کاک ڕەحمان نەقشی ۲٥ وتاری کاک محەممەد سولەیمانی لەسەر شەهید د. قاسملوو کۆکردۆتەوە و ئێمەش دەیخەینە بەر دیدی ئێوەی بەڕێز بۆ خوێندنەوە.

ژیان و خەباتی پڕبەرهەم و بێوچانی سکرتێری گشتیی حیزب، وانە و ئەزموونی گەلێک بەنرخی لەخۆگرتووە. ئەگەر بێت و بە شێوەیەکی سادقانە و دوور لە دەمارگرژی و هەستی تۆڵەسەندنەوە بە قووڵی بچینە نێو پەڕەکانی تێکۆشانی سیاسیی قاسملووەوە و هەڵسەنگاندنی بابەتیانەی لەسەر بکرێت، بێگومان سوودی زۆر بە نەوەی نوێ و داهاتوو دەگەیەنێت و وانەی ئەوەمان فێردەکات کە بە چ ڕێگەیەکی گونجاودا گەلی کورد بتوانێت بەرگری لە خاک و بەها نیشتمانییەکانی بکات، هێڵە گشتییەکانی تایبەت بە قۆناغی سەربەخۆیی سیاسیی کوردستان گەشەیان پێبدرێت، بیری دەوڵەتسازی بەهێز و تۆکمەتر بپەڕوێندرێت و کەڵکی تەواو لەو قۆناغەنەی خەبات وەربگیرێت کە لە بەرژەوەندیی کورددا دێنە ئاراوە.
قاسملوو یەکێکە لەو سەرکردە دیار و ناودارانەی کورد کە بۆ کورد ژیا و هەر لە پێناو بەختەوەری و سەربەستیی کوردستانیشدا ژیانی بەنرخی خۆی فیدای ئامانجی سیاسی و نەتەوەیی گەلەکەی کرد. بۆ هەموو لایەک ڕوون و ئاشکرایە کە دکتۆر قاسملوو وازی لە ژیانی تایبەتیی خۆی هێنا، تا پلەوپایەی بەرزی خوێندن و ناو و ناوبانگیشی وەلانا و گرنگیی بە خەباتی سیاسیی خەڵکی کوردستان دا و لە ئاکامیشدا هەر ئەو ڕێگەیەی هەڵبژارد. ئەو وەک مرۆڤێکی داکۆکیکاری مافی سیاسیی نەتەوەکەی، دەستی لە هەموو دەستکەوتێکی شەخسی و بنەماڵەیی –کە زۆریش بەلایەوە پڕبایەخ بوون– هەڵگرت لە پێناو ئامانجی سیاسیی گەورەتردا.
قاسملوو وەک مرۆڤێکی خاکی و خەڵکی، ژیانی تایبەتیی خۆی بە ژیانی سیاسی و پێشمەرگایەتی گۆڕییەوە؛ هاوکات ژیانێکی زۆر سادەی لەگەڵ هاوڕێ و هاوسەنگەرانی لە شاخەکانی کوردستاندا دەگوزەراند و بەشێکی زێڕینی ژیانی خۆی تەرخانی ئازادیی نەتەوە بندەستەکەی کرد و هەر لەو ڕێگەیەشدا بە سەربەرزی سەری نایەوە.
دکتۆر قاسملوو لە داوێنی بنەماڵەیەکی شۆڕشگێڕ و نیشتمانپەروەر لە گوندی قاسملووی سەر بە پارێزگای ورمێ، لە شەوی یەڵدای ساڵی ۱۳۰۹ی هەتاویدا چاوی بە دونیای پڕ لە نابەرامبەریی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی هەڵێناوە.
خوێندنی باڵا تا ئاستی دکتۆرا لە بەشی زانستی ئابووری و سیاسی لە پڕاگ (چێکۆسلۆڤاکیای پێشوو) وەردەگرێت و پاشان لە یەکێک لە زانستگاکانی پڕاگ دەرس دەڵێتەوە.
