رۆژی (26/10/2023) چه‌ن دێڕێکم به‌ناوی: {له (شاملو)ی (بۆتێ)وه تا (شاملو)ی سوید – به‌شی یه‌که‌م} سه‌باره‌ت به نووسراوه‌یه‌کی به‌ڕێز (فه‌ریده رزایی)
که هۆنراوه‌یه‌کی ئه‌حمه‌د شاملو که بۆ (مه‌هدی ره‌زایی) نووسراوه، به‌ناوی (فواد_مصطفی _سلطانی) له فه‌یسبووک بڵاو ئه‌کاتۆ}، له دوو سایتی ئه‌نترنێتی و فه‌یسبووکی خۆم، بڵاو کرده‌وه.
**
رۆژی 2/11/2023 به‌شی دووهه‌میم خسته به‌رده‌ستان که کۆتاییه‌که‌ی به‌و جۆره:
ئه‌و هۆنراوانه‌ی شاملو که کاک ناسر کردوونی به کوردی ئه‌وانه‌ی خوار‌ه‌وه‌ن:
کتێبی (تا شکوفه‌ی سووری کراسیک) – بیست هۆنراوه‌ی ئه‌حمه‌د شاملو.
پێشه‌نگی ژماره (8) من ژانی هاوبه‌شم.
پێشه‌نگی ژماره (9) مندالانی نێو قوولکه‌کان.
پێشه‌نگی ژماره (11) ئایدا له ئاوێنه‌دا.
پێشه‌نگی ژماره (13) گۆرانی گه‌وره‌ترین ئاره‌زوو.
پێشه‌نگی ژماره (14) ئه‌مجاره زه‌وی هاته قسه.
پێشه‌نگی ژماره (16) مامه‌کانت.
هه‌فته‌نامه‌ی ئاسۆی رۆژهه‌ڵات ژماره (10) ئایدا له ئاوێنه‌دا.
هه‌فته‌نامه‌ی ئاسۆی رۆژهه‌ڵات ژماره (11) کاروان.
هۆنراوه‌ی ڕاسپارده، له کتێبی (کاک فوئاد رێبه‌ر، سیاسه‌تمدار و زانایه‌کی سیاسی).
**
له‌م به‌شه‌دا ئاماژه به هه‌ندێکیان ئه‌که‌م.
**
به‌داخه‌وه کاک ناسر (ناوی فارسی) ئه‌و هۆنراوانه که کردوونی به کوردی نه نووسیوه.
لێره‌دا ئه‌ڕۆمه ناو هه‌فته‌نامه‌ی {(ئاسۆی رۆژهه‌ڵاتی ژماره (10)ی ساڵی (1385}.
له‌و هه‌فته‌نامه‌دا ئه‌و (3) بابه‌ته‌ی خواره‌وه له‌گه‌ڵ (6 وێنه‌ی شاملو) چاپکراوه:
- هۆنراوه‌ی (ئایدا له ئاوێنه‌دا) – وه‌رگێڕ: (ناسر حیسامی)}.
- شاملوو و دونیای په‌ریه‌کانی (په‌ریا) – نووسه‌ر (ئا: په‌ری. کاف)}.
- ساڵڕۆژی هه‌تیو که‌وتنی وشه – نووسه‌ر (مسته‌فا زاهیدی)}.
چاوخشاندنێ به هۆنراوه‌ی (ئایدا له ئاوێنه‌دا)
ئه‌و هۆنراوه له دوو شوێن و دوو ساڵی جیاواز چاپکراوه.
- گۆڤاری پێشه‌نگی ژماره (11) خاکه‌لێوه‌ی (1370)
- ژماره (10)ی هه‌فته‌نامه‌ی ئاسۆی رۆژهه‌ڵاتی ساڵی (1385)
با له‌و کۆپله‌ی بڕوانین:
دوخته‌که‌ی سه‌رگۆنای تۆ
غرووری تۆی تێدا مه‌یوه‌و چاره‌نووسه‌که‌ی منیش
که شه‌و کردی و ئه‌من کردم
بێ ئه‌وه‌ی که چاوه‌ڕوانیی به‌ربه‌یانێک
تینی هێنابێته دڵم و،
رووسووری خۆم سه‌ربه‌رزانه
له‌گه‌ڕه‌کی قه‌حبه‌خانه‌ی خرید و فرۆش
سه‌ر به مۆر‌و شه‌تڵ نه‌شکاو
هێنایه‌وه ….
–
له‌و کۆپله‌دا نووسراوه:
سه‌ر به مۆر‌و شه‌تڵ نه‌شکاو.
(سه‌ر به مۆر‌و شه‌تڵ نه‌شکاو) نادرسته، دروسته‌که‌ی به‌و جۆره‌یه (سه‌ر به مۆر‌و شه‌قڵ نه‌شکاو).
(شه‌قڵ) واته دیاریکردنی شتێ، مۆرکردنی شتێ بۆ ئه‌وه‌ی که‌س ده‌سکاری نه‌کات، هه‌ر که‌سێ له‌گه‌ڵ ژیانی جوتیارانی کوردستان و رۆژانی خرمان هه‌ڵگرتن ئاشنا بێت، ئه‌زانێ خرمان شه‌قڵکردن چییه.
شه‌تڵ، گیایه‌که به ریشه‌وه ده‌ردێ تا له شوێنێکی دیکه بینێن، (شه‌تڵ نه‌رمه، بۆ شکان نابێ – نموونه: شه‌تڵه ته‌ماته.
با له کۆپله‌یه‌کی دیکه‌ی ئه‌و هۆنراوه بڕوانین:
تۆفان کاتێک که هه‌ڵده‌ستێ
له نێو سه‌مای گه‌وره‌ی تۆدا
چ شکۆدار بلوێره‌کانی خۆی ده‌نگێوێ،
وه گۆرانی ده‌ماری تۆ خۆره‌تاوی
تا هه‌تاییم لێ هه‌ڵدێنێ.
له‌و کۆپله‌دا نووسراوه:
بلوێره‌کانی خۆی (ده‌نگێوێ)
وشه‌ی (ده‌نگێوێ یا ئه‌نگێوێ) بۆ نیشانه پێکان به‌کار ئه‌برێ نه‌ک بۆ (بلوێر).
له کوردی‌دا بۆ شمشال، بۆ تار، بۆ بلوێر و زوڕنا وشه‌ی لێدان یا ژه‌ندن به‌کار ئه‌برێت، نموونه:
(قانع) به‌و جۆره ئێژێ:
شمشاڵژه‌ن شلکه په‌نجه له سه‌ر نه‌ی
…………
هه‌ر له‌و کۆپله‌دا نووسراوه:
وه گۆرانی ده‌ماری تۆ …
–
وه
له رێنووس و رێزمانی کوردی‌دا (وه) نییه.
به‌داخه‌وه کاک ناسر پاش (15) ساڵ هۆنراوه‌ی (ئایدا له ئاوێنه‌دا) له {(ئاسۆی رۆژهه‌ڵات هه‌ر به وشه‌کانی:
{(شه‌تڵ) – (ده‌نگێوێ) – (وه)} بڵاو ئه‌کاتۆ.
–
بۆ ئاگاداری، ئه‌و ژماره‌ی ئاسۆی رۆژهه‌ڵاته (12) لاپه‌ڕه‌ی (A 3)یه، بۆ جارێکیش (وه)ی تێدا نه‌نووسراوه.
هه‌ر له‌و باره‌وه با له کۆپله‌یه‌کی هۆنراوه‌ی {(بۆ ئایدا) له کتێبی (تا شکوفه‌ی سووری کراسیک)} بڕوانین:
وێنه‌یه‌کی له‌خۆم نه‌چوو
که گه‌ر وه‌ک خۆم پێ که‌نینی
ته‌واو له بیر چووبایه‌وه
وه سه‌رگۆنای به دوو شوێنه‌واری ژین دا
وه‌رد درابا
وه ته‌وێلی رێ رێ بووبا
به جێگا پێی سه‌رده‌مانی زنجیر کراو به کۆت و به‌ندی کۆیله‌یی
ده‌بوو به خۆم !
هه‌ر کوت و مت
ده‌بوو به خۆم.
**
له‌و کۆپله‌دا نووسراوه (پێ که‌نینی)- بۆ وشه‌ی (پێکه‌نین) ئه‌بێ به دوو وشه‌یی بنووسرێت؟!
یا کوت و مت بۆ به دوو وشه‌یی بێت؟! (کوتومت)
**
وه‌رگێڕانی هۆنراوه‌ی (ڕاسپارده)
به‌ڕێز ره‌شاد مسته‌فا سوڵتانی ساڵی 2006 له سلێمانی و ساڵی 2007 له ئاڵمان کتێبێکی به‌ناوی:
کاک فوئاد رێبه‌ر، سیاسه‌تمدار و زانایه‌کی سیاسی
چاپکرده، له به‌شی پێرست واته ناوه‌رۆکی کتێبه‌که به‌و جۆره‌ی نووسیوه:
هه‌ڵبژارده‌یه‌ک له شیعر و نوسراوه‌کان بۆ یادی کاک فوئاد
یه‌کێ له وانه هۆنراوه‌ی (راسپارده)یه، (راسپارده) هۆنراوه‌یه‌کی فارسییه به ناوی (پیغام) گوایه ئه‌حمه‌د شاملو بۆ چوار تێکۆشه‌ری تورکمه‌ن به‌ناوه‌کانی (توماج، مخدوم، واحدی و جرجانی) و سه‌عید سوڵتانپور و فوئاد مسته‌فاسوڵتانی نووسییه‌تی.
ئه‌و هۆنراوه (17) لاپه‌ڕه‌یه، (24) مانگ پاش مه‌رگ و کوژرانی کاک فوئاد نووسراوه.
به‌ڕێز ناسر حیسامی به ناوی (ڕاسپارده) کردییه به کوردی. له‌و (17) لاپه‌ڕه‌دا بۆ جارێ ئاماژه به ناوی (توماج، مخدوم، واحدی، جرجانی)، سه‌عید سوڵتانپور هه‌روه‌ها (فوئاد) نه‌کراوه، ئاماژه به(شتێ) به(ناوێ) که پێوه‌ندی به فوئاده‌وه بێت وه‌ک زیندانی سیاسی – کۆمه‌ڵه‌ئی – رابه‌ری کۆچی مه‌ریوان – برای چه‌ن (تیربارانی) به ده‌ست ده‌وڵه‌تی ئێران – فتواکه‌ی خومه‌ینی- پۆتینه‌کانی به‌نیسدر- فه‌رموده‌ی ئایه‌توڵا تاڵه‌قانی: (اگر لازم باشد با اسلحه دست می‌گیرم و به کردستان می‌روم) – تاکێکی کورد – پێشمه‌رگه‌یه‌ک…} نه‌کراوه تا خوێنه‌ر بزانێت ئه‌و هۆنراوه بۆ فوئاد مسته‌فاسوڵتانی نووسراوه.
هه‌روه‌ها ئاماژه به‌وه نه‌کراوه کێ (توماج، مخدوم، واحدی، جرجانی، سه‌عید سوڵتانپور و مسته‌فاسوڵتانی) کوشته.
به‌داخه‌وه کاک ره‌شاد و کاک ناسر بیریان به‌و باسه نه‌داوه بۆچ شاملو ئێژێ ئه‌وه‌م بۆ ئه‌و که‌سانه نووسیوه!
**
2 تێبینی:
- ئه‌و نموونانه که ده‌سنیشان کراون وه‌ک خۆیان نووسراوه‌تۆ
- (ئایدا) هاوسه‌ر‌ی ئه‌حمه‌د شاملو
ئه‌گه‌ر ژیان پایه‌دار بێت به‌شی چواره‌م واته به‌شی کۆتایی ئه‌م باسه، ئه‌خه‌مه به‌ر ده‌ستان.
7/11/2023
سه‌عی سه‌قزی قایشی
Sai.saqzi@gmail.com