هەمومان دەزانین خەباتی نەتەوایەتی شتێکە دەبێ هەمونەتەوەکە تێیدابەشدار بن، تەنانەت ئەوانەش کە بڕوایان بەوچەشنە خەباتە نیە !
چونکە ناوەرۆک و مەبـەسـتی خەباتەکە ڕزگاری نیشتمان و گەلە، بیانەوێ و نەیانەوێ ئـەوانــیش لـەو گـەلـەن، لەسەر ئەو زەویە کە کوردستانە دەژین لەبەر ئەوەی هەم کوردن و هەم کوردسـتانی، گرینگ نیە بیروباوەڕی جیاوازیان هەبێ کە ئەوە ئاساییە. بـاوەڕم وایـە حیزبە کوردەکان نابێ یەکتر بە دوژمن بزانن، بەڵکو دەکرێ دژبەری سیاسی بن. ئەگەر ڕاستیش بکەین کە دەڵـێـیـن گەل سـەروەرە، دەبـا بـێـیـن بـە شیـوەیـەکی ئــازاد و دێمۆکڕاسیانە بە دەنگی گەڵ دەسەڵات دەستا و دەست بکەین. ئەگەر بیخەینە بەر جـەنجەڕی دیکـتـاتـۆری ـو زۆرە مـلی، وردوخـاشی دەکـەیـن. ئـەگەر خـۆشی لـێ نەشارینەوە بەکار هێنانی زۆر و ململانەی نەرێنیمان زۆر تاقـیکردۆتەوەو زیانی زۆر قورسی گیانی و مالیمان لێکەوتوە و هـیچ لایەکمان قازانجی نەکردوە. تۆوی ناکۆکی و دوبەرەکیمان چاندوە و لە پەلاماردانی جەستەیی و زمانیش خۆمان نەپاراستوە، لە هەموی ئەوانەش هیچمان پێنەبڕاوە. ئەوە شانازیش نیە کامەیان زیاتری لەویتر کوشتوە!! دیارە هەر حیزب و کۆمەڵە وانە بوون، بەڵکو ئەوە نەخۆشیەکی گشتگیر و هەمەلایەنەی کوردان بـووە، بـە کوردی تـۆوی خـراپـمان چانـدوە، بـۆیە دەغڵ و دانەکەمان گورگە لێیداوە و دەری هاویشتوە !
ئێستا دەمەوێ بڵێم: حیزب و کۆمەڵەکان و هەموو حیزبەکانی تری ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەبێ چبکەن تا بتوانن قەرەبووی ئەوخەسارە گەورانە بکەنەوە؟ چۆن ئاسەواری ئەو شەڕە نەخوازراوانە پاک کەنەوە؟! بۆ ئەو مەبەستە پـێویستە بە ئەرکی بزانن بناغەیەکی پتەو لـە سەر ئـەساسی ڕێـز لە یـەکتر گرتـن دابـڕێـژن، بە ئەمانەت و سەداقەت و لێبوردەییەوە هاوڕاو هاوکاری یەکتر بن. بـەرژەوەنـدی گەلـ و ڕزگاری نیشتمان خاڵی گرینگ و یەکەمی ئامانجەکەیان بـێ. دەبـێ لـەو بـوارەدا ژیرانە بڕۆنە پێش نەگەڕێنەوە، گلەیی و گازندە و کەندەوە و کۆژەوەی ڕابردو زیندو نەکەنەوە. شەڕی کورد و کورد بە هەر مەبەستێک بوو بێ بکەنـە خەتی سورو قەدەغە کراو، بۆ هـیچ مەبەستێک لێی نـەپەڕنەوە. دەزانم ڕابردو بۆ ئەو هیزە بە گژ یەکداچوانە گەلێک تاڵ و قورس و گران و پر خەسار بووە، بەڵام بە قەدەر ئێش و ئازاری ئەو دایک بابانەی لەو شەڕانەدا ڕؤڵەیان لەدەست چووە قوڵ و تاڵ و بـەژانتر نـابێ. مـن دڵنیام ئەگەر ئاشتی و برایەتی بەڕاستی هاتە ئاراوە، نـەفـریـن لە شەڕی خۆبەخۆ کرا، ئەو دایک و بابانە سوکنایی دڵێنان دێ، ئاگری جەرگە سوتاوەکەیان دادەمرکێ و هەموش دەزانین جگە لە یەکگرتویی و هاوکاری ناتوانێ ئەو ئازارانەیان لە بـیر بباتەوە. ئەودەم ئەوانەی لەو شەڕانەدا سەریان داناوە دەبنە شەهیدی نیشتمان و گەل و دایک و باوکانیش هەر بۆ ئەو مەبەستە جگەر گۆشەیان پێشکێشی بارەگای گەل کردوە نەک، یەکتر کوشتن. حیزب و کۆمەڵە دەبێ بزانن ئەرک و ئامانجی گەورە قوربانی و فیداکاری و لەخۆبوردەیی گەورەشیان دەوێ. دەبێ بەڵێنی ویژدانی، ئینسانی و ئەخلاقی بدەن بەگەل ئیتر ئەوە دوپات نەکەنەوە. مـرۆی ژیـرو زانــاو بوێر ئەو کەسەیە کە زانی خەتای کردوە ددانی پێدابنێ و دوپاتی نەکاتەوە.
جیگای داخە پاش ئەو گشتە ئـەزمـونـە تـاڵانـە، ئەو خەسار و قوربانیدانە، کێشان و دیتنی ئـەو هەموو دەرد و نەهامەتیانە، هەڵس و کەوتی ئەو حیزبانە دەگەڵ یەکتری بەڕاستی جێگای نیگەرانی و ناهومێدی و گومانە، گەلێک مەترسیدارە. پاش ٤٤ ساڵ خەبات و قوربانیدان ئێستاش دۆست و دوژمنی ڕاستە قینەی خۆمانمان نەناسیوە. ڕێژیمی پاشایەتی و خومەینیمان بە دەریایەک تاقیکاریەوە دیـوە .کەچی هـەریـەکەی بە لایەکدا بۆ لای یەک لەوانەی دەکێشن. شاپەرستەکان و ئـاخوندەکان ڕاستەوخۆ وەریان ناگرن دەنا ئەوانیش هەر ئەوەیان دەوێ کە ئاخونـدەکان دەیکەن. هـیـوا یان بە سەڵتەنەت تەڵەب و ڕیفوزم خوازو چی و چێ هەیە، ئەوە بە تەواوی نەزانانە و خۆ بەدەستەوە دەرانە و بەرژەوەند خوازانـەیـە. ئـەو تەمەنە نگریسەی کۆماری ئاخوندی نیشانی داوە لە قاموسی وەلی فەقیە دا ئەوەی دیتوتە هەر ئەوە هەیە. من نازانم ئەوە چجورە سیاسەتێکە پـشت بـەکەسێـک بـبـەستی کە بـاوکـتی ڕاونـاوە، تەخت و تاجت لێی تێتك داوە، لەو ئیرانە پانو بەرینە بە قەدەر قبرێکیشی پێنەبڕاوە، تۆ دەتەوێ زیندوی کەیەوە .کوڕەکەشی ئەو باوک دایکە فـرچکیان داوە و لەوەش زیاتر هیچ شتێک فێڕ نەکراوە!! زۆر حەیفە بەرهەمی خوێنی ئەو هەموو شەهیدانەی کوردستان لە گرەوی خەیاڵێکی بەتاڵ بنرێ !!
بـەرای مـن تەنیا ڕێگا بۆ حیزبەکانی ڕۆژهەڵات بە تایبەتی دێمۆکڕات و کۆمەڵەکان کە جیا لە هەوڵ و تێکۆشانی خۆیان ئەزمونی باشوری کوردستانیان نوختە بە نوختە هەیە، لاسای یەکیەتی و پارتی نەکەنەوە و بۆ بەدەسەتەوە گرتنی دەسەڵات هەموو ئوسول و ڕاکاری گەلی لە بیر نەبەنەوە! لە خەتا دور کەونەوە و دوپاتیان نەکەنەوە. هەر ئێستا شۆڕایەکی ٢٥کەسی لە حیزبەکان و کەسایەتیە نیشتمان پەوەرەکان پـێـک بێنن، دەسەڵاتی کامڵی لە دەرەوەی حیزبەکان بدەنێ. ئـەو شۆڕایـە سەڵاحیەتی بـەڕێـوەبـردنی کار و بـاری ڕۆژهەڵاتی کوردستـانی هـەبێی و لە سەرەوەی هەموو حیزبەکان بێ و بڕیار بەدەست خۆی بێ نەک حیزبەکان. وەک حکومەتی کاتی یاساوراسای خۆی هەبێ و دەسەڵاتیشی لە سەرەوەی حیزبەکان بێ نەک فـەرمانی حیزب بەڕێوە بەرێ. بڕیاری گوێی لێگیراو و بڕوا پێکراو و ڕێز لێی گیراو بێ، یان بە عیباڕەتێکی تر حکومەتێکی لە دور خراوەیی بێ. با حیزبەکانیش سیاسەتی خۆیان بکەن و یارمەتیدەری بن، نەک هەر یەکەی لە گەڕەکێک حکومەت بۆ خۆی دروست بـکا، ئەوەمـان کردو زەرەری گەورەشـمـان لـێـکەوت!! بــەرنامەی ئەو حکومەتە لە پلەی هەوەڵدا ڕوخانی ئەو ڕێژیمە بێ، چوونکە گومان لەوەدا نیە تا دەسەڵات بەدەست وەلی فەقـیـە بـێ، هـیچ یـەک لە گەلانی ژێـر دەستی ئێران بە خەونیش مافـ و ئازادی نابینێ. با حیزبەکانمان واز لە دەسەڵاتی حیزبی بێنن، بـۆ بە نـاو دابـەزانـدنی ئـایـیـن و ئیدە بەرەنگار یەکتر نەبن. ئێمە ناتوانین ڕۆژێک بە ئازادی لە ماڵی خۆمان بین، چۆن دەتوانین ئیسلام یان کۆمونیزم دابەزێنین؟!
ئێستا دنیایەکە ئاڵۆزە، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە قەیران و مەترسی هـەڵگیـرسانی شەڕێکی گەورە دایـە، شـەڕی ڕوس و ئـۆکڕاین، هـەڵـبـژاردنی ئەمریکا، شەڕی حەماس و ئیسڕائیل و کوشتنی هەنیەشی هاتە سەر و هیتر، ئاوەکە بە تەواوی قوڕاوە، ڕێبەرایەتی حیزبە کوردیەکان لەجیاتی ئەوەی بەیەک دەست و یەک بەرنامە هەوڵ بدەن لەو بازاڕە شێواوە کاڵای پێویستان وەدەست بخەن، جـۆرێک هەلسوکەوت دەکەن کە گومانی شەڕی نـاوخۆیـیـان لـێـدەکرێ. دەڵـێن مێژو دەبێ لێی فێر بی. بـڕوانـن شا هـەر خـۆی دەویـست چی لـێـهات، خومـەیـنی و سەدام حوسێن و هەموو خۆویست و گەل نەویستەکان چیان بەسەر هات. ئێمە چی لـەو ڕوداوانە فێر بووین؟ بە دڵنیایەوە هەر حیزبێک لە ڕێبازی گەل لا بدا گەل بەقـوربانی شەخس و مەڕامی شەخسی بکا، بەکورتی بەرژەوەندی گەل بە قوربانی بەرژەوەندی حیزب و ڕێبەر بکا، ئەوەی بەسەر دێێ کە ئەوانە بەسەریان هات. بەڕێزان ئێمە خەبات و سیاسەت بۆ ڕزگاری گەل و زێدەکەمان دەکەین نەک بـۆ دین و کمونیستی و سەرۆکایــەتی، ئەوانە بژاردەی شەخسین نەک گشتی. بێگومان دین و سیاسەتی بێ ئازادی هەر قسەی سەرزارەکیە و شوێن کەوتەی دەسەڵاتی زۆرە ملیە. زۆرمان بیست لەسەر بەرابەری و یەکسانی، ئەوانە بەبێێ ئازادی مانا و بونیان نیە. ئەوەی من تێیگەیوم ئێمە هەر بە شوێن دەسەڵاتـدا گەڕاویـن و دەگەڕێـیـن، هـەر ئــەوەشە لــە گەمەی سیاسیدا دۆڕاوین و لە کاروانی پێشکەوتن بەجێ ماوین و ئامانجمان نەپێکاوە.
براتان مەلا ئیبڕاهیمی مەجید پور ١٩ گەلاوێژی ٢٧٢٤ کوردی
٩ /٨ / ٢٠٢٤ زایینی