Hoppa till innehåll
Hem » چەند وشەیەک بۆ مەرگی (پۆڵا نانەوازادە)ی شاعیر، هەڵۆ بەرزنجەیی

چەند وشەیەک بۆ مەرگی (پۆڵا نانەوازادە)ی شاعیر، هەڵۆ بەرزنجەیی

پێش چەند ساڵێک، دوای مەرقێکی زۆر دیوانی شاعیر جەلال مەلەکشام دەستکەوت .. هەر زوو خوێندمەوە و وتارێکی دوورودرێژم لەسەر نووسی بەناونیشانی

(بە ھەگبەیەکی کوردانەوە، گەشتێک بە دیوانەکەی (جەلال مەلەکشا) دا )


وتارەکە بەخێرایی بووە جێی ڕەزامەندی خوێنەران. پاشان لەسەر داوای کاکە {شوانە}ی بەرپرسی ماڵپەڕی [بۆکان- ڕۆژهەڵات] درێژەم بە نووسینەکە دا و تا ئێستا بە زنجیرە لە ماڵپەڕی ناوبراودا بڵاو دەکرێتەوە..زۆرن ئەوانەی دەستخۆشییان لە کارەکەم کرد! دیارترینیان کە لەبیر ناچێتەوە

ڕەوانشاد و هەمیشە زیندوو کاک (پۆڵا نانەوازادە) بوو..

کاک پۆڵام وەک ناو و بنەماڵە و دەنگبێژی ڕادیۆ و شاعیر دەناسی و ئەو لەمێژبوو ئامادەیی خۆی لەو پانتاییانەدا سەلماند بوو. لە بۆنەیەکیشدا کە بۆ رۆژنانەنووس کاک عەلی جوانمەردی لەبەرلین ساز درابوو، ئەویش بە شيعرێک و بەشداری تر لەگەڵمان بوو..

ئێوارەیەک زەنگێکی لێدا و دوای چاک و چۆنی بە کورتە پێشەکییەک چووینە ناوباسوخواستی زۆرەوە و پێکەوە ئاخافتین!.. فرە خۆشحاڵ بووم بە زمانی شیرین و هەست و باوەڕی بێگەردی کوردایەتی و مێژووی تێکۆشان و دڵسۆزی..

زۆر بە گەرمی قسەی هێنایە سەر وتارەکەم لەمەڕ مەلەکشاوە و ئافەرینی لێ کردم..ڕاستەوڕاستیش داوای کرد گفتی بدەمێ، هەرکات دیوانەکەی چاپ بوو، بەهەمان هەناسە و شێواز و رۆحی کوردانەوە لەسەر ئەویش بنووسم..

پۆڵا نانەوازادە خۆی بە بەرۆگری شیعر و ڕێچکەی خانی و حاجی و پەشێو و مەلەکشا دەزانی . بەم قوتابخانە شیعرییە سەرسام بوو! هەژار و هێمنی زۆر لا بەرز بوون!..

پۆڵا ئەوەی ڕوون کردەوە کەوا شیعرەکانی بۆ خۆشەویستی نیشتمانە و باوەڕی نەتەوایەتی هەڵگرتووە و کەم و زۆریش لە کار و بیرکردنەوەی من ئاگادارە…

منیش پێم وتەوە بەهەمان ئەندازە منیش پێ ئاگانیم لە تۆ- بە تایبەت ئەو ساتە بەچەند ئەڵقەیەک بیرەوەریەکانی خۆی نووسیبووە و بڵاوی دەکردەوە و بەتامەزرۆوە دەمخوێندەوە.

ئەم گفتوگۆیەی زۆر پێ خۆش بوو!. بەکورتی پێکەوە کاتێکی بەتام چێژ و پڕ لە باسی کوردایەتی و ئەدەبیمان بە قسەکردن تێپەڕاند!..خۆشم نەمزانی چۆن دەوری کاتژمێرێک زیاترمان بەسەر برد و هیچ بێزار نەبووین ..

ئیدی ئەوە بوو بێ ئەوەی هیچ ئاستەنگ و ئاڵۆزی و منجەمنجێ بکەم لەگەڵیدا، دەمودەست گفتی کوردانەم دایە کەوا بە خۆشحاڵییەوە ئەو کارە ئەنجام دەدەم.

پێم وت: سەرەتا وا باشە دیوانەکە بخوێنمەوە و سەروبەر ی شارەزا بم، ئەوسا قۆڵی لێهەڵدەماڵم..

لێ ناخۆشترین باسێکی پێش خواحافیزیمان لەیەکتر بریتی بوو لەوەی وتی: باری تەندروستی زۆر باش نییە و زوو زوو دەچێتە نەخۆشخانە، جا ئەگەر ماوەیەک دیار نەما ، ئەوە بزانم کەوا لە نەخۆشخانەیە!…درکاندنی ئەم ڕازە بە ئەسپایی کسپەی لە جەرگمەوە هەستان و هێندەی تر مەحکومی کردم کەوا ئەمەکداری گفتەکەم بم!..دڵی ئەو شاعیر و کەسایەتییە جوانە نەشکێنم!

ڕۆژ هات و چوو، گرفت و کارەسات و ناخۆشییەکان زۆر بوون، نە ئەو دەنگی بووەوە و نە منیش سەرم پەرژا وەدووی ئەو گفت و ئەرکە بکەوم!… بەتایبەت جاروبار دەمبیست ناساغە!..

ئەوا ئێستا چەند ڕۆژێک دەبێت کاکە پۆڵای کوردایەتی چاوە گەشەکانی لێک ناوە و بەجێی هێشتووین . بەڵام مێژوویەکی تژی لەسەربەرزی و تێکۆشان و چەندەها شیعر و پەخشان و نووسینی پاش خۆی بەیادگار بۆ جێهێشتووین!..

شایانی وتنە ڕەوانشاد لە بنەماڵەیەکی دیار و تێکۆشەری ژوردایەتی شاری مەهابادی خۆڕاگر و سەرکەشن و پۆڵا هەر لەلاوێتییەوە تێکەڵی کۆڕی خەباتی کوردایەتی بووە. لە سەردەمی رژێمی شای گۆڕبەگۆڕدا لە پای خەباتی کوردایەتی زیندانی کراوە، پاشان لەگەڵ شۆڕشی گەڵانی ئێراندا دەبێتە پێشمەرکەی حیزبی دیموکراتی دایک و ڕۆڵی گرنگ لەبەشی هونەریی و ئەدەبی دا لەتەک پێشمەرگایەتی سەنگەردا دەگێڕێ! دەنگبێژی ڕادیۆی دەنگی کوردستان بووە.

پێشمەرگەیەکی وتارنووس و شاعیر و ئەدیب بوو!! بە باوەڕ و قەڵەم و چەکەکەی بۆ گەلەکەی لە خەباتدا بووە..بەم هەموو وزە و خۆشەویشتی عەشقەوە بۆ کوردستانێکی سەربەخۆ تێدەکۆشا…

لە دوا ساڵەکانی تەمەنیدا بووە ئەندامی پارتی ئازادی کوردستان و دروشمی سەربەخۆیی کوردستانی کردە مەشخەڵی دەستی و خستییە سەروو هەموو دروشمەکانی ترەوە و بە گیان و باوەڕ و جەستەی کوردایەتییەوە لە سەنگەری سەختدا بۆ نەتەوە و خاکەکەی لە خەباتدا بوو..

مەرگی کاک پۆڵا شۆکێکی گەورە بوو، ئەو هێشتا زۆری مابووی درێژە بە خزمەتەکانی بدات!.. گەلێ هیوا و خەونی خستبووە ئەجێندای ژیانییەوە…

مەرگی کاکە پۆڵا بە ئازار و سوێیە و خەرمانی یادەوەرییەکانی تایبەتن کە هەرگیز لە بیر ناچنەوە..

من گفتم بە خۆم داوە و پابەند دەبم بەو سۆزەکەمەوە بۆ ڕەوانشاد کاکە پۆڵا و هەر چرکەساتێ دیوانەکەیم بەرچنگ بکەوێ، ئەو ئاواتەی دەهێنمە دی و حەزی خۆشم بەجێ دێنم!…

لێرەداکۆتایی بەم چەند وشەیە دێنم و هاوخەمی خۆم بۆ بنەماڵە و دۆستانی دەردەبڕم!.. سەرەخۆشی لە هونەر و ئەدەب و باوەڕی کوردایەتیش دەکەم، کەوا دڵڕەقانە و لەناوادەدا ڕۆڵەیەکی بەئەمەک و دڵسۆزی خۆیان لەدەست چوو!..

لە پێناو خاک و خەڵک و نیشتمانم

بە شانازی دەدەم گیان و ژیانم

قەسەم بەخوا ئیرادەم چەشنی پۆڵاس

نییە یەک زەڕرە باکی دوژمنانم

پۆڵا ــ ستۆکهۆڵم ــ ٢٠٢١،١٢،١٩

ڕەوانت شاد کاکە پۆڵا ..

بنوو …ڕۆڵە بێ دەوڵەتەکە لە نامۆیی و دوور لە ئامێزی ئەو نیشتمانەی بۆ ژیایت و بۆی تێکۆشایت و بۆی مردیت..

بنووووووووووو… ئیتر بە ئارامی ، زۆر نابات یەکێکمان مژدەی ڕزگاری و سەربەخۆیی کوردستانت بۆ دەهێنین بۆۆۆۆۆۆۆۆ……….دیداری داهاتوومان، تێهەڵچوونەوە و بونیاتنانەوەی وڵاتە کاولکراوەکەمان

بۆ ئازادی و بۆ یەکسانی لە کوردستان دا..

هەمیشە سڵاو لە ناو و یادگارەکانت!!…

هەڵۆ بەرزنجەیی  ١١/٣/٢٠٢٤