دروستکردنی ئەو لۆگۆیە لە کاتێکی گونجاو ناسک و هەستیار دا کرا. خەڵکی کوردستان پێشوازیان لەو هەڵوێستە کوردانە و یەکگرتوی و هاوپەیمانی کرد. دڵی کوردانی پێ شاد کرا و رووناکی خستە بەر چاویان.

وێنەی ئەو لۆگۆیە دەگرێتەوە سەر مێژووی ئیمپراتۆری مادەکەن کە باب و بابری نەتەوەی گەلی کوردن. شوێنەواری مێژووی مادەکان لە نزیک چەمی رێزانە و گوندی( زەرزی) کە سەر بە پارێزگای سلێمانین. ئەو شوێنەوارە دەگەرێتەوە بۆ ساڵەکانی ٥٩٠ – ٥٨٥ ی پێش زایین. ناوی شوێنەوارەکەش (قزقەپانە). مێژوونووسان بیر و رای جیاوازیان لە سەر ئەو شوینەوارە هەیە. هێندێکیان دەڵێن ئەو شوێنەوارە گۆری سێهەمین پاشای مادی بە ناوی (کەیخسرەو) تێدایە و هێندێکیشان دەلێن گۆری سێ پاشای تێدایە. ژمارەیەک لە مێژوونووسان دەڵێن گۆرەکان لە ناو بەردەکاندا هەڵکەندراون.
شەر لە نێوان پاشای ماد کەیخسرەو و پاشای لیدا لە سەدەی ٧ ی پێش زایین روویداوە. بە گوێرەی هێندێک سەرچاوە شەرکە نزیکەی ٥ ساڵی خەیاندووە. لە کاتی گەرمەی شەردا خۆر دەگیرێ و هەر دوو پاشا وا بیر دەکەنەوە، ئەوە غەزەب و نەهامەتیە و دەبێ شەڕ راگیرێ و ئاشتی بێتەوە ئاراوە. هەر بۆیە هەر دووکیان لە سەر ئاشتی و سەقامگیری پێکهاتن. دەڵێن خۆرە بەردینەکەی سەر شوێنەواری قزقاپان دوای شەر راگرتن لە نێوان پاشای ماد و لیدا دروست کراوە، بۆ مانەوەی مێژوو و یادگاری شەر راوەستان.
لە سەر خۆرەکە ١١ تیشکی خۆر هەیە، بەڵام تیشکەکانی سەر لۆگۆی هاوپەیمانی ٢١ تیشکە و هێمای نەورۆزە کە ٢١ی مارس دەست پێدەکات. خۆر لە مێژووی ماددا، واتای رووناکی، ژیان و نوێ بونەوە، یەکگرتوی و پاراستنی شوێنی پیرۆز و دەسەڵاتی پاشایەتی بووە. ئەو لۆگۆیە پەیوەندی بە مێژووی مادەکانەوە هەیە و نیشادانی پەیوەندی نەتەوەی ئێستای کوردستان و مێژووی مادەکانە. ئەو لۆگۆیە بڕوایە بە مێژووی هاوبەش و ئاماژەیە بۆ بنەچەکە و نەژادی نەتەوەی کورد.
لۆگۆی ئەو هاوپەیمانیە دەنگ و باسی گەرمی لە ناو مێدیا و سۆشیال مێدا دروست کرد. هێندێک کەس پێی وا بوو کە نەدەبوو بنووسن( هاوپەیمانی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران.) وا باشتر بوو کە بنووسن (هاوپەیمانی هێزە سیاسییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان.) هێندێک کەسیش ئەو لۆگۆیەیان پێ باش نەبوو و پیشناریی دیکەیان دابوو. هەروەها داگیرکەران و نەیاران و نژادپەرستانی دژ بە کورد و کوردستان، زۆر بەخێرای کردەوەی خۆیان نیشان داو و بە دژی ئەو هاوپەیمانییەی بەیاننامەیان دەرکرد.
ئەوەی زۆر گرینگ و جێی دەست خۆشی و پیرۆزبایی و دڵخۆشیە، ئەوەیە کە ئەو شەش حیزبە سیاسییەی رۆژهەڵاتی کوردستان هاوپەیمانیان دامەزراندووە و لۆگۆی تایبەتی خۆیان دروست کردووە، کە هێمای ئیمپراتۆری مادی تێدایە. هیوادارم لە داهاتودا ئەو هاوپەیمانیە پەرە بستێن و هەموو حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان ببن بە ئەندام. ئاواتەخوازم کە ئەو لۆگۆیە لە گەڵ ئاڵای پیرۆزی کوردستان لە سەر شان و پێلی پێشەمەرگەکانی کوردستانی رۆژهەڵات دابنێن، کە بێتە هێمای یەکگرتوی هێزی پێشمەرگەی کوردستان. لە کانگای دڵی کوردایەتیم پیرۆزبایی ئاراستەی گەلی کورد و ئەو شەش حیزبە هاوپەیمانیە دەکەم.
هاوپەیمانی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران بریتیە لە:
ـ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
ـ کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان
ـ سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران
ـ پارتی ئازادی کوردستان
ـ پارتی ژیانی ئازادی کوردستان
ـ کۆمەڵەی شۆرشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران
پێویست بە ئاماژەیە کە ئەو پێنج حیزبەی سەرەوە لە ٢٢ ی فیبرۆیەری ٢٠٢٦دا هاوپەیمانیان دامەزراند. کۆمەڵەی شۆرشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران لە رێکەوتی ٤ مارسی ٢٠٢٦ هاتە ناو هاوپەیمانەکە.


لۆگۆی هاوپەیمانی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران
