Hoppa till innehåll
Hem » ئەمریکا و ناتۆ: لە دامەزراندنەوە تا مەترسییەکانی کشانەوە، ئاسۆ سەییاد

ئەمریکا و ناتۆ: لە دامەزراندنەوە تا مەترسییەکانی کشانەوە، ئاسۆ سەییاد

دۆناڵد ترامپ بابەتی ئەگەری کشانەوەی ئەمریکای لە ناتۆ، هەر لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردنەکاندا هێنایە ئاراوە. ئەم هەڕەشەیە لە بنەڕەتدا تێڕوانینێکی ستراتیژیی خودی ترامپە، بەڵام ئێستا گۆڕاوە بۆ ڕەوتێکی سیاسی لەناو بەشێک لە کۆماریخوازەکاندا. ڕوانگەی ترامپ سەبارەت بە ناتۆ لە چوارچێوەی بانگەشەی ڕێبازی ”ئەمریکا لەپێش هەمووانەوە” (America First) دێت.

ترامپ سەرەکیترین دەنگی ئەم هەڕەشەیەیە و ناتۆ وەک ”بارێکی گران” بەسەر شانی ئەمریکاوە دەبینێت. تێڕوانینی ئەو بۆ ئەم هاوپەیمانییە زیاتر ”بازرگانییانە”یە؛ ئەو پێی وایە ئەمریکا پارەیەکی یەکجار زۆر بۆ پاراستنی ئەورووپا خەرج دەکات، لە کاتێکدا وڵاتانی ئەورووپا (بۆ نموونە ئەڵمانیا) پابەند نین بە خەرجکردنی ٢٪ی بودجەی نیشتمانییان بۆ کاروباری سەربازی. هەر بۆیە ترامپ هەڕەشەی کشانەوە وەک ”کارتێکی فشار” بەکاردێنێت تا وڵاتانی ئەورووپا ناچار بکات خەرجیی سەربازیی خۆیان زیاد بکەن.
لە لایەکی دیکەوە، ترامپ پێی وایە ئەورووپا ئێستا لە بارودۆخێکی جیاوازدایە و دەبێت بەرپرسیارێتیی دارایی و کردەیی زیاتر بۆ بەرگریکردن لە خۆی بگرێتە ئەستۆ؛ چونکە لە توانایدا هەیە و نابێت چیتر سەبارەت بە ئاسایشی خۆی و جیهان خەمسارد بێت بەو پاساوەی کە ئەمریکا بەرپرسیارێتییە گەورەکە دەگرێتە ئەستۆ.
گرژییەکانی ئەم دواییەی نێوان ئیسرائیل-ئەمریکا و ئێران، بەتایبەت دوای ئەوەی ئێران ڕەوتی کەشتیڕانی لە گەرووی هورمز پەکخست، کاریگەریی هەبوو لەسەر ئەم تێڕوانینە. ترامپ داوای لە وڵاتانی ئەورووپی و ناتۆ کرد بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز چالاک بن، بەڵام ئەوان وەڵامی نێگەتیڤیان داوەتەوە تا ئێستا. ئەم هەڵوێستەی وڵاتانی ئەورووپا، ترامپی لەسەر بیروبۆچوونەکانی مکوڕتر کردەوە کە ئەورووپا بەرپرسیارێتیی ئاسایشی خۆی ناگرێتە ئەستۆ، بۆیە پێی وایە نابێت ئەمریکاش چیتر لەو پێناوەدا تێچووی دارایی و سەربازی بکات.
ئایا ئەمریکا دەتوانێت یەکلایەنە لە ناتۆ بکشێتەوە؟
سەبارەت بە پرسی ئەوەی کە ”ئایا ئەمریکا دەتوانێت بە شێوەیەکی یەکلایەنە لە ناتۆ بکشێتەوە؟”، وەڵامەکە لە نێوان یاسا نێودەوڵەتییەکان و یاسا ناوخۆییەکانی ئەمریکادا جیاوازە. لە ڕووی نێودەوڵەتییەوە، بەپێی ماددەی ١٣ی پەیماننامەی واشنتن، هەر وڵاتێکی ئەندام مافی کشانەوەی هەیە، بە مەرجێک ساڵێک پێشتر ئاگاداریی فەرمی بدات. بەڵام لە ناوخۆی ئەمریکادا، ئەم پرسە ڕووبەڕووی بەربەستێکی یاسایی توند بووەتەوە. لە ڕابردوودا، دەسەڵاتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ کشانەوە لە پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان جێگەی مشتومڕ بوو، بەڵام بۆ ڕێگری لە هەر بڕیارێکی کوتوپڕ و یەکلایەنەی سەرۆکەکانی داهاتوو، کۆنگرێسی ئەمریکا لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢٣دا یاسایەکی نوێی پەسەند کرد. بەپێی ئەم یاسایە، هیچ سەرۆکێک بۆی نییە بە تەنیا بڕیاری کشانەوەی ئەمریکا لە ناتۆ بدات؛ بۆ هەر هەنگاوێکی لەو شێوەیە، پێویستە دوو لەسەر سێی ئەندامانی ئەنجومەنی پیران (سێنات) دەنگی لەسەر بدەن، یان کۆنگرێس یاسایەکی تایبەتی بۆ دەربکات.
بەڵام ئەزموونەکانی شێوەی کاری ڕابردوو نیشانی داوە ئەگەر ئیدارەی ترامپ لەسەر بابەتی کشانەوەی ناتۆ لە ئەمریکا جدی بن، ڕەنگە بتوانن کاری لەسەر بکەن و دەنگی بۆ کۆبکەنەوە. ئیدارەی ترامپ دەتوانێت هەروەها ڕادەی چالاکبوونی ئەمریکا لە ڕێکخراوەکە زۆر کەم بکاتەوە، کە ئەوەش بە مانای پێداچوونەوە بە پەیوەندییەکانی ئەمریکا و ناتۆدا دێت.
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا وەک دامەزرێنەری ناتۆ
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە بڕبڕەی پشتی ڕێکخراوی ناتۆ و داڕێژەری سەرەکیی ستراتیژییەکانی ئەم هاوپەیمانییە دەناسرێت. ڕۆڵی ئەمریکا لە دامەزراندنی ناتۆدا تەنیا لە چوارچێوەی واژۆکردنی پەیماننامەیەکدا نەبوو، بەڵکو گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی بوو لە سیاسەتی دەرەوەی ئەو وڵاتەدا؛ چونکە دوای جەنگی جیهانیی دووەم، ئەمریکا کۆتایی بە سیاسەتی ”گۆشەگیری” (Isolationism) هێنا و بڕیاری دا وەک هێزێکی جیهانیی چالاک بێتە ناو گۆڕەپانی ئەورووپاوە.
لەو سەردەمەدا، وڵاتانی ئەورووپای ڕۆژئاوا لە ڕووی سەربازییەوە وێران ببوون و توانای ڕووبەڕووبوونەوەی هەژموونی یەکێتیی سۆڤیەتیان نەبوو. ئەمریکا لە ڕێگەی ”دۆکتۆرینی ترومان” و دابینکردنی ”چەتری ناوکی”، گەرەنتییەکی ئەمنیی دایە هاوپەیمانەکانی. ئەمە وای کرد ناتۆ ببێتە هێزێکی ڕێگریگەر/ بەربەست پێکهێنەر (Deterrence) کە تەنیا بە پشتگیریی دارایی و سەربازیی واشنتن دەیتوانی بەردەوام بێت. تا ئێستاش ئەمریکا گەورەترین پشکی لە بودجەی بەرگریی ناتۆدا هەیە و بنکە سەربازییەکانی لە ئەورووپا، وەک هێمای مانەوەی ئەو چەترە ئەمنییە دەبینرێن.
ناتۆ بۆچی دامەزرا؟
ئەگەر سەیری مێژووی دروستبوونی ناتۆ بکەین، دەبینین ئەم ڕێکخراوە دوای جەنگی جیهانیی دووەم بە مەبەستی بەرگریکردن لە ئەورووپایەکی ڕۆژئاوای لاواز دامەزرا. لەو سەردەمەدا ئەورووپا لەبەردەم سێ مەترسیی گەورەدا بوو: یەکەم، هەڕەشەی یەکێتیی سۆڤیەت و بڵاوبوونەوەی کۆمۆنیزم. دووەم، گەشەکردنی ناسیۆنالیزمی توندڕەو لە ناوخۆی وڵاتانی ئەورووپادا. سێیەم، پێویستیی ڕێکخستنەوەی هێزی سەربازی و توانای بەرگریی وڵاتانی ئەورووپای ڕۆژئاوا. وڵاتانی وەک فەڕەنسا و بەریتانیا دەترسان کە سۆڤیەت لاوازیی بارودۆخی ئەورووپا بقۆزێتەوە و هەژموونی ئایدیۆلۆژی و سیاسیی خۆی بەسەر تەواوی قاڕەکەدا بسەپێنێت؛ بەتایبەتی دوای ئەوەی سۆڤیەت بە کردەیی دەستی بەسەر ڕۆژهەڵاتی ئەورووپادا گرتبوو.
ئەمریکا سەرەتا بۆ ئەوەی نەکەوێتە ناو ململانێی ڕاستەوخۆ لەگەڵ سۆڤیەت، هانی وڵاتانی ئەورووپای دا کە خۆیان هاوپەیمانییەک پێکبهێنن، کە دەرەنجامەکەی واژۆکردنی ”پەیمانی برۆکسل” بوو لە ساڵی ١٩٤٨دا. بەڵام دواتر دەرکەوت ئەو وڵاتانە بەبێ ئەمریکا ناتوانن بەرگەی هەڕەشەکان بگرن. جگە لەوەش، ترسێکی زۆر لە سەرهەڵدانەوەی ناسیۆنالیزمی توندڕەو و پاشماوەکانی نازیزم، هەروەها بەهێزبوونەوەی سەربازیی ئەڵمانیا هەبوو. هەر بۆیە ڕێکخستنەوەی هێزی سەربازیی ئەورووپا بە هاوکاریی ئەمریکا بووە پێویستییەکی حەتمی. دواجار لە ئاپریلی ساڵی ١٩٤٩دا لە واشنتن، ١٢ وڵات (ئەمریکا، کەنەدا، بەریتانیا، فەڕەنسا، ئیتاڵیا، پورتوگال، نۆڕوێژ، ئایسلەندا، دانمارک، بلژیک، هۆڵەندا و لوکسەمبورگ) کۆبوونەوە و ”پەیمانی باکووری ئەتڵەسی”یان واژۆ کرد (دواتر یۆنان و تورکیا لە ١٩٥٢دا بوونە ئەندام).
ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ناتۆ:
ئەرکە سەرەکییەکانی ناتۆ بریتی بوون لە مەشقی سەربازیی هاوبەش و بنیاتنانەوەی ژێرخانی بەرگری. ناتۆ لە سەردەمی جەنگی سارددا (١٩٤٩-١٩٩١) هیچ ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی گەورەی ئەنجام نەدا، چونکە ئامانجەکەی تەنیا ”ڕێگری” بوو. بەڵام دوای هەڵوەشانەوەی یەکێتیی سۆڤیەت، ناتۆ لە هاوپەیمانییەکی بەرگریی ناچالاکەوە گۆڕا بۆ هێزێکی کارا.
یەکەمین ئەزموونی سەربازیی ئەم ڕێکخراوە لە نێوان ساڵانی ١٩٩٢ بۆ ١٩٩٥ لە بۆسنە و هەرسک بوو بۆ ڕێگریکردن لە کۆمەڵکوژی، کە دواجار لایەنەکانی ناچار کرد ”ڕێککەوتننامەی دایتۆن” واژۆ بکەن. هەر لە ناوچەی باڵکان و لە ساڵی ١٩٩٩دا، ناتۆ ئۆپەراسیۆنی (Allied Force)ی لە کۆسۆڤۆ ئەنجام دا. ئەم هێرشە ئاسمانییە کە ٧٨ ڕۆژی خایاند، بەبێ ڕەزامەندیی ئەنجومەنی ئاسایش بوو و ئامانجەکەی پاراستنی ئەلبانییەکان بوو لە پاکتاوی ڕەگەزیی سوپای سڕبیا.
قۆناغێکی تری گرنگ، جەنگی ئەفغانستان بوو دوای هێرشەکانی ١١ی ستامبەری ٢٠٠١، کە تێیدا ناتۆ بۆ یەکەمجار ”ماددەی ٥”ی پەیماننامەکەی (بەرگریی هاوبەش) کارا کرد. ئەمە یەکەمین چالاکی ناتۆ بوو کە ڕاستەوخۆ لە پێناوی ئامریکادا ئەنجام دەدرا. هەروەها لە ساڵی ٢٠١١دا، ناتۆ دەستێوەردانی سەربازیی لە لیبیادا ئەنجام دا، کە بووە هۆی ڕووخانی قەزافی،
جگە لەمانە، ناتۆ لە ئۆپەراسیۆنی (Ocean Shield) بۆ بەرەنگاربوونەوەی چەتە دەریاییەکانی سۆماڵ و لە عێراقیشدا بۆ مەشق و ڕاهێنانی هێزە ئەمنییەکان چالاک بووە. لە کۆتاییدا، دوای ئاڵۆزییەکانی ساڵی ٢٠١٤ و گرتنی نیمچەدوورگەی کریمیا لەلایەن ڕووسیاوە، ناتۆ دووبارە تیشکی خستەوە سەر پاراستنی قاڕەی ئەورووپا و هێزەکانی لە وڵاتانی باڵتیک و پۆڵەندا زیاد کرد.
بەکورتی، هەرچەندە ئەمریکا هێزی یەکەمی ناتۆیە، بەڵام بەشێکی زۆری چالاکییە سەربازییەکانی ناتۆ لە پێناو پارێزگاریکردن لە ئەورووپا و بەرژەوەندییەکانی ئاسایشی ئەو قاڕەیە بووە. لە هەمانکاتدا پێگەی ئەم هاوپەیمانییە لە ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکادا هێندە قووڵ بووەتەوە، کە کشانەوە لێی بووەتە کارێکی یەکجار ئەستەم و ناتوانرێت بە تەنیا لەلایەن سەرۆکەوە بڕیاری لێ بدرێت.