"an independent online kurdish website

ڕووداو و پێکدادانەکانی ماوەی ڕابردوو کە ئیتر لە حاڵەتی ئۆپێراسیۆنی نهێنی و شاراوە هاتە دەر و بوو بە هێرشی نیزامی بۆسەر خاکی یەکتر (کۆنسولگەریش خاکی دەوڵەتان بە حیساب دێت)، بۆچوونەکانی بەسەر ئەو دوو لایەنەی کە ئاماژەیان پێکراوە دابەشکرد.

زۆربەی ئەوانەی کە لەسەر ئەو بڕوایەن کە ئەوە شەڕێکی زێرینگەرییە و ئەو دوو وڵاتە بە ڕێکەوتن و هاوئاهەنگی ئەو سێنارێۆیە بەڕێوە دەبن، لە ڕاستیدا بە پێوەرەکانی زیاتر لە سێ دەیە لەوەپێش خوێندنەوە بۆ ڕووداوەکان دەکەن.

بۆ تێگەیشتن لەو بابەتە دەبێ لە چوارچێوەیەکی گەورەتر و بە لەبەرچاوگرتنی ئاڵوگۆڕێکی بەرچاو کە لە هاوکێشەی هێز و ژێئۆپۆلیتیکی ڕۆژهەڵاتی ناڤین پێکهاتووە خوێندنەوە بۆ ڕووداوەکانی ئەمڕۆ بکرێت.

ئەوە ڕاستە کە لەسەردەمی ڕێژیمی پەهلەویدا، ئێران وەک هاوپەیمانی ستراتیژیکی ئیسرائیل ڕۆڵی دەگێرا، لە کاتێکدا کە ئیسرائیل بە بەردەوامی لە حاڵەتی شەڕ و پێکدادان لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی ناوچە دا بوو. دوای شۆڕشی ٥۷ ئاڵوگۆر لەو بابەتە ساز بوو و ڕێژیمی تازە بە دروشمی ڕەواڵەتی ئازادی قودس و  فەلەستین هاتە سەر کار و ئەوە سەرەتایەکی گرینگ بۆ ئالوگۆڕی سیمای ڕۆژهەڵاتی ناڤین بوو. بەڵام ڕێژیمی ئیسلامی تازەی مەلایان، خاوەنی ئەو فاکتۆرانەی هێز نەبوو کە ببێتە مەترسی بۆسەر ئیسرائیل و لە لایەکی دیکەشەوە، وەک دەسەڵاتی شیعی، لە بەرەی دژبەر و دوژمنی وڵاتانی سوننی دا بوو. بۆیەش دەبینین لەوسەردەمەدا ستراتیژی ناوچەیی ئیسرائیل ڕاگرتنی باڵانسێکە کە ڕێژیمی ئیسلامی لەبەرامبەر دوژمنی خۆی، واتا وڵاتانی سوننی ڕابگرێت و پۆتانسێلی دوژمنکاری ئەوان لە دژی خۆی، هەر بەخۆیان بێ ئەسەر بکات. بۆیەش دەبینین بە چەندین جار لە کاتی تێکشکانی هێزەکانی ئێرانی و گۆڕانی هێز بە قازانجی عێراق، دەست دەکات بە فرۆشتنی چەکوچۆڵ بە ئێران.

بەڵام لە دوو دەیەی ڕابردوودا کۆمەلێک گۆرانکاری بەرچاو پێکدێت کە ئەوەش گۆڕانکاری بە سیاسەت و پلانی ئیسرائیل دا دێنێ، وەکوو:

یەک: ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی قۆناخەکانی بە دەستەوەگرتنی دەسەڵات و سەقامگیری تێپەر کردووە و پێی خستۆتە قۆناخی بەرفراوانکردنی پانتایی هێز و دەسەڵاتی خۆی لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوڤین.

دوو: ۱۱ سێپتامبر و ڕووخانی تالیبانی پێشوو و ڕێژیمی سەدام، بوو بە درفەتێکی زێرین بۆ کۆماری ئیسلامی.

سێ: کۆماری ئیسلامی توانی بە لەپێشگرتنی دوکتورینی ژێئۆپۆلیتیکی شیعە و بۆ پیادەکردنی ئەو بابەتە، سەرەتا لە ڕێگای هاوپەیمانی لەگەڵ قاعیدە و جیهادییەکان، ئامریکا و هاوپەیمانانی تووشی زلکاوی شەڕی عێراق بکات و بە چەشنێک کە پڕۆسەی دەوڵەتسازی تووشی شکست بکات و دواتریش و لەسەردەمی ئۆبامادا، لە چوارچێوەی ستراتیژی تازەی دیفاعی ئۆباما، لە ڕێگای میلیشیا شیعەکانەوە، خۆی واریدی هاوپەیمانی نەنووسراوە لەگەڵ ئامریکا بکات و لە ڕاستیدا بە ئێمکاناتی ماڵی و نیزامی ڕۆژئاوا، پەڕە بە هێزی خۆی بدات.

چوارەم: کۆماری ئیسلامی بە پەرەپێدانی پڕۆژەی ناوکی و هەروەها مووشەکی و درۆنی خوی هەوڵی گۆرینی هاوکێشەی هێزی لە پانتایی ڕۆژەهەڵاتی ناڤین دەدا.

پێنجەم: کۆماری ئیسلامی توانی پرۆکسییەکانی خۆی پڕ چەک و ڕێکخراو بکات و لە سنووری جوغرافیای ئیسرائیل بە تەواوی نیزیک بێتەوە.

تەواوی ئەو فاکتۆڕانە بوونە هۆی گۆڕانی ستراتیژی ئیسرائیل لە مەر ئێران و لە ڕاستیدا ئەوجارە ئێران مەترسییەکی گەورە بۆسەر ئیسرائیل و عەرەبەکانیش بوو. بۆیە دەبینین کە ئەو جار لە ڕێگای “پەیمانی ئاشتی ئیبراهیم” هەوڵ دەدات کە بە هۆی هاوپەیمانی ناوچەییەوە و بە هاوکاری وڵاتانی عەڕەبی بەروڕووی ئێران ببێتەوە.

لە دوو دەیەی ڕابردوودا قۆناخ بە قۆناخ ئەو دوو وڵاتە لە پێکدادان نیزیک بوونەتەوە. ئیسرائیل دەیان ئۆپێراسیۆنی سیخوری و لەناوبردنی، زۆر سەرکەوتووانە لە ناو خاکی ئێران و ناوچەکەدا بەرێوەبرد، بۆ وێنە:

لە ناوبردنی سەرلەشکر حەسەن موقەدەم کە بەرپرسی یەکەمی پڕۆژەی مووشەکی ڕێژیم بوو لەگەڵ چەندین پسپۆری گرینگ لە ڕێگای تەقاندنەوەی ئەنباری مووشەکی ڕێژیم لە نیزیک کەرەج.

کوشتنی پسپۆرانی ناوکی و چەندین زەربەی تێکدرانەی بەهێز لە پڕۆژەی ناوکی ڕێژیم.

دەستڕاگەیشتن و گواستنەوەی گەورەترین ئارشیڤی پڕۆژەی ناوکی ڕێژیم، کە گورزێکی پشتشکێن بۆ ڕێژیمی مەلاکان بوو.

کوشتنی فەخری زادە، لە نیزیک تاران، کە لە نەوعی خۆیدا ئۆپێراسیۆنێکی بێ وێنە بوو و تەنانەت بوو بە هۆی ئاڵوگۆڕ لە بەشێکی بەرچاوی پێکهاتەی دزگاکانی ئەمنییەتی ڕێژیم.

بەشداری زانیاری لە کوشتنی سلێمانی.

کوشتنی دەیان فەرماندە و هێزەکانی سپای قودس و دەیان ئۆپێراسیۆنی دیکە.

ئاخرینیشیان لێدانی کۆنسولگەری ڕێژیم لە دێمێشق بوو کە ئیتر ڕاستەوخۆ هێرش بۆسەر خاکی ئێران بەحیساب دێت.

٧ ی ئۆکتۆبر لە ڕاستیدا ۱۱ ی سێپتامبرێکی دیکەیە، بەو جیاوازییەی کە ئەوجار کۆماری ئیسلامی و دوکتورینی ژێئۆپۆلیتیکی شیعەکەی، هەوڵ دەدرێ تێکبشکێنرێت.

خوێندنەوەی دروستی ئەو ئالوگۆڕانە، دەتوانێت یارمەتیدەرمان بێت، کە ئێمەش وەک کوردی ڕۆژهەڵات بتوانین جێگای دروستی خۆمان بدۆزینەوە و خەباتی دەیان ساڵەمان بە ئاکامێک بگەیەنین.

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی