"an independent online kurdish website

محیەدین ئیبراهیمی زیندانی سیاسیی کورد بەرەبەیانیی ڕۆژی هەینی 17ی مارس لە زیندانی ورمێ لەسێدارە درا. ئەو لە مانگی نۆڤەمبەری ساڵی 2017 لە کاتی کۆڵبەری لەلایەن هێزەکانی پاسەوانی سنوورەوە کرایە ئامانج و

دوای ساڵێک بە تۆمەتی ئەندامبوون لە حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێنرا.

محیەدین ئیبراهیمی، دوای پێنج ساڵ زیندانیکردن، ڕۆژی چوارشەممە 15ی مارس، بۆ جێبەجێکردنی ئەو حوکمە لە بەندی زیندانیانی سیاسیی زیندانی ناوەندیی ورمێ بۆ زیندانی تاکەکەسی گواسترایەوە و دوای ڕۆژێک بنەماڵەکەی بۆ کۆتادیدار بانگهێشتی ئەو زیندانە کران.

ئەم زیندانییە سیاسییە سەرلەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە 15ی مارس بە بیانووی “ناردن بۆ دادگا” بانگهێشتی فەرمانگەی ئەمنی کرا و دوای چوون بۆ فەرمانگەی ئەمنی، ئەفسەرانی زیندان بۆ ژووری تاکەکەسی گواستیانەوە.

محیەدین ئیبراهیمی، هاووڵاتییەکی تەمەن 43 ساڵ و خەڵکی شاری شنۆ و باوکی دوو منداڵی خاوەنپێداویستیی تایبەت بوو، لە مانگی نۆڤەمبەری ساڵی 2017 لە کاتی کۆڵبەری، لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران بریندار بوو و دەستبەسەر کرا.

ئەو پاش دەستبەسەرکردنی، بردیان بۆ دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سپای پاسداران لە شاری ورمێ و بە تۆمەتی ئەندامبوون لە حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران بۆ ماوەی چەند مانگێک لێپرسینەوە و ئەشکەنجەی توندیان کرد.

لە مانگی ئاگۆستی 2018 دادگاییکردنی ئەم زیندانییە سیاسییە بەبێ دەستڕاگەیشتن بە پارێزەرێکی دیاریکراو بەڕێوە چوو و دوای مانگێک، بە تۆمەتی “بغی” لە زینداندا سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێنرا.

لە هەمان کاتدا ئیبراهیمی بەرانبەر بە تۆمەت و حوکمەکەی ناڕەزایەتیی دەر بڕی، کە بووە هۆی ناردنی دۆسیەکە بۆ دادگای باڵا و پێشێلکردنی حوکمەکە بەهۆی “کەموکوڕی لە لێکۆڵینەوە”دا، بەڵام لە مانگی جەنیوەری 2020دا، لقی دووی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ورمێ جارێکی تر سزای لەسێدارەدانی خۆی پشتڕاست کردەوە.

محیەدین ئیبراهیمی پێشتر لە ساڵی 2010 بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و پاش تێپەڕاندنی ١٤ مانگ زیندانی ئازاد کرابوو.

(نوورەدین ئیبراهیمی)ش برای محیەدین، لە مانگی مەی ساڵی 2017 لە کاتی کۆڵبەری لە سنووری شنۆ، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی حکوومەت کوژرا. هەروەها سپای پاسداران باوکی ئەم زیندانییە سیاسییەشی کوشتووە.

لە سەرەتای ئەمساڵەوە (دوو مانگ و نیو لەمەوبەر) ١٣٨ کەس لە ئێران لەسێدارە دراون. لە ماوەی تەنیا ١٥ ڕۆژدا و لە 1ی مارس تا 16ی مارسی 2023، ٢٩ کەس لە زیندانەکانی ئێران لەسێدارە دراون.

لە سەردەمی ڕاپەڕینی ژیناش، چوار گەنج بە ناوەکانی موحسین شێکاری، مەجیدرەزا ڕەهنەوەرد، محەمەدمێهدی کەرمی و محەمەد حوسێنی بە تۆمەتی وەک «افساد فی‌الارض» و «محاربه» لەسێدارە دران.

ـــــــــــــــــــــــــــــ

ئامادە کردنی: ئیدریس هاشمی

سوید/ 17-03-2023

بابەتی پەیوەندی دار

هیدایەت عەبدوڵا پوور: گیانم دەکەم بە قوربانی ئازادی تا یادم لە دڵی ئازادیخوازان و میللەتەکەم دا بمێنێتەوە .

کۆچی دوایی هاوڕێ عوسمان مستەفا پوور تێکۆشەرە خۆڕاگرەکەی دێمۆکڕات

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی