"an independent online kurdish website

یەکێک لە کارە دڕندانە و قیزەونەکانی ڕژیمی ئاخوندی لە ڕاپەڕینی ژینادا ئەوە بوو کە هێزەکانی ڕژیم، بەئەنقەست چاوی خۆپیشاندەرانیان دەکردە ئامانج و لە ڕێگەی فیشەک و ساچمەوە،

 بوونە هۆی نابیناکردنی چاوی خۆپیشاندەران کە لە ئاکامدا هەندێک لە خۆپیشاندەران، چاوێک یان هەردوو چاویان لەدەست دا.

چونکە لە ڕاپەڕینی ژینادا، ژنان پێشەنگ بوون و دروشمی گەورەی ئەم ڕاپەڕینیشە بریتی بوو لە: ژن، ژیان، ئازادی بەو هۆیەوە هێزە سەرکوتکارەکان، بە شێوەیەکی سیستماتیک تەقەیان لە چاو و ڕوخساری کچان و ژنانی گەنج دەکرد.

هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری جینایەت لە کاتی ڕاپەڕینەکەی ژینا، هەم لە شارە کوردەکان و هەم لە شارەکانی تر بوونە هۆی شەهیدبوونی هاووڵاتیان و هەم بوونە هۆی خەوشیی ئەندامی کچان و ژنان و بۆ لەناوبردنی “جوانی”ی کچان و ژنان، بەئەنقەست تەقەیان لە دەموچاو و سێنگ و ئەندامی زاوزێی ژنان دەکرد.

لە سەرەتای ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی ژینا لە ئێرانەوە، سەدان خۆپیشاندەر بەهۆی بەرکەوتنی گوللـەی کانزایی و پلاستیکی چاوێک یان هەردوو چاویان لەدەست دا. هەموو دنیا شایەتن کە کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە سەدەی بیست و یەکدا، بۆ ئەوەی دەسەڵاتە نەنگینەکەی بمێنێتەوە، دوای ئەوەی گیان و سەروەت و سامان و هەموو شتێکی لە خەڵکی ئێران وەرگرت، چاوی ئازادیخوازانیشی لێیان سەند.

هێزەکانی خامنەیی، بە تەقاندنی گوللـەی پلاستیکی، ساچمەیی، گازی فرمێسکڕێژ، لێدان لە سەر و چاوی خۆپیشاندەران بە باتۆم و مست و لەقە و پێڵاو، بە کەڵکوەرگرتن لە چماق و چەقۆ و چەندین شێوازی دڕندانەی تر بوونە هۆی لەدەستدانی چاوی ئازادیخوازان.

“هەرچەندە کۆماری ئیسلامیی ئێران، چاوی ئازادیخوازانی لێیان سەند، بەڵام ئەوان هێشتا دڵیان لێ دەدات و زیندوون بۆ ئەو ڕۆژەی کە کۆتایی بهێنن بە دەسەڵاتەکەی خامنەیی”.

عەلی خامنەیی ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران و هێزە سەرکوتکەرەکانی ژێر دەسەڵاتی ئەو دەبێ بزانن کە هیچ کام لە تاوانەکانیان پشتگوێ ناخرێن و دەبێ لە هەموو تاوانەکانیان لێپرسینەوەیان لەگەڵ بکرێت.

ـــــــــــــــــــــــــــــ

ئیدریس هاشمی Edris Hashemi

سوید/ 31-03-2023

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی