"an independent online kurdish website

ڕۆژی شەممە ٢٢ی ڕێبەندانی ١٤٠١ی هەتاوی، لە شاری ڤییەنی پێتەختی وڵاتی ئۆتریش، لەلایەن چەند ڕێکخراوێکی کوردستانی، ئێرانی و ئۆتریشییەوە گردبوونەوەیەک لەژێر “ناوی هاوسۆزییەکی نێونەتەوەیی دژە فاشیستی لەگەڵ شۆڕشی گەلانی ئێران” بەڕێوە چوو.

سەرەتا بەڕێوەبەری گردبوونەوەکە لەسەر شۆڕشی دژە فاشیستی، دژە سەڵتەنەتی، دێموکراسیخوازی و دادپەروەریخوازیی گەلانی ئێران لە ساڵی ١٣٥٧ و مەبەست لە بەڕێوەچوونی گردبوونەوەکە، وتارێکی پێشکەش کرد و هەروەها کۆمەڵێک ڕێکخراو لەو گردبوونەوەیەدا بەشدار بوون و وتاریان پێشکەش کرد .

ئەم ڕێکخراوانەی خوارەوە بەشدار بوون و وتاریان پێشکەش کرد

کۆمەڵەی خوازیاری دیموکراسی و مافی ئازادی لە ئێران

خاتوون لووبنا لە لایەن خوێندکارانی حیزبی سوسیال دیموکراتی ئوتریش

خاتوون بریوان لە لایەن حیزبی سەوزەکانی شاری ویەنەوە

ئاغای مەنووچەر لە لایەن کومیتەی پاڵپشتی لە کارو باری کۆچبەران

خاتوون ئیلاهە لە لایەن ڕێکخراوەی ئاگادارکردنەوەوە ALARM

هەستانەوەی ڕۆژئاوا

رێکخراوی ئینسانی بۆ ژیانێکی شایستەی پەنابەران لە باشووری ڕۆژئاوای ئورووپا SOS

خاتوون سۆنیا لە لایەن ڕێکخراوی فمینیستەکانی نێودەوڵەتی ROSA

ئاغای کریستۆف لە لایەن ڕێکخراوی نێودەوڵەتی بۆ تکنۆلۆژی غەیرە ئەلکترۆنیک ISA

ئاغای لووکاس لە لایەن ڕێکخراوی دژی ڕاستەکان OGR

لەلایەن دوکتور جەواد دانش‌پەژوو، بە نوێنەرایەتیی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران وتارێک بە زمانی ئاڵمانی پێشکەش کرا. ناوبراو لە وتارەکەیدا سەرەڕای ئاماژەدان بە مێژووی چەوسانەوەی گەلی کورد و پێشێلکرانی مافەکانی خەڵکی کوردستان و هەوڵ بۆ سڕینەوەی ناسنامەی کورد لەلایەن داگیرکەرانی کوردستانەوە، هاتە سەر باسی شۆڕشی ساڵی ١٣٥٧ و لەو پێوەندییەدا ئاماژەی بە فەرمانی جیهادی خومەینی، بە گوێرەی ئاماری باوەڕپێکراو ئاماژەی بە لەسێدارەدانی لاوانی کوردستان، قەڵاچۆکردنی گوندەکانی کوردستان، تێرۆری ڕێبەرانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی بە گشتی و  بە تایبەت ڕێبەرانی بزووتنەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کرد.

هەروەها بەشێکی بەرچاو لە کوردەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بەشەکانی تری کوردستان بە ئاڵای کوردستانەوە لە گردبوونەوەکەدا بەشدار بوون، سروودی کوردی بڵاو کرانەوە و بەشێکی زۆر لە بەشداربووان لە وتارەکانیاندا ئاماژەیان بە خەباتی خەڵکی کوردستان دژی کۆماری ئیسلامی و بۆ ئازادی و دادپەروەری کرد.

ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی