خەم و ئازارەکانی دنیای کوردبوون وەک دووکەڵێکی لوولخواردووی ئاگرێکی کڵپەگرتوو بێ بڕانەوە بەرەو ئاسمانی بەرین هەڵدەکێشێ و هەر شەپۆل دەدات..
خەم لە دووی خەم وەک ئەڵقەبەندی زنجیرێکی لە ئێش و ئازار هۆنراوە نابڕێنەوە..چرکەساتێک تێپەڕناپەڕێ هەواڵێکی ناخۆش هوروژم نەهێنێت ، لەیەکێ رزگارت نەبووە، دووی تر ئەملاولات لێ دەگرن، خۆت بێدەنگ دەکەیت، بە زۆر ئێخەت پێدەگرن.. ئێ ئەم مۆبایلە نەفرەتییەی سیخناخ بە هەواڵی ناخۆش و پڕوپووچی رۆژگار کراوە و شەووڕۆژی ٢٠ دەمژمێر وا بەدەستمانەوە و لێناگەڕێ مرۆڤ لە سروشتە جوانەکەی خۆیدا هەڵسوکەوت بکات و چێژ لە ژیانێکی ئاسایی وەرگرێ .
ماڵی گەشەی تەکنەلۆژیاش بە تاسێ قوڕی ڕەش بگیرێ،. ئەمیش کارەسات هێنەرە.. ئێ خۆ تۆڕە کۆمەڵاتییەکانیش وەک تەونی جاڵجاڵۆکە وان کە پێوەیان دەبیت، ئیدی قوتاربوون نیمچە مەحاڵە..هەموو رۆحی مرۆڤ داماڵەخاس دەکەن و دۆزەخێکی بۆ دادەنێن..
دوا هەواڵێ کە دوێنێ هاوبیر حەمەهێمن پێی راگەیاندم و بە رۆحمدا چزا، مەرگی هاوبیرێکی تری کوردایەتی بوو.. بۆ من و تۆ مردن و ماڵئاوایی ناوەخت و دڵتەزێن یەکێکە لەو هەواڵانەی ئازار و ژانی بەسوێترە لە رووداوەکانی تر!..
لەئێستادا ئازار و ژانی کوژران و مردن بۆتە کوانووی داگیرساوی ناو رۆح و دڵی من، هەرچی دەکەم بۆم ناکوژێتەوە و پێم خامۆش نابێت.. ئا لەم چرساتەدا و لە هیکڕا هەواڵی مەرگی ناوادەی برا و هاوبیرێکی هێژا و ئازیزم ساماڵ ناسراو بە (ڕێباز)، نێڵەی دایەوە بە گڕی تەنووری داگیرساوی هەناوم..
مەرگی هاوبیر ڕێباز وەک بروسکەیەک لەیەک چاوتروکاندا گێڕامییەوە بۆ سەرەتای هەشتاکانی سەدەی رابردوو!.. هەروا چەند ساڵێک دەبوو خۆم لەریزەکانی پارتی سۆسیالیستی کورد (پاسۆک)دا بینیبووەوە.. لە شانەیەکدا کارم دەکرد بەناوی (ئاوباریک) ..بەپێی دەرفەتی گونجاو کۆبوونەمان دەکرد و چالاکی جۆراوجۆریش ئەنجام دەدرا..
رۆژێک هاوبیر حەمەیادگار وتی: دانیشتنی ئەمجارە کەسانی نوێش دێن. باش لەبیرم نەماوە کۆبوونەوەکە لە ماڵی خۆیان یان لە ماڵی هاوبیری گیانبەختکردوو بارزان ناسراو بە کوردە بوو ..لە کاتی دیاریکراودا چووم! بەروودوا هاوبیرانی تریش هاتن.. لەنێویاندا یەکێکی باڵا بەرزی شمشاڵی رێک و پێکی قژ پڕی قەترانی چاوگەورە هات و بەناوی ڕێباز خۆی ناساندن..
دانیشتنەکە گەرم بوو بە باسی جۆراوجۆڕیش ئاخنرا..کاتێ قسەکردن گەیشتە لای ڕێباز، زۆر لەسەرخۆ، بە ئەدەبێکی بەرزەوە سەری بەسەر کۆشیدا شۆڕکردبووە، بە زمانێکی شیرین و نەرم دەدوا.. تۆنی قسە و شێوازی دەربڕین و کرۆک و ناوەڕۆکی باسەکانی کوالیتێتێکی تریان هەبوو.. هەر زوو هەستت دەکرد، ئەم قسانە جیاوازترن و لە زاخاوی فکر هەڵکێشراون و باسەکانی کە پێشکەشی دەکرد رەهەندی رۆشنبیرییەکی باش و قوڵیان پێوە دیار بوو.. دەردەکەوێ کە رێبازیش کەسێکی خاوەن ئەزموون و بە ئاگایە و پاشخانێکی دەوڵەمەندی لە ژیانی حیزبایەتی و بەرنامە و
رێبازی پاسۆک دا هەیە..
خۆشییەکی گەورەم پێ بڕا.. ئەگەر دروست لە یادم بێ بە باسکردن یاخود پرسیارکردن بەشداریم کرد و رووی قسانیشم لەو بوو.. ئەو هاتە وەڵام و بەم نموونەیە کە ئێستاش لە بیرمە و بەکاری دێنم وتی: هاوبیر سوپاس بۆ بەشداریت، با بە نموونەیەک باس لە بیری نەتەوەیی و خۆشەویستی نیشتمان بکەین.. بیهێنە بەرچاوت بازنەیەکمان هەیە!.. ئەگەر بمانەوێ تیرەی بۆ بکێشین دەبێ لە چەقەوە دەست پێ بکەین.. واتە خۆشەویستی جیهان و مرۆڤایەتی لە وڵاتی خۆتەوە دەست پێدەکات و چەق خاڵی دەرچوونە بۆ دەرەوەی بازنە.. دەتوانم بڵێم تا ئەوکاتە هاوبیرێکی تری پاسۆکم نەدیبوو لە رێباز بەتواناتر بێت.. دڵم خۆش بوو بەم ناسین و دەستکەوتە.. رێکەوت وا بوو بەهەمووی ٢-٣ جار بەشداری کرد لە گەڵماندا و وەک مامۆستایەکی رابەری سیاسی تەماشام دەکرد..دواتر لەیەکتر دابڕاین و رێکەوت وابوو تەنیا جارێکی تر بینیمەوە.. بەڵام لە دوورەوە هەواڵم هەر دەزانی!!.
دەزگەی راگەیاندنی پاسۆک نامیلکەیەکی بۆ بڵاوکردەوە بە ناوی (( تیشکێ لەسەر جەنگی دەروونی لە کوردستان)).. زوو وەرمگرتوو و بە وردی خوێندمەوە.. بابەتێکی هەستیار و گرنگی خستۆتە بەردەست هاوبیران و خوێنەری کورد!..زۆر ورد و بابەتی و شارەزایانە تاوتوێی بابەتەکەی کردووە.تیشکی خستۆتە سەر گرنگی جەنگی دەروونی و مەترسییەکانی.. هەروەها شەنوکەوی ئەو شێوازانەی شەڕی دەروونی پێ ئەنجام دراوە،کە داگیرکەرانی کوردستان دەرهەق بە نەتەوەی داگیرکراو و دابەشکراوی کورد پەنای بۆ دەبەن و بەکاری دێنن..
{ گەلی کورد و ئەو جەنگە دەروونییەی کە زۆر بە توندی و دڕندانە شان بە شانی جەنگی مادی بەکارهێنرا دژی گەورەترین و زەوترین نموونەی ئەم سەردەمەیە. چوونکە هەموو ژەهرێکی تێکدەر و لە خشتەبەری ئەو جەنگە دەروونییانەی کە دژی کورد بەکارهێنراون بۆ ماوەیەکی درێژخایەن کاری ژەهراوی خۆیان دەکەن.ل ٤}.
دیارە جەنگی دەروونی لە بنەڕەتدا بۆ خوڵقاندنی گێژاوی فکریی و شێواندنی راستییەکان و بێباوەڕکردنی تاکە بە خۆی و بەنەتەوە و بە فەرهەنگ و بە کولتوور و بە بزاڤ و بەراپەڕین و سەرکردەی نەتەوەی خۆت .. تێکشکاندنی دەروونی و لاوازکردنی ویست و ئیرادە و ورە و گیانی شۆڕشگێریی و بەرگری و کوردایەتییە. هەڵبەت مەترسییەکانی لە جەنگی تانک و تۆپ زیاتر نەبێ کەمتر نییە. چونکە مرۆڤی رووخا و بێ وردە، باشترین چەکیش پێ بێت ناتوانێ ئاسانترین شەڕی پێویستی پێ بکات!.
هاوکات بە چەند خاڵێک باس لەو بوارانە دەکات [[سیاسی و رۆشنبیریی و کۆمەڵایەتی]] کە داگیرکەران شەڕی دەروونییان تێدا پێڕەو کردووە و دەکەن و ئینجا ئامانجیان چییە لەم شەڕە؟!. پانۆڕامایەکی گرنگی دەوڵەمەند بە نموونە دەخاتە بەر باس و شرۆڤە.. لە هەموووشی گرنگتر وەک پزیشکێکی شارەزا و کارامە بە چەند پێشنیازێک لەوانە : {{ دامەزراندنی دەزگایەکی نەتەوەیی، هوشیارکردنەوەی خەڵک، رێکەوتن و یەکێتی پارتە کوردییەکان، بەلاداخستنی کێشەکانی ناوخۆ، هەست کردن بە لێپرساوێتی و نەگواستنەوەی هیچ هەواڵ و دەنگوباسێکی ژەهراوی ناو کۆمەڵ}} ل ٤٥-٤٦ .لە هێڵە گشتییەکانی چارەسەر بە درێژی و وردی و زرنگانە دەخاتە بەردەست..هەوڵ و ئامانجەکەش بۆ تێهێنانەوەی باوەڕبەخۆبوون و هەڵچنینەوەی شکۆی بونیاتی کەسایەتی کوردی و خۆڕاگرییە لە جەنگی نادادپەروەرانەی داگیرکەر دژ بە کورد..
{ له بەر ئەوەى كورد به درێژایی مێژوو له شەڕدا بووه بۆ بەرنگاربوونەوەی داگيركەرانی تەماعکەر له كوردستان و هەرگیز خاوەنی دەزگایەک نەبووە بۆ بەتاڵکردنەوە و بە درۆخستنەوە و لێکۆڵینەوە لەو جەنگە دەروونییەی کە دژی دەکرێ خاوەنی هاوڕێش نەبووە تا لەم بوارەدا یارمەتی بدرێ و کاریگەریی ئەم جەنگە دەروونییانەی دوژمنانی بۆیە ئەو تێک ئاڵاوییە فیکری و رۆشنبریی و کۆمەڵایەتییەی کە لە کوردستاندا بەدی دەکرێ لە هیچ شوێنێکی دی ئەم جیهانەدا بەدی ناکرێ و هەر ژەهری فیکری و رۆشنبیریی بووە و لەلاتەن داگیرکەرانەوە رژێنراوە و کاری تێکدەر و لە خشتەبەری خۆی کردووە. ل ٥}
لەسەر ئەم باسانە و فاکتە گرنگەکانی جەنگی دەروونی شیکردنەوە و شرۆڤەی لۆژیکانە دەڕوات . بەداخەوە ئەم لایەنە گرنگە کە پێکهاتەیەکی گرنگە لە ستراتیژی ئاسایشی نەتەوەییی، ئاوڕی پێویستی لێ نەدراوەتەوە.
ماوەتەوە بڵێم هاوبیر ڕێباز پەروەردەی باوەشی بنەماڵەیەکی دیار و کوردپەروەری شاری سلێمانییە و بە گیان و باوەڕی کوردایەتی گۆشت کراوە و ئەویش وەک ئەمەکێک توانی مەڵۆیەکی زێرین بخات خەرمانی بنەماڵەکەیان و مێژووی پاسۆک و کوردایەتی..
ئینجا بۆ ئەم مەرگە و لەدەستدانی هاوبیرێکی تری کاروانی سەختی کوردایەتی، لە منەوە چەند دڵۆپە فرمسکێکی وشک و ئاخ و حەسرەتی دڵێکی گوشراو و دوور لە کەسوکار و هاوبیران کە ئیمڕۆ-٢٠٢٥/٥/١٥-پرسەی لە مزگەوتی قازی محەمەد لە سلێمانی بۆ دادەنێن. سوپاس بۆ یەکبەیەکیان!! و هەڵبژاردنی ئەو ناوە پیرۆزەی قازی محەمەدی پێشەوا و سەرۆکی کۆماری کوردستان ، کە خەونە گەورەکە و هەرە باڵاکەی هاوبیر رێباز بوو.
ڕێباز.. وەک شاگردێکی بە ئەمەکی پێشەوا قازی و رێبازی پیرۆزی کوردایەتی و پێشمەرگە و هاوبیری پاسۆک و رۆڵەکی بە ئەمەک و دڵسۆزی نەتەوەکەی، بەوپەڕی شایستەیی و شکۆمەندییەوە دەبێتەوە میوانی هەمیشەیی خاک و خۆڵی پیرۆزی نیشتمان ..
هاوبیرە هێژا و پڕ لە مۆڕاڵ و دڵسۆز و خۆشەویست و ئازیزەکەمان.. ئەی هاوبیرە کوردپەروەر و عاشقەکەی کوردایەتی و کوردستان.. گیانت شاد و ئیتر بنوو بە ئارامی.. پەرواز بە بۆ لای هاوبیرانی دیکە و چاکی کوردایەتی لێ بەلادا بکەرەوە و کۆڕی خەبات بۆ (کوردستانێکی ئازاد و گەلێکی یەکسان) گەرم بکەنەوە…
گڵکۆت پڕ لە رووناکی چرا و گوڵزاری تەڕەریحان و نێرگز بێت .
لەگەڵ کامەران موکری دا دەڵێم:
ئەگەر ئەندازەی ژیان و تەمەن
تێکۆشان بوایە بۆ خاکی وەتەن
ئاخۆ تەمەنی کام دڵسۆزی کورد
لە چوار پێنج ساڵی تێپەڕی دەکرد
هەڵۆ بەرزنجەیی٢٠٢٥/٥/١٥