"an independent online kurdish website

لەمێژە باسی پێداویستیی یەکگرتووبوونی کورد دەکرێ، بەتایبەتی دوای سەرهەڵدانی ڕاپەڕینی ژینا، بەلام جاروبار وا دەردەکەوێ کە بۆچوونەکان سەبارەت بە جەمکی “یەکگرتوویی” جیاوازن.

یەکگرتوویی تەنیا ئەوە نیە شەڕی یەکتر نەکەی، بێڕێزیی بەیەکتر نەکەی و لە دەوری یەک کۆ بییەوە و دۆخی سیاسی لێکبدەیەوە.

هەروەها، یەکگرتوویی مانای ئەوەش نیە کە وەک هیزەکانی ئوپوزسیونی ناوەندی پڕشووبڵاو و لەگەڵ یەکەتر ناکۆک و ناتەبا نەبی و “تضاد آشتی ناپذیر”ت نەبێ! ئاخر زۆر جاران دەگوترێ کە بەپێچەوانەی حیزب و ڕێكخراوەکانی فارس، حیزبەکانی کوردستانی تەبا و یەکگرتوون. بەڕاستی ئەوە شانازێکی گەورە نیە وەک ئەوان نەبێ!

پاشان، ئەو قسەیە تەنیا بەشێوەی ڕێژەیی دروستە، دەنا ئەو یەکگرتووییەی حیزبە کوردستانیەکان بەهیچ جۆر وڵامدەرەوەی بارودۆخ و پێداویستییەکانی خەباتی ئەوڕۆ کورد و ڕاپەڕینی ئێران نیە.

ڕاستە کە ئەوڕۆ حیزبەکانی ئێمە ناتەبا نین، لە ململانە و کێشەی ڕووخێنەر لەسەر هیچ  وازیان هێناوە ودژ بە یەکتر هەڵویست ناگرن و بەهاسانی دەتوانن لەگەڵ یەکتر دانیشن و لەسەر پرسە سیاسییەکان بیروڕا بگۆڕنەوە و لێرەو لەوێ بەیانی هابەش بدەن. ئەوە هەنگاوێکە بەرەوپێش و جێگای دڵخۆشییە و تا ڕادەیەکی زۆر پێگەیشتوویی (بلوغ) سیاسیی حیزبەکانمان دەگەیەنی و دەبێ بیپارێزین و پەرەی پێبدەین، بەڵام بەوەندە دەسکەوتی سیاسی و سەرکەوتن دابین ناکرێ. ئەو حاڵەتە “شرط لازم” بەڵام “کافی” نیە.

یەکگرتوویی وەک هەموو چەمکێکی سیاسی دیکە، مانا و ناوەرۆکی خۆی هەیە: یەکگرتوویی یانی بوونی ئیرادەی هاوبەش بۆ گەیشتن بە ئامانجی هاوبەش، پلانی هابەش، ستراتێژیی هاوبەش، گوتاری هاوبەش و بوونی بەرە و دامەزراوەگەلی هاوبەش لە مەیدانی کردەوە دا.

ئایا ئێمە لەو قۆناخە داین! ئایا حیزبەکانمان بۆ ئەگەری ڕووخانی ڕێژیم و ئیدارەی کوردستان دوای کۆماری ئیسلامی هەیا دەگاتە بارودۆخی هەڵبژاردنی ئازاد و دێموکراتیک، پلانی هاوبەشیان هەیە؟ بەرنامەیان بۆ ئەو قۆناخە داڕژراوەی ئێستا چیە؟ ئایا لەسەر نەخشەڕێگا و گوتارێکی هاوبەش بۆ وتووێژ و هاوکاریی و پێکهێنانی کۆبەندیی و ئالترناتیڤ لەگەڵ لایەنە جیاوازەکانی ئوپوزسیونی ناوەندگەرا ساغ بوونەتەوە؟ یار و نەیارەکانمان دیاریی کراون؟ پلان و پەیامی هاوبەشی حیزبەکانمان ڕوو بە وڵاتانی خاوەن بەرژەوەندیی لە ئێران دا (دەرەکی و ناوچەیی) چیە و دیپلوماسێکی ڕوون و واقعبینانەی کوردمان هەیە کە چمان دەوێ و ئەگەر سبەی ڕۆژێ ئەو وڵاتانە گەیەشتنە ئەو باوەڕە کە دەبێ بۆ ڕووخانی کۆماری ئیسلامی یارمەتیی سیاسی بە ئوپوزسیونی ئێرانی بدەن، ئەوکاتە کورد دوای ئەو هەموو فیداکاری و ماندووبوونە نەکەوێتە پەڕاوێزەوە و بەهۆی ئامادەنەبوونی حیزبەکان، ڕەنجبەخەسار نەبێ؟

پشتبەستن بە دوو پرس دەتوانێ کورد تووشی تەوەهومێکی کوژەر بکات:

1. لە ئاڵووگۆڕەکانی ئەو جارە دا بە کۆمەڵێک هۆکار، وێدەچێ هیچ لایەنێکی ئوپوزسیون نەتوانێ دەست بەسەر شۆڕشی خەڵک و دەسکەوتەکانی دا بگرێ و هیچ لایەنێک ئەوەندە بەهێز و خاوەن پێگەی کۆمەڵایەتی نیە کە بتوانێ بەتەنیا دەسەلات بەدەستەوە بگرێ و دەوڵەت پێکبێنێ، بەڵام ئایا بەڕاستی دڵمان بەوە خۆش کردووە و دەبێ پاڵی لێبدەینەوە؟ ئەوە سیاسەتە،  لە چاونووقاندنێک دا دەتوانێ فاکتور و هاوکێشەکان بگۆڕن و حاڵەتێکی تەواو پێچەوانە و چاوەڕواننەکراو بێتە گۆڕێ و کورد لەبەر ئامادەنەبوون هیچ مافێکی پێ دەستەبەر نەکرێ. نەیارەکانی کورد دوای کۆماری ئیسلامی بە کەم نەگرین!

2. ئەو باوەڕە کە خەڵکی ئێمە وشیار و خەباتگێڕن و کوردستان حیزبگەلی ناسراو و ڕێشەدار و خاوەن نفووزی خۆی هەیە و پشتئەستوورن بە پشتیوانیی خەڵکی کوردستان و حیزبە کوردستانیەکان خاوەنی هیزی پێشمەرگن (بەداخەوە هەتا ئێستا هەر حیزبەی بۆخۆیەتی و هیزێکی نیشتمانی بە مانای یەکگرتوو و لەژێر یەک فەرماندەییمان نیە) و …

بەبڕوای من، خاڵی یەکەم بەڕواڵەت و خاڵی دووەم بەواقیع ڕاستن. بەڵام مێژووی خەباتی نەتەوەی کورد و بەتایبەتیی بەلەبەرچاوگرتنی ئەو هەەڕەشانەی لەسەر کورد بەدی دەکرێن، دەیسەلمێنێ کە هیچکام لەوانە نابێ ببێتە هۆی دڵنیاییمان.

بەڵێ، ئەگەر کورد بەو مانایەی لەسەرەوە ئاماژەی پێکرا، یەکگرتوو و ئامادەی بەرەنگاربوونەوەی ‌‌هەڕەشە و ئەگەرە نەخوازراوەکان بێ، دەتوانێ پشت بەو دوو فاکتورەی باس کران، ببەستێ و لانیکەم بەشێک لە ئامانجەکانی خۆی وەدی بێنێ.

دەنا ئەگەر ئامادە نەبین و پلان و ستراتێژیی هاوبەشمان نەبێ، ئەوکاتە نابێ گلەیی لە کەس بکەین کە بۆچی چەرخەکە بە دڵی ئێمە نەگەڕا!

ئەوە تەمابڕاویی نیە، بەڵکوو نیگەرانییە. ئەگەر کەسێک جۆرییێکی دیکە بیر دەکاتەوە و بەڵگەی سەلمێنەری بۆ ڕەتکردنەوەی بۆچوونەکانی نووسەری ئەو دێڕانە هەیە، زۆرم پێخۆشە گوێی بۆ ڕاگرم و بیبیستم.

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی