"an independent online kurdish website

هێزەکانی ئیتلاعاتی ئێران دوای ماوەیەکی کەم لە ئازادکردنی سپیدە قولیان، ئەویان جارێکی تر لەسەر ڕێگا دەستبەسەر کرد.

چەند کاتژمێرێک دوای ئازادکردنی چالاکی مەدەنی سپیدە قولیان لە زیندانی ئێڤین، نزیکەی 10 ئۆتۆمبیلی پڕ لە ئەفسەری ئیتیلاعاتی ڕژیم بە جلوبەرگی ئاسایی لەسەر ڕێگای قوم-ئەراک هێرشیان کردە سەر بنەماڵەی سپیدە قولیان و ئەم چالاکوانە مەدەنییەیان دوای شەڕ لەگەڵ بنەماڵەکەی، جارێکی تر دەستبەسەر کرد. هەروەها دوو هاووڵاتیی ئاسایی کە دیمەنی ڕفاندنەکەی سپیدە قولیانیان گرتبوو، دەستبەسەر کران.

سپیدە قولیان ڕۆژی چوارشەممە 15ی مارس، دوای ئازادبوونی لە زیندان، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر گرتەیەکی ڤیدیۆیی خۆی بڵاو کردەوە، کە تیایدا، چەند ساتێک دوای ئازادبوونی، لە بەردەم زیندان هاوار دەکات و دەڵێت: «خامنه‌ای ضحاک، می‌کشیمت زیر خاک».

قولیان لە تویتەرەکەی نووسیویەتی: دوای چوار ساڵ و حەوت مانگ لە دۆسیەی (هفت‌تپه) ئازاد بووم. ئەم جارە بە هیوای ئازادیی ئێران هاتمە دەرەوە!

ئەو پێشتریش لە ڕێکەوتی 11ی ئۆکتۆبەری 2021 لە کاتێکدا کە لە زیندانی بوشێهر بە مۆڵەت ڕەوانەی ئەهواز کرابوو، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە ئەهواز دەستبەسەر و لە ناوەڕاستی مانگی نۆڤەمبەریش بۆ زیندانی ئێڤین ڕاگوێزرا.

سپیدە قولیان لە کاتی ڕاپەڕینی ژینا، لە زیندانی ئێڤینەوە درێژەی بە چالاکییەکانی دا. ناوبراو لە نامەیەکدا لەم زیندانەوە نووسیویەتی: دانپێدانانی زۆرەملێ بەردەوامە، بەڵام ئەمە دەنگی ئەو شۆڕشەیە کە دەبیسترێت. دیوارەکانی ئێڤین ناتوانن بەربەست بن لە بەرانبەر دەنگی “ژن، ژیان، ئازادی”.

هەروەها سپیدە قولیان یەکێک بوو لەو حەوت زیندانییە سیاسییەی بەشی ژنانی زیندانی ئێڤین کە نامەیەکی کراوەی ناڕەزایەتی دەربڕی بەرانبەر بە “دەرکردنی سزای لەسێدارەدان و هەڕەشەی لەسێدارەدان لە زیندانییەکان لە ژووری تاکەکەسیدا”.

نووسینی وتار: ئیدریس هاشمی

سوید 16-03-2023

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی