خەبات لە پێناو رزگاریی نەتەوەیی دا، پێواژۆی دەرباس بوونە لە قۆناغە تەژی لە نسکۆ و دابڕان و رێگا پڕ لە هەوراز و نشێوەکان دا، کە سەرکەوتن بە بێ قوربانیدان لەو پێواژۆیەدا،
لە مێژووی هیچ گەلێک دا تۆمار نەکراوە. بێ گومان هەوێنی سەرەکیی سەرکەوتن و گەیشتن بە ئازادیی نەتەوەیی، بەردەوامی و شێلگیر بوونە لە ڕەوتی خەبات دا.
ئەوەی کە کاروانی خەباتی گەلی کوردی زیندوو ڕاگرتووە، پەیوەست بوون و قوربانی دانی نەسڵ لە دوای نەسڵی چین و توێژە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵگای کوردستانە تا گەیشتووە بە ئێمە. بەڵام بەو جیاوازییەوە کە خەباتی ئێمە هاوکاتە لە گەڵ پێشکەوتنەکانی رۆژ لە دوای رۆژی جیهان لە بوارە جیاکان و بە تایبەتی لە زانست و تێکنۆلۆژیی زانیاریدا.
لێرە بەدواوە، ئەرکی نەسڵی ئێمە تەنیا مانەوە و گواستنەوەی خەبات بۆ نەسڵی دوای خۆمان نیە، بەڵکوو ناچارین وێڕای بەردەوامبوون، بە هەموو هێزمانەوە و بە کردەوە بۆ زانستی کردنی خەبات، لێکگرێدان، لێکدانەوە و زیندووکردنەوەی زانستیانەی قۆناغە جیا جیاکانی مێژووی خەباتی رزگاریخوازیی گەلەکەمان، هەنگاوی پتەو و بە باندۆڕ بەرەو سەرکەوتن هەڵگرین. لەو پێناوەشدا، پێشکەوتن و خۆگونجاندن لە گەڵ زانست و رەهەندە پێشکەوتووەکانی تێکنۆلۆژیی سەردەمیانە، چەکی سەرەکیی سەرکەوتنمانە لە تێکۆشاندا.
لە هەر حاڵەتێکدا، ناکرێت باس لە پێشکەوتن و خەباتی رزگاریخوازی بکرێت و وانەی سەرکەوتن لە مێژوو وەرنەگیرێت و ئەستەمە کە ناو و یادی خوڵقێنەرانی دەیان و بگرە سەدان حەماسەی مێژوویی لە خەباتی رزگایخوازیی نەتەوەییماندا، بەرز ڕانەگیرێت. بێ گومان لە پێواژۆی خەباتی شوناسخوازی و تۆمار کردنی مێژووی خەباتی نەتەوەیی دا، ئەوە گیانفەدایی و خوێنی سووری شەهیدانە کە گڕ و تینی ئاگری شۆڕش لە ناخی رێبوارانی رێگایاندا، ئەوەندەی دی بەگوڕتر و لە مانەوە لە سەر ڕێبازیان سوورتر دەکات.
بۆ ئێمەش کە خۆمان کە بە قوتابی و درێژەدەری رێبازی پڕ لە سەروەریی شەهیدان و پەروەردەی فێرگەی رێبەرانی شەهید، قازی، قاسملوو و شەرەفکەندی دەزانین، ئەم وتە بەنرخەی:” باشترین پاداش بۆ شەهیدان، درێژە پێدانی رێگایانە” لە رێبەرێ شەهیدمان د. قاسملووی مەزن، وەکوو بەنرخترین وانە و رێنوێن بۆ بەردەوام بوونمان لە خەبات و تێکۆشان لە پێناو رزگاریی گەل و نیشتمان دا دەنرخێنین و لە هەموو کاتێکدا هەوڵ دەدەین کە ناو و یادی شەهیدانی سوورخەڵاتی رێگای رزگاریی کورد و کوردستان بەرز و بەرزتر راگرین.
دەستی کاک سەربەست خۆش بێ و سڵاو لە گیانی پاکی شەهیدان