"an independent online kurdish website

ڕێکەوتی ٤ی بانەمەڕی ۱٤۰۲ی هەتاوی، هاوڕێی بەڕابردوو و پێشمەرگەی دێرینی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، “مەحموود ئاقایی” کوڕی سەلیم، ناسراو بە “سۆفی مەحموود”، خەڵکی گوندی گوێ یاغاج لە ناوچەی هەوشار، پاش نەخۆشییەکی درێژخایەن کۆچی دوایی کرد.

سۆفی مەحموود لەدایکبووی ساڵی ۱۳۰۰ی هەتاوی لە ناوچەی هەوشار بوو و  لە سەردەمی کۆماری کوردستاندا بوو بە پێشمەرگەی کۆمار و تا ڕووخانی کۆمار، پێشمەرگە بووە.

دواتر و هەر لەگەڵ سەرکەوتنی شوڕشی گەلانی ئێران لە ساڵی ۵۷ی هەتاوی پەیوەستی ڕیزەکانی حیزبی دێموکرات بوو و بێ‌وچان و بێ‌دابڕان تا دوایین ساتەکانی ژیانی بە حیزب و ڕێبازی شەهیدان وەفادار مایەوە و ژیانی خۆی تەرخانی خەبات لە پێناو دەستەبەرکردنی مافەکانی نەتەوەی کورد کرد.

سۆفی محموود ئاقایی لە ماوەی پێشمەرگایەتیدا لە ئۆرگانە جۆراوجۆرەکانی حیزبدا خزمەتی کردووە و لە هێزی ۱۱۰ی بەیان لە ناوچەی بۆکان بووەتە پێشمەرگە و پاشان لە هێزی  شەهیدانی هەوشار خزمەتی کردووە، و دواتر لە مەڵبەندی ۲ی کوردستان کاری پێشمەرگایەتیی کردووە. پاشان لە هیزی سامڕەند وەک پێشمەرگە پارێزگاریی بنکەکانی دەفتەری سیاسیی کردووە.

ناوبراو بەهوی بەساڵاچووییەوە نەقڵی کومیسیۆنی کۆمەڵایەتی کرا و لە دوایین سازماندەیی حیزبدا لە ناوەندی ۱ی کوردستان هەتا کۆچکردنی، درێژەی بە خزمەتی خۆی دا.

سۆفی محموود لە ماوەی پێشمەرگایەتیدا چەند جارین بەهۆی دڵسۆزی و جێبەجێکردنی سەرکەوتووانەی ئەرکە پێئەسپێردراوەکانی، تەشویق کراوە.

سۆفی مەحموود، ڕۆژی ٥ی بانەمەڕ، لە گۆڕستانی شەهیدانی ئازادی بە بەشداریی هاوسەنگەرانی بە خاکی پیرۆزی نیشتمان ئەسپێردرا.

ناوەندی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بەبۆنەی کۆچی دوایی سۆفی مەحموود،

پرسە و سەرەخۆشیی خۆی ئاراستەی بنەماڵە و کەسوکار و هەروەها هەموو کادر و پێشمەرگە و خەڵکی دڵسۆزی ناوچەی هەوشار دەکات.

سەرچاوە: کوردستان میدیا

****

بابەتێکی نەمر کاک لوقمان مێفەر لە سەر نەمر سۆفی مەحمود لە ساڵی 2018

سۆفی مەحمود ئاقای سەمبولی خۆڕاگری.، لوقمان مێهفەر  2018/09/27

دوێنێ لەسەردان و بە سەرکردنەوەیەکدا بەخزمەت سۆفی مەحمود گەیشتم ئەو پێشمەرگەی سەردەمی کۆماری کوردستانە ۷۳ ساڵە لە پێناوە ئازادی و سەربەستی نەتەوەکەیدا خەبات دەکات.خەڵکی گوندی “گۆیاغاج”ی ناوچەی  هەوشارە ئەو تێکۆشەرە ماندوو نەناسە ئێستا تەمەنی ۱۱۳ساڵە  هەنوکەش لەبیروباوڕ وەک گەنجێکی تازە پێ گەیشتووی دڵ پڕ لە ئەوینی شۆڕش وڕاسانە.

لەبواری جەستەییەوە کەسێکی لەش ساغە لەگەڵ ئەوەی دوو جار لە گوڕەپانی خەباتدا بریندار بووە بەڵام ئەو زامانە  کاریگەریەکی ئەوتۆی لەسەرهەڵسوراوی و ژیانی پێشمەرگایەتی ئەو دانەناوە بەڵام لەوساڵانەی‌دواییدا بەهۆی تەسادوفی ماشێن هەر دوو قاچی شکان داخەکەم ئەم روداوە سۆفی لەجوڵەی جارانی خست .

سۆفی مەحمود لەسەردەمی کۆماری کوردستان وەک خۆی دەفەرمووێ بەو جۆرە دەبێتە پێشمەرگە.

یەک مانگامان هەبوو ئەویشم فرۆشت دام بە “تاپڕێک”بە تاپڕو جلێکی شڕەوە بەرەو مهاباد کەوتمە ڕێ کە گەیشتمە مهاباد چومە بنکەی پێشمەرگە کان زۆریان بەخێر هاتن لێکردم بە تاپڕوە بومە پێشمەرگە.

ڕۆژێک لەبەر دەرکی مەقەر نگهبان بووم خوالێخۆشبوو مەلا مستەفای بارزانی هات بۆ سەردان وبەسەر کردنەوەی پێشمەرگەکان لەوێ چاوی پێم کەوت ئیدی ناردی جلێکی عەسکەریان بۆ هێنا م  وتاپڕەکەشی بۆ گوڕیم بە تفەنگێکی بڕنوو ئیدی پێشمەرگە بووم هەتا کۆمار جوانەمەرگ بوو .

پاش نسکۆی کۆمار سۆفی رودەکاتە باشووری کوردستان لە شاری کەلار دەگیرسێتەوە پاش چەند مانگ تاقەت ناهێنێ و دەگەڕێتەوە ڕۆژهەڵات و ژیانی هاوبەش پێکدێنێ چوار منداڵی ئەوەڵی کە سێ کوڕ و کچێک دەبن دێن پێ بگەن یەک بەدوای یەکدا لێی دەمرن لەدوای دا خوا سێ کوڕی دیکەی پێ دەبەخشێ کە یەکیان ئێستا پێشمەرگەیە و لە خزمەتی دایە دووانەکەی‌دیکەش لەگەڵ دایکیان هەر لەگوندی گۆیاغاجی ناوچەی هەوشارپێکەوە دەژین.

سۆفی محمود دوای کۆمار لەسەر بیروباوەری خۆی هەر سوور و بەردەوامە ئەوەی ‌لە توانایدا بووە بۆ بەرەوپێش بردنی ئەرک و کاری حیزبی لەژێر کەش و هەوای‌توندی ساواک و ژاندارمدا  درێژەی بە تێکۆشان داوە. .

تا سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران ودەست بەکار بوونەوەی تێکۆشانی ئاشکرای حیزب.جارێکی دیکە خۆری شانسی سۆفی هەڵدێ رودەکاتەوە شاری مهاباد و لەهێزی بەیان دەبێتەوە بە پێشمەرگە دواتر کە هێزی هەوشار پێکدێ سۆفی مەحمود یەکێک لە پێشمەرگە ئازا و خاوەن پێگەیەکی بە هێزی جەماوەری ناوچەکەی خۆیەتی هەر لەو رێبازەدا برازایەکیشی دەبێتە پێشمەرگە و لەو ڕێگایەدا شەهید دەبێ.

لەماوەی ئەو چوار دەهەی ئەخیردا حیزب چەندین قوناخی سەختی بڕیون تووشی هەوراز و لێژی زۆر هاتووە لەهەمووی ئەمانەدا سۆفی مەحمود قورس وقایم بە برواو ئیمانێکی پتەو درێژەی بەتێکۆشانی خۆیداوە ، بۆ ساتێک  لەحیزب دانەبراوە کەسێکی قانع و خۆراگربووە . گەلێک تاڵی وسوێری، دوری لە”لەیل” و جەگەر گۆشە و خۆشەویستانی چێشتووە ئەو هەمووی ئەمانە تەحەمول کردووە خزمەت بەنەتەوە و‌نیشتمانی لە سەروی ئەمانە داناوە بەڵام بۆ ساتێ حازر نەبووە لە هیچ هەلومەرجێکدا سەر بۆ دوژمن نەوی بکات ژیانی سەربەرزانەی تاراوگەی  سەد قات لەسەروی ژیانی ئارامی و ژێر دەستی داناوە.

لێم پرسی لەو تەمەنە زۆرەدا خۆشترین بیرەوەریت چییە؟گوتی: ئەو ڕۆژە بوو کەبومە پێشمەرگە شانازیم  بەخۆم دەکرد کە پێشمەرگەی کۆمار و کوردستانم. کە بەهاری ساڵی ۱۳٥۸دیسان بوومەوە پێشمەرگە هەستم دەکرد بومەتەوە گەنجێکی سەردەمی کۆمارە بێ مورادەکەم ئەمەیان خۆشترین بیرەوەری ژیانمە

گوتم: تاڵترین بیرەوەریت چییە؟ چاوە گەشە پڕ لەئاسۆیەکانی سەرکەوتنی پڕ بوون لە فرمێسک گوتی:  ئەو وەزعەیە کەئەمڕۆ تێیداین دوژمنەکان لە هەموو لایەکەوە زاریان لێ داپچڕیوین  تاونا تاوێ گازمان لێدەگرن .کەسیش بە هانامانەوە نایێت. دەردی گەلمان گەلێک گرانە هەر خۆمانین. هەرخۆمانیش حەکیمی چارەسەری ئازارەکانمانین!؟.

لەوانەیە ئێستاش زۆر کەس و تەنانەت لایەنیش هەبن باش حیزبی دێمۆکرات نە ناسن لەو دیمەنە جوان و لەو روخسارە پاک و نورانییەی سۆفی بڕوانن ئەو تێکۆشەر وکۆڵنەدەرانەی وەک سۆفی وئه مسالی ببینن ئەو کات باش پێناسەی دێمۆکرات دەزانن چونکە ئەمانە سەمبولی خۆڕاگری و پێناسەی دێمۆکراتن.

لەکوتایدا لێم پرسی پیری نێو سەنگەر دوا قسە، ئامۆژگاریت چییە؟.

وتی: وریابن، خۆڕاگربن، یەک بن، تاسەر درێژەدەری رێگای شەهیدان بن، گەلێک چاوی لەئێوەیە.ڕێزی یەکترتان بەلاوە گرینگ بێت.!؟

رێز لەیەکتر بگرن، گەشبین  بن. دڵنیابن سەر دەکەون.

ئەم پێشمەرگە بەساڵدا

 چووانە نمونەی پاکی، سەداقەت، شۆرشگێری، رەوشت بەرزی، خوراگری و نەزم و دسپلینن .ئەوان لە وێنەی مۆم بۆ‌نەتەوە و نیشتمان دەسوتێن ئەمڕۆ بەشێکیان ماڵئاوایی یەکجارییان  لێ کردوین  بەشێکیشیان  لەژیاندان حەقیان بەسەر ئێمەوەیە، ڕەوایە و ئەرکمانە ئەو پەری رێزیان لێ بگرین مافی خۆیان پێ بدەین من بەنورەی خۆم لەخزمەتیاندام ئەوەی لەتوانامدا بێ دەریغ ناکەم  لە ئاستی لەخۆبردوویی وئازایەتیشیاندا سەری رێز و نەوازش دادەنوێنم و دەرسی خۆڕاگری و ئەمەکناسیان لێ فێردەبم.

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی