆخی ئێستای ئێران دەکەی سەرتاسەرلە چەنگ زوڵم و زۆرداری وملهوڕی ئەوڕێژیمە وەزاڵە هاتـون ویـەکیان گرتوەو ڕۆژانە ڕۆڵەکانیان دەکەنە قوربانی ئازادی گەل ونیشتمان. لە چەنگ بێدادی دێوەزمەی مەرگ وماڵـوێرانی بەتەواوی وەزاڵە هاتون جگە لە روخانی ئەو ڕێژیمە بە هیچیتر قایل نابن . بۆیە دەبێ ئەو یـەکگرتـویـیـە تەشەنەی کردبێتە نـاو دانـیةشـتـوانی ئـەو مەڵـبـەندانەی کە ڕێژیمەکان کردویانەتە دەستە چیلەی ئاگری سوتێنەری گەلان . دەبێ بـزانـن دوژمنی هەردوکیان هەریەکەو بەرەنگار بونەوەشی ئەرکی هەمویانە.

لێرەدا ئەرکی کوردو ئـازەریـەکانـە، نـیشان بـدەن کە سەغیر نـیـن و قـەیـومیان ناوێو بۆخۆیان بڕیار لە سەر چۆنیەتی پێکەوە ژیانی دەدە ن . برایانی ئازەری دەبێ ئاوڕێکی ژیـرانـە دوای شەڕی نـەغـەدەو ئـەو هـەمو پڕوپاگەندە ژاراویانە بدەنەوەو بزانن کێن ئەوانەی ڕۆیشتون و کێن ئـەوانـەی بـەیـەکەوە مـاونـەوە. هـەر وەهـا پـێـمباشـە مـامـوەتـایـانی ئـایینی ناوچەو گوندە تێکڵاوەکان بە گشتی مەڵبەندی نەغەدە مەسەلـەی یـەکگرتـویی و بـرایەتی بۆ هەردوکلا لـێـکدەنەوەو ئایەتی ( ئیمانداران بران و ئیسڵاح و ئاشتی لە نێو براکانتان دابکەن .) بـیـکەنـە شەمع و بەدەستەوەی بگرن و کەلینە تاریکەکان ڕوناک کەنەوە. کوردو ئازەری دەبێ ڕێگە ندەن هـیچ هێزێک مێژوی ژیانیان بگۆڕی. شەڕی نەگریسی نەغەدە دەبێ بۆ هەتایە نەفـریـن بکرێ و ئـەوەی تێگەیانـدبـیـن ، کە شەڕهەڵاییسێنەکان دەڕۆن و هـەرئـێـمەین دەبێ پێکەوە بـژیـن . کوردو ئـازەری دەبــێ بـزانـن ئـەو کەسانەی نینۆکمان بۆ لێک دەدەن و دەیانەوێ شەڕ هەڵاییسێنن ، لە هەر لایەک بن دوژمنمانن . لـێـرەدا لـێـزانـان و ڕونـاکبیرانی هـەردوک لا دەبێ واقـعـیـەت هەرچی بێ قبوڵ بکەن و ئەگەر شتی نابەجێی لە نـێو خزێـندرابێ دەری بێنن و بەدنیای بسەلمێنن برایەتی کوردو ئازەری مێژوییە وتێکەڵاوی خوێنی لێدروست بوەو دەگەڵ ئێسکو پێستیان تێکەڵاوەو قـابـیـلی پـچـڕان و هـەڵـوەشـآنـدن نـیە . با هەمومان لە و کاتە هەستیارەدا مـەعـمـوریـەتی ئـینسانی و وێـژدانی ئـێـمـانی و نەتەوەییمان بە جێ بێنین و لـمـبـۆزی دوژمـنـانمان بشکێنین. دروشمی پتەوتربێ برایەتی کوردو ئازەری بڵێین وبڵێینەوەو بە کردەوە بێچەسپێنین.

براتان مەلا ئیبڕاهیمی مەجیدپور ٨ خەزەڵوەری ٢٧٢٢ کوردی

 ٣٠ / ١٠ / ٢٠٢٢ زایینی

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی