"an independent online kurdish website

هاوڕێیانی خۆشەویست هەر وەک دەزانن ئەم کۆبوونەوەیەمان بۆ رێز گرتن لە مەقامی بەرزی سێ هاورێی تازە شەهید بوومان کاک مەلارەسووڵ گەردی، کاک حەسۆ عەلیپور و کاک جەلیل مامایی‌یە. سڵاوێکی گشتی‌و دەستەجەمعی لە گیانی پاکی ئەو ئازیزانەمان.

شێوەی بەڕێوە چوونی ئەو پیلانەی رێژیمی دژی گەل‌و جنایەتکاری ئاخوندی کە بوو بە هۆی شەهید بوونی ئەو هاوڕێیانەمان. ئەو خۆشەویستانەمان تازەترین نەفەراتن کە لەگەڵ کاروانی شەهیدانی سەربەرزی رێگای رزگاری گەلەکەمان و کوردستان کەوتن، هەمووتان دەزانن‌و ئاگادارن، بۆیە پێویست ناکا کە لێرە لە سەر جوزئیاتەکەی بدوێن. هەر وەها زۆربەی ئێوە کە لێرە حزورتان هەیە هەموومان کەم‌و زۆر لەگەڵ ئەو هاوڕێیانە ئاشنایەتی‌مان هەیەو دەیاناسین‌و سابیقەی ژیان‌و تێکۆشانیان دەزانین. رادیۆ دەنگی کوردستانیش دوێنێ تا ئەندازەیەک لە باری سابیقەی وان‌ دواوە. هەر لە بەر ئەوە پێویست ناکا ئەمن ئێستا لە سەرڕا دووپاتی بکەمەوە. بۆ خۆم شەخسەن ئاشنایەتی‌ و شناسایی شەخسیم لەگەڵ دوو لەو هاوڕێ شەهیدانە هەیە، وەک نموونو عەرزتان دەکەم.
دیارە شەهید مەلارەسووڵ گەردی هاوڕێیەکی قەدیمی و تێکۆشەری حیزبە کە زۆریش پێش لەوەی ئەمن بێمە نێو حیزبی دێموکڕات ‌و تێکۆشان دەست پێبکەم ئەو تێکۆشانی هەبۆوە. بەو پێ‌یە یەکێک لە کۆڵەکان‌و پایەکانی حیزبی دێموکڕاتە. سابیقەی زیندان، دەربە دەری، تێکۆشان لە شەرایەتی سەخت دا. من بۆ خۆم تازە کە لە ساڵی ٥٩ لە شارەکان وە دەر کەوتبووین، ئاشنایەتیم دەگەڵ ناوی ئەو شەهیدە، شەهید مەلارەسووڵ گەردی و دەگەڵ شێوەی رەفتاری هەبوو. لە بیرمە کە زۆر بە شێوەیەکی باش نەبوو. دەتوانم بڵێم بە شێوەیەکی مەنفی بوو. چونکە ئەو دەم عیدەیەکی کە دوایە دەگەڵ جەریانی بە ئیستلاح تاقمی ٧ کەسی کەوتن کە لە پیرانشار رەحمانی کەریمی بەو ناوە مەعروفە، کەوتنبوون و دوایی دەر کەوت کە چ نێوەڕۆکێکیان هەیە. یەکێک لە خەتەکانیان کوتان‌و لە مەیدان بە دەر کردنی ئەو کەسانە بوو کە دێموکڕاتی ئەسڵن‌و بناخەو رەگ‌و ریشەی حیزبن لە نێو کۆمەڵی کوردەواری دا. خۆیان بە شێوەیەک نیشان دەدا، عەوامفەریبانەو ریاکارانە کە بەڵێ پێشکەوتنخوازو موتەرەقین. زۆرتر ئەو هاوڕێیانەمانیان هەڵدەبژاردو ئەنواعی ئیتهام‌و تاوانیان بۆ هەڵدەبەستن ، وەکوو کۆنەپەرەست‌و دژی پێشکەوتنخوازو ناسیۆنالیستی بەر چاو تەنگ‌و ئەو جۆرە شتانە. فەزاکەش بۆخۆتان دەزانن ئەو دەمی جۆرێک بوو کە بە گشتی بڕێک ئەوەی دەویست یا قەبووڵی دەکرد. بۆیە یەکێک لەو کەسانەی کە قسەی زۆر لە سەر بوو، وە زۆر بە توندی لە لایەن ئەوانەوە قسەی بە دژی دەکراو یەکێک لە عەوامیلی ئەوەی عەدەمی پێشڕەفتی کاری حیزبی‌و بە شێوەی پێشکەوتنخوازانەو موتەرەقیانە لە مەڵبەندی پیرانشار، ئیتهامیان دەخستە سەرو ئەنواعی شتیان بۆ هەڵدەبەست، ئەو کاک مەلا رەسووڵ گەردی‌یە بوو. کە وابوو عەرزم کردن من خۆم وەکوو کەسێکی کە تازە بە عەمەل پێی نابۆوە مەیدانی تێکۆشانی رۆژانەی نێو حیزبی‌، خۆی لە من دا ئیحساسێکی کەمێک مەنفی پێک هێنابوو. بەڵام زۆری پێ نەچوو، وردە وردە جەریانات دەری خست کە کێ ڕاست دەکا. وە چۆن ئەفڕادی وەکو من کە لە تێگەیشتنەکەو قەزاوەتەکەیان دا بە هەڵە دا چووبوون. بە سەڕاحەت ئەرزو بکەم کە ڕێبەڕایەتی حیزب لە ڕاستی دا لایەنی دارو دەستەی رەحمان کەریمی دەگرت. بۆیە کاک مەلا رەسووڵ گەردی وەکو نموونەو سومبولی ئەو جەریانە و ئەو فکرە لەسەر بنج‌و بناوانە ئەسڵیەکانی حیزبی دێموکڕات پێی دادەگرت تا ئەندازەیەکی لە جەریانی حیزبی وەکو تەرد تەرد کرابوو. بەڵام ئەوە یەکێکی دیکە لە خسووسیاتی گەورەی ئەو شەهیدەمان بوو کە کۆڵی نەدا. ئەگەر چی دەیدیت کە نە لە بەڕێوەبەرایەتی حیزب‌و نە لە دەفتەری سیاسی پێشوازێکی وای لێ ناکرێ‌و تەنانەت فشاری بۆ دێ و نە لەو کۆمیتەیەش کە عەمەلەن لە پیرانشار بە دەست وانەوە بوو، دیارە فشاری بۆ دێ، بێ‌لوتفی پێ دەکرێ، بەڵام ئەو دێ بە دێ، بنکە بە بنکە کارو پیشەی ئەوە بوو دەگەڕاو فەعالییەتی دەکرد. یانی لە راستی دا شتەکەی وەکو حاڵەتێکی تەنانەت وەک موبارزە دەگەڵ دەفتەری سیاسیش دەر هاتبوو، بەڵام کۆلی نەدەداو قسەی دەکرد. ئەوە دووهەمین خسوسیاتی تایبەتی کە ئەگەر ئیمانەکەی سەرەڕای ئەوەی قایم بوو کە لە مەیدانی عەمەڵ دا نیشانی دا تا چ ئەندازە شێلگیرە. هێندەی پێ نەچوو، هەر وا ساڵێک، ساڵ‌و نیوێک کە تەواوی بۆچوونەکانی کاک مەلا رەسووڵ‌و هاوڕێیانی کە وەک ئەرزم کردن کاک مەلا رەسووڵ گەردی نموونەی هەرە هەرە بەرچاوو هەرە تێکۆشەریان بوو، بە دروستی دەر کەوت. پێم وایە ئەوە بەسە کە نیشان بدا ئەو هاوڕێیەمان تا چ ئەندازە بە ئیمان، تا چ ئەندازە فەعال و تێکۆشەر، وە تا چ ئەندازە لە شەرایەتی سەخت دا ئەو لە رێگای ئەسڵی شێلگیر بووە لەسەر درێژە دانی رێگای حیزب‌و تەنانەت دەتوانم ئەوەی پێوە ئیزافە بکەم شایەد ئەگەر زۆر کەسی دیکە بووبانایە لە جیاتی وی کە پاش ئەوەی ئەو جەریانەی ئەرزم کردن، گوزەراو دروستی نەزەری وی دەرکەوت، هاتبا و هەزاران منەتی کردبا، هەزاران داوای کردبا کە دیتتان من حەقم بوو، دیتتان ئەو هەڵوێستەی نیسبەت بە من‌و هاوڕێیانی منو دەگرت زوڵم بوو، ناحەق بوو؟ بەڵام من بۆخۆم شەخسەن تەنانەت یەک جاریشم ئەوە نەدی. تیبقی مەعموول هاتەوە سەر کارو باری خۆی‌و درێژەی دا وە لەو دەم را هەتا رۆژی شەهید بوونی کە هەموو دەیناسن بە چ دڵسۆزیەکەوە هەر بەردەوام بوو. دیارە پاش ئەو جەریانەش بوحرانمان هاتە پێش بەڵام دیارە ئیدی نەفەری وا هەر وەک عەرزم کردن بۆخۆی کۆڵەکەیەکەو بنج‌و بناوانەو ریشەکانی حیزبە کە دای کوتاوە لە کۆمەڵی کوردەواریدا قایم و موحکەم هەمیشە درێژەی دا، بە بێ تەزاهوڕێکی زۆر. دەتوانم بڵێم هەمووشتان دەزانن نەک هەر ژیانی خۆی بەڵکو تەواوی ژیانی بنەماڵەی بەڕێزیشی هەموو گرێ داوە بە ژیانی حیزبی.
هەر وەک دەبینین ئەو پیلانە بۆ ئێمە زەبرێکی چکۆڵە نی‌یە. هاوڕێیانی ئاوا بەنرخمان لە دەست داوە. دیارە چونکە جار جار برادەران موقایسە دەکەن بە ئەوەی کە دەیتوانی بگاو نەگەیشتووە، بۆ وێنە ئەوە لە زاریان دەردێ کە چاکمان نەجاتی بوو. لە سەتحێکی گشتی حیزب دا، دیارە ئەوە راستە. ئەگەر هەر ٢٧ نەفەرەکەی ناو ئوتوبووسەکە لەبین چووبان زەربەکە زۆر زۆر گەورەتر دەبوو، بەڵام بە هەر حاڵ لە سەتحی خۆی دا وەک دەبینن ئەوە زەبرێکی کەم نیەو جێگای داخێکی زۆرە. بەڵام چ دەتوانین بکەین لە واقیع دا؟ ئێمە شۆڕشگێڕین، پێمان لە رێی خەبات ناوە، رێگای عەمەلی خەبات، بە کردەوەش خەبات دەکەین، نەک دانیشتبین‌و لە جێگایەکی دوور لە مەیدانی خەبات و بە قسەو بە دروشم. خەباتگێڕی بە کردەوەین. دەڵێن کوڕی مەیدانین. لە مەیدانی خەباتیش دا، لە مەیدانی عەمەلی دا ئەوەیە، یانی ئێمە بە هیچ وەج نە ئاشقی شەهادەتین‌و نە بە خاتری شەهادەت و ئەو شتانە هاتووینە مەیدان. ئێمە بە بیرو باوەڕێک هاتووینە مەیدان. وەک ئەرزم کردن ئەو برادەرانە موختەسەرێک لە شناسایی شەخسیەتی، بۆخۆیان نموونەی ئیمان بە بیرو باوەڕ بوون. لە رێگای بیرو باوەڕیش دا دەکوژرێی، دەکوژی وە لازمەی مەیدانی خەباتی بە کردەو ئەوە شتێکی تەبیعییە. لە مەیدانی خەبات و موبارەزە دا نوقڵ‌و نەبات بڵاو ناکەنەوە. تۆ بە هەر وەسیلەو ئیمکانێک کە دێتە دەستت دەتهەوێ دوژمن بە چۆک دابێنی، زەبری لێ بوەشێنی، ئەویش دیارە بە هەموو ئیمکانێکی کە لە دەستی بێ دەیهەوێ زەبر بوەشێنێ‌و سەدەمەمان لێبدا. بەڵام دیارە واقعییەت ئەوەیە کە لە مەیدانی عەمەلی دا ئەوەی قارەمانەتی‌و رووحییەی بەرز دەگەیەنێ قەت رێژیم بە پێشمەرگەی ئێمە نەوێراوە. هەمیشە دەبینن کە دەگاتە مەیدانی رووبە روو بوون دەگەڵ پێشمەرگە، چەند بێ‌ورەو زەبوونە با وجوودی تەواوی ئەو ئیماکانات و شتەی کە هەیەتی. ئەو پەنا دەبا بۆ ئەو جۆرە کارانە کە مومکینە لە باری ماددی هێزێکی گەورەتری بوێ، بەڵام لە باری رووحییەو بیرو باوەڕەوە زەعیفتر. پەنا بۆ ئەو جۆرە رێگایانە دەبا هەر بۆیەیە کە ئێمە دەبێ کە ئێستا لە مەیدانی خەبات داین لە هەموو شێوەکانی خەبات کەڵک وەربگرین. موبارزە کردن تەنیا ئەوە نیە کە بە تفەنگ‌و ئەسلەحە رووبە رووی دوژمن راوەستین کە لەو جەهەتە دا هەموومان دەزانین کە بەزاندوومانە. بەڵکو لە مەیدان‌و لەو جەهەتانەش دا کە ئەنواعی پیلان‌و تەوتەعەو شتی وا، فێڵ‌و تەڵەکەو نەیرەنگ‌و ئەوانە، شتی دژی ئینسانی، لەوەش دا دەبێ خۆمان موجەهەز بکەین. وە بتوانین بەربەرەکانی بکەین‌و نەهێڵین ئێستا کە لە مەیدانی رووبە روو دا ناتوانێ زەبرمان لێ بدا، لە وێش وێمان کەوێ یا تەنانەت کەمترمان وێ کەوێ.
بۆ پیلانێکی ئاوا هەموو بۆخۆتان دەزانن کە ئەوە شتێک نیە کە بە یەک رۆژ و یەک سەعات بکرێ. شتێکی وا بەرنامەیەکی دوورو درێژی دەوێ. لە راستی دا ئێمە ئەوە چوار ساڵە کە لێرەین. دەتوانین بڵێین ئەوەی کە ئێستا کردویەتی نەتیجەی چوار ساڵ بەرنامەرێژی بووە کە ئێستا بەو شێوەیەی بۆ دەرکەوتووە. خۆی ئەوە نیشان دەدا کە بۆ رێژیمیش زۆر ئاسان نیە کە لەو رێگایەش دا زۆرمان زەربە لێبدا، دەنا لەو چوار ساڵە دا بۆ نموونە بە دەیان پیلانی دیکەی کە خەریکیان بۆوە و هێندێکیشی پووچەڵ کراوەتەوە. بۆ نموونە هەر عەینی ئەو پیلانەی ئێستا لە سەرەتای ساڵی ٦٩ هەر بۆ ئوتوبووسەکان دانرابۆوە کە کەشف کرا وە ئاکامی کەشفی ئەو پیلانی بوو کە ئێمە رێگاکانمان ئیسفالت کرد.
بە هەر حاڵ لە دەیان پیلان مومکینە یەکیان سەر کەوێ، بەڵام وەک عەرزم کردن بۆ شتێکی ئاوا هەم بەرنامەریزی دەوێ وهەم ئەنواعی تەمرینی دەوێ. حەددی ئەقەل بۆ ئەو لەحزەیەی کە نەخشەکەی دەکێشرێ‌و تا دێتە سەر ئیجرا چەند جار تەمرینی دەوێ. بەو پێیە واقیعەتەکەی ئەوەیە کە ئەگەر ئێمە وشیارتر بین، کەمتر خەمی نەکەین، زیاتر بەو جەنبانەی خەبات‌و پیلانی دوژمن دیقەت بکەین دەتوانین ئەوانە کەشف بکەین. هەر لەو مەوریدە دا ئەگەر هاوڕێیان دیقەتی زیاترمان کردبا مومکین بوو ئەوەش وەک ئەوانەی دیکە پووچەڵ کەینەوەو پێشی بگرین. دیتنی شتێکی مەشکووک لە قەراخ جادە، راوەستانی کەسانێکی مەشکووک لە ساعەتهایەکی ناموشەخەس‌و مەشکووک دا لە دەوروبەرمان، موراجیعە کردن بە ئێرە، هاتنی نەفەراتی مەشکووک بۆ ماڵەکان بە عینوانی دیدار، هەمووی ئەوانە دەبێ نەزەرەی ئێمە جەلب کا. وەزعەکە ئێستا بە جۆرێکە کە دەبێ بە چاوێکی دەقیق‌و موشکافانە لە خەڵکی بکۆڵینەوە. هەر شتێک کە بە نەزەرمان غەیرە عادی هات ئیقدام بکەین‌و شەخسەن بە عینوانی یەکەمین قەدەم بە ئۆرگانەکانی رابگەیەنین. ئێمە ئێستا لە وەزعێک داین کە بە راستی دەوروبەرمان زۆری عەوامیلی دوژمن تێدایە. زۆری فەڕق هەیە لەگەڵ پارەکە کە دەورەمان چووڵ بوو. دیارە ئەگەر دەوروبەر چووڵ بوو پاراستنی ئەمنیەتیش ئاسانترە. لە راستی دا مەعلوومە کە ئەسلی پیلانەکە لە کوێوە بەڕێوە چووە. ڕاستە پیلانەکە هی رێژیمی ئێرانە، بەڵام نەفەراتی بوومی بە ئەنجامیان گەیاندوە.
دەزانم چونکە روداوەکە تاڵ‌و ناخۆش‌ بوو رەنگە هاوڕێیان لە نارەحەتی دا هێندیک بۆچوون یان ئەسڵەن هەڵوێستی عەمەلیان هەبێ، یان لە دڵیان دا هێندێک شت هەبێ کە توڕە بن، نیفرەت پەیدا بکەن لەو کەسانەی کە ئاوا هەموو شەڕافەتی خۆیان‌و گەلەکەیان دەفرۆشن بە پووڵ‌و پارە وە حازر دەبن بۆ جینایەتێکی ئاوا سەبارەت بە برایان، بە هاوخوێنیان‌و هاورەگەزیان، بە هاوخەباتیان. بەڵام شتەکە روون‌ ببینین، وەکو ئینسانی سیاسی‌و خەباتگێڕ. هەر چی لەو جەهەتە دا رق‌‌و قینمان هەبێ حەقە. بەڵام کینە نابێ ببێ بە شتە فەرعەکە. بە پێچەوانەوە دەبێ رق‌و قین‌و بوغزەکەمان بچێتە سەر شتێکی کە بۆتە عامیلی وەی، کە کەسێک وای لێ بێت.
بەشەر بۆخۆی فیترەتەن خەراپ نی‌یە. موحیتی ژیان یەکێک باش پەروەردە دەکاو یەکێک خەراپ. هیچ کەس کە لە دایک دەبێ بە خەراپی‌و بە فاسیدی لە دایک نابێ. چ شتێک بۆتە سەبەبی ئەوەی کە برایەکی کورد ئاوا حازر بێ تا ئەو ئەندازەیە لە خۆی بێگانە بێ‌و ببێتە عامیلی جینایەتیکی ئاوا نیسبەت بەو کەسانەی کە هەموو ژیانیان لە رێگای ئازادی گەلەکەیان‌و براکان‌و خوشکەکانیان داناوە؟
دیارە ئەگەر جوابەکە لە یەک کەلیمە دا خولاسە کەمەوە دەڵێم پاشکەوتوویی، بەڵام ئەو پاشکەوتوویە کێ بۆ گەلی کوردی پێک هێناوە؟ مەعلوومە دوژمنانی گەلی کورد. رێژیمی دیکتاتوڕی، ئەوانەی کە گەلی کوردیان لە چەوساوەیی‌و ژێر دەستی دا ڕاگرتوە. نەیان هێشتۆوە گەشە بکەین. تەواوی ئەو زەحمەتە کە دەیکێشین، ئەو خوێنە پاکانە کە دەیدەین، ئەو هەموو فیداکاریانە کە دەیکەین بۆ چی دەیکەین؟ بۆ ئەوەی لەو پاشکەوتوویە رزگارمان بێت.
ئیمە دەبێ رق‌و قینەکانمان بچێتە سەر ئەو نیزامە، ئەو هێزە کە ئێمەی وەک میللەتی کورد بەو هەموو هەستە پاک‌و بێ خەوشەوە گەیاندۆتە ئەو پایە نزمەی ئەخلاقی. دەنا هەر ئەو شەخسەی ئەو کارەی کردوە ئەگەر دە کۆمەڵێکی پێشکەوتوو دا بایە، لە کۆمەڵێک دا بایە کە تایبەتمەندیەکانی بەرزی ئینسانی رێزی لێگێرابا کێ دەڵێ کە نەدەبوو بە ئینسانێكی زۆر بە نرخ بۆ سەربەرزی بنەماڵەکەی؟ بەڵام نیزامەکە، موحتاجی، هەموو هونەرێک بۆ پاراستنی گیان‌و ژیانی شەخسی لە راستی دا کۆمەڵ تەبدیل دەکا بە جەنگەڵ. یانی ئەفڕادی ئینسانی وەکو حەیوانیان لێدێ کە لە جەنگەڵ دا هەر کەس دڕندەترەو هێزی زیاترە غاڵب دەبێ بەسەر ئەوەی دا کە زەعیفترە.
ئێمەیان وا لێکردوە وەک عەرزم کردن ڕق‌و کینەمان دەبێ بچێتە سەر عامیلی وەی کە ئێمەی وا لێ کردوە. بۆیە نابێ بە هیچ وەج ئەوە لە ئێحتڕامی ئێمە و رێزی ئێمە، لە هاودەردیی ئێمە، لە یەکگرتوویی ئێمە بە نیسبەت برادەرانی کوردی کوردستانی عێڕاق کەم بکاتەوە. بە پێچەوانەوە دەبێ زیاتر دەردی وان بە دەردی خۆمان بزانین، خەباتی وان بە خەباتی خۆمان بزانین، لە گەڵیان ئیحساسی هاودەردیی‌و نزیکایەتی‌و برایەتی بکەین.
هەر وەها باسی ئەوەم کرد، تەبعەن باشترە ئیشاڕەیەکیش بە بۆچوونمان نیسبەت بە رێکخراوەکانی سیاسی کوردستان بکەین، هەموومان بە تایبەتی لەو چەند رۆژە دا ناراحەت بووین. رەنگە قسەشمان کردبێت، بەڵام واقعیەت ئەوەیە بیلافاسیلە ئەوێ رۆژێ کە کارەساتەکە رووی دا بە گەرمی و سەمیممیەتەوە هەموو رێکخراوەکانی بەرەی کوردستانی هاودەردیان لەگەڵ کردووین. چ بە ناردنی پەیام‌و هەر وەها هەیئەتێکی بەشدار لە هەموو رێکخراوەکانی بەرەی کوردستانی تەنانەت لە رێکخراوەی چکۆڵەی ئاسۆڕیەکانی کوردستان، هاتوون‌و پێمان دەلێن کە ئێمە ئامادەین لە هەر ئیمکانێکی کە هەمانە کەڵک وەرگرین بۆ دۆستایەتی‌و هاوکاری، پێمان بڵێن چی بکەین. بەو پێیە ئەلحەق‌و وەلئینساف کۆتایی‌یان نەکردوە بەڵکوو بەو پەڕی برایەتی‌و هاوکاری‌و هاودەردیان نیسبەت بە ئێمە دەربڕیوە. بەڵام ئێمە دیسان گلەیی خۆمان هەر دەکەین، زۆرتر پێیان دەڵێن، زۆرتر فشار دێنین کە زیاتر لە رووداوی لەو چەشنە دا هەڵوێستی قایم بگرن، ئیحساسی مەسئولیەت بکەن. ئەوانیش لەو بارەوە دەریغیان نی‌یە. ئیجازە بدەن لە جیاتی هەمووتان سپاسیان لێ بکەین لەو هاودەردیی‌یەیان کە نیشانیان داوە.
لە کۆتایی دا من جارێکی دیکە ئیجازەم بدەن بە نوێنەرایەتی لە تەڕەف ئێوە کە حزورتان هەیەو هەموو هاوڕێیانی حیزبی‌و بنەماڵەکانی سەر بە حیزب، کە نەیانتوانیوە لێرە حازر بن، سەرەخۆشی تایبەتی عەرزی بنەماڵەی بەڕێزی ئەو شەهیدانە بکەم کە نوێنەریان لێرە تەشریفیان هەیە. وە عەرزیان بکەم ئێمە کە ئەو سەرەخۆشیە تایبەتیە دەکەین لە ڕاستیدا وەکوو رەسمێک‌و سوننەتێکە، دەنا هەموومان دەزانین کە سەرەخۆشی‌یەکە لە پێشدا لە خۆمان یانی لە حیزبە. دیارە مەسئوولیەتی ڕاستەوخۆی پاراستن‌و پەروەردەی منداڵی سەغیر لە پلەی یەکەم دا دەکەوێتە سەر شانی ئەو کەسانەی کە لەو شەهیدانە بە جێ ماون‌و سەرپەرستی خانەوادەکەیان دەکەوێتە سەر شان، بۆیە ئێمە لەو جەهەتە دا چاوەڕوانیمان لێیان هەیە کە ئەو ئەرکە بە دڵسۆزی‌و لێوەشاوەیی ئەنجام بدەن وە تێشیان ڕادەبینین. چونکە شوکور تا ئێستا ئەفڕادی وەکو کاک مەلارەسووڵ وەک نموونە کە عەرزم کردن نەک بۆ خۆی بە تەنیا بەڵکوو ژیانی هەموو خانەوادەی بەوە داوە. خۆشحاڵین لەو جهەتێکەوە کە دەبینین کاک مەلارەسووڵ ژنی، منداڵی، کوڕو کچی زۆر دڵسۆزو بە شەخسیەت هەم لە کاری حیزب داو هەم لە ژیانی کۆمەڵایەتی دا پەروەردە کردوە. بۆیە لەو جەهەتە دا من شەخسەن نیگەرانیەکم نیە. پێم وایە کە ئەو ئەرک‌و مەسئولیەتەی دەکەوێتە سەر شانیان، با تەوەجوو بە هەموو شتێکی کە لە شەخسیەتیان‌و دڵسۆزیان دەزانین بەڕێوەی دەبەن. بەڵام دەمهەوێ دیسان ئەوەیان عەرز بکەم کە ئەمن ئەو سەرەخۆشی‌یەی کە لە وانی دەکەم بە تایبەتی بە خاتری ئەوەیە کە نزیکترین کەس خانەوادەیەو ئەرکێکی کەمێک زیاتریان دەکەوێتە سەر. ئەگینا سەرەخۆشیەکە لە هەموومانە وەک ئەوەی کە ئەوێ رۆژێ لە سەر قەبران عەرزی هەموو بنەماڵەی شەهیدەکانم کرد.
حیزبی دێموکڕات بنەماڵەیەکی گەوریە، ئێمە هەموومان بە نیسبەت باب‌و براو خوشکی ئەو شەهیدانە‌و بازماندەگانی ئەو شەهیدانە مەسئوولین.
تەربیەت‌و پارێزگاری لە وانەی کە ماون ئەرکێکی گشتی‌یە لەسەر ئەو بنەماڵە گەورەیە. وە دڵنیاین کە لە سەتحێکی گشتی‌تر دا ئەو ئەرکە هەموو کۆمەڵی کوردەواری هەستی پێ دەکاو لە جێی خۆیدا نیشانی دەدا. بنەماڵەی بەڕێزی شەهیدان ئەگەر هەموو رۆژێ بە شێوەی ئاشکرا نامەیان بۆ نەیەت، لە بیرمە ئەمن لێرە کە بە بۆنەی کۆچی دوایی کاک هەژار وەک تەجروبەی شەخسی عەرزم کردن لە راستی دا عەزیزانی هەموو کۆمەڵی کوردستانن. ئەوە شتێکە لە دڵ‌و دەروونی خەڵکی بەئەمەگی کوردستان دا هەیە. بەو پێیە لەو جەهەتەی دا دڵنیام خاریج لەو دوو چوارچێوە چوکترەی کە خودی بنەماڵەو بنەماڵەی گەورەی حیزب بێ، گەلی بە هەستی کورد وەکوو بنەماڵەیەکی گەورەتر هەست بەو مەسئوولیەتە دەکا.
بە هەر حاڵ داوای سەبووری بۆ ئەو هاوڕێ خۆشەویستانە دەکەم کە لێرە تەشریفتان هەیەو ئەرک‌و مەسئولیەیەتی بێجگە لە شەخسی خۆیان کە تائێستا هەیانبووە، هی ئەو شەهیدانەشیان لێرە بە دوا دەکەوێتە سەر شان. زۆر زیاتر لە ئێمە، چونکە ئەوان راستەوخۆ لەگەڵ شتەکە تەڕەفن.
سەربەزیی بۆ شەهیدانی رێگای رزگاری گەلەکەمان!

سەرشۆڕی بۆ دوژمنانی ماف‌و ئازادیەکانی گەلی کورد بە تایبەتی رێژیمی ئینسان کوژی ئاخوندی ئێران

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی