بە داخ و کەسەرێکی زۆرەوە دڵسۆزی نیشتمان و تێکۆشەری دێرینی حیزبی دێمۆکڕات و پێشمەرگەی ڕۆژانی سەخت، هاوڕێ عوسمان مستەفا پوور بەرەبەیانیی ڕێکەوتی ١٦ی خەرمانانی ١٤٠٠ بەهۆی پەتای کورۆنا لە نەخۆشخانە چووە ڕیزی کاروانی سەربەرزی شەهیدانی نیشتمان.
وەک سایتی پێشمەرگەکان، سەرەخۆشی لە هاوڕێیانی و بنەماڵەی و سەرجەم خەڵکی کوردستان دەکەین و روحی هاوڕێ عوسمان خۆش بێ.
***
ڕاگەیەندراوی دەزگای فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بۆ شەهید “عوسمان مستەفاپوور”
دەزگای فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بەنیسبەت شەهیدبوونی “عوسمان مستەفاپوور” ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە و داخ و کەسەری خۆی بۆ شەهیدبوونی ئەو تێکۆشەرە خۆڕاگرە دەربڕی.
دەقی ڕاگەیەندراوەکە بەم چەشنەیە:
ڕاگەیاندنی فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بەبۆنەی شەهیدبوونی هاوڕێ عوسمان مستەفاپوور
بە داخ و کەسەرێکی زۆرەوە ڕایدەگەیەنین کە دڵسۆزی نیشتمان و تێکۆشەری دێرینی حیزبەکەمان و پێشمەرگەی ڕۆژانی سەخت، هاوڕێ عوسمان مستەفا پوور بەرەبەیانیی ڕێکەوتی ١٦ی خەرمانانی ١٤٠٠ بەهۆی پەتای کورۆنا لە نەخۆشخانە چووە ڕیزی کاروانی سەربەرزی شەهیدانی نیشتمان.
هاوڕێ عوسمان مستەفا پوور کوڕی حوسێن لەدایکبووی ١٣٤٦ی هەتاوی خەڵکی گوندی “کاسەکەرانـ”ـی ناوچەی پیرانی پیرانشارە. ناوبراو، لە تەمەنی ٧ ساڵیدا دەچێتە قوتابخانە و تا پۆلی سێهەمی ناوەندی درێژە بە خوێندن دەدا.
هەژاری و دەستکورتی ناهێڵێ هاوڕێ عوسمان درێژە بە خوێندن بدا و بۆیە وەک زۆربەی منداڵانی تامەزرۆی خوێندنی کورد، بە ناچاری واز لە خوێندن دێنێ و وێڕای بنەماڵەکەی مل وەبەر کار دەنێ، تاکوو بتوانێ بژێوی ژیانی بنەماڵەکەی دابین بکا.
بە هاتنە ئارای گۆڕانکاری لە سیستمی سیاسیی دەسەڵاتداری ئێراندا و، هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامی و دەرکەوتنی ڕووی ڕاستیی ئەو بێچمە دەسەڵاتە و ، هەروەها، سەرهەڵدانی خەباتی نوێی کورد بۆ وەدیهێنانی ئامانجە نەتەوایەتییەکانی، هاوڕێ عوسمان مستەفاپوور لە ساڵی ١٣٦٤ ڕوو دەکاتە ڕیزەکانی حیزب و لە هێزی قەندیل سازمان دەدرێ.
هاوڕێ عوسمان لە ساڵی ١٣٦٧ بۆ مەئموورییەتێکی دیاریکراو دەچێتە هێزی ئاگری و ساڵی ١٣٧٠ لە گەڕانەوە لە مەئمووریەتێکی شاری “ورمێـ”ـدا کەوتنە بۆسەی هێزەکانی دوژمن و دوای شەڕێکی قارەمانانە، بە دیل دەگیرێ و دوای ٢٨ ساڵ بەربەرەکانێ و بەرخودان لە بەرانبەر جەللادەکان و ئەشکەنجەگەرانی کۆماری ئیسلامی، دەگەڕیتەوە ڕیزەکانی پیشمەرگەی کوردستان و تا کاتی شەهیدبوونی دڵسۆزتر و ئۆگرانەتر لە جاران درێژە بە ئەرکەکانی حیزبی و نیشتمانیی دا.
هاوڕێی خەباتگێڕ و تێکۆشەر شەهید عوسمان مستەفاپوور پیشمەرگەیەکی بەبیر و باوەڕ و خەمخۆری گەلەکەی بوو، تایبەتمەندیی شۆڕشگێڕانە و تێکۆشانی بێ وچانی لەو ماوەیەدا کە لە سیاچاڵەکانی کۆماری ئیسلامی بوو، بوو بە وێردی زمانی هەمووان و پاش گەڕانەوەی ڕیزی شۆڕشگێڕانی دێموکرات بە هەناسەیەکی گەرمەوە دەست بە خەبات و تێکۆشان کرد، هەر بۆیە لەلایەن دەزگای فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان پلەی کادری نیزامی پێدرا و لە دەزگای ڕێکخستنی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سازمان درا، لەو ئۆرگانە ئەرکی خۆی بە باشترین شێوە بەڕێوە برد.
ڕۆحی شاد و ڕێگای پڕ ڕێبوار بێت.
دەزگای فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان
١٦ی خەرمانانی ١٤٠٠ی هەتاوی
***
قوتابییەکی قوتابخانەی دێموکرات بە خاکی کوردستان ئەسپێردرا
تەرمی شەهید “عوسمان مستەفاپوور” تێکۆشەر و پێشمەرگەی خۆڕاگری نەتەوەی کورد لە ڕێوڕەسمێکی تایبەتدا لە گۆڕستانی شەهیدان بە خاکی پیرۆزی کوردستان ئەسپێردرا.
ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ١٦ی خەرمانانی ١٤٠٠ی هەتاوی، تەرمی شەهید “عوسمان مستەفاپوور” پێشمەرگەی کوردستان بە بەشداریی ئەندامانی ڕێبەرایەتی، کادر، پێشمەرگە، بنەماڵەی ناوبراو و بنەماڵەکانی حیزبی لە گۆڕستانی شەهیدان بە خاک ئەسپێردرا.
هاوڕێ عوسمان مستەفا پوور کوڕی حوسێن لەدایکبووی ١٣٤٦ی هەتاوی خەڵکی گوندی “کاسەکەرانـ”ـی ناوچەی پیرانی پیرانشارە. ناوبراو، لە تەمەنی ٧ ساڵیدا دەچێتە قوتابخانە و تا پۆلی سێهەمی ناوەندی درێژە بە خوێندن دەدا.
بە هاتنە ئارای گۆڕانکاری لە سیستمی سیاسیی دەسەڵاتداری ئێراندا و، هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامی و دەرکەوتنی ڕووی ڕاستیی ئەو بێچمە دەسەڵاتە و هەروەها، سەرهەڵدانی خەباتی نوێی کورد بۆ وەدیهێنانی ئامانجە نەتەوایەتییەکانی، هاوڕێ عوسمان مستەفاپوور لە ساڵی ١٣٦٤ ڕوو دەکاتە ڕیزەکانی حیزب و لە هێزی قەندیل سازمان دەدرێ.
هاوڕێ عوسمان لە ساڵی ١٣٦٧ بۆ مەئموورییەتێکی دیاریکراو دەچێتە هێزی ئاگری و ساڵی ١٣٧٠ لە گەڕانەوە لە مەئمووریەتێکی شاری “ورمێـ”ـدا کەوتنە بۆسەی هێزەکانی دوژمن و دوای شەڕێکی قارەمانانە، بە دیل دەگیرێ و دوای ٢٨ ساڵ بەربەرەکانێ و بەرخودان لە بەرانبەر جەللادەکان و ئەشکەنجەگەرانی کۆماری ئیسلامی، دەگەڕیتەوە ڕیزەکانی پیشمەرگەی کوردستان و تا کاتی شەهیدبوونی دڵسۆزتر و ئۆگرانەتر لە جاران درێژە بە ئەرکەکانی حیزبی و نیشتمانیی دا.
هاوڕێی خەباتگێڕ و تێکۆشەر شەهید عوسمان مستەفاپوور پیشمەرگەیەکی بەبیر و باوەڕ و خەمخۆری گەلەکەی بوو، تایبەتمەندیی شۆڕشگێڕانە و تێکۆشانی بێ وچانی لەو ماوەیەدا کە لە سیاچاڵەکانی کۆماری ئیسلامی بوو، بوو بە وێردی زمانی هەمووان و پاش گەڕانەوەی ڕیزی شۆڕشگێڕانی دێموکرات بە هەناسەیەکی گەرمەوە دەست بە خەبات و تێکۆشان کرد، هەر بۆیە لەلایەن دەزگای فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان پلەی کادری نیزامی پێدرا و لە دەزگای ڕێکخستنی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سازمان درا، لەو ئۆرگانە ئەرکی خۆی بە باشترین شێوە بەڕێوە برد.
***
مستەفا هیجری: کاک عوسمان مستەفاپوور قوتابخانەیەکی جێگای لێ فێربوون بوو
“مستەفا هیجری” لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە پێوەندی لەگەڵ شەهیدبوونی کاک “عوسمان مستەفاپوور” پەیامێکی بڵاو کردەوە لەو پەیامەدا هاتووە نەتەوەیەک کە ڕۆڵەی ئاوای پەروەردە کردبێ، سەرکەوتنی مسۆگەرە.
دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:
پەیامی سەرەخۆشیی بەبۆنەی کۆچی دوایی کاک عوسمان مستەفاپوور
کاک عوسمان مستەفا پوور، قارەمانی زیندانە دۆزەخییەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران، ئەمڕۆ سێشەممە ۱٦ی خەرمانان، دڵی پڕ لە تاسە و ئاواتی لە لێدان کەوت و ماڵاوایی لێ کردین و ڕیزی خەبات و تێکۆشانی بۆ هاوسەنگەرانی لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەجێهێشت.
شەهید عوسمان مستەفاپوور، بە درێژایی دەیان ساڵ تێکۆشان و لە ماوەی ۲٨ ساڵ مانەوەی لە زیندانەکانی کۆماری ئیسلامی و خۆڕاگریی لە بەرانبەر هەموو جۆرە ئەشکەنجەیەکی جەستەیی و ڕووحی، بە مانەوەی لەسەر بیروباوەڕی شۆڕشگێڕانەی حیزبەکەی، بەچۆکدا نەهات و سەری بۆ دەسەڵاتی خوێنمژ و ستەمکار نەوی نەکرد.
هیوای ڕزگاریی لە زیندان و گەڕانەوەی بۆ ڕیزی هاوسەنگەرانی دێموکرات، ڕۆژبەڕۆژ زیاتر ورەی پێ دەبەخشی، هەر بۆیە ماوەیەکی کورت لە دوای ئازادبوونی، ڕۆژی ٧ی جۆزەردانی ١٣٩٩ی هەتاوی، خۆی گەیاندەوە سەنگەری ئاوەدانی خەبات و چەکی پێشمەرگایەتی لە شان کردەوە و بەم شێوەیە ئاواتی ڕۆژان و ساڵانی زیندانی وەدیهات. بەڵام بەداخێکی گرانەوە، نەخۆشیی کۆرۆنا دەرفەتی پێ نەدا ماوەیەکی زۆرتر لە خزمەت گەل و حیزبەکەیدا بێ.
کاک عوسمان مستەفاپوور بە ژیانە پڕ بەرهەمەکەی، بە باوەڕ و ئیرادەی بەرزی و بە وەفا و خۆشەویستی بۆ نەتەوەکەی، قوتابخانەیەکی جێگای لێ فێربوون بوو و سەلماندی کە نەتەوەیەک کە ڕۆڵەی ئاوای پەروەردە کردبێ، سەرکەوتنی مسۆگەرە.
ئێمە، هاوسەنگەرانی شەهید عوسمان مستەفا پوور و هاوبیرانی، بۆ لەدەستدانی بەپەرۆشین و بەو بۆنەیەوە، سەرەخۆشیی خۆمان بە هاوسەنگەران و بەتایبەت بە بنەماڵەی سەربەرزی ڕادەگەێنین و پەیمانی وەفا بە ڕێبازەکەی لەگەڵ ڕۆژهەڵاتی کوردستان دووبارە دەکەینەوە.
یادی هەتایی و ڕێگای خەباتی بەردەوام
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
لێپرسراوی گشتی
مستەفا هیجری
١٦ی خەرمانانی ١٤٠٠ی هەتاوی
سەرچاوە :کوردستان مێدیا
بابەتی پەیوەندی دار
وتووێژی تیشک تی ڤی لە گەڵ عوسمان مستەفا پوور
رەنج نامەی دڵتهزێنی دوو زیندانیی سیاسیی كورد پاش زیاتر لە 20 ساڵ زیندان
ئەم هەڵبەستە پێش کێشە بە کاک عوسمان موستەفاپوور و هەموو زیندانیانی سیاسی کورد، عەزیز مورادپەرەست