"an independent online kurdish website

 مامۆسـتایـان خـاوەنی پیـرۆزتـین پەیـامـن، هـەر ئـەم پەیـامـەشـە، پیـرۆزی بە پـیشەی مامۆستایی بەخـشیوە. مامۆستایان چـرای هەمیشە داگیرساون، رێی تارێکی و نەزانین و دواکەوتـن بۆ کەسانی تر رووناک دەکەنـەوە.

دڵسوزی و ماندووبوونیان بێ سنوورن. هەمیـشەش دەبەخـشن بێ ئەوەی کە چاویـان لە وەرگرتن و لە پاداشت و خەڵات بێـت.

(نـیلـسون مانـدێـلا) دەڵێـت:”مامۆسـتای باش وەک مـۆم وایە.. خـۆی دەسـووتـێنێـت تا رێـگا بـۆ کەسـانی تـر روونـاک بـکاتەوە”.

میـری شاعـیرانی عـەرەبیش ئەحمەد شەوقی ـ بە رەچـەڵەک کوردە ـ دەڵێت:”هـەستە لەبـەر مامـۆسـتا شکـۆداریـیـە.. هـێـنـدەی نەمابـوو مامـۆسـتا ببێـت بە پەیـامـبەر”.

مامۆسـتایان پێـشمەرگـەی کـوڵـنـەدەر و خـۆڕاگـر و گیانبـەخـشی مەیـدانی پـەروەردە و فـێرکردنـن، هەڵگـرانی ئاڵای هـیوا و گەشبینی و پێشکەوتن و داهـێنانن. مـژدەبەخـشی داهـاتـوویەکی گەشـترن بۆ کورد و کوردسـتان. بە چـەکی زانست و زانیـاری، بەرگـری دەکـەن. نـەوە لە دوای نـەوە پێـدەگـەیـەنـن. لە هەمـوو وڵاتـانی جیهـانـدا، مامۆسـتایان بـەردی بنـاغـە و کاریتە و کـۆڵـەکە بەهـێزەکـانی بنیاتـنـانی شارستانی و پـێشکەوتـن و داهـێنان و گۆڕانکاریـن. گەر گـەلان بە زانـا و دانـا و نـاوداراران و داهـێنەرەکانیانەوە شانازی بکەن، نابێت ئەوە لەبیربکەن کە هەموو ئەم هەڵکەوتووانە، لەپێشا قوتابیانی مامۆستایان بـوونە. ئـەوان بە دروستی پەروەردەیـان کـردن و بە باشی فـێریان کـردن. بە زانـسـت و زانیـاری هەمەچەشنە زاخـاوی بیـر و هـۆشـیان دان.

شاعـیر (جـبران خەلـیل جـبران) دەڵـێت:”نـیشـتمانەکان لەسـەر شانی سێ کەس بنیـات دەنـرێـن: جـووتیـاران خـۆراکـیـان بـۆ دابـیـن دەکـەن.. سـەربـازان دەیـان پـارێـزن.. مامۆسـتایـانیـش پەروەردەیـان دەکـەن”.

ئەسـکەنـدەری ماکـدۆنیـش دەڵـێت:”مـن قـەرزاری بـاوکـمم چـونکە ئـەو ژیـانی بـۆم دابین کـرد.. قـەرزاری مامۆستاکەشـم چـونکە ئەو ژیـانێکی نـوێی بـۆم دابین کـرد”.

مامۆستایان لە مێژووی هەر نەتەوەیەکدا، رۆڵێکی گـرنگ و کاریگەریان هەبـووە و هـەیە. هـەردەم هـێمایەک بـوونە لە هـێماکانی پێشکەوتـن و گۆڕانـکاری و داهـێنان. بۆیە مامۆستایانی باش و دڵسـۆز، پارەیـەکی دەگەمـەنـن و بە ئاسانی دەست ناکـەون. لە دوای هـەر داهـێنەرێـک یا بیـرمەنـدێکی مەزنەوە، مامۆسـتایـەک هـەیە. گەلێ لە کەسایەتییە جـیهـانییە هەڵکەوتوو و ناسراوەکان، بە شانازییەوە باس لە کاریگەریی مامـۆسـتاکـانیـان دەکـەن، لـە مـاوەی سـاڵانی خـوێنـدنیـان لە قـوتـابخـانـەدا. کـەواتە کاریگەریی مامۆستایـان لە قـوتابخـانـەدا، تەنیا بۆ ساڵـێک و دووان نییە، بەڵکـو بە درێـژایی ژیـان، کاریـگەرییـان لەسەر قـوتـابیـان هـەیە و کـاڵ نـابـێـتەوە. هـونـەری وانـەوتنـەوەش، هـونـەری یارمەتیـدانە بـۆ دۆزینـەوە و داهـێنان.

وتەیـەکی چـینی دەڵـێت:”مامۆستاکان دەرگـاکان دەکـەنەوە.. بەڵام دەبێت خۆت بچـیتە ژوورەوە”.

بێگومان مامۆستایان، رۆڵێکی سەرەکی و گرنگ و کاریگەریان لە بنیاتنانی کەسایەتی دروسـت و لە رەوتی ژیـانی ئەمـڕۆ و داهـاتـووی قـوتـابیـانـدا هـەیە. زیاتر لە هەمـوو کەسێک کاریگەریان لەسەر دەروونی منداڵان هەیە. چونکە هەر لە منداڵییەوە ئاشنا و تێکەڵـیان دەبـن. لە میـانـەی ئەو زانسـت و زانیارییە هەمەچەشـنانە و رۆشنبیرییانەی بـۆیـان دەگـوازنـەوە، لە رووانـدنی رەوشـت و رەفـتاری دروسـت و پەسەنـد و بەهـای بەرز و پـرانسیـپە مـرۆڤـایەتییەکان، لە رووانـدنی هـەست و سـۆز و خـۆشـەویستی و هـاوبـەسـتەبـوونیـان بـۆ نـەتـەوەی کـوردمـان و بـۆ کـوردسـتانی نیـشـتـمانی جـوان و شیرینمان لە ناخیاندا. پێویستە مامۆستایان خۆیان لەم رووەوە، نموونە و پێشەنگ و سەرمەشـقی باشبن. تا قـوتـابییەکانیان چاویـان لـێـبکەن و لـێـیـانەوە فـێربـن. چونکە قـوتـابیـان زۆر شـت لە مامـۆسـتاکـانیـانەوە وەردەگـرن و فـێریـان دەبـن.

لە ئێـستادا لە هـەر پـۆسـت و پایـەیـەکـدا بیـن، پێـویـسـتە بە ئـەمـەک بیـن و رۆڵ و مانـدووبوونی مامۆستا دڵسۆزەکانمان لەیـاد نەکەین. هەمیشە رێـز و پێـزانینمان بـۆ ماندووبوون و بەخشینیان هەبێت. ئەمەش کەمترین شتە بەرانبەر بە بەخشینی ئەو مامۆستا دڵـسۆزانەمان کە ئەوان بەردی بناغـەی کەسایەتی و ژیانیان بۆ دانـاین و کـلـیلەکانی سەرکەوتنیان داینێ. ئەو مامۆستا کوردسـتان پەروەرانەمـان، کە فـێری ئەلـفـوبـێی کوردایەتی و مەردایەتییان کردین. فـێری کوردستان پەروەرییان کردین. 

(گای کاوسـاکی) دەڵـێت:”گـەر لەسەربێـت کە کەسێک لەسـەر سەکـۆی پەیکەرێـک دابنـێیـت.. پەیکەری مامـۆسـتایـان دابـنێ، چونـکە ئـەوان پـاڵـەوانـانی کـۆمـەڵـن”.    

بۆیە مامۆستایان رۆڵێکی گرنگ و هەستیار و چارەنووسسازیان، لە  رەوتی ئەمڕۆ و داهاتووی گەلاندا هەیە. مامۆستایان بەرپرسن لە گواستنەوەی رۆشنبیری و رەوشـتە نایاب و دروستەکان، بۆ نەوەکانی ئەمـڕۆ و داهـاتوو لە کومەڵگاکانـیاندا. مامۆستاکان بەرپرسن لە دروستکـردن و ئامادەکـردنی نەوەیـەکی نـوێی متمانە بەخـۆ، کە بتوانـن لەگەڵ کاروان و رەوتی تـازە و پێشکەوتنەکانی بـواری تەکنەلۆژیـای نوێـدا دەربەرن. بۆ ئەوەی نەوەیەکی دروسـت پـێبگەیەنـن، کە شایەنی ئەوە بن لە داهاتـوودا، بتـوانن ببن بە سەرکـردەی کارامە و لێهـاتـوو و کاروبـاری کوردستان بەڕێـوەبـەرن. بتـوانن بەرپـرسیارێـتی هـەڵگـرن. بتـوانـن رووبـەڕووی ئەو کێشـانە ببنەوە کە دێنـە رێیـان.

مامۆستایان ئەو جووتیارە دڵسۆز و لێهاتووانەن، کە زەوی بەیـاری نەکـێڵراوی هـۆش و دەروونی منـداڵەکانمـان دەکـێڵـن و بە تـۆوی زانسـت و زانیـاری و رۆشـنبـیری و بە رەوشـت و رەفـتاری جـوان و دروسـت و بـە بەهـای بـەرز نـایـاب و بـە هـيـوا و بـە رۆحـی کوردسـتان پـەروەری و دڵـسـۆزی و تێکـۆشـان و بە گەشـبینی تـۆوی دەکـەن. تا بێـنە بەرهـەم و داهـاتـوویان گەشـتر و ژیـانیان خـۆشـتربێـت.

لە ئەمـڕۆدا لە سایەی شۆڕشی تەکنەلـۆژیا و داهـێنانی نوێـدا، ئەرکی پەروەردەکرن و فـێرکـردنی منـداڵان قـورسـتر بـووە. پێـویستیـیان بە مامۆسـتایانی شارەزا و ئاگـاداری ئەم گۆڕانکاری و داهـێنانـانە هـەیە. چونکە منـداڵانی ئەمـڕۆ زۆرزانـتر و زیـرەکـتر و چاوکـراوەتـرن. نەوەی تەلەفـزیـۆنی رەنـگاوڕەنگ و ئینتـەرنێـت و ئایپـاد و ئایـفـۆنی زیرەکن. مامۆستایانی ئەم سەردەمە پێویستییان بە شێواز و رێبازی وانەوتنەوەی تازە هـەیە. بۆ گەیـانـدنی پەیـامەکانیـان بە قـوتـابییەکانیـان.

مامامۆستایانی خۆشـەویستی کوردسـتان، زیـادەڕۆیی ناکـەم کە دەڵـێم ئێـوە بە راسـتی جیـاوازن و کەم وێنەن. ئەگەر چاوخـشانێک بە مێـژووی تێکۆشانتـان بکەیـن. بـۆمان دەردەکەوێت کە پڕە لە خەبات و قارەمانێتی و گیانبەخشین و لە هەڵوێستی جوامێرانە. ئێـوە لە راپەڕین و شۆڕشەکانی کوردستان، پـێشرە و رابەربـوون، پێشمەرگەی گیـان لەسەردەست بـوون، سەرخەتـانە لە سەنگەرەکانی پێشـەوەی بەرگـریـدا، قارەمـانـانە بەرگریتـان لە کورد و کوردستان لە دژی داگیرکەرانی رەگەزپەرست دەکـرد. چەنـدیـن داستانی قارەمانێتی نەمری بە خوێنی ئاڵی ئێوە تۆمارکران. ئێوە بە دەستێکتان چەکتان هەڵگـرتبـوون و بە دەستەکەی تریشتان پێنووس و کتێبتان هـەڵگـرتبـوون، لە پەنـای شاخەکان و لەناو ئەشکەوت و دێـیەکـانـدا منـداڵانی فـێرخـوازی کوردتـان فـێردەکـرد.

لە خەبـاتی نهـێـنی ناو شارەکانی کوردستانیشدا، ئێـوە دینـەمـۆی خەبـات و تێکۆشان بوون. داگـیرکەرانتان هەراسان کردبوون و شەوانە گورزی گورچک بڕتان لێیان دەدا. ئێوە لە قوربانیدان و زیندانی و ئەشکەنجەداندان و سێدارەدان دا پشکی شیرتان هەیە.

ئێـوە لە شۆڕشەکاندا پێشمەرگەی دلێری هەڵمەتبەری شیر ئاسایی بوون. لە ئاشتیشدا، هەڵگـری چەپکە نـێرگـزی خۆشەویستی و ئاشتی و بـرایەتی بـوون و دەبـوونـەوە بە پێـشمەرگەی بـواری پەروەردە و فـێرکـردن. ئەمـە بـاوەر و رێبـازی نەگـۆڕاوتـانە.

ئێـوە لە هەمـوو کەسێک خـۆراگرتـرن، بە نیـوە مووچە و بە چارەگە مووچە و بەبێ مووچەش، بە سکی برسی و گیرفـانی بەتـاڵەوە، بایکـۆتی خوێنـدتان نەکـرد. بەمەش لاپەڕەیەکی تـرتـان لە دڵسـۆزیتـان بـۆ کورد و کوردسـتان تـۆمارکـرد. بـۆیـە ئێـوە لە هەمـوو کەسێک ویـژدان ئاسـوودەتـرن.

مێـژووی بێ گـەردتـان، سەرتـاپـا پـڕە لە سـەروەری و شـکـۆداری و لە دڵســۆزی.

رێـز و پێـزانین خۆشەویسی گەلەکەمان بۆ ئێـوەی مامۆستایـانی دڵسـۆز، بەرزتـرین میـدالیـای رێـز و پـێزانیـنە. شـایـەنی ئـەوەن کە لە بـەردەمی قـوتابخـانەکـانتانـدا، لە زێـر پەیـکەری رێـزلـێنان و یادگـاری بـۆ یەکـە بە یەکـتـان دروسـتـبکـرێـت.

  

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی