ناوەندی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بە داخ و کەسەرەوە شەهیدبوونی کاک ڕەشید عەزیزی، ناسراو بە سەرهەنگ (کادرێکی دێرینی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران) ڕادەگەیەنێت.

ڕەشید عەزیزی کوڕی عەبدوڵڵا، لە ساڵی ١٣٢٥ لە شاری مەهاباد لەدایک بووە. بەهۆی بارودۆخی ئەو کاتی کوردستان و دەستکورتیی بنەماڵەکەی، نەیتوانیوە بچێتە مەدرەسە و لە خوێندن بێبەش بووە.
لە ساڵی ١٣٥٨ بە فەرمی دەبێتە پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، تا کاتی ماڵاواییکردنی هەموو کات تەواووەخت لە خزمەت حیزبەکەیدا بوو.
کاک ڕەشید عەزیزی (سەرهەنگ) لە زۆر ئۆرگان و ناوەندی حیزبیدا ئەرکی بەڕێوە بردووە؛ لە سەرەتاوە لە هێزی بەرگریدا بوو، پاشان لە کۆمیسیۆنی کۆمەڵایەتی ئەرکی بە ئەستۆوە بوو، پاشان لە ڕادیۆ دەنگی کوردستان وەک پارێزەری ڕادیۆ ئەرکی حیزبی بەڕێوە بردووە، هەروەها لە کۆمیسیۆنی ڕاگەیاندن و پاشان لە مەڵبەندی ٢ی کوردستان بووە.
جێی ئاماژەیە لە ساڵی ١٤٠٤دا، کاک سەرهەنگ لەگەڵ پۆلێک پێشمەرگەی دێرینی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، پلەی ئیفتخاریی کادری دەرجە چواریان بەهۆی تەمەنێک پێشمەرگایەتیی بێپسانەوە لە ڕێبازی دێموکرات و شەهیدان پێبەخشرا.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و ناوەندی هێزی پێشمەرگەی کوردستان، بە لەدەستدانی کادرێکی دێرین و وەفادار و دڵسۆزی خۆی، سەرەخۆشی لە هەموو کادر و پێشمەرگە و ئەندام و لایەنگرانی حیزب، بەتایبەت بنەماڵەی بەڕێزی و خەڵکی شاری مەهاباد دەکات و هیوای سەبووری بۆ کەسوکار و هاوڕێیانی دەخوازێت.
ناوەندی هێزی پێشمەرگەی کوردستان
٣ی پووشپەڕی ١٤٠٥ی هەتاوی
سەرچاوە: کوردستان میدیا

*****

کەس و کاری سەرهەنگ ڕەشید، لەسەر ئەم دنیایە!، قادر وریا ٢٠٢٦/٦/٢٤
ئەمڕۆ کە کاک سمایل بازیار لە سەر قەبران ڕا، هەواڵی کۆچی دوایی سەرهەنگ ڕەشیدی پێدام، لەگەڵ دەربڕینی بەداخبوونم بۆ مەرگی بەناکامیی ئەو مرۆڤە دڵپاک و بەوەفایە، بۆ کاک سمایلم نووسی: ” زۆر بەداخەوە. سەرهەنگ لەم دنیایەدا، تەنیا حیزبی دیموکراتی هەبوو، کەسی نەبوو. حیزبیش کە لێی قەوما، لە سەرهەنگ قەوما…”
٭
سەرهەنگ ڕەشیدم لە ساڵی ١٣٦٢(١٩٨٣)ەوە دەناسی. بۆ یەکەم جار لە گاگەش لە بنکەی یەکیەتیی لاوانی دیموکرات دیتم. بە ڕێبواری و بە میوانی هاتبوو. هاوڕێیانی یەکیەتیی لاوانی مەهاباد و بۆکان دەیانناسی، شۆخییان لەگەڵی هەبوو، بە تایبەتی کچەکان لەگەڵی زۆر گەرم و گوڕ بوون. منیش خۆم لە قسەکانیان وەردا. کە زانی خەڵکی شنۆیەم، هەواڵی هێندێک بنەماڵەی لێ پرسیم، بە تایبەتی لە لای زمێ و ئاڵکاوێ و… کاتێک خەبەرم پێدا کە کچێکی ئەو دێیە بە ناوی چیمەن، ئەوە پێشمەرگەی یەکیەتیی لاوانە و لە بنکەی کێلێی سەرشاخانە، زۆر کەیفی ساز بوو. دەیگوت دێم سەردانی دەکەم.
٭
کۆتایی پاییزی١٣٦٣، کە بۆ بەشداری لە دەورەی بەرزی سیاسی، چوومە فێرگەی سیاسی-نیزامی لە گەڵاڵە، دیتم سەرهەنگی ئاشنام ئەوە لە لای زیندەیاد کەریم حەسەن لە بنکەی ئێنتیزاماتی فێرگە، پێشمەرگەیە. لەو کاتەوە تا ئەم ساڵانەی دوایی زۆر جار لەگەڵ سەرهەنگ، دەکەوتینە وەرددانەوەی بیرەوەرییەکانی ڕابردوو. ئەوەی لە بارەی سەرهەنگەوە لەبیرمە، ئەوەیە کە خەڵکی ”کەڵدەگە”ی ناوچەی فەرهادتاش بوو، هێندێک شێعر و گۆرانی و سروودی لەبەر بوون کە بۆخۆی دەیکوت ئەو شێعر و سروودانە لە زەمانی پێشەوایدا خەڵک فێریان ببوو و ئەمنیش بە منداڵی لەخەڵکی لای خۆمانم بیستووە.
٭
سەرهەنگ سەردەمی مێرمنداڵی و لاوەتیی بە کارداری و شوانی و کرێکاری تێپەڕ کردبوو. بیرەوەرییەکی کە چەند جار بۆی گێڕابوومەوە، یەکەم جار سەفەرکردنی بۆ تاران لەگەڵ ماشێنی بارکردنی مەڕی بووە. ماشێنی ڕاگوێزتنی مەڕان دوو نهۆم بوو، بۆ ئەوەی مەڕەکان بەسەر یەکدا نەکەون، یان ئەگەر کەوتن، هەڵ بستێندرێنەوە، دەبا نەفەرێک ئاگای لێیان با، سەرهەنگیشیان هەر بۆیە لەگەڵ ئەو ماشێنە بردبوو. دەیگوت مەڕەکەمان لە دەشتێک دابەزاند بۆ ئەوەی هەتا مشتەریی خۆی بۆی دێت، بڵەوەڕێن. چەند ژن لێمان پەیدا بوون. یەکیان پێی گوتم: ”چوپان شیر داری؟ ”
منیش پێم گوتووە: چرا ندارم! بلی دارم. لەگەڵ کاک مستەفا مەعرووفی لێمان دەکردە شۆخی. دەمانگوت دڵنیای ”شیر”ی کوتووە؟ یان شتی دیکەی کوتووە و خراپ حاڵی بووی؟! دەیگوت نەوەڵلا دروست لێیان حاڵی بووم، سەتڵیان پێ بوو، هەر بەڕاستی بۆ دۆشینی شیری مەڕەکان هاتبوون.
٭
پێموایە سەرهەنگ، لە دەرەوەی حیزبی دیموکرات، کەسی نەبوو. حیزب، هەموو کەسێکی ئەو بوو. زۆر بنەماڵە و هاوڕێی حیزبییش، سەرهەنگیان وەک کەسێکی خۆیان خۆش دەویست. بە تایبەتی ماڵی کاک موعتەسەم و مەعسووم خانمی هاوسەری. دوای ئەوانیش، ماڵی زیندەیاد کاک محەمەد گازۆڵی و خەجیج خانمی هاوسەری.
٭
نازنم کێ نازناوی سەرهەنگی پێ بەخشیبوو، بەڵام بەجۆرێک بەو ناوە ناسرابوو کە کەم کەس دەیزانی ناوی ڕەشیدە. جارێک لە نیوەی یەکەمی شێستەکانی هەتاوی، برادەرێک هەروا بۆ جەفەنگ بە کاک سەرهەنگ قادریی کوتبوو جەنابت پاش ئەو هەمووە ساڵە خوێندن و خۆپێگەیاندن لە ئەرتەش و زانکۆی نیزامی بووی بە سەرهەنگ. بۆچی ڕێگا دەدەن ئەو برادەرە بەبێ هیچ ڕابردوویەکی نیزامی و ئەرتەشی، پێی بگوترێ ”سەرهەنگ”؟ دەیانگێڕاوە سەرهەنگ قادری وتوویە: ئەو هەمووە خەڵکە هەر بە فێربوونی برینپێچی و دەرزیلێدان، ناوی خۆیان ناوە دوکتور. ئەو فەقیرە ئەوە حەوت ساڵە بێ هیچ پاداش و چاوەڕوانییەک پێشمەرگەیە. چ قەیدی با بەویش بڵێن سەرهەنگ.
٭
سەرهەنگ لەماوەی ٤٧ ساڵی ڕابردوو، وەک پێشمەرگەیەک، هەرچی بۆ حیزبەکەی لە دەستی هات، بە گیان و دڵەوە، بە بێ دەغەڵی، بەو پەڕی نیازپاکی و دڵسۆزی کردی. لەوانەیە هێندێک لە هاوڕێیان بێ ئەوەی مەبەستێکی تایبەتیان بووبێ، جارێک لە جاران بووبن بە هۆی سووکە ڕەنجانێکی سەرهەنگ، بەڵام دڵنیام سەرهەنگ لە ژیانیدا، بە تایبەتی لە ژیانی پێشمەرگایەتیدا، هیچ کەسی لە خۆی نەرەنجاندووە.
لەم ساڵانەی دواییدا، پیری لە لایەک و هێرشی ڕێژیمی ئێران بە هاژەک و درۆن لە لایەکی دیکە، ناز و ژیانی لە مام سەرهەنگەکانی نێو حیزبیش بە جارێک شێواند.
٭
بەداخەوە سەرهەنگیش ئاواتی گەڕانەوەی بە ئازادی بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان و سەرنانەوە لە خاکی زێد و دیاری خۆی بەدی نەهات و بەناکامی ماڵاوایی لێکردین، بەڵام دڵنیام ناو و یادی لە لای تێکۆشەرە ئەمەگناسەکانی حیزبی دیموکرات بە زیندوویی دەمێنێتەوە.
یادت بەڕێز سەرهەنگ گیان! ئۆغرت خێر بێت.
****

چیرۆکی سەرهەنگ و مەتە سووری، ئەحمەد شێربەگی
مەرگی هاوڕێی ڕووحسووک و لەبەردڵان ڕەشیدی عەزیزی، ناسراو بە «سەرهەنگ»، زیرەکییەکی ئەو مرۆڤەی بیر خستمەوە کە پێم خۆش بوو ئێوەش بیزانن. مام «مەتەڵیب حەریقی» کە لە شاخ پێمان دەگوت «مەتە سوور» و بەداخەوە پایزی ساڵی ٢٠٢٤ لە وڵاتی سوید کۆچی دوایی کرد، مرۆڤێکی زۆر پاک و خاوێن بوو؛ بە زمانێکی دیکە زۆر وەسواس و وردبین بوو. هەموو ڕۆژێک ئەگەر دوو سێ جار خۆی نەشۆردبا، دڵی ئۆقرەی نەدەگرت.
ئەو سەردەمەی لە ”بۆڵێ”ی قەندیل بووین، سەرهەنگ کرابوو بە بەرپرسی گەرماوی حیزب. گەرماوەکە چوار «چاوە»ی هەبوو. کۆمیسیۆنەکانی حیزب بە نۆرە لە ڕۆژانی حەوتوودا ڕۆژێکیان بۆ دیاری کرابوو تا خۆیانی تێدا بشۆرن. تەنیا مەتە سوور لەو نۆرەگرتنە بێبەری بوو؛ مەتە سوور بۆی هەبوو هەموو ڕۆژێک هەر چەند جارێک کە پێی خۆش بوو، بچێتە حەمام. ئەمەش لەبەر دڵسۆزی یان حاتەمبەخشیی سەرهەنگ نەبوو، بەڵکو لەبەر ئەو زیرەکییە بوو کە سەرهەنگ هەیبوو.
سەرهەنگ بۆ ئەوەی گەرماوەکە هەمیشە وەک دەسکەگوڵ پاک و خاوێن بێت، فێڵەکەی دۆزیبۆوە؛ بۆیە مۆڵەتی دەدا مەتە سوور هەموو ڕۆژێ هەرچەند جارێک پێی خۆشە بێت و خۆی بشوات. مەتە سوور کاتێک دەچووە گەرماوەکە، بەر لەوەی خۆی بشوات، لە پێشدا ئەو «چاوە»یەی سەرهەنگ پێی دەدا، وای خاوێن دەکردەوە وەک ئاوێنە دەدرەوشایەوە، ئینجا کە دڵی ئۆقرەی دەگرت، خۆی دەشۆرد.
مەتە سوور هەر کە لە خۆشۆردن دەبووەوە، سەرهەنگ ئەو چاوەیەی دادەخست تا جارێکی دیکە مەتە سوور بۆ گەرماوەکە دەگەڕایەوە. سەرهەنگ ئینجا چاوەیەکی دیکەی پێ دەدا و مەتە سووریش سەرلەنوێ دەستی بە خاوێنکردنەوەی ئەو چاوەیە دەکرد کە خۆی تێدا دەشۆرد.
بەم جۆرە هەتا لە قەندیل بووین، سەرهەنگ بۆ تاقە جارێکیش گەرماوەکەی خاوێن نەکردەوە، کەسیش گلەیی ئەوەی لێ نەدەکرد بۆچی بە پاکوخاوێنیی گەرماوەکە ڕاناگات؛ چونکە گەرماوەکە بە هیمەتی مەتە سوور، لە پاکیدا هەر دەدرەوشایەوە.
یادو ناویان هەرمان وسڵاو لە گیانیان.
****

·
سەرهەنگ گیان ئۆغرت بەخێر و سەرهەنگەکانت بە قوربان بن, حەمەڕەسووڵ کەریمی
پاییزی ساڵی ١٣٦٤ی هەتاوی لەگەڵ چەند نەخۆش و بریندارێک لە هێزی شەهید مینەشەم را بۆ یەکەم جار چوومە نەخۆشخانەی ٢٥ی گەلاوێژ و دواتر چوومە بنکەی تەقەمەنی و تداروکاتی نیزامی لە گوندی کانیمێو لە دۆڵی جافایەتی.
زۆر زوو لەوێ لەگەڵ هەندێک خزم و دۆست و ئاشنا یەکترمان گرتەوە و دواتر لەگەڵ پۆلێک کەسایەتی دیکەش کە پێشمەرگەی ناوچەکانی دیکەی کوردستان بوون، ئاشنا بووم.
بۆ پارێزگاری لە بنکەی دەفتەری سیاسی و تداروکات و نەخۆشخانە هێزی شەهید هەژار کە ناوەکەی ببوو بە هێزی سامڕەند لەوێ نیشتەجێ بوون. ئەو کات کاک عەبدوول نستانی وەک فەرماندە هێز ، کاک عەلی شەم وەک جێگر هێز و کاک یوسف مام ڕەحیمی وەک سەرپەل ئەو هێزەیان لەگەڵ پۆلێک پێشمەرگەی دیکە بەرێوە دەبرد.
لە پەلی یوسف مام ڕەحیمی کەسێکیان بە ناوی سەرهەنگ بانگ دەکرد، ئەو کات تەمەنی وێدەچوو نزیک چل ساڵ و یا شتێک زیاتر دەبوو، جارجار جامانەیەکی لارەولار لە سەری دەبەست و بە ڕاوێژێکی تەواو ناوچەی موکریان لەگەڵ دەوربەری دەدوا.
بۆم پرسیار بوو کە ئەو سەرهەنگە کێیە؟ چۆنە لەوێ، لە ژێر دەستی سەرپەلێک یا سەرلکێک دا وەک پێشمەرگەیەکی سادە خزمەتی پێشمەرگانە دەکا، زۆربەی ئێوارەکان کە والیباڵ و یا تۆپیپێمان دەکرد سەرهەنگ و چەند هاوتەمەنی سەرهەنگ دەهاتن بۆ سەیری یاری پێشمەرگەکان.
دوای ماوەیەک مانەوە لەوێ بە هۆی یەکتر دیتنی ڕۆژانە و هەروەها قسەخۆشی و سادەیی و خاکەڕایی و مێهرەبانی سەرهەنگەوە زۆر زوو بووینە هاورێ و دۆستی نزیکی یەکتر.
زۆربەی ڕۆژەکان لەگەڵ زیندەیادان شەهیدان مستەفا حەکیمزادە و وەستا عەلی شاتمان و هاورێیانی دیکە حوسێن سەردەشتی، یوسف حەدداد، شاهۆ حەسەنپوور، مام ڕەسووڵی پارازیت ، برایمە سوور ، هەباس ، ڕەسووڵ و ئەحمەدی مام ڕەسووڵی و چەند هاورێی دیکە لە دەوری یەک کۆدەبووینەوە و کاک سەرهەنگیش دەگەیشتە لامان.
سەرهەنگ مرۆڤێکی ڕووخۆش و کراوە بوو، هەر پرسیارێکت لێکردبا، بە پێکەنینەوە وەڵامی دەدایەوە، قسەی پێدەگووتین، نەسیحەتی دەکردین و بیرەوەری گەنجییەتی و کار و ژیانی خۆی ” تا کاتی بوون بە پێشمەرگە” بۆ دەگێراینەوە. باسی نەهامەتی ژیانی خۆی و چۆنیەتی بوونی بە پێشمەرگە بۆ باس دەکردین.
لە کاتی پێشمەرگایەتی دا، پۆلێک لە هاورێیانی پێشمەرگە ناوی نەهێنییان بۆ خۆیان دیاری کرد بوو، سەرهەنگ ئەوکات و ئێستاش ڕێکەوتەکەی لەبیر نەبوو، بەڵام بۆ ئێمەی باس دەکرد کە، کاتێک لەگەڵ شەهید کەریم حەسەن (خەنجەر) بە مەئموریەت چەند دیل و ئەسیری شەڕیان، هێناون بۆ زیندانی ناوەندی، لە دیداری لەگەڵ شەهید دوکتور قاسملوو دا، هەم مام کەریم حەسەن و هەم کاک ڕەشید عەزیزی تەشویق دەکرێن، سەرهەنگ باسی دەکرد کە هەر لەوێ شەهید دوکتور قاسملوو پێی گووتوون: کارەکەتان هێندە گرینگ و پڕبایخە کە بۆ سەرهەنگ دەبن، مام کەریم حەسەن گووتویەتی کە ڕەشید پێی خۆشە ببێتە سەرهەنگ.
لەو کاتەوە تا ئەمرۆ کە کۆچی دوایی کرد ٤١ ساڵ بوو لە نزیکەوە کاک ڕەشید عەزیزی ناسراو بە سەرهەنگم دەناسی، هەمیشە بە چاوی ڕێزەوە سەیری هەموو لایەکی دەکرد، زۆرم خۆشدەویست و زۆربەی کاتەکان کە ڕێگام لە بنکەی دەفتەری سیاسی لە بۆڵێی قەندیل و لە قەڵای دیموکرات لە کۆیە دەکەوت دەچووم سەردانم دەکرد، لێی میوان دەبووم و زۆرجاریش کە دواتر لە قەڵا لە سکرتاریا و یا بنکەی لاوان دەمامەوە دەهات سەردانی دەکردم.
سەرهەنگ خۆی بە برای هەموو لایەک دەزانی، لە شایی و زەماوەندەکان دا بۆی گرینگ نەبوو کە ڕێگەی گەیشتنی بۆ شوێنی زەماوەند دوورە یا نزیکە، بێ خۆ شلوێ کردن خۆی دەگەیاندە شوێنی زەماوەند و زۆرجار تا سێ ڕۆژانەش تەواو دەبوو هەر لەوێ لە لای بنکەی پێشمەرگەکان دەمایەوە و ئەگەریش نزیک بایە ئەوە ڕۆژی سێ ڕۆژانە لە خۆشی و شایی ئەو کچ و کوڕانەی کە زەماوەندیان دەکرد حازر دەبوو، ئەو نەک هەر بۆ شایی و زەماوەند بەڵکوو لە کاتی پرسە و سەرەخۆشی و برینداری و نەخۆشییەکانیش دا سەردانی گشت لایەکی دەکرد.
لە زۆربەی هێرشەکانی سەر دەفتەری سیاسی لە دوایین کەسەکان دەبوو کە شوێنی خۆی بەجێ بێڵێ، تەنانەت لە ژێر تووندترین هێرشەکانی مووشەکی چەند ساڵی ڕابردووش دا هەروا خۆڕاگرانە لە شوێنی ژیانی خۆی دەمایەوە.
سەرهەنگ لە کار و ئەرکی حیزبی دا کەسێکی ئەرک وەخۆگر بوو، هەر کارێکیان بۆ دیاری کردبا، بە ڕێکوپێکی بە جێی دەگەیاند، مرۆڤێکی بێ دەردەسەر، بێ ئیدیعا و لە هەمانکاتدا مرۆڤێکی شۆڕشگێر، خۆراگر و پێشمەرگە و کادرێکی بە ئیمان و وەفاداری ڕێگای شەهیدانی کوردستان بوو.
ئەوەندەی لە سەری بگوترێ و بنووسرێ، ئێستا قەڵەم و بیر و هۆش لە بەرامبەر گەورەیی و خۆنەویستی و فیداکاری ئەو مرۆڤەی کە نزیک نیوسەدە لە تەمەنی خۆی تەرخانی ئازادی گەلەکەی کرد ، کەمی دێنێ، هەر بۆیە وەک وەفایەک بۆ ئەو مەزنە شۆڕشگێرەی کورد سەری ڕێز لە بەرامبەر خزمەتەکانی، خوو ڕەوشتی بەرزی ئینسانی و شۆڕشگێری سەڕهەنگ رەشید دادەنوێنم.
لە کۆتایی دا سەرەخۆشی لە هاوڕێ و هاوسەنگەرانی و بە تایبەت ئەو کەسانەی کە هەمیشە چاویان بە سەر سەرهەنگ و هەموو بەساڵداچووەکانی نێو ڕیزەکانی شۆڕش دا هەیە، دەکەم. سەرهەنگ کۆچی دوایی کرد، دڵنیام مێژووی خەبات و تێکۆشانی وون نابێ، ئەوانەی بە ویژدانەوە خەبات دەکەن، گەورەیی سەرهەنگ و هەموو ئەوانەی ئێستا لە تەمەنی سەرهەنگ دا هەروا پێشمەرگەن، هەست پێدەکەن و دەزانن کە ڕەوڕەوەی ئەم شۆڕشە لە سەر شان و پیلی سەرهەنگەکان بووە و هەر بۆیە لە بیریان ناکەن.
ڕووح و ڕەوانی سەرهەنگ شاد و ڕێگەی خەبات و تێکۆشانی پڕ ڕێبوار بێ و یاد و ناوی لە دڵان دا هەردەم زیندوو بێ.
حەمەڕەسووڵ کەریمی
ماڵپەڕی گیاڕەنگ
٢٤ – ٠٦ – ٢٠٢٦ی زائینی
سەرچاوە: لاپەڕەی نووسەران