بەداخ و پەژارەیەکی زۆرەوە ڕۆژی پێنج شەممە ڕێکەوتی ٢١ی خاکەلێوەی ١٤٠٤ی هەتاوی بەرامبەر بە ١٠ ـ ٠٤ ـ ٢٠٢٥ ی زائینی هونەرمەندی میللی، هونەرمەندی بەند و گۆرانی ڕەسەنی کوردی ،
گۆرانیبێژی لێزان و بە توانا و خۆشەویستی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان کاک سەید عەلی ڕەحیمپوور ناسراو بە “سەید عەلی سەردەشتی” بە هۆی نەخۆشی و بە ساڵاچوویی لە وڵاتی سوئێد کۆچی دوایی کرد.
هونەرمەند سەید عەلی سەردەشتی لە بنەماڵەیەکی باوەڕمەند بە ئایینی ئیسلام لە گوندی قۆزولوێی گەورە لە ناوچەی مەهاباد لە ساڵی ١٣١٦ی هەتاوی لە دایک بووە و سەردەمی مێرمنداڵی و گەنجی خۆی لە تەنیشت بنەماڵەکەی تێپەر کردووە. کاک سەید عەلی لە تەمەنی ٢٦ ساڵی دا بۆ ژیان دێتە ناوچەی سەردەشت و هەر لەوێ ژیانی هاوبەش پێکدێنێ و دواتر ژیانی خۆی لە تەنیشت خزمانی بە کار و کاسبی تێپەڕ دەکا.
سەید عەلی سەردەشتی هەر لە منداڵیەوە ئۆگری بەیت و حەیران و بەند و گۆرانی بووە و هەر بۆیەش زۆر زوو خۆی لە نێو دونیای گۆرانی و بەند دا دەبینێتەوە و بە هۆی دەنگخۆشی و شارەزایی لە گووتنی بەند و گۆرانی دا دەبێتە، یەکێک لە بەندبێژانی سەردەمی خۆی و بە هۆی گۆرانییەکانی زۆر زوو ناوبانگ دەر دەکا و بە کارە هونەرییەکانی و بە ئاکار و خوو و ڕەوشتی بەرزی دەبێتە خۆشەویستی خەڵکی ناوچەی سەردەشت و دەوروبەری.
هونەرمەند سەید عەلی بە هۆی ئەوە تێکەڵاوی لەگەڵ خەڵک هەبووە، توانیویەتی لە بواری جۆراوجۆر دا سرنجی خەڵک بۆ لای خۆی ڕابکێشێ، لە باری ئیسلامییەوە کەسێکی باوەڕمەند بە ئایینەوە بووە، لە بواری کۆمەڵایەتییەوە کەسایەتییەکی خۆشناو و جێگەی متمانەی خەڵک بووە، لە بواری هونەرییەوە ڕەچەشکێن و پێشرەو و جوانبێژ و خۆشخوانێکی بە دەنگ و بە چریکە بووە، لەگەڵ خۆشی و ناخۆشی خەڵک ژیاوە و لە شینگا و لە شایی خەڵکدا بە دڵەوە بەشداری کردووە ، بەرێزیان ڕووح و ڕەوان و هەڵسوکەوتی خەڵکی ناوچە و کوردستانی لە باری کۆمەڵایەتی و ئایینیەوە ناسیوە، هەر بۆیەش هەوڵی داوە کە بە گووتنی بەند و چڕینی حەیران بچێتە نێو دڵی خەڵکی ناوچە و باس لە ئازار و دەرد و خەمی گەلەکەی بکا.
کاک سەید عەلی مرۆڤێکی سەنگین و جێگەی متمانەی گشت لایەک بووە، بۆ کاری هونەری گەرمێن و کوێستان گەڕاوە و چۆتە نێو شار و گوند و مووچە و مەزرا و هەوار و کوێستانەکانی کوردستان و لەگەڵ گەورەپیاو و ناسیاوانی کورد، لەگەڵ شێخ و مەلا و خەڵکی کاسبکار، جوتیار و پاڵە و بە گشتی لەگەڵ گەنج و پیر و لاوی کورد، لەگەڵ هەموو توێژەکانی کۆمەڵگەی کوردستان هەستان و دانیشتنی هەبووە.
بە هۆی گەڕان بە شوێنە جیاجیاکانی کوردستان دا ئاشنایەتی لەگەڵ شۆڕشگێران و کەسایەتییە دیارەکان پەیدا کردووە، هەوڵی داوە کە لەگەڵ چینی دەسکورتی کۆمەڵگەی کوردستان زیاتر هەستان و دانیشتنی هەبێ.
ئەگەر بە یەکەوە سەفەرێک بە نێو پانتایی بەیت و گۆرانی و حەیرانەکانی کاک سەید عەلی دا بکەین، لە یەکەم هەنگاو دا بۆمان دەردەکەوێ کە بەڕێزیان تواناییەکی هونەری لە رادەبەدەری لە شێوەی گووتن دا هەبووە و شارەزایی بە سەر چۆنیەتی دەنگ هەڵبڕین و بەرزی و نزمی و دواتریش ڕێکخستنی بە قافییەی بەندەکانی هەبووە، هونەرمەند سەید عەلی ساحەب ڕێچکەیەکی هونەری تایبەت بە خۆی بووە و لاسای هونەرمەندانی پێش خۆی نەکردۆتەوە، بەڵکوو هەوڵی داوە کە بە گۆرانییەکانی ئاوێنەی باڵانوێنی جوانییەکان و تەنانەت شادی و خەمەکانی خەڵک نیشان بدا، حەیرانەکانی بە ئەدەبیاتێکی تەواو خۆماڵیانە چڕیون و بە گشتی پڕ لە وشەی هەست بزوێن و ئاشقانە و نیشتمانپەروەرانە بوون، بەشی زۆری حەیرانەکان و گۆرانییەکانیش هۆنینەوەی هەست و سۆزی خۆی بوون.
شارەزایی هونەرمەند سەید عەلی بە سەر حەیران دا تەنیا دەنگ هەڵبرین و گوتن نەبوو، بەڵکوو ناوبراو شارەزایەکی زۆری لە سەر پانتای جوغرافیای ناوچەی موکریان و هەر دوو بەشی باشوور و ڕۆژهەلاتی کوردستان و گوند و ئاوایی و شاخ و دەشت و کوێستانەکانی ناوچەکەدا هەبوو، هەر بۆیەش لە حەیرانەکانی دا وێرای پێهەڵاگووتن بە بەژن و باڵای نازدار حەیران و وەسفی سوارچاکی کوڕە حەیران، هاوکات باسی لە سرووشتی ڕەنگین و جوانی کوردستان کردووە و لە کاتی گووتن دا سەفەرێکی خۆش و بلاوێنی بە پێدەشت و دۆڵ و بنار و بەرزایی ناوچەدا پێدەکردی. حەیرانەکانی هەڵگری جوانی و ناسکی دڵدارەکان، بەسەرهاتی لێکدابرانی ئاشقانی بە یەک نەگەیشتوو و لاواندنەوەی سەربردەی دوور و درێژی سوارچاکی هەڵەنگوتووی مەیدانی ڕمبازێنی نێو داستانە حەماسەییەکان بوون.
هونەرمەند سەید عەلی لە ماوەی نزیک بە ٧٠ ساڵ کاری هونەری دا لەگەڵ زۆر هونەرمەندی بە ناوبانگ گۆرانی گوتووە، کە دیارترینیان هونەرمەندان، حەسەن زیرەک، ماملێ، عەلی خەندان، کەریم کابان و زۆرێکی دیکەی وەک نەمران قادر مامەندی و سمایل سەردەشتین، لە ماوەی کاری هونەری دا لە هەزاران کۆڕ و شایی و زەماوەند و دانیشتنی هونەری دا بەشداری کردووە و بە سەدان بەند و گۆرانی و حەیران و بەیتی دوور و درێژی گوتوون، ئەوەی کاک سەید عەلی لە هونەرمەندانی دیکە جیا دەکاتەوە ئەوەیە کە سەری بە سەر کاغەز و لاپەرەی نووسراوە دا نەگرتووە و لە ناخی دڵیەوە، بە لێزانی و زاڵبوون بە سەر وشەی پاراوی کوردیدا ، خۆڕسک و خۆماڵیانە و زۆریش وەستایانە وەک خشتی دیوارێک، بەندەکانی بە ڕێک و پێکی لە سەر یەکی داناون و کردوونی بە شاکاری گۆرانی ڕەسەنی کوردی. لە دەربرینی وشە و هەست و سۆزی نێوان کوڕ و کچ و ژن و پیاو دا ترسی لە هیچ کەس نەبووە، هەر بۆیە وێرای ڕێز گرتن لە بەشدارانی کۆڕە هونەرییەکانی، لە ئاست جوانی ژن و کەزیە و سینگ و مەمی ژن دا گەلێک بەندی جوانی گوتوون کە ئێستاش بەندبێژانی گەنجی تازە پێگەیشتووە خەریکی گووتنەوەی ئەو شاکارە هونەرییانەی کاک سەید عەلی سەردەشتین.
ئەگەر لە کۆمەڵگەی ئێمەدا باسکردن لە بەرۆک و سینگ و مەم ، لە بەلەک و کەزیە و پرچی ژن، لە ڕووخسار و سیما ، لە لێوی ئاڵ و قەیتانی، لە چاوی بە خومار و لە کۆڵمەی سوور و گەردنی زەردی ژن بڤە و لۆمەیە، ئەوە لە داڕشتنی بەندەکانی کاک سەید عەلی دا وێرای ڕازاندنەوە و جوان داڕشتنیان لە گووتن دا، هاوکات جوانییەکی دیکەی بە بەژن و باڵای ژن داوە و بۆتە وێردی سەر زمانی گشت توێژەکانی کۆمەڵگەی کوردەواری و بە پیر و گەنج و ژن و پیاو و کوڕ و کچ، گەڕی شایی و ڕەشبەڵەکی پێدەگرن و پێی هەڵدەپەرن و دەیڵێنەوە.
ئەگەرچی گۆرانییەکانی یەکجار زۆرن و ناتوانین گوڵبژێریان بکەین بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەکرێ تەنیا وەک ئاماژە چەند گۆرانییەک هەڵببژێرین.
گۆرانییەکانی “زبێدە، زولێخا، هاجەرێ، ئامێنێ و پەروین” کە هەر هەموویان لە وەسفی جوانی کیژانی گەڕی شایی و زەماوەند بە حازربێژی گوتوونی.
لە وەسفی بەهاری کوردەواری دا گۆرانی “مزگێنی بێ بەهارە”، شاکارێکی هونەریی پڕ لە جوانی کوردستانە کە لەودا قاسپەی کەو و جریوی بولبول و بۆن و بەرامەی گوڵ و گیای کوردستان دەکاتە سوژەی گۆرانی و لە گەردنی یاری دائاڵێنێ.
لە بە ناموراد گەیشتنی خۆی و دڵدار دا ، گۆرانی “ئەمشەو خەونێکم دیوە” وەک داڕشتنێکی تەواو پڕ لە جوانی و لە کولتور و لە هەڵسوکەوتی دادەڕێژێ و وێرای جوان داڕشتنی بۆ مەرامی خەونەکەی دەچێتە خزمەت چاو هەڵو و خەونەکەی بۆ دەگێڕێتەوە بە ڕاستی و بە بێ درۆ، هەر بۆیەش چاو هەڵۆ کە یاری جوانییەتی لە خەونەکەی دا دەڵێ: وەڵلاهی ئەمنیش ئەو خەونەم دیوە ئەو شەو.
دیارە کۆمەلێک گۆرانی ڕەسەن و جوانی کوردی دیکەی وەک ” لادە تو خوا لادە بۆ ماڵی ئێمە ، دابێنە دەی ، ئارامی دڵانم ، بەناز دەڕوا پەروین ، جەرگت بڕیم هاجەرێ ، ڕێگام کوێستانە ، دووری تۆ”، هەن کە کاتی خۆی بە تەپڵ و توزەلە و یا نایە گوتراون و بە بێ ئەوەی لە ستۆدیۆ تۆمار کرابن بوونە یادگاری هەمیشەیی و تا ئەبەد دەمێننەوە و دواتریش کە ئامێری کارەبایی هاتوون بەشێک لە گۆرانییەکانی گوتوونەوە و یا بڵێین نوێ کردوونەوە.
بەیتی “ئاسۆس، ئاشی ڕەبەت ، عیسا و مووسا” و چەندین بەیتی دیکە دارێژراو و بەرهەمی هونەرمەند سەید عەلی سەردەشتین کە هەر کام لەو بەیتانە سەربردەی تایبەت بە خۆیان هەیە و دەکرێ وەک سوژەی فیلم لە داهاتووشدا کاریان لە سەر بکرێ.
گۆرانییەکانی هونەرمەند سەید عەلی بوونە گۆرانی و موڵکی گشتی و گەلێک گۆرانیبێژ و بەند بێژ گۆرانییەکانیان گوتوونەوە، هونەرمەندانی نەمر قادر مامەندی، سمایل سەردەشتی، توانیوویانە تا ڕادەیەک بە ڕێچکەی بەڕێزیان دا بڕۆن و ئێستاش هەندیک لە گۆرانیبێژانی دیکەی کورد لە سەر ڕێچکەی نەمر کاک سەید عەلی گۆرانی دەڵێن.
هونەرمەند سەید عەلی تا کۆتایی تەمەن و لە زۆربەی دانیشتن و دەرکەوتنەکانی دا لە خۆشی و شادی خەڵکدا، وەک مرۆڤێکی خاوەن کەسایەتی بەرز دەرکەوت و لە دانیشتنەکانی دا بە شانازییەوە باسی لە هونەر و لە هاوڕێ و هاوکارەکانی کردووە و هانی گەنج و لاوانی داوە کە ڕێگەی هونەر و موزیکی کوردی درێژە پێبدەن و بە سەدان کەسی لە سەر دەستی خۆی و بە ڕێنوێنی خۆی فێری گۆرانی و بەند کردوون ، بێشک خزمەتەکانی چ لە بواری هونەری و چ لە بواری پاراستنی کولتوری ڕەسەنی کوردی و وشەی جوان و نیشتمانپەروەرانە دا هەردەم بە زیندوویی دەمێننەوە و بە گشتی گۆرانی و بەند و حەیرانەکانی بۆ هەتا هەتایە و سینگ بە سینگ دەگوترێنەوە.
لە کۆتایی دا هیوادارم کە لایەنگران و ئەویندارانی دەنگی هونەرمەند سەید عەلی سەردەشتی و دڵسۆزان بتوانن گۆرانی و حەیرانەکانی کە ئێستا لە توێی چەند کتێبێک دا بە هیممەتی کاک ڕەحیمی کوڕی کۆکراونەوە بپارێزن و بەم چەشنە ڕێز لە خزمەتە هونەرییەکانی بگرن و خوازیارانی هونەری میللی کەڵک لە بەند و گۆرانی و شێعر و دەنگی وەر بگرن.
لە دوایین دێرم دا ، بە بۆنەی کۆچی دوایی ئەو هونەرمەندە نەمرەی گەلەکەمان سەرەخۆشی لە ئەندامانی بەریزی بنەماڵەکەی، لە کوڕ و کچ و نەوە و زاواکانی و لە ئەویندارانی دەنگی هونەرمەند سەید عەلی و گشت هونەرمەندانی کوردستان و خەڵکی ناوچەی سەردەشت و دەوروبەری و کوردستان بە گشتی دەکەم و خۆم بە شەریکی خەمی لە دەستدانی ئەو مەزنە هونەرمەندەی کورد و کوردستان دەزانم.
رووحی شاد و جێگای بەهەشتی بەرین بێ و یاد و ناوی لە دڵان دا هەردەم زیندوو بێ.
حەمەرەسووڵ کەریمی، ماڵپەڕی گیاڕەنگ
١١ ـ ٠٤ ـ ٢٠٢٥ی زائینی
****
پێشمەرگەکان: بەداخەوە کاک سەید عەلی سەردەشتی، مامۆستای بەیت و مەقام و گۆرانی ڕەسەنی کوردی، کەسێکی بە توانا، خزمەتێکی گەورەی بە گۆرانی و بەیتی کوردی کردووە و کەسێکی ناسراو و خۆشەویستی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بووکۆچی دوایی کرد.
ڕوحی کاک سەید شاد و بە هیوای سێبووری بۆ بنەماڵەی بەڕێزی و ئەوینداران و لایەنگرانی هونەری ڕەسەنی کوردی، سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەس و کاریان دەکەین.
***
سەرلەبەیانی رۆژی پێنجشەممە رێکەوتی 10-04-2025 ، ماموستا سەید عەلی سەردەشتی لەولاتی سوێد مالئاوایی لە ژیان کرد و کۆری خزم و لایەنگر و ئازیزانی بە جێ هێشت.
لە گۆڕستانی خوارەوە لە نێو ئاپۆڕای خزم و دۆستانی و کوردانی سوید بە خاک سپێڕدرا و پرسەکەشی تا 6ی ئێوارێ بەردەوام بوو.
17-04-2025
Kl 12:00 S:t Eskils kyrkogård
Åsbyvägen، Eskilstuna
کۆڕی پرسە و سەرەخۆشی
Kl 14:00 – 18:00
Paradise restaurant
Hejargatan 17