"an independent online kurdish website

لە کۆمەڵگا ئینسانیە کۆنەکاندا، ئەو دەم کە پێناسەیەکی هاوبەش بۆ مافەکانی مرۆڤ لە گۆڕێ دانەبوو، ئەو دەستەڵاتدارانەی کە ماف و ئازادیە فەردی و سیاسی و کۆمەڵایەتیەکانی خەڵکیان دابین و دەستەبەر دەکرد، بە حاکمی عادڵ ناو دەبران. ئەوانەش کە ئەو ماف و ئازادیانەیان پێ شێل دەکردن،braym_lajani_01

بە زۆردار و زاڵم دەناسران.  لەگەڵ پێشکەوتنی کۆمەڵدا، لە هەندێک شوێنی ئەم دونیایەدا، مرۆڤ بەو ئاکامە گەیشت کە ئەو دواکەوتوویی، گەندەڵی و هەژاری و ناعەداڵەتیەی کە لە کۆمەڵدا هەیە، تا ڕادەیەکی زۆر، لە ئاکامی وەبەرچاونەگرتن و لە ژێر پێنانی مەفە سروشتی و ئینسانیەکانی هاووڵاتیانەوە درووست دەبێ.  ئەو کۆمەڵگایانەی کە ماف و ئازادیەکانی مرۆڤیان وەبەرچاوگرتوون و دەستەبەریان کردوون، لە هەموو بوارەکانی ژیانی کۆمەڵایەتی، ئابووری، سیاسی و فەرهەنگیدا، پێشکەوتنی بەرچاویان وەدەستهێناوە و توانیویانە ژیانێکی پڕ لە سەعادەت و بەختەوەری و ڕەفاه، بۆ هاونیشتمانیانی خۆیان پێکبێنن.  بە پێچەوانەوە، لەو وڵاتانەدا کە ماف و  ئازادیەکانی مرۆڤ وەبەرچاوناگیردرێن، خەڵک بێجگە لە هەژاری، مەینەیبەشی، گەندەڵی و دواکەوتوویی کۆمەلایەتی وسیاسی و کولتووری و ئابووری، شتێکی دیکەیان پێ نەبڕاوە.

ئەمڕۆ بەڕوونی ئەوە دەرکەوتوە کە پێشکەوتنی هەموولایەنەی کۆمەڵگای ئینسانی، تەنیا لە ڕێگای دابین و دەستەبەرکردنی ماف و ئازادیەکانی مرۆڤەوە ئیمکانی هەیە. تەنیا لە ئاکامی ڕێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ و  دابیکردنی ئەواندایە کە بەهرەوتواناکانی یەک یەکی ئەندامانی کۆمەڵ دەپشکوێن و گوڵدەکەن و لە ئاکامدا سەرجەمی کۆمەڵ پێشکەوتن و پەرەسەندن بە خۆیەوە دەبینێ.
تاقیکردنەوە دەریخستوە کە هەرکاتێک پرینسیپە بنەڕەتیەکانی مافی مرۆڤ دەستەبەرکران، باقی ئامانجە جۆراوجۆرەکانی دیکەی کۆمەڵیش، ئیمکانی وەدیهاتنیان بۆ دەڕەخسێ. بەڵام ئەگەر ئەو ئەسڵە بنەڕەتیانە دابین نە کران، هەر چەشنە بزووتنەوەیەک بەرەوپێشەوە، درەنگ یا  زوو  تێک دەشکێ و کۆمەڵ لە گەڵ هەژاری و گەندەڵی و دواتەوتوویی و نائومێدی بەرەو ڕوودەبێ.
گرنگترین پرینسیپە بنەڕەتیەکانی مافی مرۆڤ لە بەیاننامەی جیهانی مافی مرۆڤدا هاتوون. ئێمە لێرەدا بە پێویستی نازانین یەک یەکی  بەندەکانی بەیاننامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ شیکەینەوە، بەڵام ئەگەر بە ئینسافەوە ئەو پرینسیپانە بخوێنینەوە، وێنەیەک لە کۆمەڵگایەکی ئازاد و دێموکڕاتیک و ئینسانیمان لەبەر چاو دەنەخشێ. کۆمەڵگایەک کە شیاوی مرۆڤە و  ئیمکانی گەشەسەندنی هەموو لایەنەی تاک و کۆمەڵیش پێک دێنێ.
ئەو ئەسڵە بنەڕەتیە بۆ کۆمەڵگای کوردەواریش هەر ڕاستە.  وەبەرچاو نەگرتنی ماف و ئازادیەکانی مرۆڤ ، هەژاری، دواکەوتوویی هەموولایەنەو نا عەدالەتی و ستەم و جیاوازی دانان و هەڵاواردنی بەدواوەدەبێ. کەواتە تەنیا پێوانە بۆ گەلی بوون، دێموکڕاتیک بوون، بەرحەق بوون و ڕەوابوونی هەر چەشنە سیستەمێکی سیاسی، بریتیە لەوە کە ئەو سیستەمە لە کردەوەدا چەندە بڕوای بە ماف و ئازادیەکانی مرۆڤ و دابین و دەستەبەرکردنیان هەیە.
ئێستا کە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پڕۆسەی پەرەسەندن و تەکامولی خۆیدا گەیشتۆتە قۆناخێكی تازە و لە بەرەبەری  پێکهێنانی کابینەی حەوتەمی خۆیدایە، بە جێ یە چاوەڕوانی ئەوەمان لە کابینەی تازەی حکومەتی هەرێم ئەوەبێ کە بایەخێکی زۆر بە ماف و ئازادیەکانی مرۆڤ بدا و لە بەرنامەی کاری خۆیدا، سەرنجێکی تایبەتی بداتە دەستەبەرکردنی ماف و ئازادیەکانی مرۆڤ.
 پێویستە پەرلەمان و هەموو کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان تێکۆشن کە کۆنڤانسێۆنە نێونەتەوەییەکانی مافی مرۆڤ  و بەڵگەنامەکانی دیکەی مافی مرۆڤ لە  سیاسەت و پلان و ستڕاتیژی کابینەی تازەی حکومەتی هەرێمدا ڕەنگبدەنەوە .  کابینەی تازەی حکومەتی هەرێم تەنیا لەوڕیگایەوە دەتوانێ پشتیوانی بەرینی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بۆ خۆی مسۆگەر بکات و مژدەی داهاتوویەکی گەش و پڕ لە ڕەفاه و سەعادەت  بەخەڵکی کوردستان بدات. بە خۆشیەوە پارتی دێموکڕاتی کوردستان و یەکیەتی نیشتیمانی کوردستان و حیزبی شیوعی کوردستان و باقی هێزە خەباتگێرەکانی دیکەی کوردستان ، به‌یاننامەی جیهانی مافی مرۆڤ و سەرجەم بەڵگەنامەکانی دیکەی مافی مرۆڤیان لە پڕۆگرامی سیاسی خۆیاندا جێ کردوونەتەوە.  ئەوە لەو ڕاستیەوە سەرچاوە دەگرێ کە ئەوان ڕادەگەیەنن کە   بڕوای قوڵیان بە وە هەیە کە لە کوردستانی ئازادا ، بێ وەبەرچاوگرتنی ماف و ئازادیەکانی مرۆڤ، نە زووڵم و ستەمی نەتەوایەتی لە نێودەچێ و نە ڕەفاه  و عەداڵەتی کۆمەڵایەتی  درووست دەبێ و نە پێشکەوتنیش ڕوودەدا. کەوایە با هیوابخوازین  کابینەی حەوتەم ئەو چاوەڕوانیەی خەڵکی کوردستان و ئەو پرینسیپانەی لە پرۆگرامی پارتی و یەکیەتی و هێزەخەباتگێرەکانی دیکەی کوردستاندا هاتوون، بکاتە سیاسەت و بەرنامەی عه‌مه‌لی  بۆحکومەتی هەرێم کوردستان.

ئیبڕاهیم لاجانی{jcomments off}

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی