سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکان، دۆناڵد ترەمپ، لە وتارێکدا کە لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ”ترووس سۆشیاڵ” (Truth Social) بڵاوی کردەوە، شەڕی دژی ئێرانی ڕاگەیاند. دەقی تەواوی وتەکان بەم شێوەیەی خوارەوەیە:

ئامانجی ئێمە پاراستنی گەلی ئەمریکایە، لە ڕێگەی بەئامانجگرتنی ڕژێمی ئێران؛ ئەو تاقمە ڕەشکار و مەترسیدارەی کە ساڵانێکی زۆرە خەریکی تاوانن.
کردەوە هەڕەشەئامێزەکانی ئ ڕژێمی ئێران ، ڕاستەوخۆ ویلایەتە یەکگرتووەکان، هێزەکانمان، بنکە سەربازییەکانمان لە دەرەوەی وڵات و هاوپەیمانەکانمان لە سەرتاسەری جیهان دەخاتە مەترسییەوە. بۆ ماوەی ٤٧ ساڵە، ڕژێمی ئێران دروشمی ”مەرگ بۆ ئەمریکا” دەڵێتەوە و کارزارێکی بێکۆتایی لە خوێنڕێژی و کۆمەڵکوژی بەڕێوە دەبات، تەنیا بۆ ئەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکان، هێزەکانمان و خەڵکی بێتاوان لە زۆرێک لە وڵاتان بکاتە ئامانج.
یەکێک لە کارە هەرە سەرەتاییەکانی ئەم ڕژێمە، پشتگیریکردن بوو لە داگیرکردنی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە تاران، کە تێیدا چەندین هاووڵاتیی ئەمریکی بۆ ماوەی ٤٤٤ ڕۆژ بە بارمتە گیران. لە ساڵی ١٩٨٣دا، هێزە پاشکۆ و بەکرێگیراوەکانی ئێران بنکەی سەربازە دەریایییەکانی ئەمریکا (مارینز)یان لە بەیرووت تەقاندەوە، کە بووە هۆی کوژرانی ٢٤١ سەربازی ئەمریکی.
لە ساڵی ٢٠٠٠دا، ئەوان لە پشت هێرشکردنە سەر کەشتیی جەنگیی (USS Cole) بوون و چەندین کەسیان کوشت. هێزەکانی سەر بە ئێران لە عێراق، سەدان سەربازی ئەمریکییان کوشت، بریندار کرد و تەرمەکانیانیان شێواند. هێزە بەکرێگیراوەکانی ئەو ڕژێمە لە ساڵانی دواتردا، هێرشەکانیان بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە و هێڵە نێودەوڵەتییەکانی کەشتیوانی چڕتر کردەوە.
ئەم هەموو کارانە، تیرۆرن لە ئاستێکی گەورەدا و ئێمە چیتر چاوپۆشییان لێ ناکەین. لە لوبنانەوە تا یەمەن و لە سووریاوە تا عێراق، ئەم ڕژێمە تاقمە تیرۆریستییەکانی پەروەردە کردووە، مەشقی پێ کردوون و پارەیەکی زۆری بۆ ڕشتوون، کە بووەتە هۆی ئەوەی ناوچەکە پڕ بێت لە خوێن و تەرمی قوربانییان.
هەروەها تاقمە پاشکۆکانی ئێران، وەک حەماس، بوون کە هێرشە خوێناوییەکانی ٧ی ئۆکتۆبر یەکەمیان کردە سەر ئیسرائیل و زیاتر لە هەزار کەسی بێتاوانیان کوشت، کە ٤٦یان ئەمریکی بوون، جگە لەوەی ١٢ هاووڵاتیی ئێمەیان بە بارمتە گرت. ئەمە کردارێکی جەنگیی دڕندانە بوو؛ شتێک کە جیهان پێشتر وێنەی نەدیبوو.
ئێران گەورەترین دەوڵەتی پشتیوانیکاری تیرۆرە لە جیهاندا. لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا، هەزاران کەسی لە خەڵکی خۆی کوشتووە کە تەنیا داوای مافی خۆیان کردووە. سیاسەتی ویلایەتە یەکگرتووەکان، بەتایبەتی لە حکومەتەکەی مندا، هەمیشە ئەوە بووە کە ڕێگە نەدەین ئەم ڕژێمە تیرۆریستە دەستی بە چەکی ناوکی بگات. دووبارەی دەکەمەوە: ئەوان هەرگیز نابێت چەکی ناوکییان هەبێت.
بۆیە لە ئۆپەراسیۆنی ” «چەکوشی نیوەشەو»دا ”دا لە مانگی ژوئن ڕابردوو، ئێمە ژێرخانی بەرنامە ناوکییەکانی ئەو ڕژێمەمان لە (فۆردۆ، نەتەنز و ئەسفەهان) وێران کرد. دوای ئەو هێرشانە، ئاگادارمان کردنەوە کە چیتر هەوڵی بەدەستهێنانی چەکی ناوکی نەدەن. ئێمە هەوڵمان دا ڕێگەی دیپلۆماسی بگرینە بەر، بەڵام ئەوان تەنیا زمانی جەنگیان دەزانی.
ئێران هەموو بژاردەکانی بۆ گەیشتن بە ئاشتی ڕەت کردەوە. ئەوان بەردەوام بوون لە پەرەپێدانی مووشەکە دوورهاوێژەکانیان؛ ئەو مووشەکانەی کە ئێستا دەتوانن هەڕەشە لە هاوپەیمانەکانمان لە ئەورووپا، هێزەکانمان لە دەرەوە و تەنانەت خاکی ئەمریکاش بکەن. خەیاڵ بکەن ئەگەر ئەم ڕژێمە بێبەزەییە دەستی بە چەکی ناوکی بگەیشتایە، چ کارەساتێک ڕوویدەدا.
بۆ ئەم هۆکارانە، هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا ئۆپەراسیۆنێکی بەردەوامیان دەست پێ کردووە بۆ تێکشکاندنی ئەم دیکتاتۆرییەتە ڕەش و خراپەکارە، تاوەکوو ئاسایشی نەتەوەیی خۆمان بپارێزین. ئێمە کارگەکانی مووشەک سازی و بنکە سەربازییەکانیان بە خاک یەکسان دەکەین. ڕێگە نادەین هێزە بەکرێگیراوەکانیان ناوچەکە و جیهان ناسەقامگیر بکەن یان بە بۆمبەکانیان هاووڵاتییانی ئەمریکی بکوژن.
پەیامی ئێمە ڕوونە: ئێران هەرگیز نابێتە خاوەنی چەکی ناوکی. ئەم ڕژێمە زۆر زوو فێر دەبێت کە نابێت هێزی سەربازیی ئەمریکا تاقی بکاتەوە. من لە سەرەتای سەرۆکایەتیی خۆمەوە، هێزە سەربازییەکانمانم بە باشترین شێوە و بە نوێترین تەکنەلۆژیا سەرلەنوێ بونیاد ناوەتەوە.
لە ڕووی توانا و هێزەوە، هیچ سوپایەک لە جیهاندا شان لە شانی سوپای ئەمریکا نادات. حکومەتەکەی من هەموو هەوڵێکی دا بۆ ئەوەی مەترسی لەسەر سەربازەکانمان کەم بکاتەوە، بەڵام ڕژێمی ئێران سوور بوو لەسەر کوشتن. دەزانم لەم شەڕەدا ڕەنگە قوربانی بدەین، بەڵام ئەمە لەپێناو ئامانجێکی پیرۆز و داهاتوویەکی ئارامدایە.
ئێمە نزا بۆ سەربازەکانمان دەکەین کە بەوپەڕی ئازایەتییەوە ڕووبەڕووی مەترسییەکان دەبنەوە، بۆ ئەوەی منداڵەکانمان لە ژێر هەڕەشەی چەکی ناوکیی ئێراندا نەژین. داوا لە خودا دەکەین پارێزەری قارەمانەکانمان بێت. دڵنیام بە یارمەتیی خودا، ژنان و پیاوانی ناو سوپای ئێمە سەرکەوتوو دەبن.
بۆ ئەندامانی سوپای پاسداران و هێزە سەربازی و پۆلیسەکانی ئێران دەڵێم: ئەم شەو کاتی ئەوەیە چەکەکانتان دابنێن و چیتر بەرپرسیارێتیی تاوانەکانی ئەم ڕژێمە هەڵنەگرن. ئەگەر نا، ڕووبەڕووی مەرگێکی مسۆگەر دەبنەوە. یان دەست لە پشتیوانیی ئەم ڕژێمە هەڵدەگرن، یان لەناو دەچن.
لە کۆتاییدا، بۆ گەلی گەورە و سەربەرزی ئێران دەڵێم، ئەمشەو کاتی ئازادیی ئێوەیە. تکایە لە شوێنە تەبا و پارێزراوەکان بمێننەوە و لە ماڵەکانتان مەچنە دەرەوە، چونکە دۆخەکە مەترسیدارە. کاتێک ئێمە کارەکانمان تەواو کرد، ئێوە حکومەتەکەتان بە دەست بگرنەوە؛ ئەم وڵاتە هی ئێوەیە.