"an independent online kurdish website

rahim_reshidiiبە بۆنەی تێپەڕ بوونی ٩ ساڵ کاری بەردەوام‌و تێکۆشانی بێ وچان، گەرمتریین پیرۆزباییتان پێشکەش دەکەم‌و لە کانگای دڵمەوە هیوای سەرکەوتن‌و پێشکەوتنی پترتان بۆ بە ئاوات دەخوازم. گومانی تێدا نیە کە ماڵپەڕی “پێشمەرگەکان” لە ماوەی نۆ ساڵی ڕابردوودا؛ پێشمەرگەیەکی چوست‌و چالاکی نێو مەیدانی ڕاگەیاندن بوە

و وەکوو مێدیایەکی تاکە کەسی بەوپەڕی چاوکراوەیی‌و دەروەستییەوە لە مەتەرێزی داکۆکی‌ کردن لە بەرژەوەندییە باڵاکانی نەتەوەکەمان‌دا جێیگرتوەو لە هەمبەر ڕووداوەکان‌و ئاڵۆگۆرەکانی پێوەندیدار بە کورد‌و کوردستانەوە بەوپەڕی هەست بە بەرپرسایەتی کردن تێکۆشاوە.
ئەمرۆ ماڵپەڕی “پێشمەرگەکان” نەک تەنیا سەرچاوەیکی باوەڕپێکراوی هەواڵ‌و زانیاری راست‌‌و بەکەڵکە، بەڵکوو هێمای لە قاودانی ناراستی‌و بەرگرتن بە چەواشە کارییەو لەم بارەوە ئەوەی ئێوە کردوتانە لە چوارچێوەی نوڕم‌و یاساکانی پێوەندیدار بە ڕاگەیاندن لە جیهانی ئازادو دێموکراتیک‌‌دا جێدەگرێ‌وئەمەش‌ نرخ‌و بایەخێکی زۆری هەیە، ئێوە لەو ماوەدا لەگەڵ ئەوەی بە شوناسی خۆتانەوەو راست بەو پەڕی بەرپرسایەتییەوە هەنگاوتان ناوەو لە ناوو ناتۆرە ساز کردن، تیرۆری کەسایەتی‌و ناوزڕاندن خۆتان بواردوە، ئەمەش شیاوی سوپاس‌و پێزانیینە‌و هیوام وایە ئەم ڕەوتە چڕتر لە جاران برەو پێبدەن.
بایەخی ئەم ڕێبازە پتر لەوەدایە کە لایەن یان کەسانێک هەوڵ دەدەن بە ناوی راگەیاندنی ئازادەوە خۆڵ لە چاوی بیروڕای گشتیی بکەن‌و بەم چەشنە دەورێکی مەترسی‌دار دەلەیزن. درێژەی ئەم بوارە لە داهاتوودا، بێ باوەری‌و نەبوونی متمانەی جەماوەر بە پێویستی‌و کاریگەری ڕاگەیاندنی ئازادو سەربەخۆ دێنێتە رۆژەڤەوە کە ئەمە زۆر بە زیانی ئازادی بەیان‌و کاریگەری ڕاگەیاندنی ئازاد بۆ گەشەی دیالۆگ‌و پرسیار خولقاندن لە کۆمەڵگەدایە.
بەرێزان
ماڵپەڕی پێشمەرگەکان ئەمرۆ ئیدی بە تەنێ ناوەندێکی ڕاگەیاندن نیە، بەڵکوو ئارشیوێکی پڕ بایەخی خەباتی سەربەرزانەی رۆژە سەختەکانی خەباتی پێشمەرگەیە، کە بە هەزاران وێنەو فیلمی ئەو سەردەمەی لە هەناوی خۆی‌دا پاراستوە. ئەوە کە سەدان کەس لە تێکۆشەرانی نەتەوەکەمان هەموو سەرمایەی مەعنەوی خۆیان کە هەمان فیلم‌و وێنەکانە، بە بێ هیچ چاوەڕوانییەک لە خزمەتی ئیوەدا دادەنێن، نیشانەی پێگەو خۆشەویستی ئێوەیە‌.
من لە کانگای دڵەوە هیوای سەرکەوتن‌و پێشکەوتنی پترتان بۆ بە ئاوات دەخوازم‌. لە پاڵ ئەوەدا پێشنیار دەکەم کە ڵاپەڕەیەکی تایبەتی بۆ بیرەوەری کادرو پێشمەرگەکان تەرخان بکەن‌و بەم چەشنە مێژووی تەژی لە سەربەرزی نەتەوەکەمان بەڕۆژ کەنەوەو لە سینگی پڕ لە متمانەی ماڵپەڕی خۆشەویست‌و دەلالی “پێشمەرگەکان‌”دا، پێشمەرگە ئاسا بیپارێزن، تاکوو ئەمە هەوێن‌و سەرچاوەی توێژینەوەی نووسەران‌و ڕووناکبیران بێ‌، هاوکات هونەرمەندان‌و هۆزان ڤانانی دلۆڤانی میللەتەکەمان بۆ گەشەی هونەری کوردی لە هەموو بوارەکان‌دا ئیلهامی لێوەرگرن.

جاڕێکی دیکە وێرای پیرۆزبایی دووبارە بەم بۆنەوە، هاوکات رۆژی پێشمەرگەی کوردستان لە ئێوەو هەموو خوێنەرانی بەرێزی ماڵپەڕەکەتان پیرۆزبایی دەکەم.

بەوپەڕی رێزەوە{jcomments off}

رەحیم رەشیدی، ئەندامی فیدراسیۆنی نێونەتەوەیی رۆژنامەوانان
واشینگتۆن
٢٦ی سەرماوەزی ١٣٩٠ی هەتاوەی
١٧ی دێسامبری ٢٠١١ی زایینی

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی