"an independent online kurdish website

peshmergekan_logo_0سه‌ره‌تایی ده‌ست پێکردنی سیسته‌می ئینته‌رنێت ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ده‌ستپێکی ئاخیر ده‌یه‌ی سه‌ده‌ی ڕابردوو. ئه‌گه‌ر چاوێک به‌ مێژوو د ابخشێنینه‌وه‌  ده‌بینین که‌ به‌داخه‌وه‌ هه‌رچی تێکنۆلۆژیا و که‌ره‌سته‌ی ژیان و ڕاگه‌یاندنه‌

، دوای ده‌یان ساڵ گه‌یشتووته‌وه‌ وڵاته‌که‌مان و خه‌ڵکی لێی به‌هره‌مه‌ند بوون. یه‌ک له‌وانه‌ نه‌ته‌وه‌ی کورد که‌ به‌ دایم له‌ ژێر سیاسه‌تی شۆڤێنیستانه‌ی داگیر که‌رانی کوردستان دا ، زۆر دره‌نگ و به‌ شێوه‌یه‌کی نرخ بۆ دراو توانیویه‌تی به‌ که‌مترینی ئه‌و ئیمکانات و که‌ره‌ستانه‌ ده‌ست ڕابگات .

به‌ تایبه‌تی که‌ره‌سته‌ی  میدیای و ڕاگه‌یاندن که‌ به‌شی ئێمه‌ی کورد زۆر دوای گه‌لانی دیکه‌ بووه‌. ڕۆژنامه‌ وگۆڤار ، ڕادیۆ و ته‌له‌فیزیۆن که‌ دوای ساڵانێکی زۆر کورد بۆته‌ خاوه‌نی . به‌ڵام بۆ یه‌که‌م جار له‌ مێژوو دا نه‌ته‌وه‌که‌شمان به‌ هاتنه‌ ئارای تێکنۆلۆژیای ئینته‌رنێتی،  پێ به‌ پێی کۆمه‌ڵگای جیهان چۆته‌ پێش ، به‌ جۆرێک که‌ ئێستا کورد خاوه‌ن ده‌یان هه‌زار ماڵپه‌ڕی ئینته‌رنێتی یه‌له‌ بواری جۆراوجۆر دا .

یه‌کێک له‌و ماڵپه‌ڕانه‌ی که‌  9 ساڵی ڕه‌به‌قه‌ له‌ خزمه‌ت نه‌ته‌وه‌که‌ی دا یه‌ ، ماڵپه‌ڕی پێشمه‌رگه‌کانه‌.

ماڵپه‌ڕی پێشمه‌رگه‌کان  چوونکی ناوی پیرۆزی پێشمه‌رگه‌ی له‌ سه‌ره‌ و له‌ لایه‌ن پێشمه‌رگه‌یه‌کی کوردستان که‌ به‌شێک له‌ له‌شی خۆی له‌ خه‌باتی پێشمه‌رگایه‌تی دا له‌ ده‌ست داوه‌ ، دانراوه‌ ، ڕاست له‌ 26 ی سه‌رماوه‌ز ڕؤژی پێشمه‌رگه‌ی کوردستان دا و له‌ ساڵی 2002 ده‌ست به‌ کار بووه‌ . ئه‌و پێشمه‌رگه‌ دێرینه‌ی کوردستان که‌ له‌ خه‌باتی پێشمه‌رگایه‌تی دا چه‌ندین چار برینداریش بووه‌ ، کاک ساڵح نه‌ڵۆسی یه‌ .

پێشمه‌رگه‌کان له‌ کاتێک دا ده‌ستی پێکردووه‌ که‌ خاوه‌نی سایته‌که‌ که‌مترین ئه‌زموونی له‌و بواره‌دا هه‌بووه‌ و  به‌ تاقی ته‌نیا به‌ڕیوه‌به‌ریی سایته‌که‌ی کردووه‌. به‌ڵام به‌و حاڵه‌ش له‌ ماوه‌یه‌کی کورت دا توانیویه‌تی خوێنه‌رێکی زۆر له‌ ده‌ور خۆی کۆ بکاته‌وه‌ و بکه‌وێته‌ بیری کۆکردنه‌وه‌ی ئارشیڤێک له‌ وێنه‌ی خه‌باتی خه‌ڵک و پێشمه‌رگه‌ی کوردستانه‌ و  ئێستا زیاتر  له‌ 20 هه‌زار وێنه‌ی جۆراجۆر که‌ پتریان هی پێشمه‌رگه‌ و شه‌هیدانن له‌ ئارشیڤی سایته‌که‌ دا پارێزراون و بوونه‌یه‌ به‌ڵگه‌ی حاشا هه‌ڵنه‌گری خه‌باتی نه‌ته‌وایه‌تیمان و جیلی داهاتوو که‌لکیان لێ وه‌رده‌گرێ.

هه‌ر وه‌ک باسمان کرد ماڵپه‌ڕی پێشمه‌رگه‌کان به‌ که‌مترین ئه‌زموون و که‌مترین پێرسۆنێل و به‌ ئیمکاناتی تاقه‌ که‌سێک ده‌ستی پێکردووه‌ و هه‌تا ئێستا درێژه‌ی هه‌یه‌ . له‌ ماوه‌ی 9 ساڵی کاره‌که‌ی دا هه‌زاران بابه‌تی جۆراجۆری بڵاو کردۆته‌وه‌ . چه‌ند جار که‌وتۆته‌وه‌ به‌ر هێرشی هاک کارانی دوژمنانی داگیر که‌ر ، به‌ڵام سوپاس بۆ سێرڤێره‌که‌ی که‌ نه‌یهێشتووه‌ ئارشیڤه‌که‌مان بفه‌وتێ و هه‌ر پارێزراو بووه‌. له‌ ئاستی ناوخۆش دا به‌ داخه‌وه‌ زۆر هێرش و بێ حورمتی کراوه‌ته‌ سه‌ر سایته‌که‌ و خاوه‌نه‌که‌ی. به‌ سه‌دان ئیمایلی پڕ له‌ جنیو، ته‌وهین  و بێ ڕێزی هاتوونه‌ته‌ ئیمایلی سایت که‌ به‌داخه‌وه‌ به‌شێکیان ته‌نانه‌ت خاوه‌نه‌که‌شیان بۆمان ناسراو بووه‌، به‌ڵام هه‌رگیز په‌نامان نه‌بردۆته‌وه‌ بۆ یاسای ڕاگه‌یاندنی ئه‌و وڵاته‌ی که‌ لیسانسی سایته‌که‌مان لێی وه‌رگیراوه‌. واته‌ له‌ حه‌قی یاسایی خۆشمان گوزه‌راوین بۆ ئه‌وه‌ی تووشی ئه‌وه‌ نه‌بین که‌  کوردێک یان چه‌ند کورد بچنه‌ به‌ر مێزی دادگای ده‌وڵه‌تانی بێگانه‌.   

زۆر جارا هێرشمان کراوه‌ته‌ سه‌ری که‌ گوایه‌ سه‌ر به‌ حیزبێکی سیاسین و به‌ ده‌ستووری ئه‌و حیزبه‌ کار ده‌که‌ین ! به‌ڵام له‌ گه‌ل ئه‌وه‌ی که‌ نکۆڵی له‌وه‌ ناکه‌ین که‌ به‌شێک له‌ به‌ڕێوه‌به‌رانی ماڵپه‌ڕ ئه‌ندام و لایه‌نگری حیزبێکی به‌ ڕابردووی کوردستانن ، به‌ڵام هه‌میشه‌ و هه‌تا ئێستاش  قه‌ت به‌ بڕیاری هیچ حیزب و لایه‌نێک کار مان نه‌کردووه‌ و له‌ داهاتووش دا ناکه‌ین. له‌ هه‌مان کات دا هه‌ر وه‌ک مافی هه‌موو ئینسانێکه‌ که‌ جیهه‌تی فیکریی خۆی هه‌ڵبژێرێ ، ئه‌ ومافه‌ بۆ ئێمه‌ش پارێزراوه‌ و ده‌بێ . ئه‌وه‌ش بڵێین که‌ له‌ چوار چێوه‌ی  نه‌زاکه‌ت و ئه‌ده‌ب دا ، زۆرترین ڕه‌خنه‌ له‌م ماڵپه‌ڕه‌وه‌ ڕووبه‌رووی ئه‌و حیزبه‌ کراوه‌ که‌ ئێمه‌ به‌شێکمان شانازیی ئه‌ندامه‌تیمان تێیدا هه‌یه‌ .  هه‌تا ئه‌م له‌حزه‌یه‌ش بۆ تاقه‌ جارێکیش نه‌ هیچ لایه‌ن و که‌سێک خه‌تی بۆ کێشاوین و نه‌ هاوکاری کردووین و نه‌ ئینتیزاری ئه‌وه‌یان بووه‌ که‌ ئێمه‌ له‌ چوارچێوه‌ی حیزبایه‌تی دا کار بکه‌ین.

به‌ڵام با چه‌ند خاڵێک به‌ ڕوونی ئیشاره‌ بکه‌ین:

1 . ماڵپه‌ڕی پێشمه‌رگه‌کان   ماڵپه‌ڕێکی به‌ ته‌واوی ئازاد و سه‌ربه‌خۆیه‌ له‌ کار کردن وبریاری خۆی دا ، به‌ڵام هه‌ رگیرزا و هه‌رگیز بێ لایه‌ن نیه‌ و نه‌بووه‌ . به‌و مانایه‌ که‌ ئێمه‌ له‌ کار و خه‌باتمان دا به‌ ته‌واوی ئازاد ، ده‌ستمان کراوه‌ و بڕیاری خۆمان به‌ ده‌ست خۆمانه‌ و له‌ هه‌مان کاتیش  دا  ئیزن له‌ هیچ لایه‌نێک وه‌رناگرین . که‌ ده‌ڵێین بێ لایه‌ن نین  ، مانای ئه‌وه‌یه‌ که‌ له‌ هه‌مبه‌ر رووداوه‌کانی کوردستان ….. ناتوانین و ناشبێ بێ لایه‌ن بین. هه‌ر چۆن هه‌موو ئینسانێک مافی خۆیه‌تی ،ئێمه‌ش مافی خۆمانه‌ که‌ لایه‌نگری له‌ لایه‌نێک بکه‌ین تا ئه‌و جێگایه‌ی که‌ ئه‌و لایه‌نه‌ سه‌لبی ئیختیاری له‌ ئیـمه‌ نه‌کردووه‌.  بۆیه‌ دووباره‌ی ده‌که‌ینه‌وه‌ که‌ ئێمه‌ سایتێکی به‌ ته‌واوی سه‌ربه‌خۆ وئازادین له‌ بڵاو کردنه‌وه‌ی هه‌ر بابه‌تێک ، به‌ڵام بێ لایه‌ن نین . بۆیه‌شه‌ ئێمه‌ قه‌ت ئیدیعای ئه‌وه‌مان نه‌کردووه‌ که‌ ئازاد و سه‌ر به‌ خۆین ، به‌ڵام لایه‌نگری له‌ لایه‌نێک بکه‌ین به‌ دژی لایه‌نه‌کانی دیکه‌. ئێمه‌ به‌ ئاشکه‌را گوتوومانه‌ و ده‌یڵیین که‌ بێ لایه‌ن نین .

2 .  ته‌مه‌نی 9 ساڵه‌ی ماڵپه‌ڕی پێشمه‌رگه‌کان شاهیدی پاراستنی ئه‌خلاقی ڕاگه‌یاندنه‌ . له‌ ماوه‌ی 9 ساڵ دا نموونه‌مان نیه‌ که‌ بابه‌تی ژاراوی  ، زڕاندنی ناوی فه‌رد  ، باسی بنه‌ماڵه‌ی که‌س  به‌ خه‌راپ ، ته‌وهین وتۆهمه‌تی جۆراوجۆری له‌ که‌س درابێ، هێرشی ناڕه‌وای بۆ سه‌ر هیچ که‌س و لایه‌نێک نه‌کردووه‌  و له‌ هه‌مان کاتیش دا به‌شداری شه‌ڕی ڕاگه‌یاندن بووه‌ ، له‌ چوار چێوه‌ی بیر و هزری به‌ڕیوه‌به‌رانی ماڵپه‌ڕه‌که‌ دا به‌شداری کردووه‌ له‌ڕووداوه‌کانی ساحه‌ی کوردستان .  له‌ هه‌موو ئارشیوی پێشمه‌رگه‌کان بگه‌ڕێین یه‌ک بابه‌ت نابینین که‌ باسی بنه‌ماڵه‌ی که‌سێک به‌ خه‌راپه‌ کرابێ  ، تاوانی خیانه‌ت له‌ که‌سێکی کورد درابێ (( مه‌به‌ست چاشه‌کان نین ،‌ ئه‌وان خائینن و بۆ باسی نابن))   به‌ تایبه‌تی له‌ ڕووداوه‌کانی چه‌ند ساڵی ڕابردوو دا ئێمه‌ش به‌شداری شه‌ڕی ڕاگه‌یاندن بووین و لایه‌نگریمان له‌ بیرو هزرێک کردووه‌ ، به‌ڵام له‌و په‌ڕی پاراستنی ئه‌خلاقی ڕۆژنامه‌ گه‌ری دا.  ئێمه‌ به‌ ته‌واوی خۆمان پاراستووه‌ له‌ ده‌نگۆی  به‌دوور له‌ ڕاستی بۆ کۆکردنه‌وه‌ی خوێنه‌ر ، هه‌وڵمان داوه‌ هه‌واڵ و بابه‌ته‌کانمان له‌ چوارچێوه‌ی ڕاستی دا بن و شتی ةاراست ته‌حویلی خوێنه‌ر نه‌ده‌ینه‌وه‌.

3 .  له‌مه‌و دوا ش ئێمه‌ هه‌ر وه‌ک ڕابردوو  وه‌ک ناوه‌ندێکی ڕاگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆ و ئازاد له‌ چوارچێوه‌ی  ڕۆژنامه‌گه‌ری یه‌کی نه‌ته‌وه‌یی به‌ پڕه‌نسیپ دا کار و خه‌باتی خۆمان درێژه‌ پێ ده‌ده‌ین  و هه‌ر بابه‌ت و هه‌واڵێک خزمه‌ت به‌ دۆزی ڕه‌وای نه‌ته‌وه‌که‌مان بکات به‌ دڵ و به‌ گیان ئاماده‌ین بۆ  وه‌شاندنی له‌  پێشمه‌رگه‌کان دا . هه‌ر هه‌واڵ بابه‌تێک خزمه‌ت به‌ ته‌بایی و یه‌کڕیزی گه‌ل ولایه‌نه‌ سیاسی یه‌کانمان بکات لای ئێمه‌ بڵاو ده‌بێته‌وه‌ . ئێمه‌ له‌ گه‌ل ئه‌وه‌ی هیندێک جار بابه‌تی به‌ ناوی دڵخواز مان بڵاو کردۆته‌وه‌ ، به‌ڵام هه‌وڵ ده‌ده‌ین و داواش له‌ قه‌ڵه‌م به‌ده‌ستان ده‌که‌ین که‌ له‌و باره‌وه‌ هاوکار مان بن و بابه‌ت به‌ ناوی ئه‌سڵیی خۆیان بۆمان بنێرن. ئێمه‌ ئه‌زموونی زۆرمان هه‌یه‌ که‌ بابه‌ت به‌ ناوی دڵخواز ئامانجی  باش ناپێکێ . (دیاره‌ ئه‌وه‌ ئه‌و که‌سانه‌ ناگرێته‌وه‌ که‌ له‌ ناو خۆی وڵاتن و گیانیان له‌ خه‌ته‌ر دایه‌)

ئێمه‌ ڕه‌قابه‌ت له‌ گه‌ل خۆمان  و تواناکانی خۆمان ده‌که‌ین و به‌س. ناچینه‌وه‌ ڕه‌قابه‌ت له‌ گه‌ل هیچ ڕاگه‌یاندنێکی کوردی و به‌ گوێره‌ی توانا ، ئیمکان ، کات و ده‌رفه‌ته‌کانمان و ژماره‌ی پێرسۆنێلمان کار ده‌که‌ین . زۆر جار نووسه‌ران گله‌ی ده‌که‌ن که‌ بابه‌ت دره‌نگ ده‌که‌وێ . ئه‌وه‌ به‌ ته‌واوی ڕاسته‌ . چوونکی به‌ڕیوه‌به‌ران مان هه‌موویان له‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵاتن و شێوه‌ی ژیان و کات و کار هه‌ر ئه‌وه‌نده‌مان هه‌ل بۆ ده‌ره‌خسێنێ .

4 . له‌ کۆتایی دا وێڕای پیرۆزبایی ڕۆژی پێشمه‌رگه‌ی کوردستان ، پێرۆزبایی له‌ خوێنه‌ران و نووسه‌رانی هێژا ده‌که‌ین به‌ بۆنه‌ی داگیرسانی ده‌ یه‌مین مۆمی ته‌مه‌نی پێشمه‌رگه‌کان . بێ گومان ئه‌وه‌ که‌ پێشمه‌رگه‌کان 9 ساله‌ به‌رده‌وامه‌ ، هاوکاری و قه‌ڵه‌می ئه‌و به‌ڕیزانه‌ و سه‌ردانی سه‌دان که‌سی یه‌ له‌ ڕۆژدا که‌ دڵگه‌رممان ده‌کاته‌وه‌ تا درێژه‌ به‌و ئه‌رکه‌ پیرۆزه‌مان بده‌ین. ئێمه‌ چاوڕوانی ڕه‌خنه‌ و پێشنیاری ئێوه‌ ئازیزانین و له‌ هه‌مان کاتیش د اهاوکاری و ناردنی بابه‌ت وهه‌واڵی به‌ که‌لک بۆ خه‌باتی نه‌ته‌وه‌که‌مان  .

بێ گومان ئێمه‌ش بێ عه‌یب و ئیراد نین  ، چوونکی ئینسانین وئینسانیش که‌ کاری کرد هه‌ڵه‌ش ده‌کا و زۆریش سرووشتی یه‌. هه‌وڵده‌ده‌ین  و قه‌وڵ ده‌ده‌ین که‌ نیهایه‌تی بێلایه‌نی بیپارێزین له‌ بڵا وکردنه‌وه‌ دا ، به‌ڵام هه‌ڵوێستی خۆشمان هه‌ر گیز له‌ بیر ناچێت و دیفاع له‌ هه‌لوێست و ڕوانینه‌کانمان ده‌که‌ین له‌ چوارچێوه‌ی مافێکی دێمۆکراتیکی خۆمان دا .

پیرۆز بێ له‌ هه‌موو دڵسۆزێک کورد

به‌ڕێوه‌به‌رانی ماڵپه‌ڕی پێشمه‌رگه‌کان


نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی