چوارپارچه بوونی کوردستان چارەنووسی کوردی هەر کام لە بەشەکانی بەستۆتەوە به دەوڵەتە ناوەندییەکانی ئەو وڵاتانە کە به سەر نیشتمانی کورددا زاڵن.
گەڵی کورد بە تایبەتی لە دوو سەدەی ڕابردوو بێوچان بۆ گەیشتن به مافی دیاریکردنی چارەنووس خەباتی کردووە و لەم پێناوەدا تووشی چەرمەسەری و نەهامەتیەکی زۆر هاتووە.
به درێژایی مێژوو و بەهۆی جۆراوجۆر، خەباتی چەکداری، شێوازی سەرەکیی بەرەنگاریی و ڕاسانی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان بووە و، بەم هۆیه زۆر جار هێزە کوردییەکانی بەشێکی کوردستان ناچار به پەنابردن به دەوڵەتی ناوەندی وڵاتێکی درواسی بوون کە مافی کوردی خۆی پێشێل کردووە.
ئەوەی ئەم حیزبانه تا چ رادەیەک توانیویانە لە کاتی پەنابردن به یەکیک لە دوژمنانی گەلی کورد سەربەخۆیی خۆیان بپارێزن و به لانی کەم نەبنە ئامرازی دەستی ئەوان، گەڕاوەتەوە سەر ڕادەی ژیریی ڕێبەرانیان، پاراستنی بەرژوەندیی نەتەوەیی و چوارچێوەی دانوستانی ئەوان و دەوڵەتی پەنادەر.
مخابن، جاروبار بوونی کوردی پەنابەر لە بەرەی حکومەتی پەنادەر و دژ به هێزە کوردییەکانی ئەو وڵاتهی پەنایان بۆ بردوە،کارەساتی لێکەوتووەتەوە. نموونەی بەرچاوی ئەم چەشنە هەڵسوکەوتە، هاوکاریی قیادەی موەقەت به سەرۆکایەتیی مەسعود و ئیدریس بارزانی لە ساڵەکانی پاش شۆڕشی ١٣٥٧ ی هەتاوی لە ئێران لەگەڵ هێزە سەرکوتکەرانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە.
سەرۆکایەتیی ئەو کاتەی پارتی و به تایبەتی مەسعود بارزانی پاش تێپەڕینی ساڵانێکی زۆر لەم کارەساته، به جێگای ئەوەی داوای لێبووردن لە کوردی ڕۆژهەڵات به گشتیی و حیزبە کوردستانییەکانی وەکو حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران به تایبەتی بکا، بۆ پاکانە کردن بۆخۆی و سیاسەتەکانی ئەو سەردەمەی پارتی کە دژایەتی لەگەڵ بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و، لە خزمەتی دەوڵەتی کۆنەپەرستی ئیسلامیی تاراندا بوو، هەوڵی شێواندنی ئەم بەشه لە مێژووی کورد دەدات. کاک مەسعود بارزانی له بەرگی چوارەمی کتێبی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد ١٩٧٥ – ١٩٩٠، سیاسەتەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران پاش شۆڕشی ڕێبەندانی ١٣٥٧ی هەتاوی لە پێوەندیی لەگەڵ حکومەتی ناوەندیی ئێران و پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراقدا لە ڕوانگەی پێوەندیی ئەم حیزبه لەگەڵ حکوومەتی بەعس هەڵدەسەنگێنێ(١)، بێ ئەوەی ئاوڕێک لە دژایەتیی دەسەڵاتی تازەی حکومەتی ئیسلامی ئێران لەگەڵ بزووتنەوەی کورد و ئاکارەکانی سەردەمی دەسەڵاتی بارزانی دژ به شۆڕشگێڕانی رۆژهەڵاتی هەتا کوشتن و ڕادەستکردنی تەرمی کەسانێکی وەک نەمر سلێمانی موعینی به ساواک و پێوندیی و هاوکاری چەکداریی خۆیان لەگەڵ حکومەتی ئیسلامیی ئێران دژ به ڕۆژهەڵاتی کوردستان بداتەوە و، وەک ‘دایەنی دڵسۆزتر لە دایک’ دەنووسێ:
‘هەوڵێكی زۆرمان دا بۆ ئەوەی پەیوەندییەکانی نێوان دەسەڵاتدارانی ئێران و حزبی دیموکراتی کوردستان ئاسایی ببێتەوە و کێشەی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات به ڕێگەی ئاشتییانه و گفتوگۆ چارەسەر بکرێت و خۆیان له توندوتیژی و کوشتن بپارێزن، ئەوەی لە تواناماندا بوو لەم بارەیەوە کردمان. [بارزانی ل ٢٦٤ – ٢٦٣ ]
ڕۆڵ و ئامانجمان لە هەموو هەوڵ و تەقەلایانه تەنیا ناوبژیوانی و پاراستنی ئارامی و سەقامگیریی ناوچەکە بوو. مەبەستمان بوو ڕێگه لە پەرەسەندنی ناکۆکی و گرژییەکان و ڕوودانی شەڕ لە نێوان حکوومەتی ئێران و کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە لایەک و نێوان حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و هۆزە و عەشایرەکان لە لایەکی تر بگیرێت و گرفتی نێوان هەموو لایەک به دانوستان و گفتوگۆ چارەسەر بکرێت. [بارزانی ٢٨٥]
بە داخەوە کاک مەسعود لەوەدەچێ پێی وابوو بێ، لە لایەکەوە بیری خەڵکی ڕۆژهەڵات کورته و نەوەی ئێستاش ئاگای لە ڕووداوەکانی ئەو کاتە نییه؛ لە لایەکی دیکەش حیزبە ڕۆژهەڵاتییەکانیش ئێستا پەنابەری باشووری کوردستانن و به پێی دۆخی نالەباری ئێستا و ئاستەنگەکانی بەردەمیان، توانایی وڵامدانەوەیان نییه. بەم پێیه ئەویش، ئەوەی پێی خۆش بێ بۆ شیواندنی مێژووی کوردی ڕۆژهەڵات دەتوانێ بینووسێ. بەڵام تەنانەت ئەگەر بیری خەڵک کورتیش بێ، بەڵگەکان ڕۆژێک هەر وەدەر دەکەون و ڕاستی و ناڕاستییەکان ڕوون دەبنەوە.
مەسعود بازرانی لە بەرگی چوارەمی ‘بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد’دا هەوڵی داوە به شێوەیەکی کرۆنۆڵۆژیک باسی ڕووداوەکان بکات. بێ گومان حاشا لە بوونی کێشە لە نێوان پارتی و حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، یان پێوەندیی پارتی لەگەڵ ڕێژیمی ئێران، هەروەها پێوەندیی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لەگەڵ بەعس ناکرێ و هیچ کام لەم دوو حیزبه ئەمەیان ڕەت نەکردۆتەوە؛ بەڵام قسە لەسەر ئەوەیه کام یەک لەوان بوونەتە ئامرازی دەستی حکومەتی ناوەندیی وڵاتی پەنادەر دژ به هێزەکان و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی ئەو بەشەکەی دیکەی کوردستان.
پێوەندی و هاوکاریی پارتی و بەشێکی بەرچاو لە هێزەکانی باشووری کوردستان لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران نەک ڕاستییەکی شاردراوە نییه، بەڵکوو بەشێک لە ڕێبەرانی حیزبەکانی باشووری کوردستان تەنانەت شانازییشی پێوە دەکەن.
لێرەدا ئەوەی گرینگه، ڕادەی ئەم پێوەندییانە و شێوەی هاوکاریی ئەم ڕێکخراوانە لەگەڵ دەوڵەتە پەنادەرەکانه. به خۆشییەوە لە پێوەندیی نێوان حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەسەردەمی سەدام و بەعسدا نەک هیچ بەڵگەیەک کە نیشاندەری هاوکاریی کۆمەڵە و دیموکرات لەگەڵ ڕێژیمی بەغدا دژ به هێزەکانی باشوور بێت، پەیدا نەبووە، بەڵکوو به پێچەوانە هێزەکانی ڕؤژهەڵاتی کوردستان سەرەڕای مەترسییەکانی ئەو کات، به شێوازی جۆراوجۆر هاوکاریی حیزب و ڕێکخراوەکانی باشووریشیان کردوە و یارمەتیدەری ئەوانیش بوون.
بێگومان دەوڵەتی ئێران کە پاش ڕووخانی دەوڵەتی سەدام، زۆرترین دەستڕۆیشتوویی لە عیراق و زیاترین کاریگەریی لەسەر دەوڵەتەکانی بەغدا هەبووە، ئەگەر بەڵگەیەکی وەهای بەدەست کەوتبایه، به باشی دژ بەوانی بەکار دەهێنا و بۆ پڕۆپاگەندە لە دژی ئەوان سوودی لێوەردەگرتن. هەر بە نموونە لە سەرانسەری کتێبی ٨٣١ لاپەڕەیی مەحمود نادری به ناوی ‘حزب دمکرات کردستان ایران’ کە لە لایەن ‘موسسە مطالعات و پژوهشهای سیاسی ایران’ لە زستانی ١٣٩٤ لە تاران بڵاو بۆتەوە، نەیتوانییوە تەنانەت نموونەیەک بێنێتەوە که دەوڵەتی سەدام توانیبێتی کەلک لە هێزەکانی ڕۆهەڵاتی کوردستان دژ به هێزەکانی باشووری کوردستان و یەک لەوان پارتی دموکرات، وەربگرێ.
بەڵام به پێی ئەو بەڵگانەی کە لەم دواییانەدا لە کتێبی” جنگ در فراسوی مرز، قرارگاە رمضان در جنگ عراق با ایران”، لە ئامادەکردنی “رضا صادقی” لە ٩٦٨ لاپەرەدا بڵاو بۆتەوە، جۆری پێوەندی و ڕادەی هاوکاریی حیزبەکانی باشووری کوردستان لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران و دەست تێکەڵکردنی ئەو حیزبانە لە گەڵ ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران دژی بزووتنەوەی کوردی ڕۆژهەڵات بەئاشکرا بەدی دەکرێ. لێرەدا کورته ئاوڕێک لە بەشێک لەم بەڵگانە دەدێنەوە تا بزانین کاک مەسعود و پارتی بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کورد لە ئێران هەوڵیان داوە، یان بوون بە بەشێک لە هێزە شەڕکەرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران دژ به کوردی ڕۆژهەڵاتی کوردستان؟
***
ناسنامەی کتێب:
جنگ در فراسوی مرز، قرارگاە رمضان در جنگ ایران و عراق
نویسندە: رضا صادقی
مشخصات: نشر کتاب. سپاە پاسداران انقلاب اسلامی، مرکز اسناد و تحقیقات دفاع مقدس، ١٤٠٢
چاپ اول: ١٤٠٣
ئەم کتێبە ڕووداوکانی پاش شۆڕشی ئێران و به تایبەتی “هاوکاریی حیزبەکانی باشووری کوردستان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی لە شەڕی دژ به ڕێژیمی عێراق و حیزبە جیاییخوازەکان[ تجزیە طلبان] تا ساڵی ١٣٦٧” لە خۆ دەگرێ. به پێی دوور و درێژبوونی ئەم کتێبە کە به تێر و تەسەلی باسی ئەم هاوکارییانەی کردووە، تەنیا بۆ ئاگاداریی خوێنەران لە ڕادە و جۆری هاوکاریی قیادەی موەقەت لەگەڵ هیزە چەکدار و سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێران، وەرگێڕاوی کورتەی بەشێک لە فەسڵی ٢ی ئەم کتێبە دەخەینەڕوو. ئەم کتێبە پڕ لە بەڵگەگەلێکه کە به داخەوە پێشان دەدەن نەک تەنیا پارتی بەڵکوو بەشێک لە حیزبەکانی دیکەی باشووری کوردستانیش چۆن وەکو ئامرازی دەستی کۆماری ئیسلامیی ئێران نەک هەر لە دژی دەوڵەتی بەعسی عێراق بەڵکوو لە دژی هێزە سیاسییەکان و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد ڕۆژهەڵاتی کوردستان کەڵکیان لێوەرگیراوە. لێرەدا بۆ لە مەحەکدانی ئیددیعاکانی مەسعود بارزانی له کتێبەکەی دا، به شێوەیەکی بەڵگەمەند تەنیا باس لەبەشێک لە کارە و هاوکارییەکانی پارتی دیموکرات لەگەڵ ئێران دەکەین.
***
“سەرکەوتنی شۆڕشی ئێران بوو به هۆی هەوڵدانی حیزب و گرووپەکانی وڵاته جۆراوجۆرەکان و، یەک لەوان حیزبه شۆڕشگێرە عێراقییەکان بۆ دامەزراندنی پێوەندیی لەگەڵ دەوڵەتی شۆڕشگێری ئێران. ڕێبەران و زۆرینەی ئەندامانی پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق دوای ڕێککەوتنی دەوڵەتەکانی ئێران و عێراق لە ساڵی ١٣٥٣، دانیشتووی ئێران بوون و هەر لەسەرەتای شۆڕشەوە، بناغەی هاوکاری لەگەڵ دەوڵەتی نوێی ئێرانیان دامەزراند؛ بەڵام لەگەڵ حیزبەکانی دیکه ئەو پێوەندییە بەرە بەرە دامەزرا و هەر کام لەوان لەگەڵ یەک یان چەند دەزگای ئێرانی هاوکارییان دەکرد کە گرنگترینیان سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی بوو.” [ل ٥٩ – ٥٨]
“سەرکەوتنی شۆڕشی ئێران دەرفەتێکی زێرین بۆ پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق بوو تا به هاوکاری لەگەڵ دەوڵەتی ئێران، هێزەکانی خۆی سەرلەنوێ ڕێکبخاتەوە. مەسعود بارزانی بۆ دامەزراندنی پێوەندی لەگەڵ شۆڕش، به هیوا بوو لە ٢ی ڕێبەندانی ١٣٥٧ لە پاریس چاوی بە ئیمام خومەینی بکەوێ؛ بەڵام دەوڵەتی عێراق ئەوی لە ڤییەن تیرۆر کرد. بارزانی لەم تیرۆرە ڕزگاری بوو؛ بەڵام نەیتوانێ بۆ چاوپێکەوتنی ئیمام خومەینی سەفەری پاریس بکات.
دوای ئەمە، ڕێبەرانی پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق داوایان لە دەوڵەتمەردانی ئێران کرد، ئیزنیان پێ بدرێ هێزەکانی ئەم حیزبه لەگەڵ حیزبه جیاییخوازەکانی کوردی ئێرانی لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران شەڕ بکەن. بە پێی ئەم پێشنیارە، لە ساڵی ١٣٥٨ شورای شۆڕشی ئێران، بەشداریی بارزانییەکان لە عەمەلیاتەکانی نێوخۆی ئێران پەسەند کرد. به دەرکردنی ئەم ئیجازەنامەیه، بارزانییەکان لەژێر چاودێریی قەرارگای باکووری ڕۆژئاوای هێزی زەوینیی ئەرتەشی ئێراندا کۆ بوونەوە و بێجگه لە چالاککردنی چوار لقی ڕیکخراوی خۆی لە کوردستان [ل٦٥]ی عێراق، کەوتە ڕێکخستن و جێگیرکردنی هێزە شەڕکەرەکانی پارتەکەی لە شارەکانی ورمێ، نەغەدە، شنو، پیرانشار و مەریوان، کە دواتر ڕێژەی ئەوان هەتا ٥ -٦ هەزار پێشمەرگە زیادی کرد.
قەرارگای باکووری ڕۆژئاوای هێزی زەوینیی ئەرتەش که لە ورمێ بوو، به مەبەستی هاوکاری لەگەڵ بارزانییەکان کۆمیتەیەکی پێکهێنا کە بەشێوەیەکی کورتکراوە بە ‘کمبا ‘١١ ناوی دەهێنرا. [ کمبا ١١ واته کوردە خەباتگێڕەکانی بارزانی، ١١ش وەرگیراو لە فەرهەنگی خەڵکی ئێرانی بوو که به خەڵکی پیادەیان دەگوت خەتی ١١]. ئەم قەرارگایه لە پاییزی ١٣٦٠ به هاوکاریی بارزانییەکان، شاری شنۆی لە دەستی حیزبە جیاییخوازەکان دەرهێنا و به دوای ئەودا، ئەو جادەیەی دەگەیشته ئەم شارە، ئازاد کرا. لەم عەمەلیاتەدا چەند کەسێک لە پێشمەرگەکانی پارتی دیموکرات شەهید بوون.
لەم ساڵانەدا مووچەی مانگانەی هێزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق ٥/٦[شەش و نیو] میلیۆن تمەن بوو کە ئوستانداری(پارێزگار)ی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا پێی دەدان. پێویسته ئەمە بگوترێ ئەو کات چاوەدێرییەکی ئەوتۆ(ی کۆماری ئیسلامی) بەسەر پێوەندییەکانی زاڵ بە سەر ئەو بنکە و پێگانەی بارزانییەکاندا نەبوو، بە چەشنێک پارتی لە پاسگای چۆڵکراوی ژاندارمەری له گوندی ئورسیی ورمێ زیندانی درووست کردبوو. شورای ئاسایشی وڵات، به پیی ئەو ڕاپۆتانەی لە پێوەندی لەگەڵ رەفتارە ناڕەواکانی بەشێک لە پێشمەرگەکانی پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق به دەستی گەیشتبوو، لە ڕێبەندانی ١٣٦٠دا بڕیاری دا، شێوەی ڕەفتار لەگەڵ بارزانییەکان بەم چەشنە بێ:
١. هەر کەس مووچەی خۆی پێ بدرێ و واژۆی لێوەربگیرێ.
٢. دوو هەزار کەس لە بارزانییەکان، بۆ ڕاپەڕاندنی عەمەلیاتی نێوخۆی سنوورەکان، لە ژێر فەرمانی هێزی زەوینیی ئەرتەشدا بن و پێدانی چەک و پێداویستییەکانی ئەوان به پێی ڕێژەی ئەو کەسانە بێ کە لە عەمەلیاتدا بەشدارن. کەسەکانی دیکە بۆ ئەنجامی عەمەلیات بۆ وڵاتی عێراق بنێردرێن.
٣. هەرچەشنە ڕاگواستنی بارزانییەکان، لە شارێک بۆ شاری دیکە لە ژێر چاودێریی کۆمیتەی پەنابەران بەڕێوە بچێ.
٤. چاودێری و کۆنترۆلی بنکە و ناوەندەکانی ئەوان، لە ئەستۆی ڕێکخراوە ئینتیزامییەکانی ئێران بێ.
٥. به پێی دەرفەت و توانایی، ڕێژەیەک لە هێزە خۆییەکانمان لە نێو بنکەکانی بارزانییەکان جێگیر بکەن.
ئەم پەسەندکراوەیه گۆڕانێکی ئەوتۆی لە ڕەفتاری سەرانی پارتی دیموکرات لەگەڵ پێشمەرگەکانیان پێک نەهێنا، بەڵام به گشتی ئەم حیزبه تێگەیشت کە دەبێ پێڕویی لە یاساکانی پەنابەریی ئێران بکات.” [ل ٦٦ -٦٥ ]
“بە پێی پەسەندکراوی شورای ئاسایشی ئوستانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا لە ساڵی ١٣٦١ ، لە دوو قۆناخ لە عەمەلیاتی ئازادکردنی جادەی پیرانشار – سەردەشتدا لە هێزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستانی عیراق کەڵک وەرگیرا، بەڵام ئەوان لەم عەمەلیاتهدا هاوکارییەکەی باشیان لەگەڵ هێزە چەکدارەکانی ئێران نەبوو. هاوکاریی بارزانییەکان لەگەڵ هێزە چەکدارەکانی ئێران تا ئەو ڕادەیه چووە پێش کە حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران توڕەیی خۆی به دوای ئازادکرانی ناوچەی دزلی لە باشووری مەریوان لە وتاری سیاسیی ڕادیۆی دەنگی کوردستان لە ٢٥ی ڕەزبەری١٣٦١دا بەم جۆرە دەربڕی:
[…]… لە هیچ کەسێک شاراوە نییە کە لە دوای شکستی ڕاپەڕینی بارزانی و پەنابردنی تەواوی کوردە بارزانییەکان بۆئێران، گەلی ئێمە ئەوەی لە هاوکاریی ئەواندا لە تواناییدا بوو، درێغی نەکرد. دوای سەرکەوتنەکانی […] شەڕی ئەم سێ مانگەی دوایی، کوڕەکانی بارزانی بە هەموو شێوەیەک وەخۆ کەوتوون و تا ئەو جێیە چوونەتە پێش کە بە کردەوە لە بەرامبەر بزووتنەوەی مافخوازی گەل لە کوردستانی ئێراندا ڕاوەستاون.
کاتێک کە […]پێشمەرگە قارەمانەکەمانی ئێمە لە دۆڵی دزلیدا پێشڕەوییان دەکرد […] لە ئاکامی هاوکاریی قیادەی موەقەت لەگەڵ هێزەکانی خومەینی، دۆڵی ستراتژیکی دزلی شکا و پاشەکشەی پێشمەرگەکانی حیزب لەم ناوچە هەستیارە دەستی پێکرد.
[…] [بارزانییەکان] به جێی ئەوەی […] لە دەوروبەری ڕەواندز خەریکی تەراتێن بن، سواری ماشێنەکانی خومەینین و لە گوندەکانی دەوروبەری پیرانشار و نەغەدە، خەبات دژی پێشمەرگەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران دەکەن. کەسێک نییه پێیان بڵێێ ئێوە داوای خودموختاری بۆ کوردستانی عێراق لەو وڵاته [عێراق] دەکەن یان لە حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران؟[…] [ئێستا] کە ئێوە دەرفەتی سەر لەنوێ چەکداربوونتان پەیدا کردووە […] لە کوردستانی عێراق کە هەمیشە واتان نواندوە بۆ وەدەستهێنانی خودموختاریی ئەوێ [خەبات] دەکەن، چ هەنگاوێکتان هەڵگرتووە؟”
لەم پەیامەدا، حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران دەست تێکەڵکردنی بارزانییەکان لەگەڵ هێزە نیزامیییەکانی ئێران به هۆکاری شکانی هێزەکانی خۆی لە ناوچەی دزڵی دادەنێ. هەڵوێستی توندی ئەم حیزبه دژ به بارزانییەکان هەر لەم ئاستەدا نەماوە و لە ڕۆژانی دواتریشدا درێژەی به هێرشەکانی خۆی بۆ سەر ئەوان دا. بەنموونە، ڕادیۆی دەنگی کوردستان لە ٧ی خەزەلوەری ١٣٦١ گوتی:
” […]ئەگەر هیچ کەس ئاگای لە قووڵایی خەیانەت و نیشتمانفرۆشی و دژایەتیی ئەوان لەگەڵ بزووتنەوەی مافخوازانەی گەلی کوردستانی ئێران نەبێ، ئەوان بۆخۆیان به باشی دەزانن کە تا کوێ و تا چ ڕادەیەک لە زەڵکاوی خەیانەتدا نوقم بوون و ئەمڕۆ ئەوان لەژێر باری بەڵێنە خائینانەکانی خۆیاندا گیریان کردووە و ئیتر ڕێگای گەڕانەوە بۆ خۆیان نابینن …[…] ئیستاش دەیانەوێ داستانی خەمهێنەری ساڵی ١٩٧٥ کوردستانی ئێران دووپات بکەنەوە [مەبەست هاوکاریی پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق لەگەڵ دەوڵەتی پەهلەوی لە شەر لەگەڵ عێراق بوو که بووە هۆی بەستنی پەیماننامەی ١٣٥٣ی ئەلجەزیرە].” ‘[ ٦٨ – ٦٧ ]
“لە ٦ی خەرمانانی ١٣٦٢ سەرهەنگی ستاد سیرووس سەتاری فەرماندەی ئەو کاتەی قەرارگای عەمەلیاتی باکووری ڕۆژئاوای ئەرتەش، بەپێی بڕگەی ٧ی فەرمانی عەمەلیاتی، فەرمانی پێکهێنانی قەرارگایەکی تایبەتی به مەبەستی هاوکاری لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستانی عیراق و دابینکردنی ئاسایش لە هێڵی سنووری ئێران و عێراقی دەرکرد.” [ل ٦٨]
“به پیی ڕاپۆڕتی ‘کمبا ‘١١ لە ٣٠ بەفرانباری ١٣٦٢ تەنیا ڕێژەی بارزانییەکان لە حەوت پایگای شاری شنو بۆ دابینکردنی ئاسایش و خەبات لەگەڵ حیزبه جیاییخوازەکانی کوردستانی ئێران ٤٠٣ کەس بوو، حەشیمەتی ئەوان لەگەڵ ئەندامی بنەماڵەکانیان به ٢٦٢١ کەس دەگەیشت و ئوستانداری ئازەربایجانی ڕۆژئاوا به پێی ژمارەی ئەندامانی خێزانەکانیان مووچەی بۆ ئەم پێشمەرگانە بڕیبۆوە.” [ل ٧١]
“هاوکاریی پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق لەگەڵ هێزە چەکدارەکانی ئێران تا ئەو ڕادەیە پەرەی گرت کە قرارگای حمزە سیدالشهدا کە لە باکووری ڕۆژئاوای ئێران بەرپرسایەتیی وڵاتی هەبوو، بڕیاری دا لە عەمەلیاتە ڕێک و پێکەکانی دژ به ئەرتەشی عێراق لە هێزە زەویینییەکانی ئەرتەشی کۆماری ئیسلامیی ئێران و ئەم حیزبه کەڵک وەربگرێ. ئامانجی عەمەلیاتی والفجر ٢ کە لە ٢٩ پووشپەڕی ١٣٦٢ لە سنووری پیرانشار بەڕێوەچوو، ئازادکردنی ناوچە سنوورییەکانی وڵات کە سوپای عێراق داگیری کردبوون، پێشرەوی لە خاکی عێراقدا و گرتنی پادگانی حاجی هۆمەران، زاڵبوون بەسەر شاری چۆمان مستەفادا و بەستنی ڕێگای هاتوچۆی حیزبە جیاییخوازەکانی ئێرانی بۆ عێراق بوو. لەم عەمەلیاتەدا نزیک به ١٠٠٠ پێشمەرگەی پارتی دیموکرات هاوڕێ لەگەڵ یەکەکانی سپا و ئەرتەش بەشدار بوون. گرتنی نزیکەی ٢٠٠ کیلۆمێتری چوارگۆشه لە خاکی عێراق، هاتنەدەری پیرانشار و ڕێژەیەک لە گوندەکانی سەر سنوور لە مەودای ئاگری تۆپخانەی دوژمن و بەسترانی ڕێگای هاتوچۆی حیزبه جیاییخوازەکان بۆ عێراق لە دەستکەوتەکانی ئەم عەمەلیاته بوو.” [ل ٧٣ و ٧٢]
لە ساڵی ١٣٦٣ ئەرتەشی کۆماری ئیسلامیی ئێران بڕیاری دا بۆ زۆرکردنی پانتایی هاوکاری لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق (کمبا ١١) لە شەڕی دژ به دەستدرێژکەرانی بەعسی و حیزبه جیاییخوازەکانی کوردی ئێرانی، قەرارگای شەڕی ناڕێک و پێک پێک بێنن. ئەرتەش ئەم بابەتەی به ئایەتوڵلا خامەنەیی سەرۆک کۆماری ئەو کاته ڕاگەیاند. جەنابیان لە پێوەندیی لەگەڵ بەشداربوونی بارزانییەکان لە قۆناخی بڕیارداندا به فەرماندە نیزامییەکانی ئێرانی گوت:
بەشدارکردنی بەرپرسانی’کمبای’ ١١ لە قۆناخی کار و ڕەوتی بڕیاردان لە هێچ حاڵەتێکدا به باش نازانم. ‘[ل ٧٣]
لە درێژەی کتێبەکەدا یەکێک لە هۆیەکانی هاوکاریی ئێران لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان بەم چەشنە گەڵاڵە کراوە:
” بەربەرەکانی لەگەڵ جیاییخوازیی حیزبە سەربزێوەکانی ئێران لە ناوچەی باکووری ڕۆژئاوای وڵات به پێی ناکۆکیی لەمێژینەی بارزانییەکان لەگەڵ بەشێک لەم گرووپانه.” [ل ٧٧].
***
کۆبەندی:
لە دوو سەدەی ڕابردوودا شۆڕشی کورد لە چوار پارچەی کوردستاندا هەوراز و نشێوی زۆری به خۆیەوە دیتوە؛ تووشی سەرکەوتنی کاتی و زۆرجاریش شکستی قورس و پاشەکشەی هێزەکانی کورد بۆ ئەوبەری سنوورەکانی پارچەکەی خۆی بووە. لەم حاڵەتەدا ژیان و بەسەرهاتی کوردی پەنابەر ئاوێتەی ژیانی پەنابەری و پێوەندییەکی نەخوازراو لەگەڵ دەوڵەتێکی نەیاری کورد بووە کە به سەرنجدان بە کێشەکانی خۆی لە گەڵ وڵاتە درواسێیەکانی پەنای بەوان داوە و هەوڵی داوە لە پێناوی لاوازکردنی دەوڵەتە دراوسێیەکانیدا یارمەتیان بدات. لەم ڕەوتەدا ئەوەی گرینگ بووە، جۆر و ڕادەی هاوکاریی ئەم حیزبانه لەگەڵ دەوڵەتی ناوەندیی وڵاتی پەنادەر و توانایی ڕاگرتنی سەربەخۆیی سیاسیی و نیزامی و نەبوون به ئامرازی دەستی ئەوان بۆ سەرکوتکردنی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردی وڵاتی پەنادەر بووە. هاوکاریی قیادەی موەقەت لەگەڵ هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران پاش شۆڕشی ڕێبەندانی ١٣٥٧ دژ به شۆڕشی کوردانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان یەکێک لە خاڵە نەرێنییەکانی سیاسەتی ئەم حیزبەیە کە لە مێژووی کورددا وەکو ئاکارێکی نانەتەوەیی و نەشیاو تۆمارکراوە. به داخەوە بەڕێز مەسعود بارزانی پاش تێپەربوونی چەند دەیە لەم کارەساتە، به جێی بەخۆداچوونەوە و ڕەخنەگرتن لەم جۆرە سیاسەتەیان کە خەڵکی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان پ بریندار کرد، لە پێناوی پاکانه کردن بۆ خۆی و حیزبەکەی، هەوڵی شێواندنی مێژووی کوردی داوە. ئەم چەشنە مێژوو نووسینە نەک یارمەتییەک به نزیک کردنەوەی حیزبەکانی کوردستانی ناکات، بەڵکوو برینە کۆنەکان دەکولێنێتەوە و دەبێتە هۆی مانەوە و بەردەوامیی کەلێنی نێوان خۆی و حیزبەکەی لەگەڵ خەڵک و هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان. مرۆڤی ژیر هەوڵدەدات لە ئاکاری پێشووی خۆی به چاک و خراپ بۆ داهاتووی خۆی دەرس وەربگرێ هەتا هەڵەکانی کۆن دووپات نەکاتەوە، نەک ئەوەی بێبەزەییانه و نابەرپرسانه ڕووداوەکانی مێژوو لەپێناوی بەرژوەندی کەسیی خۆی یان بەرژەوەندی حیزبەکەی خۆی چەواشه بکات و شوێنێک بۆ ڕەخنەگرتن لەخۆی به جێ نهێڵێ.
ھێگێڵ فیلسووفی ئاڵمانی دەڵێ: “تا ئێستا ھیچ کەس، ھیچ کات شتێک لە مێژوو فێر نەبووە”. ئەمە ڕاستە، بەڵام ئەوە هیچ لەم ڕاستییە ناگۆڕێ کە مێژوو مرۆڤ فێری چەند وانەیەکی بەکەلک و ژیرانە دەکا و پێویستە ئینسان لە مێژوو دەرس وەر بگرێ، ئەنجامە بەکەلکەکانی دەرکێشێ و بەلانی کەم ھەڵەی پێشینیان دووپات نەکاتەوە. لێرەدا خەتاکار دەرسەکانی مێژوو نییە، بەڵکوو نەبوونی بڕشت و لێھاتوویی بۆ فێربوونی ئەم وانانەیە.
1. بۆ وێنە: ‘ … بەشێکی ناو حزبی دیموکرات پەیوەندییان به عێراقەوە هەیە و به توندی دژی چارەسەرکردنی ئاشتییانەی کێشەکانن لەگەڵ ئێراندا ل ٢٧١؛ شاندی پارتی کۆک بوون لەسەر ئەوەی هەڵوێستی حزبی دیموکراتی کوردستان دەگەڕێتەوە بۆ پەیوەندییان لەگەڵ بەغدا و به نیازی بڕینی ئەم پەیوەندییانە نین.’ ل٢٧٣؛ حزبی دیموکرات لەم ڕەفتارەیاندا دوو مەبەستیان هەبوو: ١.. ڕازیکردنی حکوومەتی عێراق و سەلماندنی ئەو ڕاستییە بۆیان که دژی خەبات و تێکۆشانمانن. ل ٢٧٥: دوای ئەوەی لایەنگرانی چارەسەری ئاشتیانەی کێشەی کورد لە ئێران لە کۆنگرەی چوارەمدا لە جەماعەتی (نزیک لە حکومەتی عێراق)ی ناو دیموکرات جیا بوونەوە هەوڵمان دا بۆ ئەوەی لەگەڵ ئێران بگەنە ڕێککەوتن، بۆ ئەم مەبەستەش چەندین دیدار لە نێوان هەر دوولادا بەرێوە چوو. ‘ ل ٢٧٦ -٢٧٥: ١٦ی ئازاری ١٩٨٠ لە سەر بانگهێشتنی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران سەردانی مەهابادمان کرد. … دوای تەوابوونی کۆبوونەوەکان، درەنگانی شەوی گەڕاینەوە. کاتژمێر یەک، یان دوو بوو. کاک غەنی بلووریان داوای کرد و پێی لەسەر ئەوە داگرت کە لەگەڵ من سواری ئۆتۆمبێل بێت، هەرچەند هەوڵم دا بێسوود بوو و لەگەڵمان هات. لە ڕێگەدا کاتێک هۆکارەکەم لێی پرسی. بۆی گێرامەوە که:” ڕەسووڵ ورچانمان هەیە کە سەر به موخابراتی عێراقییه و کەمینیان داناوە بۆ تیرۆرکردنی جەنابت. هەرچەند هێزمان ناردووە بۆ ئەوەی هیچ ڕوو نەدات، بەڵام بۆ دڵنیایی لەگەڵت هاتووم بۆ ئەوەی ئەگەر شتێک ڕوو بدات با منیش لەگەڵ جەنابت بم. ل ٢٨٥ – ٢٨٤
بابەتی پەیوەندی دار
ڕاگەیەندراوی حیزبی دێموکرات سەبارەت بە بڵاوبوونەوەی کتێبی “بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کورد”
کتێبی بارزانی و بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد کە باسی حیزبی دێمۆکڕات دەکا
مەسعود بارزانی: تاوانی دەرهێنانی جەنازەی بارزانیی نەمر
ئەحمەد بانیخێڵانی : هەوڵی فڕاندنی تەرمی بارزانی