Hoppa till innehåll

 ”یەکریزی و یەک هەڵوێستی” زامنی سەرکەوتنە، عوسمان کەوکەبی شاد

کوردانی رۆژئاوایی کوردستان ئیدارەی خۆبەرێوەبەریان بە ناوی ”ئیدارەی دێموکراتی ئۆتۆنۆمی رۆژئاوای کووردستان”  لە ساڵی ٢٠١٣ دامەزراند.

هەروەها نوێنەرانی کورد، ئاشوری و عەرب و کەمینەکانی تر لەو ئیدارەیەدا بەشدارن.  لە رۆژئاوای کوردستان چەندین حیزبی سیاسی هەیە و چالاکی سیاسی بە گوێرەی پەیرە و پرۆگرامی خۆیان دەکەن.

گەلی کورد رۆژئاوای کوردستان، زۆر بە پەرۆش بوون بۆ یەکدەنگی و یەکیەتی حیزبەکان بۆ وەدستهێنانی مافی رەوایان. سەکردەکانی رۆژئاوای چەندین جار سەردانی حکومەتی هەرێمی باشوری کوردستان و چاوپێکەوتنیان لە گەڵ سەرۆکی حیزبەکان پێکهێنا. ئەو چاوپێکەتنانەیان لە گەڵ سەرکردەکانی باشوری کوردستان جێی دڵخۆشی هەموو گەلی کورد بوو و کە چارەیەک بۆ یەکدەنگی کوردی رۆژئاوای کوردستان بدۆزنەوە. بۆ ئەوەی بە یەکدەنگی و یەکگرتوی شاندی دانوساندن پێک بێنن بۆ سەردانی دەمشق و لە گەڵ حکومەتی کار بەرێکەری سوریا و سەرۆککۆماری نوێی سوریا ” ئەحمەد شەرع” گفتگۆ بکەن.

لە رۆژی شەممە و رێکەوتی ٢٦/٤/٢٠٢٥ لە شاری قامیشلو پایتەختی رۆژئاوای کوردستان کۆنفراسێک لە ژێر ناوی ” یەکریزی و یەک هەڵوێستی کورد” بەڕیوە چوو. لەو کۆنفرانسەدا زیاتر لە ٤٠٠ نوێنەری حیزب و لایەنی سیاسی و کەسایەتی ناسراو و بە ئەزمون بەشدار بوون. لە سەرەتای دەستپێکی کۆنفراسەکەدابەرێز مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دێموکرات (حەسەدە) وتاری پێشکەش کرد. هەروەها حیزبەکانی تری رۆژئاوا وتاریان پێشکەش کرد. پەیام و وتاری سەرکردە و حیزبەکانی باکوری کوردستان و باشوری کوردستان خوێندرایەوە. وتاری سەرۆک مەسعود بارزانی پێشکەشی ئامادە بووان کرا.

ئەو کۆنفرانسە بە راستی جێگای دڵخۆشی گەلی کوردستان بە گشتی و رۆژائاوای کوردستان بە تایبەتی بوو. کۆنفرانسەکە هەڵوێست و هەنگاوێکی مێژووییە و نەتەوەیە بۆ بەهێز کردنی کورد. بە یەکگرتوی و یەکدەنگی دەتوانن چارەسەرێکی دادپەوەرانە بۆ پرس و داواکانی کورد بدۆزنەوە. بەو یەکریزیە دەتوانرێ مافەکانی کورد لە دەستوری نوێی سوریا بچەسپێنرێ.

ئەوەی کە زۆر جێگای دڵخۆشکەرە، لە کۆتایی کۆنفراسەکەدا بریار درا، کە لە هەموو حیزب و رێکخراوەکانی رۆژئاوای کوردستان شاندی دانوساندن بۆ دیالۆگ لە حکومەتی نوێی سوریا پێکبێنن. شاندی دانوساندن نوێنەرایەتی هەموو پارت و حیزب و لایەنەکانی سیاسی رۆژئاوای کورد دەکات و جێگای بڕوای هەمووانە. بەو شێوە کورد پێگەی خۆی لە دانوساندن لە گەڵ حکومەتی سوریا بە هێز دەکات. هەموو تاکی نیشتمانەپەوەری کورد هیواخوازە کە کوردانی رۆژئاوای کوردستانە بە ئاوات و ئامانجی مافی رەوای خۆیان بگەن.

ئەو کۆنفراسەی نیشتمانی کورد لە رۆژئاوای کوردستان لە ژێر ناوی ” یەکریزی و یەک هەڵوێست”  هیوادارم ببێتە ئەزمون و رێنوێنیەک بۆ پارچەکانی تری کوردستان. کورد تەنیا بە یەکریزی و یەکگرتوی و یەک دەنگی و یەک هەوڵوێستی بە مافەکانی نەتەوەی خۆی دەگات. ئەو یەک ریزیە و یەک هەڵوێستی کورد لە رۆژئاوای کوردستان لە هە موو گەلی کورد پیرۆز بێت و هیوادارم کە مافی رەوای خۆیان بگەن.

عوسمان کەوکەبی شاد

لە شاری هامار، ولاتی نۆرویژ