"an independent online kurdish website

 ١ـ لە رۆژنامەی Der Tagesspiegel ی ئەڵمانی چاوپێکەوتنێکی گرنگ لەگەڵ John Bolten ن راوێژکاری پێشووی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریکا و کەسایەتی دیار و نزیک لە ترامپ …

چاوپێکەوتنەکە چڕوپڕە کۆمەڵێ بارودۆخی ئەمەریکا و سیاسەتی جیهانی و پەیوەندی و ناکۆکی خۆی لەگەڵ ترامپدا و شەڕەکانی لە جیهاندا هەن هەموو ئەو گۆرانانەی لەگەڵ هاتنە سەر حوکمی ترامپدا چاوەڕێ دەکرێن:

من سەرنجم لە یەکێ لە پرسیارەکان گرتووە و بۆ ئێوەی پێشکەش دەکەم:

رۆژنامەنووس: وەک راوێژکارێکی پێشووی ئاسایش و سەرۆکی پێشوو باش دەناسی، پێمان بڵێ: چۆن دەتوانرێ بەرژەوەندی ترامپ مسۆگەر بکرێ؟

بۆڵتن: پوختەکەی ئەوەی ترامپ بەیانی دەیڵێ دوانیوەڕۆ شتێکی تر دەڵێت. ئەو لەنووسینگەی بیسنیزەکەیشی لە نیۆرک هەمان ڕەفتار دەکات.. ئەو پلانی درێژخایەنی نییە. زۆربەی کات لە بیرۆکەی دەڵێ : بابزانین ئەمڕۆ چی دەبێت و چ روودەدات.

رۆژنامەنووس: ئەمە چ مانایەکی هەیە بۆ هاوپەیمانەکانی؟

بۆڵتن: باشترین ستراتیژی کە سەرکەوتووانە کاری کردووە، ئەوەیە کە سەرۆکی ژاپۆن Shinzo Abe  پێڕەوی کرد. هەتا بکرێ لە نزیک ترامپەوە بمێنەرەوە.

 ئامۆژگاری سەرۆککۆمارە بێگانەکان دەکەم ، بەردەوام قسە لەگەڵ ترامپ بکەن. بیبینن. یاری گۆڵفی لەگەڵ بکەن. کە قسەتان لەگەڵ کرد ، هەموو جارێ پرسی شتی لێ مەکەن، بەڵکوو هەروا تەلەفونی بۆ بکەن بڵێن ها چۆنی!.. دەربارەی هەموو شتێ قسەی لەگەڵ بکەن بەشێوەیەک کە ئەو هەمیشە بیر لە تۆ دەکاتەوە. ئەوکات ئەگەر ئەو شتێکی لە تۆ ویست ، چانست باشترە کاری تێ بکەیت..

جا سەرنجەکەی بەندە ئەوەیە بەراستی بۆلتن ترامپ ناسە!بۆیە قسەکانی جێی بایەخن.

پرسیار ئەوەیە ئایا کورد یاخود سەرۆک و بەرپرسانی کورد دەتوانن لەم پەیامە تێبگەن و هەوڵ بدەن یاری گۆڵف لەگەڵ ترامپ بکەن.

قسەی خۆشی بۆ بکەن و بۆ بەرژەوەندی باڵای نەتەوەیی کەشوهەوای پێویستی بۆ ساز بدەن تا دەگاتە پێداهەڵدان و جۆرێک لە ماستاوکردنیش ..کاریگەریی لەسەر دروست بکەن.؟.. ئاخر خۆ ئەم جۆرە سیاسەتە ئاسانە و مەترسی گەورەی لێناکەوێتەوە مەگە بڵێین کێشەمان هەر ئەوەیە ڕەوانشادان حەسەنی شیرین و رەسوولی نادریش نەماون قسەی خۆش بۆ ترامپ بکەن!…

 چەند سەختە جیهان رووبەرووی چی بۆتەوە، پیاوێک لە لوتکەی دەسەڵاتی یەکەمی جیهاندا بێت، هێندە بێ ئاگا و میزاجی و بێ پلان و بەرنامە بێت.. بازرگانانە بیربکاتەوە و شێتانە رەفتار بکات؟!؟!

٢ـ ئەحمەد شەرع کۆنە داعشێکی تازە سەرۆککۆمار هەر تیرۆریستەکەی دوێنێیە و ئێستا لە فۆڕمی دەسەڵاتداری حکومیدا خۆی دەنوێنێ. گورگێک لە پێستی مەڕدا…

ئەوەی سەیرە، زنجیرەیەکی وڵاتی ئەوروپایی زوو چوونە هاوکاری.

ئینگلیز لەم گەمە هەرێمییەدا بێدەنگە و هێندەی ئەمەریکا و فەرەنسا ڕۆڵ لە ناوچەکەدا نابینێ.

ئەم ماستە گوریسێکی ئەستووری توکنی تێدایە..ئیسرائیل بەردەوام لە سووریا دەکوژێ و دەبڕێ و چەندان کیلۆمەتری لێ داگیرکردووە، شەرع و حکومەتەکەی هیچ ناڵێن…

٣ـ رۆژی ٢٠٢٥/١/٩ وڵاتی لوبنان پاش نزیکەی دوو ساڵ توانی جەنەڕاڵ یوسف خالید عون بە سەرۆکی وڵات هەڵبژێرێ.. ئیدی لوبنانییەکان پشوویەکی ئارامی و هەناسەیەکی حەسانەوە هەڵدەکێشن. ئەوە نەما حکومەتی حیزبوڵا حکومەتی دەوڵەتی لوبنانی بە بارمتە گرتبوو و کاروباری ئیفلیج کردبوو. ئیتر حیزبوڵا کەڵەگای ناو لوبنان نابێت و دەبێت چەکانیشی رادەست بکات.

هەر ئێران نا، بەڵکوو ئەفسەرێکی لاتی شڕوشیتاڵی سەر بە دەزگای هەواڵگیریی سووریی چارەنووسی هەموو لوبنانییەکانی بەدەست بوو. باوک و کوڕی رێویی دیمەشق (کەمال جونبلات و رەفیق حەریری) و دەیان بەرپرس و کەسایەتی و رۆشنبیریی لوبنایان بەدەستی خۆیان یان حیزبوڵا تیرۆر کرد.. ئەم دەستەش لە بندا قرتێندرا…

هەموو ئەم دەستکەوتانە بۆ لوبنان دوای ئەوە بەدیهاتوون کەوا ئیسرائیل ئێرانی پەڕوباڵ کرد و هێڵی کۆمەکەکانی لە ڕێی سووریاوە بۆ حیزبوڵا بڕی و ڕێگە ناداتت چیدیکە یارمەتییان بگاتە دەست .

پرسیار ئەوەیە: بۆ سەرۆکی نوێی لوبنان جەنەڕاڵێکی سەربازیی مارۆنییە؟؟…

ئەمە پەردەیەکی کورتی دیمەنی رۆژهەڵاتی ناوینی نوێیە کە ئیسرائیل گەرەکێتی!!!

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی