"an independent online kurdish website

mesture_sultaniباسکردن و دوان لە سەر پێشمەرگە و کەسایەتی پێشمەرگە کارێکی ئەوەندە ساکار نیە.
بە بڕوای من قسە کردن لە پێشمەرگە وەک ئەوە وایە کە مرۆڤ بە نیاز بێت لە زەریایەکی مەند دا مەلە بکات کە لە وەها حاڵەتێک دا بێ گومان پێویستی بە شارەزاییەکی لە ڕادە بەدەرە ئەگینا مەلە کردن نەک هەر چەتوونە بەڵکە مرۆڤ تێیدا دەخنکێت.

ئەگەر خوێندنەوەیەکی ورد بۆ فەلسەفەی ژیان بکەین بۆمان دەردەکەوێ کە زۆرن ئەو مرۆڤانەی کەدڵسۆزی هەژار و لێقەوماو و بێ دەرەتانانن، بەڵام کەمن ئەو کەسانەی کە ئەبن بە مۆمی ڕێگای چەتوونی بۆ ئەوەی دڕ بە تاریکی و شەوەزەنگ بدەن و ڕێگای کەسانی دیکە ڕووناک بکەنەوە.
کەس ناتوانێ نکۆڵی لەو ڕاستیە بکات کە ژیان سەرەڕای هەموو کەم و کووڕی و گرفتاریەکانی بەڵام خۆشە و هیچ بوونەوەرێک نیە کە حەز لە ژیان نەکات هەر بۆیە کاتێک باس لە ژیان دەکرێ بڕوا ناکرێزۆر کەس هەبێ کە ژیانی خۆی فیدای بەختەوەرە کەسێکی دیکە بکات.
پێشمەرگە لە ڕاستی دا لە خۆ بردووترین و خۆنەویسترین مرۆڤە کە سەرەڕای خۆشەویستی ژیان، خۆی دەکاتە قوربانی گەل نک و وەک مۆم ئەسووتێ بۆ ئەوە ژیانی سارد و پڕ لە کۆڵەمەرگی گەلەکەی گەرم بکات و تاریکایی ژیانیان بۆ ڕووناک بکاتەوە.{jcomments off}
پێویستە بزانین کە چ کاتێک مرۆڤ ئامادە دەبێ کە بە نرخترین سەرمایەی ژیانی واتا گیانی شیرینی لە پێناوی شتێک یان ئامانجێک دا ببەخشێ؟
لە ڕاستیدا مرۆڤ ئەو کاتە ئامادەیە ئەو سەرمایە بە نرخە واتا گیان لە پێناوی شتێک دا ببخشێ کە بە دڵ و گیان هەستی بە گرینگی و پێویستی کردبێت و هەر ئەو ڕاستیەش وا دەکات کە پێشمەرگە دەست لە خۆشی و کامەرانیەکانی ژیان هەڵبگرێت و هەموو ساردی و تاڵی و دژواری و مەترسیەکانی ژیان قبووڵ بکات و لە بەرانبەری دا ئازادی و بەختەوەری بۆ گەلەکەی بە دیاری بێنێ واتا هەست کردن بە چەوساوەیی و بێ مافی گەلی کورد پێشمەرگە دێنەتە سەر ئە بڕوایە کە ڕێگای خەبات بگرێتە بەر و لە تەنگ و چەڵەمەکانی ئەو ڕێگایە سڵ نەکاتەوە و بە بەرەو پیری مەرگەوە بچێ.
لە ڕاستی دا باربووی بووکی ئازادی و بەختەوەری گەل خوێنی پێشمەرگەیە.
مەبەستی ئێمە باس کردنە لە سەر پێشمەرگە کە بۆ ئازادی و بەختەوەری گەلی چەوساوە و بن دستی کورد خەبات دەکات و گیان دەبەخشێت و بێ گومان گەلانی چەوساوە و بن دستی دیکە ناو و ناوبانگێکی جیاوازیان بۆ ئەو کەسە هەیە کە لە پێناو بەختەوەری ئەوان دا گیانی شێرینی دەبەخشێت بۆ وێنە گەریلا، موجاهید، فیدایی و زۆر ناوی دیکە بەڵام لە بنەڕەت دا یەک سەرچاوەن و یەک مەبست و ئامانجیان هەیە و ئەیش خۆ فیدا کردنە بۆ وەدەست هێنانی ماف و ئازادیەکانی گەلێکی چەوساوە.
گەلی کورد گەلێکی بن دەست و چەوساوەیە و هەردەم ڕێزی لە خەباتگێڕانی خۆی گرتوە،وشەی پیرۆزی پێشمەرگە لە سەردەمی کۆماری کوردستان دا بە فەرمی ناسێندراوە و لەو کاتەوە گەلی کورد بە ڕۆڵە خەباتگێڕ و شۆڕشڤانەکانی خۆی وتوە پێشمەرگە.
پێشمەرگە بۆیە ناوی پێشمەرگەیە چونکە بە کردەوە بەرەو پیری مەرگەوە دەچێ و گیانی لەسەر دەستە.
پێشمەرگە ئاشق و شەیدای مردن یان وەک دەڵێن “شەهید بوون ” نیە بەڵام بۆ وەدەست هێنان و دەستە بەر کردنی هیوای گەل تاکەسەرمایەی ژیانی واتا گیانی شیرینی لەلا هەزانە و دەزانێ نرخی ئازادی گەل گرانە و هەر بۆیە بە سەخاوەتەوە و بە بێ منەت کردن ئەو سەرمایە بەنرخە دەکاتە قۆچی قوربانی گەل و لە مردن ناسڵەمێتەوە.
وەک دوکتور قاسملووی مەزن فەرموویەتی پێشمەرگە باسکی بە هێزی گەلە و لە ڕاستی دا ئەو ڕستەیە باڵاپۆشێكی بە نرخە بۆ کەسایەتی پێشمەرگە و ئەگەر پێشمەرگە نەبێت بێ گومان دوژمنی داخ لە دڵی کورد لەوەش زیاتر قەڵاچۆ دەکات کە هەتا ئێستا کردوویەتی بەڵام هەر حاشا لەو ڕاستیە ناکرێ کە پێشمەرگە بە بێ بوونی گەلێکی ئەمەگ ناسی وەک گەلی کورد نەیدەتوانی وەک پێویست بەرگری لە قەڵاچۆ کردن و توانەوەی گەلی بێ مافی کورد بکات و لە ڕاستی دا گەل و پێشمەرگە وەک ماسی و ئاو دێنە بەر چاو و هەر کات داگیرکەری کوردستان پەلاماری پێشمەرگەی دابێت ئەوا ئامێزی گەرم و زەریا ئاسای گەل پێشمەرگەی لە ناو هەناوی خۆی دا حەشار داوە و چۆکی بە دوژمنی داگیرکەر دا داوە.
ئەگەر پێشمەرگە دەتوانێت لە بەربەرەکانیەکی نابەرانبەر دا و سەرەڕای جیاوازێکی لە ڕادەبەدەر لە ئاستی چەک و تفاقی شەر و پشتیوانی بە ئاشکرای بازرگانەکانی دەرەکی باڕووت و خوێن لە داگیرکەرانی کوردستان بە سەر دوژمنی ئازادی کوژ دا سەرکەوێ ڕاستە بڕوای قووڵی پێشمەرگە بە ئامانج و ڕێبازەکەیەتی بەڵام پشتیوانی بێ درێغ و لە بڕان نەهاتووی گەل پێشمەرگەی کردوتە قەڵایەکی هەرگیز لە گیران نەهاتوو، هەر بۆیە جێی خۆیەتی کە گەلی ئازادی خواز و بن دەستی کورد بە سەرچاوەی ڕاستقینەی مادی و مەعنەوی پێشمەرگە بزانین و سەری ڕێز و نەوازش لە ئاست بارەگای بەرزی دا دانەوێنین و وێكڕا بڵێین کە گەلی کورد شایانی لەوەش زیاترەکە هەتا ئەمڕۆ پێشمەرگە لە پێناو بەختەوەری و ئازادی ئەو دا کردویەتی.
جێی خۆیەتی لەو ڕۆژەدا سەری ڕێز و وەفاداری و ئەمەگناسی لە بەرانبەر هەموو ئەو کەسانە دا دانەوێنین کە لە پێناو ئازادی و بەختەوەری گەلی کورد دا لە خۆبردووییان نواندوە.

پرۆز بێت ٢٦ی سەرماوەز ڕۆژی پێشمەرگەی کوردستان

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی