Hoppa till innehåll
Hem » نەورۆزی ڕزگاری و نوێبوونەوە

نەورۆزی ڕزگاری و نوێبوونەوە

هاونیشتمانیانی خۆشەویست، کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان.. نەورۆزی ئەمساڵمان تەنیا جەژنی سروشت نییە، بەڵکو دەنگدانەوەی ناڵەی ئەو دایک و باوکانەیە کە ساڵانێکی درێژە چاوەڕوانی دادپەروەرین.

لە کاتێکدا بەرەو ٤٨ ساڵەی تەمەنی ڕژێمێکی پڕ لە ئازار دەچین، گۆڕانکارییەکانی ئەمڕۆ و ئەو گورزانەی لە لایەن ئەمریکا و ئیسرائیل  بەر سەرانی رێژیمی خوێنمژی ئاخوندی دەکەون، مژدەی نزیکبوونەوەی سپێدەی ئازادین کە دەبێ کورد و نەتەوەکانی تری ئێران تا ئەبەد بۆ تۆڵەی شەهیدان سپاسی ترەمپ و نەتانیاهوو بکەن.

هیوادارم گڕی ئاگری ئەمساڵ، بڵێسەی تۆڵەی خوێنی ڕژاوی لاوانمان بێت و ببێتە کۆتایی ئەو دەسەڵاتەی کە غەدری لە کورد و نەتەوەکانی تری ناوچەکە کردووە.  ئاواتمان ئەوەیە:

پێشمەرگە قارەمانەکانمان بەبێ دانی قوربانی و بە سەربەرزییەوە بگەڕێنەوە باوەشی نیشتمان.

ئاسمانی باشووری کوردستان لە موشەک و درۆنی داگیرکەران پاک بێتەوە و ئارامی باڵ بکێشێت بەسەر ئەم خاکەدا.

کوردستان و هەموو نەتەوە بن دەستەکان لە ژێر چنگی ستەم ڕزگاریان بێت و نەورۆزی داهاتوو لە ئێرانی دوای ئەم ڕژێمەدا، جەژنی سەربەخۆیی و ئازادی بگێڕین.

نەورۆزتان پیرۆز و ڕێگای شەهیدان پڕ ڕێبوار بێت.

ساڵە نەڵۆسی  ، سایتی پێشمەرگەکان

***

هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێرانیش ئەم پەیامەیان بڵاو کردۆتەوە کە وەک خۆی بڵاوی دەکەینەوە. 

پەیامی نەورۆزیی هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران
خەڵکی خەباتکاری کوردستان!
ئازادیخوازان و ڕێبوارانی ڕێگای ئازادی!
نەورۆز بۆ کورد هەر وەرزی نوێبوونەوەی سروشت نییە، بەڵکوو ڕەمزی خەبات و خۆڕاگری، هەستانەوە و ژیانەوەیە. بۆنە نەورۆزییەکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەمێژساڵە دەرفەتێک بووە بۆ بە گژداچوونەوەی سیاسەت و نەریتەکانی کۆماری ئیسلامی و هەموو ساڵێ خەڵکی کوردستان بە هیممەتی چیایی و خۆڕاگریی ئازایانە و لەبڕاننەهاتوویان چۆکیان بە خواست و ئیرادەی ڕێژیم داداوە. دەسکەوتەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە بەڕێوەبردنی بۆنە نەورۆزییەکان گرینگ و بەبایەخ بوون، دەسکەوتێک کە ئاکامی خەبات و بەربەرەکانییەکی بەردرێژ و کۆڵنەدەرانەی دەیان ساڵەی خەڵکی کوردستان و هێزە سیاسیەکانیەتی کە لەبەرانبەر هیچ چەشنە زەبروزەنگ و سەرکوت و بەکارهێنانی هەر جۆرە سیاسەت و پیلانێکی کۆماری ئیسلامیدا سەریان نەوی نەکردوە و کۆڵیان نەداوە.
خەڵکی تێکۆشەری کوردستان!
ڕۆژەکانی کۆتایی ئەمساڵ لە کاتێکدا بەڕێ دەکەین کە کۆماری ئیسلامیی ئێران ئاگری شەڕێکی ناوچەیی هەڵگیرساندووە. پێش ئەو شەڕەش هەزاران خۆپێشاندەری ناڕازیی لەسەر شەقامەکانی کوردستان و شارەکانی دیکەی ئێران کوشت و هەزاران هەزار کەسی دیکەشی خستە بەندیخانەوە. ئەوە لە تەنیشت بەردەوامیی لە پێشێلکاریی سیستماتیکی هەموو مافە سیاسی، نەتەوەیی و مەدەنییەکانی کورد و بەوەش ژیانی کوردی لە سەر خاک و نیشتمانی خۆی کردووەتە دۆزەخ. هەر ئێستاش کە لە سۆنگەی سیاسەتە چەوتەکانی، و پاڵپشتی لە تێرۆریزمی دەوڵەتی و هەڵگرتنی ئارامی و سەقامگیری لە ناوچە و جیهان شەڕێکی گەورەی هەڵگیرساندووە؛ ڕۆژانە بنکە و بارەگاکانی حیزبە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە مووشەک و دڕۆن بەئامانج دەگرێ؛ بەو مەبەست و خەیاڵەی ڕێی خەبات و تێکۆشان بۆ ڕزگارییان لێ بەربەست بکات. بە دڵنیاییەوە ئەو هێرشانە دوا پەلەقاژەکانی ڕێژیم لە قۆناغی سەرەمەرگە و نەک نیشانەی بەهێزبوون بەڵکوو سەلمێنەری زەبوونی و داماوییەتی.
نەورۆزی ئەمساڵ بۆ خەڵکی کوردستان مزگێنیدەری سەرکەوتنێکی گەورەیە. لە لایەک حیزبە خەباتکارەکانیان لە چوارچێوەی هاوپەیمانییەکی سیاسیدا هێز و وزەی خەباتگێڕێیان ڕێک‌خستووە، لە لایەکی دیکەش هەموو چین‌وتوێژەکانی کۆمەڵگەی کوردستان بە تایبەت ژنان بە لێبڕاوی و شێلگیرییەوە پشکی زیاتریان خستۆتە سەر خەرمانی دەسکەوتی خەباتی مافخوازانەمان.
لە بەرەبەری نەورۆزدا جارێکی دیکە خەڵکی کوردستان دڵنیا دەکەینەوە نە مووشەک‌باران و تێرۆر و، نە هیچ چەشنە گوشارێکی سیاسی و ئەمنییەتی و تەنگ‌پێ‌هەڵچنین پێ بە هەنگاوەکانمان شل ناکا. هەروەها بە یەکڕیزی و هاوپەیمانیی سیاسیی حیزبە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵات پێ دەنێینە قۆناغێکی نوێ لە خەبات و تێکۆشانی پێکەوەییمان کە ئاسۆکانی سەرکەوتنمان بۆ نیزیکتر و ڕوونتر دەکاتەوە.
وێڕای پیرۆزبایی نەورۆز و هاتنی ساڵی نوێ لە خەڵکی کوردستان و نوێکردنەوەی پەیمانی وەفا لەگەڵ شەهیدانی کوردستان، بەتایبەت شەهیدانی ئەمدواییانەی ڕاپەڕینی بەفرانبار لە کرماشان و ئیلام و ناوچەکانی خوارووتری کوردستان و هەروەها هێرشە مووشەکییەکانی کۆماری ئیسلامی داوا لە خەڵکی کوردستان بە هەموو چین‌وتوێژەکان دەکەین لە خەبات و تێکۆشانی خۆیان دژ بە کۆماری ئیسلامی بەردەوام و لە قۆناغی هەستیاری ئێستادا پارێزەری دەسکەوتەکانی خەباتی دەیان ساڵی ڕابردوومان بن.
لە نەورۆزی ئەمساڵدا پەیمانی خەبات و خۆڕاگری نوێ دەکەینەوە، بە سەردانی بنەماڵەی شەهیدان یاد و ناوی ڕۆڵە جوامێرەکانی نیشتمانمان بەرز ڕادەگرین و بە پێداگری لەسەر ڕوحی یەکگری و هاوپەیمانیمان بەرەو لوتکەی سەرکەوتن هەنگاو دەنێین.
هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران
نەورۆزی ١٤٠٥ی هەتاوی به‌رامبه‌ر به‌ ٢٧٢٦ی کوردی