پارتی کریكارانی کوردستان (پەکەکە) لە رێکەوتی ٢٧/١١/١٩٧٨ بە ئامادە بوونی ٢٣ ئەندام دامەزرا. لە سەر بناغە و ئایدۆلۆجی ”مارکسیست، لێنینیست” دامەزرا. لە سەرتادا تەنیا چالاکی سیاسی دەکرد. بەڵام لە ساڵی ١٩٨٤ دەستیان بە شەری چەکداری و پارتیزانی کرد.
لە پێشدا ئامانجیان ئەوە بوو، کە هەر چوار پارچەی داگیرکراوی کوردستان ئازاد بکەن و حکومەتێکی سەربەخۆی کوردستان پێکبێنن. لە ساڵی ٢٠٠٣ جیهان و رۆژهەڵاتی ناوەراست گۆرانکاری بە خۆیەوە بینی و هەر بۆیە دروشمیان گۆری بۆ ”کۆنفیدرالیزمی دێموکراتی” بۆ باکوری کوردستان لە ناو چوارچێوەی سنوری حکومەتی تورکیادا. ماوەی ٤١ ساڵە لە نێوان رژێمی تورکیا و (پەکەکە) شەر و پێکدادان هەیە. هەتا ئێستا بە هۆی شەری نێوان حکومەتی تورکیا و (پەکەکە) بە هەزاران کەس گیانی لە دەست داوە و بە هەزارن گوند وێران و چۆلکران و دانیشتوانی ئاوارەی ناوچەکانی تری کوردستان بوون.
دەستگیرکردنی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، لە ساڵی ١٩٩٩ لە لایەن دەزگای هەواڵگری تورکیا (میت) بە هاوکاری دەزگای هەواڵگری ئەمریکا بەڕێوە چوو. عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە شاری ”نایرۆبی” لە وڵاتی ”کینیا” دەستگیر کرا. بە فرۆکەی هێنرایەوە تورکیا و لە دوورگەری ”ئیمراڵی” لە دەریای ”مەرمەر” زیندانی کرا. ئەو زیندانی هەتاهەتایی لە دادگای تورکیا بۆ برایەوە. ماوەی ٢٦ ساڵە لە ناو چوار چێوەی دیوارەکانی بەرزی زیندان دایە.
نامەی بانگەوازی ئاشتی لە لایەن رێبەری پارتی کرێکارانی کوردستان ”عەبدوڵڵا ئۆجەڵان” تیشکێکی نوێ دەخاتە نێوان باکوری کوردستان و حکومەتی تورکیا. رێبەری بەندکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان دەتوانی هیوای ئاشتی لە نێوان کورد و حکومەتی تورکیا دا دروست بکات. بۆ مەبەستی ئاشتی شاندی دانوساندن ئیمرالی لە ناو ئەندامانی” پارتی یەکسانی و دێموکراتی گەلان” (دەم) دامەزرا. ئەندامانی شاندی دانوساندنی ئیمراڵی بریتی بوون لە، ئەحمەد تورک، سری سورەیا ئۆندەر، پەروین بۆلدان، تونجەر باقرخان، حاتیم ئۆغلاری، فایق ئۆزگور ئەرۆڵ و جەنگیز چیچەک. لە رێکەوتی٢٧/٢/٢٠٢٥ دا نامەی بانگەوازی ئاشتی عەبدوڵڵا ئۆجەلان بە ناوی ”بانگەواز بۆ ئاشتی و کۆمەڵگای دێموکراتی” لە کۆنفراسی رۆژنامەوان و تەلەفیزیۆنەکان لە لایەن شاندی دانوساندنی ئیمرالی خوێندرایەوە. عەبدوڵڵا ئۆجەڵان پێشناری دیالۆگو و گفتوگۆ بۆ دێموکراتی و ئاشتی لە نێوان (پەکەکە) و حکومەتی تورکیا دەکات. دەیهەوێ کێشەی نێوان کورد و تورک بە ئاشتی و دیالۆگ چارەسەر بکرێ. بۆ چارەسەری ئاشتیانە، عەبدوڵڵا ئۆجەلان داوا دەکات، پارتی کرێکارانی کوردستان کۆنفراسێک بگرن و لەو کۆنفرانسەدا بریار بدا بۆ چەک دانان و هەڵوەشاندنەوەی (پەکەکە).
شاندی دانوساندنی ئیمرالی. وێنەی سەرۆکی پارتی کرێکارانی کوردستان، عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە گەڵ شاندەکە دایە و نامەی بانگەوازی ئاشتی بە دەستەوەیە.
دوایی خوێندنەوی پەیامی ئاشتی شەری چەکداری لە نێوان (پەکەکە) و حکومەتی تورکیا هەر بەردەوامە. تورکیا بە فرۆکە و درۆنی سەربازی هێرشەکانی خۆی بۆ قەندیل و بنکە و بارەگاکانی پەکەکە نەوەستاندوە. تورکیا داوای چەک دانانی پەکەکە بێ مەرج دەکات. ئەوە رێگای چارەسەری ئاشتی دژوارتر کردووە. واباشە کە تورکیا شەر لە دژی پەکەکە بوەستێنێ و کەش و هیوایەکی گونجاو بۆ پێکێنانی کۆنفراسی پەکەکە خۆش بکات، هەتا ئەوان بتوانن بریاری خۆیان بدان. ئێستا تۆپی ئاشتی لە لایەن تورکیایە و دەبێ حکومەت بۆ چارەسەری ئاشتی بریاری خۆی بدات و شەر بە دژی پەکەکە رابگریت. پەکەکە ٤١ ساڵە خەباتی چەکداری دەکات و ئەوەندە ئاسان نیە، کە چەک دابنێن. دەبێ یاسای بنەرەتی تورکیا هەموار بکرێتەوە و مافی کوردی تێدا بچەسپێنرێ. هەروەها هەڵوەشانەوەی پارتی کرێکارانی کوردستان، دوای ٤٧ ساڵ خەبات و شۆرش و تێکۆشان بەرپرسایەتی و ئەرکێکی زۆر سەختە. ئەو پرۆسێسە کات و کۆبوونەوە و دانوساندنی زۆری دەوێت.
لە کاتی نووسینی ئەو وتارم، بە داخەوە لەو تەلەفیزیۆن و تورە کۆمەڵایەتیەکاندا هەواڵی کۆچی دوایی یەكێک لە ئەندامانی شاندی دانوساندنی ئیمرالیم بیست. سری سورەیا ئۆندەر لە پارێزگای سەمسوری باکوری کوردستان لە ناو خێزانێکی تورکەمان لە ساڵی ١٩٦٢ دایک بووە. سری سورەیا ئۆندەر یەكێک لە ئەندامانی شاندی دانوساندنی ئیمرالی و جێگیری سەرۆکی پارلەمانی تورکیا بوو. لە رێکەوتی ٣/٥/٢٠٢٥ پاش مانەوەی چەندین رۆژ لە نەخۆشخانە لە تەمەنی ٦٣ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد. ئاڵای ئاشتی هەڵکرد بوو، زۆر تێکۆشا بۆ ئاشتی لە نێوان حکومەتی تورکیا و حیزبی کریکارانی کوردستان و باکوری کوردستان. بەڵام زۆر بە داخەوە بەرهەمی تێکۆشان و خەباتی ئاشتیخوازنەی خۆی نەدی و بە یەکجار سەری نایەوە. روحی شاد و سەرەخۆشی لە کەس و کاری دەکەم.
نوسینی: عوسمان کەوکەبیشاد
شاری هامار/ وڵاتی نۆرویژ