Hoppa till innehåll

چۆن رۆژی ئەنفال دیاریکرا؟، عەلی مەحمود محەمەد

بۆ یادی ئەنفالی ٢٠٢٤ بابەتێکم نووسی بەناوی ( ١٤-٤ کێ کردی بە ڕۆژی ئەنفال ؟ ), تا لە رۆژنامەی کوردستانی نوێ بڵاو بکرێتەوە,دواتر لە رۆژنامەکەوە پەیوەندییان پێمەوە کرد کە بابەتەکەت درێژە کورتی دەەکەنەوە,

بۆیە وتم رایگرن, کەچی کە ژمارە ٩١٤٧ ی رۆژنامەکە لە رێکەوتی ١٤-٤-٢٠٢٤ کە دەرچوو بابەتێکی کاک تەیب جەباری تێدا بڵاو کرابوەوە بەناوی ( چۆن ١٤/٤ کرا بەساڵڕۆژی ئەنفال؟), زۆر لام سەیرو سەرنج راکێش بوو, چ رێکەوتێکە دوو کەس بە یەک ناونیشان بابەت بۆ یەک رۆژنامە بنووسن؟, بابەتە پڕ لە سەرچاوەو وردەکەی من رەتبکەنەوە, بابەتە سادەکەی خۆیان بڵاو بکەنەوە, دەبێت سیاسەت تەداخول لە ھەموو شتێک بە مێژووەوە بکات؟.

بۆ رۆژێک؟

ئەنفال مەرگی خێراو لەسەرخۆی بە ئازاری گەلێک بوو, مەرگێک پرۆسەی روح کێشانەکەی ١٩٧ ڕۆژی خایاند, ڕژێم شەوی دەدایە دەم ڕۆژەوە بۆ قەسابیکردنی لادێنشیینەکان کوردستان و سوتاندنی خاک و وێرانکردنی ئاوەدانی و وشککردنی سەوزایی و کانییەکانی و نەھێشتنی مرۆڤێک بە ناوی کوردەوە, لە سەرەتا لە دەرەوەی شارەکان جاڕی کۆمەڵکوژی دا, دوایی ناو شارەکانیشی گرتەوە, سوپای عێراق لە سەرباز و جاش بە خەفیفەو مەفرەزە تایبەتییەکانەوە وەک حەزییایەک لە ھەر چوار لاوە پەلاماری تەواوی لادێکانی کوردستانیان دا, ئەوەی ڕزگاری نەبوو لەو ڕۆژەوە ببڕیای ببڕای نەیانمان بینییەوە. ھەموو ڕۆژەکانی ئەو ئۆپەراسیۆنی مەرگە, مەرگەساتێکی پڕ لە وەیل بوو, ڕۆژگارەکانی دواشی ژیانی ناو مەرگەساتەکانی تۆپزاو و نگرەسەلمان, چاڵ و پەناگای گولەبارانکردنی بە کۆمەڵی ئەنفالکراوان ھەموو مێژووییەکی دانەبڕاون لە یەکتر, بە ئەڵقەیەکی ھەتا ھەتایی پێکەوە گرێدراون, مێژوویەک بوو پڕ لە یاداوەری مەرگ و تاوان, جێی خۆیەتی یادی ھەموو ئەو تاوان و کارەسات و قوربانیانە بکرێتەوە کە لە ماوەی ئەو حەوت مانگەدا ئەنجام دران بە ناوی ئەنفال. ئەوەی لە ناوییدا نەژییا بێت, ئەوەی بە چاوی خۆی وێنە ترسناکەکانی تاوان و کارەساتە جەرگ بڕەکانی نەبینیبێت, ئەوەی ئێش و ئازارەکانی بە جەستە و روح نەچەشتبێت, ئەوەی ڕۆژی نەدابێتە دەم شەوەوە بۆ بینینەوەی خۆشەویستەکانی, گەڕان بە دوای پارچە جگەرەکانی , ئەوەی بە پێی خۆی ڕزگار نەبووبێت و لەو جەھەنەمە نەگەڕابێتەوە, ناتوانێت وینای چیرۆکەکانی ئەو مەرگە ساتە بکێشێت, ئەمە لە خەونی شاعیرانە زۆر دوورترە, ئەمە ئەو جیھانەیە لە وێنای جەھەنەمی ئاینەکان و دۆزەخی عاشقان گەورەترە, ئەمە جیھانێکی تایبەتە کورد ناوی ناوە ئەنفال و مرۆڤایەتیش ناوی ناوە جینۆساید.
خۆ ناشتوانرێت ھەموو ڕۆژەکانی ئەنفال, بکرێت بە شین و شەیپوری یاداوەرییەکانی قوربانیان, چونکە فەزایەک بۆ ژیان, کاتێک بۆ بیرکردنەوە و ھەنگاو نان بۆ ئایندە, چرکە ساتێک بۆ ژیانی دوا ڕۆژ نامێنێتەوە .
لە بیرکردنەوەی یاداوەرییەکانیش مانای لە بیرکردنی تاوان, لە یاد کردنی خیانەت, لە بیر کردنی مێژووی تاڵ و شکستەکانی ڕابردوو دێت, گەلێکیش ڕابردووی غەدر و کارەساتەکانی لە بیر بکات, مانای ڕازییە بە کوشت و بڕەکانی داھاتووش, مانای ملکەچ دەکات بۆ زەلالەت و قەسابییەکان کەوا چاوەڕوانین, لە بیرکردنی یاداوەرییەکان یانی دەست ئاواڵە کردنی داھاتووە بۆ دوبارە بوونەوەی کارەساتە ترسناکەکان. بۆ ئەوەی لە داھاتوو مەرگە سات و قەسابی کردنەکانی رابردووی خۆمان لە یاد نەچێت, بۆ ئەوەی ئێسکەکانمان لە بیابان و ناو حەوزی تێزابەکان دەرکەینەوەو تف لە حەجاج و حەجاجییەکان بکەین, پێویستمان بەوە ھەیە لە ڕێگەی یاد کردنەوەی ئەنفالەوە خۆمان وەک گەلێکی بەردەوام لە پرسە و خەبات کەر بۆ دواڕۆژێکی ڕۆشن دانێین, گەلێک ئامادەیی ئەوەی ھەیە ڕابردووەکان خۆی وەک ئەوەی ھەبووە بخوێنێتەوە بۆ ھەنگاوەکانی داھاتوو, ئێمە چاومان لە داھاتووە, بۆیە ڕابردوو دەخوێنیینەوە بۆ ئەوەی داھاتوییەکی ڕون و گەش دابین بکەین و ھەڵەکان دووبارە نەکەینەوە, ھەرچەندە بوونی تاوانبارانی کورد لە ناومان بەردەوام ئازاری دەروونیمان زیاد دەکات و یادکردنەوەکانمان تاڵە کەن , بەردەوام ئازارمان دەدەن.
یادکردنەوە بەشێکە لە قەرەبووی روحی, بەشێکە لەخۆ ئامادە کردنەوە بۆ ھەنگاونان بۆ دادپەروەری, بەشێکە لە بەرەو ڕوبوونەوەی مەرگ و کەرامەت.

بۆ بەرواری ١٤-٤

شێخ وەسانان و بادینان و شاری سەردەشت یەکەم شارو ناوچە بوون, بەر لێدانی چەکی کیمییاوی کەوتن لە کوردستان, بەڵام ھەڵەبجە کرا بە ڕۆژی شەرمەزارکردنی چەکی کیمیاوی لە کوردستان وە چووە لیستی گینزەوە وەک خاوەند زۆرترین قوربانی چەکی کیمیاوی لە جیھان, چونکە قەبارەی زیانەکانی گەورەتر بوو لە ھەمووان و تاوانەکە ناسراوتر تربوو لەوانی پێشوتر کە دواتر کە ھاتن. بۆ بەرز راگرتنی یادگە, ھەموو تاوانێک پێویستە ڕۆژێک ھەبێت بۆ یادکردنەوەی, بوونی ڕۆژێکی وا گرنگە بۆ ناوەندیدان بە یادەکە لە لایەن نەتەوەوە بۆ لەبیر نەکردنەوەو سزا دانی بکەرانی, ھەروەھا گرنگیشە بۆ بەردەوام ھێشتنەوەی لە زەینی نەوەکانی داھاتوو و باشتر کردنی باری ژیانی ئەوانەی پەیوەستن بەو تاوانەوە, ئەمە لە پاڵ ئەوەی بەرز راگرتنی یاداوەری بەشێکە لە قەرەبوو کردنەوەی مەعنەوی قوربانیان.

کام رۆژ بۆ ئەنفال؟

ئەنفالیش بەھەمان شێوە دەبێت ڕۆژێک تیایدا دیاری بکرێت بۆ یادکردنەوەی ئەو تاوانە ١٩٧ رۆژییەی کە لە جەرگەیدا نزیک بە ١٠% گەلەکەمانی تێدا کوشت و بڕ کرا, نە یەکەم ڕۆژی و نە دوا ڕۆژی ئەو تاوانە لە رویی مرۆییەوە ئەو زیانە گەورەیەی نەبووە تا دیاری بکرێن بە ناوەندی ڕۆژی یاداوەری, گەورەترین قەبارەی تاوانەکە لەپرۆسەکە ئەنفالی سێی گەرمیانە .
ئەنفالی گەرمیان کە لە ڕۆژی ڕەشی ٧ نیسان یادی دامەزراندنی پارتی بەعس دەستی پێکرد و لە ٢٠-٤ کۆتایی پێھات, وەک بەعس ئاسا دڕندانەترین قۆناغی ئەنفالەکان بوو, ھەرچەندە لەم شاڵاوەیان چەکی کیمیاوی بەکار نەھات جگە لە گوندی تازە شار وەک شیمانە دەکرێت, بە پێچەوانەی ئەنفالەکانی دیکە, کە سەرجەمیان بە لێدانی چەکی کیمیاوی دەستیان پێکرد, وەلێ پێدەشتەکانی گەرمیان ئەو جوگرافیایە نەبوو بۆ بەرەو ڕوبونەوەی سوپای بەعس بۆیە زیانەکان گەورە بوون , ئەمە لە پاڵ لە خشتەبردنی خەڵک لە لایەن جاشەکانەوە بە بوونی لێبوردنی گشتی, ھەندێک جار مەلای مزگەوتەکانیش کەوتوونەتە ئەو تەڵەیەوە.
لە گوندی تازە شار کە چەکی کیمیاویش بەکار ھات پێشمەرگەکانی (( یەکێتی نیشتمانی کوردستان, حیزبی شیوعی عێراقی)) قوربانی گەورەیان دا, بەڵام نەتوانرا پێش بە ھێرشەکان بگیرێت, قەبارەی سوپای ھێرش بەر گەورەتر بوو لە توانای بەرەنگاربوونەوەی پێشمەرگە و جەماوەر, کە پێشر لە دوو پرۆسەی ئەنفالدا تێسرەواندنی کاریگەریان بەر کەوتبوو و تواناکانیانی لاواز کردبوو.
زیانی گەورەی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەنفال لەپرۆسەی ئەنفالی گەرمیان و لە ڕۆژەکانی ١٣-١٤-١٥—٤-١٩٨٨دا بوو, بە تایبەتیش ڕۆژی ١٤-٤, زیانەکانی ئەو ڕۆژانەی تاوانەکە گەورەترین و زۆرترین زیان بوون کە بە سێیەک بۆ نیوەی کۆی قوربانیەکانی ھەموو تاوانی ئەنفال مەزەندە دەکرێت, شەوی ١٣ لەسەر ١٤ ی ٤ بازنەی ئابلوقەدانی خەڵک تەسککرایەوە, کە رۆژی دواتر لە گوندی ملە سوورە زۆربەی خەڵکەکە لە لایەن جاشەکانەوە تەسلیمکرانەوە, لەو رۆژانە لە قادر کەرەم و سەنگاو لەیلانیش زیانەکان زۆر بوون, لە ڕۆژی ١٤ نیساندا لە ھەردوو گوندی ملەسورەو کوڵە جۆی حاجی حەمەجان زۆربەی خەڵکی ناوچەکە پاش تەنگکردنەوەی بازنەی ئابلوقە لە سەریان بە ئالای سپییەوە لەوێ کۆببونەوە, ھەموویانیان کۆکردەوە و ئەنفالیانیان کردن, جاشەکان ڕۆڵی کارایان ھەبوو لە ئەنفالکردنی ئەو خەڵکە, لەو ڕۆژەدا ھەزاران کەس لە خەڵکی ناوچەکە کە بەشی زۆریان ژن و مناڵ و پیر و پەککەوتە بوون کۆکرانەوە و بە ئیڤای سەربازی و تراکتۆرو ئۆتۆمۆبێلی ھاووڵاتییانی ئەنفالکراو گواسترانەوە بۆ سەربازگەی قۆڕەتوو (قۆڕەتوو دەکەوێتە سنوری ناحیەی مەیدانی شاری خانەقینەوە, ئەم ناوچەیە لە دوای ساڵی ١٩٧٤ ەوە تەعریب کراوە). پاشماوەی شمەک و جل وبەرگەکانیان تا ناوەڕاستی نەوەدەکانیش مابوون.
بەم ھۆیەوە رێکەوتی ١٤-٤ وەک ڕۆژێک تیایدا دڕندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەنفال گەیشتە ترۆپکی تاوان ھەڵبژێردرا بە ڕۆژی ڕەشی ئەنفال, ڕۆژێک دەیان ھەزار ھاووڵاتی پاش ئابلوقە دان و قەتیسکردنەوەیان لە ناو بازنەیەکی تەسک لە لایەن جاشەکانەوە لە پێشیانەوە فەتاح بەگی جاف و چەندینی دیکە تەسلیم بە بەعس کرانەوە, بۆیە کاتێک ١٤-٤ دێتە پێشەوە, دەبێت ناوی ئەو جاشانە لە پێشی پێشەوە بن بۆ دادگاییکردن, ئەگەر تا ئێستاش دادگایی نەکرابێتن مخابن دوای ئەوەی دادگای باڵای تاوانەکانیش بەشێکیانی وەک تۆمەتبار بۆ دادگاییکردن ناساند.

حکومەت لە خەو ھەڵستا

دیاریکردنی ڕۆژی ١٤-٤ بە ڕۆژی ئەنفال ھەنگاوێکی گرنگ بوو لە سەر دیاریکردنی ڕاستە ڕێگایەکی درووست بۆ بە گەلی کردنی یاداوەری تاوانی ئەنفال و جینۆسایدناسینی و بە مێژووکردنی و ھەوڵدان بۆ باشتر کردنی باری ژیای بەجێماوەکانی قوربانیان.
ھەموو کات زیان ھەتیوەو قازانج باوکی زۆرە, کە بۆ یەکەم جار داواکرا ١٤-٤ بکرێت بە ڕۆژی ئەنفال, دەستە بژێرێکی کەم لە دەوری بانگەوازەکەی کۆبوونەوە, کەسێک خۆی ناکرد بە خاوەندی, وەلێ کە ھەوڵی بێپسانەوە و بەردەوامی دەیان کەس کە ناویان ھاتووە دەگات بە ئەنجام, لە ھەموو لایەکەوە دەڵێن منم, ھەموو کات خەڵکانی بەرژەوەند خواست لە دوای ھەوڵەکانەوە ئامادەن بۆ دورینەوەی رەنجی خەڵکانی خۆنەویست .
دوای ١٩ ساڵ لە تاوانی ئەنفال , دوای ١٦ ساڵ لە ئازادبوونی کوردستان , دوای ١٢ ساڵ لە نووسینەوەی یەکەم بەیانی فەرمی کە تیایدا داواکراوە ١٤-٤ بە ڕۆژی ئەنفال بناسرێت لە کوردستان, ھەمان بەیاننامە لە ڕۆژی خۆیدا لە ڕۆژنامەو دەزگاکانی ڕاگەیاندن بە بەربڵاوی بڵاوکراوەتەوە و ئەرشیفکراوە, دوای ئەوەی ترسی ھەڕەشەی کەس و کاری ئەنفالکراوەکان و شەرمەزاری بەرپرسان لە نە ھێنانەوەی ڕوفاتی ئازیزی کەس و کارەکانمان تۆقاندیانی, لە بەرواری ٤-٤ -٢٠٠٧ بڕیار لەسەر ئەوە درا ١٤-٤ بەڕۆژی ئەنفال بناسرێت:” پیشنیوەرۆی دوینی ٤/٤/٢٠٠٧، ئەنجومەنی وەزیرانی کوردستان بەسەرۆکایەتیی نیچیرڤان بارزانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و عومەر فەتاح جیگری سەرۆکی ئەنجومەن، لە تەلاری ئەنجومەنی وەزیراندا کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی کرد. لەکۆبوونەوەکەدا رەزامەندیی لەسەر پرۆژەی بریاری دانانی رۆژی ١٤/٤ی ھەموو ساڵیک بەرۆژی ئەنفالکراوەکان وەرگیرا ”.
بۆ نەپرسین دوای ١٦ ساڵ لە ئازادبوونی کوردستان, زوو نەبوو رۆژێکتان دیاریکرد بە رۆژی ئەنفال؟.

ھەوڵەکان بۆ دیاریکردنی رۆژی ١٤-٤ بە رۆژی ئەنفال

ئەو ڕۆژانەی دۆزی ئەنفال جێی گرنگی پێدانی لایەنەکان نەبوو, نووسەران و چالاکڤانانی ئەم بوارەش لە ژمارەی پەنجەکانی دەست کەمتر بوون, ئەنفال دۆسیەیەکی بێ خاوەند بوو, کەمتر لە راگەیەناندنەکان باسی لێوە دەکرا, ئەوەی ھەشبوو پەرتوبڵاو بوو, ھوشیاری لە بواری دۆزەکە زۆر لە خوار بوو, لەو ڕۆژانەدا کۆمەلێک چالاکوان و ڕۆشنبیر و ھونەرموند و دلسۆزی ئەم گەلە, بە سکی برسی و ماندوەیەتی سەختی ژیانەوە, لە پاڵ نەبوونی و ھەژاری خەمی ئەنفالەکانیان لە کۆل نا و شەویان دایە دەم ڕۆژەوە بۆ بە مێژوو کردنی ئەم تاوانە و دیاری کردنی ڕۆژێک بۆ یادکردنەوەی دەستە جەمعی, تاکو لەو ڕۆژەدا قورسایی بدرێتە تاوانەکە و ساڵانە لە کات و ساتی خۆیدا یاد بکرێتەوە, ئەو یاداوەرییە نەمرێنرێت, لە بیری تاکەکانی گەلەکەمان بە زیندویی بمێنێتەوەو ببێتە ڕچەی ناساندنی لە ئاستی جیھانیدا .
پێویستە ئەو مرۆڤە دڵسۆزانەی کە ھەوڵەکانیان بەری گرت بۆ دیاریکردنی ئەو ڕۆژە بە ڕۆژی ئەنفال, ناویان بچێتە مێژووی بەگژدا چونەوەی ئەنفال و ئەنفالچییەکان, منیش وەک ئاگادارێکی زۆرتر لە ھەر کەسێکی دیکە لە بەشێکی زۆری ئەو چالاکیانە, چەند دێرێک لەم یادە دەخەمە سەر کاغەز, بە داوای لێبوردن لە ھەموو ئەو ناوانەی بە بێ ھیچ ھۆکارێک لە یادیانم کردووە, ناڕەوایە ڕەنجی کەسانێک بۆ بە مێژوو کردنی ئەنفال ھەوڵیان داوە لە یاد بکرێن, بەری ڕەنجی کەسانی دیکە, ھەوڵ و ماندوبوونی کەسانی دی ئەگەر لە گەڵیانیشدا نەبیت لە یاد بکەیت, دۆزەکە پێویستە دوور بخرێتەوە لە بازرگانی کردن بە خوێنی خەڵکەوە.

کێن ئەوانە؟

پاش گەڕانێکی وورد بە ناو ڕۆژنامەکانی دوای ڕاپەڕین , ئەوەی کەوتە بەر چاوم, یەکەم وتاری بلاوکراوە لە سەر ئەو ڕۆژە نووسرابێت بە ڕێز ( ڕ خ ) لە رۆژنامەی کوردستانی نوێی ژمارە ٦٦ نووسیویەتی, کە دوایی بە پرسیار بۆم دەر کەوت ئەو کەسایەتیە ئازیزە ناوی بەڕێزی کاک ڕەحمان خانییە لە شاری دەربەندیخان, ئەمە وەک یەکەم ئاماژە دان بە رۆژی ١٤-٤.
ڕۆژنامەکان ئەو ڕۆژانە باشترین بەڵگەنامەن بۆ ئەوەی بزانیین ئەم ھەوڵانەی دراون بۆ دیاریکردنی ڕۆژی ١٤-٤ بە ڕۆژی ئەنفال چەند کاریگەر بوونە لەو رۆژگارە جێگای خۆیان گرتوەو گەیشتوونە بە جێی مەبەست, توانیویانە ئەو داواکارییە بسەپێنن لە ئاستی گەل و کەناڵەکانی راگەیاندنی ئەوکات یان نا؟.
ڕۆژنامەکانی کوردستان ھیچ یەکێکیان تاکو ساڵی ١٩٩٥ ئەو ڕۆژەیان بە ڕۆژی ئەنفال نەناساندووە, بۆ ئەم مەبەستە با چاوێک بە چەپکێک ناونیشان و مانشێتی ڕۆژنامەکانی ئەو کاتانە بخشێنین لە رۆژی ١٤ی چواردا .
کوردستانی نوێی ژمارە ٦٦ی رێکەوتی ١٤-٤-١٩٩٢یدا لە مانشێتەکەی ھاتووە: (سەرکەوتنێک لەگەڵ ڕژێم بەھای ئەو کاغەزەی نابێت کە لە سەری مۆر دەکرێت ).
کوردستانی نوێ ژمارە٦٦٠ ی رێکەوتی ١٤-٤-١٩٩٤, لە مانشێتەکەیدا ھاتووە: (بەییانامەی م س ینک بە بۆنەی کۆچی دوایی ھەڤاڵ ڕەسوڵ مەمەند ), لێ ئیتحادی عەرەبی ژمارە ٧٥ ی رێکەوتی ١٦-٤-١٩٩٤ یش ھەمان بابەتە .
الاتحادی ژمارە ١٢٧ رێکەوتی ١٥-٤-١٩٩٥ لە مانشێتەکەی ھاتووە , (امریکا قلقە علی حقوق الانسان خێوێا فی اقلیم الکردی بترکیا).
بەڵام کوردستانی نوێ ژمارە ٩٦٢ رێکەوتی ١٤-٤-١٩٩٥ مانشێتەکەی بریتی بوو لە: (لە ژێر ڕۆشنایی ڕاپۆرتەکەی ئەکیوسدا بڕیاربوو دوێنێ ئەنجومەنی ئاسایش پڕۆژەی فرۆشتنی بەشێک لە نەوتی عێراق پەسەند دەکات) (ھەرچەندە لەم ژمارەیەدا بابەتی زۆر لەسەر ئەنفال لە لاپەڕەکانی ناوەوە بڵاو کراوەتەوە, لە ناویشیاندا بەیاننامەی ڕێکخراوی ئاوارەو ئەنفالەکان لەسەر ١٤-٤ رۆژی ئەنفال, کە یەکەمین بەیاننامەیە بە بۆنەی رۆژی ئەنفالەوە تا ئەوکاتە دەرچووبێت, ھەروەھا چالاکییەکانی ڤیستیڤاڵی یەکەمی ئەنفالەکان) ی تێدا بلاوکراوەتەوە, رۆژانی دواتریش لەسەر ھەمان ڤیستیڤاڵ ھەواڵ بڵاو کراوەتەوە, ھەموو ئەوانەش لەسەر داواکاری ئێمە بوو.
ھەرچی کوردستانی نوێی ژمارە ١٢٦٢ ی ڕۆژی یەک شەممەی رێکەوتی ١٤-٤-١٩٩٦ە, لە مانشێتەکەیدا ھاتووە (تەنھا بە دادگاییکردنی ئەنفالچییەکان ڕوحی شەھیدانمان شاد دەبێت), ئەمەش دووای ھەفتەیەک چالاکی ڤیستیڤاڵی دووەمی ئەنفالەکان لە ھەولێرو شەقڵاوە, ”لە وکاتە کۆمەڵەی روناکبیری کۆمەلایەتی کەرکووک ویستیان ھەبوو ١٧-٤ وەک رۆژی ئەنفال دیاریبکەن, بەلام ھەوڵەکانیان شکستی ھێنا ” .
ھەرچی ڕۆژنامەی برایەتییە ژمارە ١٩٢٠ رێکەوتی ١٤-٤-١٩٩٤ ە, لە مانشێتەکەی ھاتووە: (ھێژا مسعود بارزانی لە پرسەی خوالێخۆشبوو رسول مامەند ئامادە دەبێت ), ھەرچەندە پەیامی برایەتی ھەمان ژمارە لەسەر تاوانی ئەنفالە, وەلێ ھیچ ئاماژەیەک بە رێکەوتی ١٤-٤ وەک ڕۆژی ئەنفال نەکراوە.
ڕۆژنامەی یەکگرتوو ژمارە ٨٦ ی رێککەوتی ١٢-٤- ١٩٩٦ لە مانشێتەکەیدا ھاتووە:( فرە زمانی و فرە ڕەگەزی نیشانەی گەورەیی خودان و دەبێ بپارێزرێن, ڕیسوا بێت سیاسەتی جینۆساید و قڕ کران )” بەھۆی بەشداری کاک عەبدالڕەحمان سدیق لە رێکخستنی ڤیستیڤالی یەک و دوو کاریگەری لەسەر راگەیاندنی یەکگرتوو ھەبوو لەو رۆژگارە, لەسەر پێشنیاری ئێمەش ئەو مانشێتە نووسرا”.
ھەرچی رۆژنامەی ئاڵای ئازادی زمانحاڵی ئەوکاتی حیزبی زەحمەتکێشانی کوردستان بوو, لە ژمارە ٦٨ ی رێکەوتی ١١-٤-١٩٩٣ یدا لە مانشێتەکەی ھاتووە: بە سەرخستنی دەست پَیشخەری pkk, بەرنامەی ھاوبەش و ھاوکاری سیاسی, ئەرکێکی نەتەوایەتییە.
بەڵام لە ئاڵای ئازادی ژمارە ١٦٦ ی رێکەوتی ١٦-٤-١٩٩٥ دا ھاتووە (ئەنفال بەڵگەی خۆڕاگری میللەتەکەمان و دڕندەیی دوژمنانە), ئارمی ڤیستیڤاڵی یەکەمی ئەنفالەکان لە لاپەڕە یەکدا بڵاو کراوەتەوە.
لە مانشێتی ڕۆژنامەی ڕێگای کوردستانی ژمارە ٢ی ساڵی ٤٨ ی ساڵی ١٩٩٢ ھاتووە:(پڕۆژەی بەڵگەنامەی بەرنامەی..), بەڵام لە ژمارە ٩٤ی رێکەوتی ١٢-٤-١٩٩٣ ھاتووە:(ھەلومەرجی کوردستان وا دەخوازێ کە بە پەلە ھەوڵی بەستنی کۆبونەوەی سەرکردایەتی سیاسی بەرەی کوردستانی بدرێ). وەلێ ڕێگای کوردستانی ژمارە ١٠٤ی رێکەوتی ١٩-٤-١٩٩٤دا ھاتووە:(بە بۆنەی یادی شەشەمین ساڵڕۆژی شاڵاوی ئەنفالە بەدناوەکان پێویستە بایەخێکی زیاد بە ١٨٢٠٠٠ ئەنفالکراوو کەس و کارەکانییان بدەین ), سەرباری ئەوەی بابەتی ڕێگامان کە سەروتاری رۆژنامەکەیە لەسەر ئەنفالە. بەڵام ڕێگای کوردستانی ژمارە ١٥٢ ی بەرواری ١١-٤-١٩٩٥ لە مانشێتەکەی ھاتووە: (١٤ ی نیسان ساڵگەردی ئەنفالە شوومەکان و ڕەمزی گەورەترین تاوانی سەدام دژ بە گەلەکەمان )(ڕۆژی ١٤ نیسان ڕۆژێکی ھەرگیز لە یاد نەچووە لە بیرو ھزری َڕۆڵەکانی گەلەکەمان. ئەم ڕۆژە ھێمایەکە بۆ گەورەترین تاوان کە ڕژێمە شۆفینیستیەکەی سەدام دژ بە گەلەکەمان ئەنجامی دا).
بەم جۆرە دەبینیین لە ساڵی ١٩٩٤ ەوە لە مانگی نیسان باسی ئەنفال کراوە, بەڵام لە ساڵی ١٩٩٥ ەوە جەخت لەسەر دیاریکردنی ئەم ڕۆژە بە ڕۆژی ئەنفال کراوەتەوە, ئەوەش بە ھەوڵی ئێمە بووە, راستەوخۆ پەیوەندی بە رۆژنامەکانەوە کراوە.
ڕۆژنامەی ووڵاتی رێکەوتی ١٥-٤-١٩٩٦ ژمارە ١٥١ دا ھاتووە: (یادی ئەنفالەکان ھاندەرێکە بۆ سوور بوون لەسەر خەبات), بەرنامەی ڤیستیڤاڵەکەش لە ھەمان ژمارە لە دوا لاپەڕە بلاو کراوەتەوە.
لە رۆژنامەی بۆ پێشەوەی ژمارە ١٨ ی رێکەوتی نیسانی دا, لە سەروتارەکەی ھاتووە١٩٩٥ :(با یەکی ئایار بکەینە ڕۆژی بەرپاکردنی بزووتنەوەی شورایی جەماوەری بۆ کۆتایی ھێنان بەشەڕ و برسێتی), ھاوکات لە ھەمان ژمارەدا بابەتێک بڵاوکراوەتەوە بە ناوی (کارەساتی ئەنفال و وەحشییەتی ناسیۆنالیزم).
ساڵی ١٩٩٦ و لە یادی ئەنفالدا ڕۆژنامەکانی وڵات, ئاڵای ئازادی, یەکگرتوو, پاڵە…… مانشێتەکەیان لەسەر ئەنفال بوو, رۆژنامەی ڕێگای کوردستانیش ئەو ژمارەیەی سەرتاپای بە ڕەش دەرچوو و مانشێتەکەشی لەسەر ئەنفال بوو.

ھەوڵە پراتیکییە سەرەتاییەکان

بۆ یەکەمجار یادی ئەنفال لە رێکەوتی ١٥-٤-١٩٩٢ لە شاری سەید سادق ناو کابینەکانی شانەدەری ( ٣٥٠ ماڵ بوونە ) بە شێوەیەکی سادە و خۆرسکانە کراوەتەوە, رێکخەرانی بریتی بوون لە مستەفا مەلا ئەحمەد سپی سەری زەنگەنە, مامۆستا حەسەن حاجی ستاری کفری,محەمەد قەیتولی, نەوزاد شوانی”خەڵکی گوندەکانی نزیک چەمچەماڵ ”, عەلی کارێزە.
لە رێکەوتی ١٥-٤-١٩٩٢ بە بەشداری ئەو ئاوارانەی لە شاڵاوەکانی ئەنفال رزگاریان ببوو, وە خۆیان لە ناوچە جیاجیاکان ملە سورە بۆ کەلار, نەوجول بۆ دوز و قادر کەرەم و مەنیلە بۆ چەمچەماڵ .. ئاڵای سپییان بەرز کردبوەوە, یادی ئالا سپییەکانی ئەنفالیان کردەوە, رۆژی پێشتر ١٤-٤ باران بووە, بۆیە خستویانەتە کاتژمێر ٨ بەیانی رۆژی دواتر ١٥-٤-١٩٩٢, شانۆی مەراسیمەکە عارەبانەی تراکتۆر بووە, ھەموو لافیتەکان وەک ئاڵا سپییەکانی رۆژی ١٤-٤ سپی بوونە, بە رەنگی رەش لەسەریان نوسیبوو, ھەڵبژاردنی رۆژەکە ١٤-٤ بۆ یاداوەرییەکە بە راوێژی مام خەلیفە عەلی حەدەمین باوکی حاجی ئاسکە بووە, لە مەراسیمەکە ٥٠ قاتی تراکسۆت دابەش کراوە بەسەر کچان و کوڕانی ناوو کابینەکان, عەلی کارێزە و مامۆستا حەسەن بڕی ١٣٠٠٠ دیناریان بۆ یادەکە کۆکردۆتەوە, لەو بڕە ٣٥٠٠ دیناری مستەفا زەنگەنە بەخشیویەتی.
لە پەرتووکی تونی مەرگ کە بەڕێز کاک زیاد عەبدڕەحمان ” نەجمەدین فەقێ عەبدوڵا” نووسیوییەتی ھاتووە : (( (c.d.a.w.e) لە ساڵی ١٩٩٣ ھەمان ڕۆژی ١٤-٤ بە ڕۆژی یادکردنەوەی ھەڕەشەکانی ئەنفال داناوە و یادی کردەوە.
ھەروەھا دەنووسێت :(( لە ھەمان ڕۆژی ساڵی ١٩٩٤ یش دا یادی ئەو ڕۆژە لە سنووری پارێزگای کەرکووک لە گەرمیان کرایەوە, پێدەچێت ئەو ڕۆژە لە داھاتوودا ببێتە یادی قڕکردنی بە کۆمەڵی گەلی کورد( پەرتووکی تونی مەرگ –ل٩). لێرەدا نووسەر وشەی پێدەچێت بەکار دەھێنێت ئەگەرێک دادەنێت بۆ بوونی ئەم ڕۆژە بە ڕۆژی یادی قڕکردنی بە کۆمەڵی گەلی کورد, نەک بە کردنی بە ڕۆژی ئەنفال .
سەبارەت بە ھەمان چالاکی ساڵی ١٩٩٤, ساڵی ١٩٩٤ لە ژێر درووشمی (دیاریکردنی چارەنووسی ئەنفالکراوەکان ) کۆمیتەی باڵای یادکردنەوەی ڕۆژانی ئەنفال لە یادی ٦ ەمین ساڵەی کارەساتی ڕۆژانی ڕەشی ئەنفالە بەدناوەکانی بەعس. لە ڕۆژانی ١٤-١٥-٤-١٩٩٤ زنجیرە چالاکییەکی لە کەلار و سمود ئەنجامدا, لیژنەی سەرپەرشتی یادەکە لە لایەن مەڵبەندی کەرکوکی ینک و ھاوڕێیانی شیوعی-حشکع- محەلی کەرکووک و یەکێتی ھونەرمەندانی کوردستان سازدرا بوو (ک ن ١٨-٤-١٩٩٤ ژمارە ٦٦٣).
لە دەڤەری گەرمیان بەرێزان رەحمان خانی, تەھا سولێمان, سەردار عەبدللە, دڵشاد تالەبانی, …. …….. چالاکانە کاریان لەسەر دۆزی ئەنفال کردووە لەو رۆژانە. کاک سەردار عەبدللە بە منی ڕاگەیاند بۆ ساڵی دواتر مەبەستی ١٩٩٦ ە, کە بینیمان لە ١٤-٤-١٩٩٥ لە ھەولێر یادی ئەنفال بە بەر فراوانی کرایەوە, ئێمەش لەوە بە دواوە سوور بوین لەسەر دیاریکردنی ١٤-٤ وەک ڕۆژی ئەنفال.
ھەروەھا بەڕێز تەھا سلێمان لە وتارێک بەناوی ( ھێشتا ماوین , چواردەی چوار؟ ) لە رۆژنامەی کوردستانی نوێی ژمارە ٩١٥٣ ی رێکەوتی ٢١-٤-٢٠٢٤ دا دەنووسێت : ( ھەردوو مەڵبەندو کۆمیتەی پارێزگای کەرکوکی حیزبی شیوعی بەھابەشی یادەکەیان گێڕا، نەک حیزبی شیوعی ھاوکاربێت، پاشان (شێخ سدیق، تەھا سڵیمان) ئەندامی لیژنەی باڵای یادەکە بووین ).
ھەر سەبارەت بەو یادکردنەوەیە بەڕێز دڵشاد تاڵەبانی لە ڕۆژی ١٧/٤/٢٠٢٤ لە ژمارە (٩١٥٠) ی رۆژنامەی کوردستانی نوێ وتارێکی بە ناوی ( راستکردنەوەیەک بۆ وتاری: چۆن ١٤ ی ٤ کرا بە رۆژی ئەنفال؟) نووسیووە”
تیایدا ھاتووە (لە مانگی ١ی ١٩٩٤ کۆمیتەیەکمان دامەزراند بۆ سازکردنی مەراسیمی یادکردنەوەی ئەنفال لە رزگاری ( سمود) و کەلار. کۆمەڵێک چالاکی ترمان لە سلێمانی، چەمچەماڵ، باوەنور و گۆپتەپە کرد، بە ھاوکاری دەیان نووسەر و ھونەرمەند. رۆژی ١٤ی ٤ مان دیاریکرد وەک یەکەم رۆژی یادەکە کە لەو رۆژەدا زۆرترین قوربانی ئەنفال لە ملە سوورە کۆکرابوونەوە…….
لە ١٤ی ٤ی ١٩٩٤ مەراسیمەکە بە نمایشی پڕۆسەی ئەنفال لە رێگای ملە سورەوە دەستی پێکرد، وەک چۆن روویدابوو وەک خۆی بە عەرەبانە و سەرباز و ئۆتۆمبیلە سەربازییەکان و تەلبەندەوە پیشاندرا، لەگەڵ کۆمەڵێک شانۆ و نمایشی تر. لایەنەکانیش وتاریان ھەبوو( پارتی دیموکراتی کوردستان لە کۆمیتە و چەلاکییەکان بەشدار نەبوو، بەڵام وتاری ھەبوو)، چەندین کۆڕ و کۆبوونەوە لە ھۆڵەکانی کەلار لە ماوەی ٣ رۆژدا بەردەوام بوو، دەیان نووسەر و رۆشنبیر و شاعیری وەک شێرکۆ بێکەس، د. حەمەی حەمە ساڵەح بەشدارییان کرد.
رێپێوانی ژنانی ئەنفالمان رێکخست بۆ بەردەم بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە سلێمانی و پێدانی یاداشت بەوان، لە گەڵ رێپێوانی ١٨٢ منداڵ بە چراوە بۆ بەردەم بارەگاکەیان، بە ھاوکاری خوالێخۆشبوو حوسەین مسیری، ئاری بابان و دەیان ھونەرمەندی تر لە یەکێتی ھونەرمەندانی کەرکوک و سلێمانی و چەندین چالاکی تریش. …….دەیان کەسی دیکەش رۆڵی ھەبوو بۆ سەرکەوتنی، لەوانەی بیرم مابێت د.عەدالەت عەبدوڵڵا، سەبوور(ھێمن چاوسەوز)، رەحمان خانی، ئیبراھیم باجەلان بەرپرسی ئەو کاتەی ئێزگەی گەرمیان، جەمیل پیروەیس، رزگار حاجی حەمید، سەلام عەلی، سەربەست ئەحمەد، ئەمین ساڵح و دەیان کەسی تر لە یەکێتییەکان.” ناوی ئەوانەی دەرەوەی ینکی نەنووسیووە, مێژوو ئاوا نانووسرێتەوە”.
https://knwe.org/KU/ArticleDetails/٤٧٥٢ ).
ھەروەھا دەڵێت :(دروشمیشمان کردنی ١٤ی ٤ بە رۆژی ئەنفال و بە جینۆدساید ناساندنی ئەو تاوانە بوو. )…. لە کاتێک من وەک نووسەری ئەم بابەتە ھەموو ئەرشیفی رۆژنامەکانی ئەوکات بە تایبەت ھەردوو رۆژنامەی رێگای کوردستان و کوردستانی نوێ کە حیزبەکانیان یادەکەیان رێکخستبوو گەڕام, نە دروشمێَکی وام دۆزییەوە, نە بەیانننامەیەک بە بۆنەی ئەو یادەوە, نە وێنەیەک دروشمەکەی لەسەر نووسرابێت, تا راستی دروشمەکە دەربخات, بۆیە پێی ناچێت ئەم دروشمە راست بێت, ئەو سەردەمە ھوشیاریشمان لە بواری جینۆساید زۆر سادەو لاواز بوو.
ئەمە لە کاتێکدایە گردبونەوەی بەردەم نەتەوە یەکگرتووەکان خاتوو فائیزە فوئاد و تەھا مامشەیی لە رێکخەرانی بوونە , فائیزە فوئاد نوێنەری خۆپیشاندەران بووە بۆ چوونە لای بەرپرسانی نەتەوەیەکگرتووەکان” لە ھەمان چالاکیدا سورانی مامە حەمەو خوشکەکانی بەشدار بوونە وەک کەسوکاری ئەنفال و قوتابی لە قوتابخانەی حەمدی تێکەڵاوی سەرەتایی بەشدار بوونە کە زۆربەیان ئاوارەی کەرکوک بوونە”.
ھەروەھا فایزە فوئاد لە بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنی دەڵیت” من پێشنیارم کرد بۆ کۆمیتەی ئەنفالەکان (c.d.a.w.e) کە ١٤-٤ بکرێتە رۆژی ئەنفالەکان”.
”(c.d.a.w.e) یەکەم گروپی بێ مۆڵەتی رێخکراوە کاری بۆ ئەنفال کردوەو زۆربەی ئەندامەکانی سەر بە ینک بوونە, لە نیوەی دووەمی ١٩٩٢ لە لایەن نەجمەدین فەقیچ عەبدولاو فائیزە فوئادەوە دامەزراوە, کاری پڕ بەھایان کردووە, دوای بلاوکردنەوەی ناوی جاشەکان لە لایەن ی ن ک ەوە راگیراوە)”.
نابێت ئەوەش لە یاد بکەین لە ئایاری ساڵی ١٩٩٤ شانۆگەری وەرزێکی شووم لە شاری ھەولێر پێشکەشکرا کە بەڕێزان فەخرەدین گەرمیانی , خاڵە حەمرین , لالۆ ڕەنجە , حەسەن گەرمیانی , فەخرەدین گەرمیانی و …….. کۆمەڵێک دڵسۆزی دیکە ڕۆڵیان تێیدا ھەبووە, گوزارشتی لە تاوانی ئەنفال دەکرد, وەلێ بە ئامانجی دیاریکردنی ١٤-٤ نەبوو بە ڕۆژی ئەنفال, لێ رۆڵی پۆزەتیفی ھەبوو لە ناساندن و وەبیر ھێنانەوەی تاوانی ئەنفال و گرنگیدان پێی و ھوشیارکردنەوە .

ڤیسیتیڤاڵی ئەنفالەکان بۆ دیاریکردنی ١٤-٤ بە رۆژی ئەنفال

پێشتر بە پەرتەوازەیی یادی تاوانی ئەنفالمان دەکردەوە, وەلێ جێگای ناگرت بۆ دیاریکردنی رۆژێک بۆ ئەنفال, بانگەوازی ڤیستیڤالی یەکەمی ئەنفالەکان لە ١٢-٣-١٩٩٥ بۆ ئەنجام دانی یەکەم ڤیستیڤال لە ھەولێر بڵاو کرایەوە, لە ١٤-٤ ڤیستیڤاڵەکە بۆ ماوەی یەک ھەفتە لە ھۆلی میدیا بەردەوام بوو, بەرفراوانترین و رێکخراوترین یادکردنەوە بوو تاکو ئەوکات, ئەم بەڕێزانە ڕۆلیان لە ئامادە کردن و سەرکەوتنی گێڕا جگە لە بەندە ((محمد ملا سدیق –لالۆ ڕەنجدەر –سەدرەدین خۆشناو- ئەندازیار عەبدالڕەحمان سدیق , فاتیح شەیدا-کەریم غەفور” کەریمۆک” –د.کەماڵ غەمبار, قادر نادر-فریاد ھیرانی-ئاشتییە سور ” دارا و پایزە” -ھاوار مستەفا خان-سۆزان مامە-بدرالدین ساڵح-نیھاد دزەیی-کەریم سەرکەش-ھەردی سەردەم –دەشتی بەرزەواری -مامۆستا ڕەحیم-عوسمان عمر( عوسمانی خەتم ) -ڕزگار مام بۆرە- مامۆستا فرھاد خالید-نیھاد جامی –تەحسین فایەق-ئاوارە خان-کەریم مەلا- ھونەرمەند محەمەد ئیسماعیل- پارێزەر دلێر محەمەد شەریف -سەلاح مەزن – ئازاد سلێمان و گەشمردە ھاوکاری رۆژنامەی رێگا و ھێمن حەساری و شەفیق حاجی خدری و کنێر جەمیل و شەوقی دارەتوو و و عەدنان کۆچەر و خالید کاوێز و ئازاد و محەمەد مشیر و ……..ھتد.
ھەروەھا بەڕێزان ڕزگار شوانی و ڕزگار حەساری و فواد سدیق لە رۆژنامەی ڕێگای کوردستان و کاک ستران عبدللە و کاک دلشاد عبدللە و ئیسماعیل عەبدالکەریم لە رۆژنامەی کوردستانی نوێ و کاک غازی حەسەن و ئیدریس شەیداھۆ و کاک بێکەس حەمەد قادر لە رۆژنامەی ئاڵای ئازادی ملازم چەتۆ لە رۆژنامەی رزگاری بەشداری کاریگەریان کرد لە ڕێگەی پشتیوانی و بەشداری و ڕۆژنامەکانیانەوە, تەنانەت کاریگەریان لەسەر ڕۆژنامە و ڕاگەیاندنەکانیان دانا بۆ ئەوەی ١٤-٤ وەکو ڕۆژی ئەنفال بناسن.
بۆ سالی دواتر ١٩٩٦ جگە لەو بەڕێزانەی ناویان لە ڤیستیڤاڵی یەکەمدا ھاتووە, بەڕێزان سەرھەد تۆفیق –شوان داودی –غازی حەسەن- گرفتار کاکەیی- ھەردوو مامۆستای ھێژاو تێکۆشەر خالید دلێر و سەعید ناکام و پاڵەی خالید دلێر و ھیوا ناسیح و ئەسکەندەر جەلال و فەرحان و خالید کاوێس و ئازاد و ,,,, ھتد بەشداری چالاکانەیان کرد.
دیارە ئاماژەم بە زۆر ناو دا لە سەروە, کەسانی تێدا بوو وەک مامۆستا خالید دلێر و مامۆستا بەدرەدین حەمەساڵەح و کاک نیھاد دزەیی و شوان داودی و سەرھەد تۆفیق و ئەرخەوانی کچی لە ڤیستیڤاڵی دووەم زۆر ماندوو بوون, کەسانی دیکەش بەشدارییەکی ڕەمزییان کرد بەڵام ناکرێت ناویان لە یاد بکرێت, پشتیوانییەکی مەعنەوی بوون بۆ یاداوەرییەکە .
ئەو ساڵە بە داواکاری ئێمەو بە ھاوکاری بەڕێز کاوە نادر پارت و ڕێکخراوە سیاسی و ڕۆشنبیرییەکان دەیان بەیاننامەیان لە رێکەوتی ٧-٤ ەوە دەرکرد بە بۆنەی ١٤-٤ و ناساندنی وەک ڕۆژی ئەنفال, لەوە بە دواوە ئیتر ١٤-٤ وەک ڕۆژی ئەنفال بوو بە ئەمری واقیع.
بەشێک لە بەشداربوونی چالاکییەکانی ڤیستیڤاڵی یەکەم جگە لە بەشداربووانی پێشانگای کاریکاتێر ”کاک گرفتار کاکەیی” و بەشە ھونەرییەکە: عەبدالڕەزاق سافی, سەلاح مەزن, سەدرەدین خۆشناو, فاتیح شەیدا, فریاد ھیرانی, کەریم غەفور, عەلی مەحمود, عەبدالڕەحمان سدیق, ناڵە حەسەن, بەھرە موفتی, ئیدریس شەیداھۆ, خالید عوسمان, سۆزان مامە, بەختیار مامە, سەرھەنگ ئیسماعیل, زانا خالید.

بەیاننامەکان
ساڵی ١٩٩٥ یەکەم بەیاننامە بە بۆنەی ١٤-٤ ڕۆژی ئەنفال, ڕێکخراوی ئاوارەو ئەنفالەکانی کوردستان و دواتر دەزگای ناوەندی ڕاگەیاندنی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان دەریان کرد, ھەرچەندە لە بەیاننامەکەی یەکگرتوودا ھاتووە (ئێمە لە ئاوا ڕۆژێکدا کە یادی ئەو کارەساتە بێ دینی یە دەکەینەوە ,داوا لە ھەموو دەزگاکانی ڕاگەیاندنمان دەکەین, کە وەک تاوانە جینۆسایدییەکانی سەدەکانی ناوەڕاست و, جەنگە جیھانییەکان و , کارە بە کۆمەڵ کوژییەکانی ستالین و ھیتلەر, لە قەڵەمی بدەن و ,گڵاوی نیازی ڕژێم لە بەکارھێنانی وشەی (ئەنفال) ڕسوا بکەن و, وشەو زاراوەیەکی بۆ بەکار بێنن کە ڕێسی پیلانی ھەڵوەشێنێتەوە ) ئەمە بەشێک بوو لە بەیاننامەی مەکتەبی ڕاگەیاندن بە بۆنەی یادی کارەساتی بەناو ئەنفالەوە – یەکگرتوو ژمارە ٣٧ ), دیارە ئەم ھەوڵەش لە لایەکەوە دڵسۆزییە بۆ پرۆسەکە, لە لایەکی دیکەوە بەشێک بوو لە نەخشەکانی پارت و لایەنە ئیسلامییەکان بۆ سڕینەوەی وشەی ئەنفال, نە چەسپینی لە کۆمەڵگای کوردەواریدا, کە لەگەڵ بۆچوونەکانیان ناھاتەوە سەبارەت بە بەکارھێنانی دەستەواژەی ئەنفال.

چیتر کرا

ساڵی ١٩٩٦ بەھۆی سەرکەوتن و دەنگدانەوەی ڤیستیڤاڵی یەکەمی ئەنفالەکان ھەوڵەکان گەورەترەوە بوون, بە ھەوڵ و کۆششی ڕێکخراوی ئاوارە و ئەنفالەکان لیژنەی سەرپەرشتی لە شارەکانی ھەولێر و شەقڵاوە پێکھێنرا, ھەروەھا داوا لە حزب و ڕێکخراوە سیاسی و جەماوەری و ڕۆشنبیرییەکان کوردستان کرا, بەیاننامە بەبۆنەی ١٤-٤ دەربکەن و لافیتە لەو یادەدا بنووسن و لە شوێنە گشتییەکان بە تایبەتیش دەوروبەری ھۆڵی میدیا لە شاری ھەولێر ھەڵیواسن, کە شوێنی سازدانی ڤیستیڤاڵی دووەمی ئەنفالەکان بوو, تاکو شاری ھەولێر سیمای ئازییەت باری گشتی بە خۆوە بگرێت.
لە ساڵی ١٩٩٦ لیژنەی کاری ھاوبەشی حیزبە کوردستانیەکان لە ١-٤ ەوە بەیاننامەی ھاوبەشیان دەرکرد لەسەر ١٤-٤ و ناساندنی وەکو ڕۆژی ئەنفال, کە لە ٧ حیزبی کوردستانی پێک ھاتبوون, سەرباری ئەم لایەنانەی خوارەوە: بزوتنەوی موسڵمانانی کوردی فەیلی –سەرکردایەتی شۆڕگێڕ -–حزبی اتحادی تورکمانی–کۆمەڵەی جوێلۆجی کوردستان-یەکێتی مامۆستایانی کوردستان-یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان-ڕێکخراوی ئاوارەو ئەنفالەکانی کوردستان-حزبی سۆسیالستی کوردستان-یەکێتی نەتەوەیی دیموکراتی کوردستان-دەستەیەک لە ڕابەرانی بزووتنەوەی کرێکاری-کۆمەڵەی ڕوناکبیری کۆمەڵایەتی گەرمەسێر بەیانیان دەرکرد.
سەرباری ئەوەی دەیان پارت و ڕێکخراوی سیاسی لافیتەیان بە داواکاری ئێمە لە ناو ھۆڵی ڤیستیڤاڵەکەو شەقامەکانی ھەولێر و بەردەم بنکەو بارەگاکانیان ھەڵواسی کە تا ئەو کاتە کوردستان و شاری ھەولێر دیاردەی راگەیاندنی گەورەی وای بۆ تاوانی ئەنفال و کۆمەڵکوژی بەخۆوە نەبینیبوو, ئەو لافیتەو بایاننامانەش ھەموو بە سوپاسەوە بە داواکاری ئێمە دەرکراون.
ئەم بروسکەی پشتگیرییانەش گەیشتنە بەڕێوەبەرانی ڤیستیڤاڵەکە: ( دەستەی ڕۆژنامە نووسانی ئازاد-حزبی الاتحادی تورکمانی-مکتب سیاسیی– تیپی شانۆی نیشتمان-مەکتەبی پەیوەندییەکانی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان-حزب الاخاء تورکمانی –مکتب سیاسی- بزاڤی خوێندکارو لاوانی کوردستان-سکرتارییەتی باڵا- حیزبی ڕزگاری کوردستان-مەکتەبی سیاسی -–مەڵبەندی ڕۆشنبیری میزۆپۆتامییا-یەکێتی پێشەنگانی کوردستان-کۆمەڵەی جەنگاوەرانی پێشەنگی کوردستان-کۆمەڵەی جیۆلۆجی کوردستان-یەکێتی بێکارانی کوردستان-کۆمەڵەی ئاوارەکانی کوردستان-ڕێکخراوی جیھانی بۆ داکۆکی کردن لەمافی مرۆڤ(ئەمینداری گشتی)-بزوتنەوەی ڕۆشنبیرانی ئاشتیخواز-ھەولێر—کۆمەڵەی نەتەوەیی کورد-مەڵبەندی چوار—کۆمیتەی ڕێکخستنی ھەولێری حیزی کۆمۆنیستی کرێکاری عێراق—کۆمەڵەی فەرھەنگ و ئاوەدان کردنەوەی باڵەکەیاتی—یەکێتی ژنانی کوردستان-مەکتەبی سکرتاریەت—ئەنجومەنی پارێزەرانی کوردستان—تیپی شانۆی ڕۆژی نوێ—بزووتنەوی دیموکراتی گەلی کوردستان—کۆمەڵەی زیندانیە سیاسییەکان—مەکتەبی تەنفیزی یەکێتی جوتیارانی کوردستان—خوێندکارانی یەکێتی نەتەوەیی دیموکراتی کوردستان—کۆمیتەی پارێزگای ھەولێری حیزبی شیوعی کوردستان—کۆمەڵێک لە ڕۆشنبیرانی شاری ھەولێر—کۆمیتەی تایبەتی مەکتەبی سیاسی ی ن ک—خوێندکارانی پەیمانگای ھونەرە جوانەکان—ڕێکخراوی ئاوارەو ئەنفالەکانی کوردستان—لەشکری ١٦ دەشتی ھەولێر ینک—تیپی شانۆی حەمرین—کۆمەڵەی ئافرەتانی کوردستان—ڕێکخراوی چاودێری مافی مرۆڤ لە کوردستان (کوردستان ۆچ)—ناوەندی ھەولێری پارتی کاری سەربەخۆیی کوردستان –ڕادیۆی ڕێگای کوردستان—ڕێکخراوی تێکۆشانی ڕەنجدەرانی کوردستان—ڕێکخراوی ڕەوتی بەلشەفیک—یەکێتی گشتی قوتابییانی کوردستان).
ئەم لایەنانەی سەرەوە ناویان ھاتووە, زۆربەشیان بە ھەڵواسینی لافیتە لە دەرەوەی ھۆڵی ڤیستیڤاڵ بەشدارییان کرد.
ئەم لایەنانەی خوارەوەش تەنھا لافیتەیان لە ڤیستیڤاڵەکەدا ھەبوو: ( بیرۆی پارتی کاری سەربەخۆیی کوردستان- یەکێتی نەتەوەیی دیموکراتی کوردستان- ڕۆژنامەی ووڵات-ڕۆژنامەی شمس وەتەن-حیزبی شیوعی عێراق-پارتی کرێکارانی کوردستان-لیژنەی پارێزگای کەرکوکی حیزبی شیوعی کوردستان-یەکێتی ئافرەتانی زەحمەتکێشان-لقی ھەولێری حیزبی زەحمەتکێشانی کوردستان-کۆمەڵەی خوێندکارانی کوردستان-ڕادیۆی نیشتمان-حیزبی شیوعی کوردستان مەکتەبی سیاسی-کۆمەڵەی ڕوناکبیری کۆمەڵایەتی کەرکووک- کۆمەڵەی ڕوناکبیری و کۆمەڵایەتی گەرمەسێر –مەکتەبی مافی مرۆڤی ی ن ک-یەکگرتووی خوشکانی ئیسلامی کوردستان).

پێشانگای کورد قڕان

ھەروەھا ئەم ھونەرمەندانەش بە تابلۆ بەشدارییان کرد لە پیشانگای کورد قڕان: (جوھەر محەمەد خدر-دارا محەمەد عەلی-دلێر محەمەد شەریف—سلێمان شاکر—سەربەست عومەر—سۆران-جعفر محمد غریب-جماڵ مشیر-عبداڵلە سەراج-فیسەڵ عوسمان-کامران – ڕزگار فقێ عبداڵلە-ئازاد ئەنوەر-گرفتار کاکەیی)(چارەنووس ژمارە ٢ –حوزەیرانی ١٩٩٦)*.

شانۆگەری ئەنفالستان

شانۆگەری (ئەنفالستان) ئامادەکردن و دەرھێنانی: کەریمۆک غەفور نواندنی: ھاوار مستەفا خان، کەریم مەلا، سۆزان مامە، جەلال ئەنوەر، عەلی سیاسی، کەریمۆک غەفور، بەرھەم محەمەد، ھەردی حسێن، کامەران عەبدولوەھاب، شیلان سەدرەدین، عەبدولقادر محەمەد، گوڵالە عوسمان، گۆران حسێن، رزگار ئیسماعیل، ڕەوا دڵشاد وەسانی، ئازاد ئەنوەر، ئەحمەد عەدۆ.
لەرێکەوتی ١٩-٤-١٩٩٥ لە چوارچێوەی چالاکییە ھەفتەییەکەی ڤیستیڤاڵی یەکەمی ئەنفالەکان نمایش کرا, لە ھۆڵی میدیا-ھەولێر.
ڤیستیڤاڵی یەکەم بە شانۆگەری شەقام لە ناوەندی رۆشنبیری سەردەم لە قەلاوە بۆ ھۆڵی میدیا بەناو بازاڕدا دەستی پێکرد, ھەردوو پەرلەمانتار عیدۆ بابا شێخ و نەھلە خان لە لیستی ینک بەشدار بوون تیایدا.
شانۆگەرییەکە لالۆ رەنجدەر, تەحسین فایەق, نیھاد جامی, کەریمۆک, ئاوارە خان ئامادەیان کرد و زۆری دیکە بەشداربوون تیایدا.

بەشداربووان بە بەرھەم لە ڤیستیڤاڵی دووەم: عەزیز وەھاب محەمەد, کەماڵ غەمبار, محەمەد ساڵەح ئامێدی, د.ئاسۆ عەبدوڵا, ئارام, شەفیق حاجی خدری, مامۆستا ئەحمەد چاوشین, د.رەشاد میران, مامۆستا بھائالدینی جوتیاران, حەسەن جاف, عەبدالڕەزاق مەرزنگ, غازی حەسەن, عەلی مەحمود محەمەد, جەلیل کاکە وەیس, سەرفراز نەقشبەندی, سەدرەدین خۆشناو, ئارام سەلیم, کەریم غەفور, مامۆستا عەبدالڕەحمان سدیق.

ھەوڵێکی دیکە

کاک تەیب جەبار لە ژمارە ٩١٤٧ ی رۆژنامەی کوردستانی نوێی رێکەوتی ١٤-٤-٢٠٢٤ دەرچووە بابەتێکی بلاوکردۆتەوە بەناوی ( چۆن ١٤/٤ کرا بەساڵڕۆژی ئەنفال؟),لە وتارەکەیدا دەڵێت: ( تا ساڵی ١٩٩٦ ھیچ کاتێک دیاری نەکرابوو بۆ بەرزڕاگرتنی یادکردنەوەی رۆحی ئەنفالکراوان و یادی ئەو تاوانە، واتە ھیچ مەراسیم و یادکردنەوەیەک نەبوو، نە لەلایەن حکومەتی ھەرێم و نە لەلایەن حزبەکانەوە. ) , دەبوایە دەستەی نووسەرانی کوردستانی نوێ چاکەیەکیان لە گەڵ بەڕێزی بکردبایە و بەھۆی ئەوەی بابەتەکەی من لە بەردەستیان بوو, بۆیان بڵاو نەکردایەتەوە, بۆ ئەوەی نەکەوێتە ناو ئەو ھەڵەیەوە, چونکە زۆر بە وردی و بە سەرچاوەوە ھەموو ئەوانەی وترا بوون و ئەوەی کرابوو دیاریم کردبوو.
پاشان بەڕێزی دەڵێت ( دەستنیشانکردنی یادی ئەنفال بە دەستپێشخەریی حکومەتی ھەرێم نەبوو، ھەروەھا بە دەستپێشخەریی حزبەکانیش نەبوو، بەڵکو بە دەستپێشخەریی کۆنگرەی یەکەمی کۆمەڵەی رووناکبیری و کۆمەڵایەتیی کەرکوک بوو.
ئەنجامی ئەو جموجوڵ و دیدار و گفتوگۆیانە خۆی لە بەستنی کۆنگرەی یەکەمی کۆمەڵەکەدا نواند. وەک لە بیرم بێت مانگی پێنج یان شەشی ساڵی ١٩٩٥کۆنگرەکە لە شاری ھەولێر بەسترا، لە ھۆڵێک بوو سەربە دەزگایەکی وەزارەتی تەندروستی بوو، نزیک بینای ئێستای پارێزگای ھەولێر. …..
ھەموو قایل بووین بە رای کۆتایی کاک عوسمانی حاجی مەحمود کە رۆژی ١٤/ ٤/ ١٩٨٨و رۆژانی دواتر سەختترین شەڕ کرا و زۆرترین خەڵک راپێچی ئۆردوگاکان کران. ) . لێرەشدا باوەڕ ناکەم کاک عوسمان وتبێتی شەڕەکانی ١٤-٤ و رۆژانی داتر سەختترین شەڕ کرابێت, چونکە ١٤-٤ کۆتایی بوو, ھەڵەیەکی دیکەش ئەوان باوەڕیان وابوو ١٧-٤ بکرێتە رۆژی ئەنفال لەو کاتەدا.
پاشان بەڕێزی دەڵێت ( …….. یەکەمجار بە رەسمی یادی ئەنفالکراوان لەو ساحەیە لە رۆژی ١٤/٤/ ١٩٩٦ لە سلێمانی کرایەوە. من ئەوکاتە دەوامم لە ھەولێر بوو، بەڵام لەبەر یادەکە ھاتمەوە بۆ سلێمانی و کەمێک پێش وادەی دیاریکراو چووم بۆ ساحەکە، کورسییەکی زۆر دانرابوو و شانۆیەک سازکرابوو لەگەڵ مایکرۆفۆن و ئامێری دەنگ، خەڵکێکی زۆر لە ریزەکانی دواوە لەسەر کورسییەکان دانیشتبوون و برادەرانی دەستەی لقی کەرکوک بەپێوە وەستابوون، لە لێپرسراوانیش تەنیا رەحمەتی (جەبار فەرمان) لە ناوەڕاستی ریزی پێشەوە بە تەنیا دانیشتبوو. کە لە سەیارەکە دابەزیم، چاکوچۆنیم لەگەڵ برادەرانی لقدا کرد، کاک جەبار فەرمان ئیشارەتی بۆم کرد چوومە لای ئەو دانیشتم، پاشان لێپرسراوانی تر ھاتن و ساحەکە پڕ بۆوە و رێوڕەسمەکە دەستیپێکرد. لەو ساڵەوە یادی ئەنفال لە ١٤/٤ی ھەموو ساڵێک دەکرێتەوە و بە یەک رۆژ ھەموو رێوڕەسمی یادەکە تەواودەبێت. https://knwe.org/KU/Details/١٧٠٨٢ ) .
لە راستیدا ئەوە یەکەم یادی ئەنفال نەبوو, بەڵکە یەکەم چالاکی کۆمەڵەی روناکبیری کۆمەڵایەتی کەرکووک بوو.

چەسپینی رۆژەکە

ھەرچەندە ڤیستیڤاڵی دووەمی ئەنفالەکان یاساغکرا و ڕێگە لە ئەنجامدانی گیردرا لە شاری ھەولێر بە فیتی کۆمەڵەی روناکبیری کۆمەڵایەتی کەرکوک, لەبەر ئەوەی بە بودجەیەکی زەبلاح و بەکارھیچنانی دەسەلات لە سەندنەوەی ھۆڵ لێمان نەیانتوانی ھیچ بکەن, منیش تۆمەتبار کرام بە تێکدانی لافیتەی بەدر کە ھۆلچی پیشانگایان بۆ ئەوان لیچ سەندینەوە, وەلێ کە مەممنوع کرا زیاتر مەرغوب بوو, گرنگ ئەوەیە پەیامەکانی چەسپی و لە کۆتاییدا ڕۆژێک دیاریکرا بە ڕۆژی ئەنفالکراوەکانمان, لەو ڕۆژەدا خەم و داواکارییەکانمان یەک دەخەین, خامەکانمان دابەش دەکەین, بە چاو بۆ ئازیزانمان دەگرێین, بە بیر ڕێگایەک دەدۆزینەوە بۆ بە یاساییکردن بە مێژووکردنی و بە جیھان ناساندنی وەک تاوانی جینۆساید, بە دەست و دەنگێکی بەرزیش ئازایانە دەڵێین سەرجەم تاوانکاران بێجیاوازی بۆ بەردەم دادگا.

تێکدانی ڤیستیڤاڵی دووەم

کە ڤیستیڤاڵی یەکەم دەنگ و سەدای گەورەی دایەوە لە ناو خەڵک و کەناڵی راگەیاندنەکان, کۆمەڵەیەک لە ھەولێر لقێکی ھەبوو بە ناوی کۆمەڵەی روناکبیری کۆمەڵایەتی کەرکوک کە بەڕێز جەلال جەوھەر ئەو کات بەرپرسیان بوو لەو بەشە, لە لایەکەوە دەیانویست رۆژی ١٧-٤ بسپێنن وەک رۆژی ئەنفال, لە لایەکی دیکەوە کەوتنە خۆ ئامادە کردن بۆ یادکردنەوەی ئەنفال و دەیانەویست ھەوڵەکە لە ئێمە بسێننەوەو خۆیان پێی ھەڵبستن, ھەروەھا سەردانی وەزارەتی ناوخۆیان کرد مۆڵەتی رێکخراوی ئاوارەو ئەنفالەکان وەربگرنەوە و بۆ خۆیان رێکخراوێک تۆمار بکەن بەناوی ئەنفالەکان, ھەروەھا داوایان لە قوربانیان و ھونەرمەندان کرد بەشداری چالاکییەکانمان نەکەن.
لە کاتێک ئێمە ھۆڵی میدیاشمان لە چەند مانگ زووترەوە گرتبوو, ئامادە بووین ھۆڵەکە بۆ ئەوان بەجێ بھێڵین و مەراسیمەکەی خۆمان لە ٧ی نیسانەوە ئەنجام بدەین, ھێشتا لە گێچەڵ کردنی خۆیان نەکەوتن , سەرەتا مۆڵەتی رۆژی ١٤-٤ یان لیچ سەندینەوە, کە بینییان سەدان لافیتە بۆ پشتیوانی ڤیستیڤاڵەکەمان لە ناو ھۆڵی میدیاو دەوروبەری ھەڵواسراوە, دەیان بەیاننامە بۆ پشتیوانیمان دەرکراوەو بەشداری بەرفراوانی نووسەران و ھونەرمەندان لە ڤیستیڤاڵەکەی ئێمە وە پەراوێز کەوتنەوەی ئەوان, تەنانەت مەکتەبی سیاسی ینک بە ١٠٠٠٠ دینار پاڵپشتی ئێمەیان کرد, ئەوجا بە پشتیوانی خوالێخۆشبوو جەبار فەرمان مۆڵەتی گرتنی ھۆڵی میدیا و گەلەرییەکەیان لێمان سەندەوە دایان بە سەوڵەی بەدری سەر بە مەجلس ئەعلای ئیسلامی, بۆ شەوەکەی لافیتەکانیان بە پیسایی تێکدراو تۆمەتەکەیان خستە سەر من, لە لایەکی دیکەوە کاریگەرییان لەسەر یەکێک لە رزگاربووانی گۆڕە بە کۆمەڵەکان دانا لەسەر مینبەر لە کاتی سمیناردا بێدەنگی لێکرد و وەلامی پرسیاری کۆڕگێڕی نەدایەوە, وێڕای ھەموو ئەو گێچەڵانە بەڵام شکستیان ھێنا.