"an independent online kurdish website

(ڕاگەیاندراوی ناوەندی بەڕێوەبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەپێوەندی لەگەڵ بەناو هەڵبژاردنەکانی سەرۆک‌کۆماری لە ئێران)

کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ڕۆژی ٨ی پووشپەڕی مانگی داهاتوودا و دوابەدوای کوژرانی ئیبڕاهیم ڕەئیسی، هەڵبژاردنی پێشوەختەی سەرۆک‌کۆماری بەڕێوە دەبات. چواردەهەمین خولی بەناو هەڵبژاردنەکانی سەرۆک‌کۆماری لە ئێران لە کاتێکدا بەڕێوە دەچێت کە لە هەڵبژاردنەکانی خولی سێزدەهەمی سەرۆک‌کۆماریدا ئیبراهیم رەئیسی بە کەمترین دەنگی بەشداران ناوی لە سندووقەکان هاتبووە دەرێ؛ بەڵام دوای ڕووداوەکانی مەرگی ڕەئیسی، پرسی هەستیاری جێگرەوەی خامنەیی و دۆخی سیاسیی نوێی وڵات ئەم هەڵبژاردنە پێشوەختە هەم بۆ ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران و هەم بۆ گەلانی ئێران کە لە دوو بەرەی تەواو دژ بەیەکدا جێیان گرتوە، سەرنجڕاکێشە.

کۆماری ئیسلامی کە بازنەی لایەنگرانی ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ بەرتەسک و چووکەتر دەبێتەوە، هەموو هەوڵێکی ئەوەیە لە ڕوانین بۆ سێ پرسی هەژمۆنیی سەربازی و ئەتومی، جێگرەوەی ڕێبەری و ڕووبەڕووبوونە لەگەڵ ناڕەزایەتییەکانی خەڵکدا، هەموو جومگەکانی دەسەڵات بە شێوەی ڕەها لە پاوانی خۆی و بەدەر لە ئیرادەی خەڵکدا بهێڵێتەوە. لەم پێوەندییەدا وەک لە کاندیدەکانی پاڵاوتە لە فیلتێری شوڕای نیگابانەوە دەرکەوت، تەنانەت کەسانی وەک لاریجانی و ئەحمە‌دی‌نژادیش کە دەیان ساڵ سەربازی ویلایەت و ڕاگر و پارێزەری سیستمی کۆماری ئیسلامی بوون، لە ئێستادا ناتوانن لەم بازنەیەدا جێ بگرن.

دەرهاوێشتەی ئەم خولە لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆک‌کۆماری لە ڕوانگەی ڕێژیم و خودی خامنەییەوە نابێ چووکەترین پرسیار لەسەر پرسی جێگرەوەی ڕێبەر ساز بکات و شوێنەواری لەسەر گۆڕینی هەڵوێست و ڕەفتاری ڕێژیم بەرانبەر بە مەسەلەی ناوکی و هەروەها کۆمەڵگەی جیهانی و ئەو شەڕاشۆییانەی لە ناوچەکە‌دا دەیکات، هەبێت. بۆیە لەم بەناو هەڵبژاردنەشدا پاراستنی ماهییەتی ئیدئۆلۆژیکی نیزام و پاشەکشەنەکردن بەرانبەر بە داخوازییەکانی خەڵک لە سەرووی هەموو ئەولەوییەتەکانی خامنەیی و ڕێژیمەکەیەتی.

بەڵام لە پێوەندی لەگەڵ هەڵوێست و ڕوانینی گەلانی ئێران بە نیسبەت ئەم هەڵبژاردنانەوە پێویستە بڵێین کە؛ زۆربەی هەرە زۆری خەڵک کەمترین متمانەیان بەم ڕێژیمە و باوەڕیان بە گۆڕانکاریی لەم سیستمەدا نەماوە. هەر سێ مانگ پێش ئێستا بوو کە خەڵک بە پانەوە هەڵبژاردنەکانی مەجلیسی شوڕای ئیسلامی و خوبرەگانی ڕێبەریی لە ١١ی ڕەشەممەی ١٤٠٢‌دا بایکۆت کرد و بە نەچوونەسەر سندوقەکانی دەنگدان، پەیامی “نەویستن” و “حاشا” لەم ڕێژیمەیان بە هەموو جیهان گەیاند. بۆیە بەپێی هەڵوێست و ڕەفتاریان بەرانبەر بە پرس و رووداوەکانی چەند ساڵی ڕابردوو، خەڵکی ئێران بۆ جارێکی دیکە و لە ڕۆژی ٨ی پووشپەڕی ئەمساڵیشدا بە بایکۆتی ئەم بەناو هەڵبژاردنانە و نەچوونەسەر سندوقەکانی دەنگدان، پەیامی مافخوازانە و درێژەدان بە بزووتنەوەی ناڕەزایەتیی خۆیان بەرانبەر بەم ڕێژیمە دووپات دەکەنەوە.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وێڕای دڵنیابوون لە هەڵوێستی خەڵک بەرانبەر بە شانۆی هەڵبژاردنەکانی سەرۆک‌کۆماری و، پێشەنگایەتیی خەڵکی وشیاری کوردستان لەم ڕووبەڕووبوونەوەی لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران، نەچوونەسەر سندوقەکانی دەنگدان و هەڵبژاردنی هەڵوێستی بایکۆت بە درووست و ڕەوا دەزانێ.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بۆ پشتیوانی لە خەباتی مافخوازانەی گەلانی ئێران و (نا)وتنەوەیەکی بەهێزی دیکە بەم ڕێژیمە و هەنگاونان بەرەو پێکەوەبوون و گۆڕانکاریی ڕیشەیی و دێموکراتیک بۆ ئێرانی داهاتوو، داوا لە سەرجەم هێز و لایەنەکانی ئۆپۆزیسیۆن و دژبەری ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران دەکات سیاسەتی بایکۆتی هەڵبژاردنەکان و هاندانی گشت چین و توێژەکانی کۆمەڵانی خەڵکی ئێران بۆ (نا)گوتنەوەیەکی دیکە بە ڕێژیم بگرنە پێش. هەر لەم پێوەندییەدا ڕوومان دەکەینە ڕەوتە جۆراوجۆرەکانی نێوخۆی وڵات و کەسایەتییە شوێندارە سیاسی و مەدەنییەکان کە لە هەلومەجی ئێستای زاڵ بەسەر وڵاتدا زۆرترین خەسار و تێچوویان بەرکەوتوە، بە وەرگرتنی پەیامەکانی بزووتنەوەی ژینا، بەبێ دوودڵی پشتیوانی لە بزووتنەوەی مافخوازانەی خەڵک بکەن. هەر لێرەوەش داوا لە تەواوی ئەو ڕەوت و کەسایەتییانەی نێوخۆی وڵات دەکەین کە سەردەمانێک بە ناو و بیرۆکەی جۆراوجۆرەوە هەڵسووڕ بوون و لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن، ژیان ئازادی‌دا بەحەق بەرەی خەڵکیان هەڵبژارد و ڕاشکاوانە ڕەخنەیان لە هەڵسووکەتی سەرکوتکارانەی ڕێژیم دەگرت، بە تێپەڕاندنی کەس یان کەسانێکی تا ڕادەیەک جیاواز لە فیلتێری شوڕای نیگابان – ئەویش تەنیا بۆ بازارگەرمی و بردنەسەرەوەی ئاستی بەشداریی خەڵک – دوودڵ نەبن. هێنانی کەسێکی تا ڕادەیەک جیاواز لە دەستنیشانکراوەکانی بەیتی ڕێبەری، بە مانای باوەڕی ئەم ڕێژیمە بە فرەیی و لانیکەمی کردنەوەی کەلێنی جیاواز نییە، بەڵکوو پیلانەکە تەنیا بۆ بردنەسەرەوەی ئاستی بەشداریی خەڵک لە هەڵبژاردنەکان و خۆپێوەڕانانی دەسەڵاتدارانی ئەم ڕێژیمەیە.

کەوابوو لەم قۆناغە لە ڕووبەڕووبوونەوەی خەڵک و رێژیمدا پێویستە گشت لایەنە سیاسی و کەسایەتییەکانی نێوخۆ و دەرەوەی وڵات یەکگرتووانە بە گرتنەپێشی سیاسەتی بایکۆت و نەچوونەسەر سندوقەکانی دەنگدان، وەک ئەزموونێک لە کاریگەریی پێکەویی و کاری هاوبەش، بیر لە نەخشەڕێگایەکی گشتگیر و یەکگرتووانە بۆ داهاتووی بزووتنەوەی مافخوازانەی گەلانی ئێران بکەینەوە.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناوەندی بەڕێوەبەری

٢٣ی جۆزەردانی ١٤٠٣

١٢ی ژوئەنی ٢٠٢٤

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی