"an independent online kurdish website

پەرلەمانی ئەورووپا بە 516 دەنگی بەڵێ، 14 دەنگی بێلایەن و 5 دەنگی نەخێر، بڕیارنامەیەکی پەسەند کرد، کە تێیدا داوا لە لیژنەی دۆزینەوەی ڕاستییەکان دەکات.

 کە سەبارەت بە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە ئێران لێکۆڵینەوە لە ژەهراویبوونەکانی ئێران بکات. لە بڕیارنامەکەدا هێرشی کیمیایی بۆ سەر قوتابخانەکان بە “کردەوەیەکی قێزەون کە ئامانج لێی بێدەنگکردنی ژنان”ـە، وەسف کراوە.

ئەم بڕیارنامەیە کە لە ٩ خاڵ پێک هاتووە، “بە بەهێزترین شێوە” ئیدانەی ژەهراویکردنی خوێندکارانی کچ دەکات.

ڕۆژی چوارشەممە 15ی مارس، پەرلەمانی ئەورووپا بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی ژنان، میوانداری لە شیرین عیبادی، براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتیی ئێرانی کرد. ناوبراو لە وتارەکەیدا وتی: دەبێ لە کتێبەکانی مێژوودا بنووسرێت کە کۆماری ئیسلامیی ئێران، کچانی قوتابخانەی بە کیمیاباران ژەهراوی کردووە.

لەم دیدارەدا، Ursula von der Leyen (ئورسۆلا ڤۆن دێر لاین)، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەورووپا، هەروەها وتی: “جیهان سەری سوڕماوە لە خەبات و بەردەوامیی ژنانی ئێران” و خەباتی ئەوان کاریگەریی لەسەر هەموو ژنانی جیهان هەبووە.

پەرلەمانی ئەورووپا لە بڕیارنامەکەیدا جارێکی دیکە داوای کرد کە ناوی سپای پاسدارانی ئینقلابی ئیسلامی، بخرێتە لیستی تاقمە تیرۆریستییەکانی یەکێتیی ئەورووپاوە.

ئەم پەرلەمانە هەروەها خوازیاری ئەوە بوو کە ناوی بەرپرسانی باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران وەک “عەلی خامنەیی”، “ئیبراهیم ڕەئیسی” و محەمەد جەعفەر مۆنتەزەری، بخرێنە لیستی سزاکانی مافی مرۆڤی یەکێتییی ئەورووپاوە.

ڕۆژی پێنجشەممە 19-01-2023، نوێنەرانی پەرلەمانی ئەورووپا، بڕیارنامەیەکی ٣٢ خاڵییان دەرکرد کە سەرکوتی ناڕەزایەتییەکان لە ئێرانیان شەرمەزار کرد و خوازیاری خستنەڕووی سپای پاسدارانی ئینقلابی ئیسلامی لە لیستی گرووپە تیرۆریستییەکانی نێو یەکێتیی ئەورووپا بوون.

ئەم بڕیارنامەیە هەروەها خوازیاری ڕاگرتنی ئێعدامەکان لە ئێران و گەمارۆکانی سەر عەلی خامنەیی، ئیبراهیم ڕەئیسی و بنەماڵەکانیان بوو.

ـــــــــــــــــــــــــــــ

ئامادەکردنی: ئیدریس هاشمی

سوید – 17-03-2023

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی