"an independent online kurdish website

کوردیله‌ چاوگه‌شکانی ئه‌مڕۆمان ، نه‌وه‌ی داهاتووی کوردستانن.. ئه‌م چرۆ ناسکانه‌ و خونچه‌گوڵه‌ گه‌شانه‌ی ئه‌مڕۆمانن، له‌ داهاتوودا ده‌بنه‌ گوڵی پشکووتووی جوان و ده‌بنه‌ دره‌ختی به‌رداری به‌سوود.. ئه‌م کوردیلانه‌ی ئه‌مڕۆمانن ،reza_shuwan_0

ده‌بنه‌ شۆڕه‌سواری گۆڕه‌پانی کوردایه‌تی و مه‌ردایه‌تی .. ده‌بنه‌ رابه‌ر و پێشڕه‌وی چاونه‌ترس و کۆڵنده‌ر و  خۆڕاگر.. ده‌بنه‌ سه‌رکرده‌ و کاربه‌ده‌ست و که‌سانی ناودار و ناسراو.. ده‌بنه‌ که‌ڵه‌ پیاوی جوامێر و که‌ڵه‌ ژنانی ژیر و سه‌نگین.. ده‌بنه‌ باوکان و دایکانی زرنگ و هۆشیار ..ده‌بنه‌ مامۆستا و پارێزه‌ر و پزیشک و ‌ئه‌ندازیار و .. سیاسه‌تمه‌دار و نووسه‌ر و شاعیر و رۆشنبیر و رۆژنامه‌نووس و هونه‌رمه‌ند و وه‌رزشکار و زانا و دانا و داهێنه‌ر و به‌رهه‌مهێنه‌ر و..  

به‌ له‌به‌ر چاوگرتنی ئه‌و راستییانه‌ی سه‌روه‌..پێویسته‌ به‌ راستی و دروستی کوردیله‌کانی ئه‌مڕۆمان گۆش و په‌روه‌رده‌یان بکه‌ین.. به‌ راستی و به‌ دروستی رێنمایی و ئاراسته‌ و ئاماده‌یان بکه‌ین.. ئه‌گه‌ر به‌ هیوای گۆڕانکارییه‌کی بنه‌ڕه‌تی و ، چاکسازییه‌کی ته‌واو بین.. ئه‌گه‌ر به‌ ته‌مای داهاتوویه‌کی خۆشتر و باشتر و گه‌شتر و شایسته‌تر بین بۆ کورد و کوردستان.. پێویسته‌ به‌ دروستی کوردیله‌کانمان گۆش و په‌روه‌رده‌ بکه‌ین تا ده‌ربه‌رن و له‌ ئاستی ئه‌و ئه‌رکه‌ پیرۆزانه‌دابن .. خۆ ئه‌گه‌ر بیان ده‌ینه‌ ده‌ست قه‌زاو قه‌ده‌ر و پشتگۆیان بخه‌ین .. ئه‌مه‌ کاره‌ساتێکی ترسناکه ‌و داهاتوویه‌کی تاریک و پڕ له‌ مه‌ینه‌تی و کوێره‌وه‌ریی لێ ده‌که‌وێته‌وه‌ .. هۆکار و ئۆباڵی ئاکامێکی نه‌خوازراوی وه‌هاش له‌ ئه‌ستۆی هه‌موومان دایه‌.. هه‌موومان تاوانبار و گوناهبار ده‌بین .. هه‌مووشمان باجی که‌مته‌رخه‌می و خه‌مساردیمان له‌ سه‌قه‌تی و نادروستی په‌روه‌رده‌کردنی کوردیله‌کانمان ده‌ده‌ینه‌وه‌.. پاکانه‌ و حاشاکردنیش له‌ که‌سمان قبۆڵ ناکرێت.. مێژووش لێمان نابوورێت.

دێنه‌ سه‌ر ته‌وه‌ری ئه‌مجاره‌مان ، گرنگی په‌روه‌رده‌ و گۆش کردنی کوردیله‌کانمانه‌ به‌ سۆز و خۆشه‌ویستی بۆ کوردستانی جوان و شیرینمان .. کوردستان خاک و نیشتمانی هه‌زاران هه‌زار ساڵه‌مانه‌..ئێمه‌ په‌روه‌رده‌ی خاک وخۆڵی کوردستانین..هه‌وای سازگاری هه‌ڵده‌مژین.. ئاوی زۆڵاڵ و روون و شیرینی ده‌نۆشین.. به‌ خێروبێری زۆر و زه‌به‌ندی تێر ده‌بین.. به دیمه‌نه‌ قه‌شه‌نگه‌ سروشتییه‌ ئه‌فسووناوییه‌کانی دڵ و دیده‌مان خۆش و مه‌ست ده‌که‌ین.. کوردستان ناسنامه‌مانه‌ ، وێردی هه‌میشه‌ی سه‌ر زارمانه‌.. کوردستان‌ دایکی میهره‌بان و دڵسۆزمانه‌.. به‌بێ کوردستان بۆ ساتێکیش هه‌ڵناکه‌ین و ناژین..  راسته خوێن و ژیانمان به‌نرخن ، به‌ڵام کوردستانمان لا به‌نرختره‌.. به‌بێ کوردستان وه‌ک باڵنده‌یه‌کی بێ لانه‌ی ئۆقره‌ نه‌گرتووین .. بۆیه‌ دروشمی زۆربه‌ی شۆڕشه‌کانمان < کوردستان یا نه‌مان > بوو..به‌ هه‌زاران شه‌هیدمان له‌ پێناوی رزگارکردنی کوردستان له‌ داگیرکه‌ران داوه‌.. ئاماده‌ی به‌ هه‌زاران شه‌هیدی تریش له‌ پێناویدا بده‌ین.. چونکه‌ له‌‌ کوردستان خۆشه‌ویستر و له‌ دڵدا شیرینترمان نییه‌ .. چه‌ند شکۆداری و سه‌روه‌ری و شانازی و نه‌مرییه‌ .. ئه‌گه‌ر مردین شایانی ئه‌وه‌بین ، که‌ به‌ ئاڵای پیرۆز و ره‌نگینی کوردستانمان دامان پۆشن .

ئه‌و کوردانه‌ی که‌ له‌ هه‌نده‌راندا ده‌ژین و، بوونه‌ته‌ هاووڵاتی ئه‌و وڵاته‌ی لێی ده‌ژین .. هه‌رگیز ناتوانن مه‌یلی کوردستان بنێن و لێی دابڕێن.. هه‌رده‌م کوردستان به‌ نیشتمانی یه‌که‌می خۆیان ده‌زانن.. ته‌نها به‌ له‌ش لێی دوورن ، به‌ڵام به‌ رووح و هۆش و دڵیان له‌ کوردستانن.. کوردستان هه‌ردم له‌ به‌رچاو و له‌ ناخی دڵیان دایه‌ .. هاوبه‌شی هه‌موو خۆشییه‌کان و ناخۆشییه‌کانیین.. هیچ کوردێکی دڵسۆز ناتوانێت مه‌یلی کوردستان بنێت.

ئه‌وه‌ی که‌ تا ئێستا داگیرکه‌رانی کوردستانی سه‌رسام و دڵڕه‌ق کردووه‌ و ، له‌ ئاستیدا شکستیان هێناوه‌ و..هه‌ر شکستیش ده‌هێنن..ئه‌وه‌یه‌ که‌ به‌ هیچ کلۆجێک نه‌یان توانیوه‌، ئه‌و سۆز و خرۆش و په‌رۆش و خۆشه‌ویستییه‌ بێوێنه‌یه‌مانه‌ بۆ کوردستانمان،له‌ دڵمانی ده‌ربکه‌ن یا خامۆشی بکه‌ن .. مه‌حاڵه‌ و هیچ داگیرکه‌رێک ناتوانێت ، خۆشه‌ویستیمان بۆ کوردستانمان له‌ دڵ و باوه‌ڕماندا کاڵ بکاته‌وه‌ .. به‌ڵکو به‌ پێچه‌وانی ویست و نیازی گڵاوی ئه‌وان ، تا بێت ئه‌وینمان بۆ کوردستان شیرینتر و به‌هێزتر و قووڵتر ده‌بێت.

ئه‌براهام لینکۆڵن ده‌ڵێت : ” به‌هێزترین خۆشه‌ویستی .. خۆشه‌ویستی نیشتمانه‌ “

دانێل ویسته‌ر ده‌ڵێت : ” ده‌با ئامانجی هه‌مووان هه‌ر نیشتمان بێت ، له‌ نیشتمان زیاتر هیچی تر نه‌بێت “

سینیکا ده‌ڵێت : ” نیشتمانپه‌روه‌ری، ئه‌وه‌ نییه‌ ته‌نها به‌ وته‌ی رووت بڵێی نیشتمانه‌که‌م خۆش ده‌وێ ، به‌ڵکو ده‌بێ به‌ خۆبه‌خت کردن و قوربانی دان بیسه‌لمێنت “

مسته‌فا کامیل ده‌ڵێت : ” نیشتمانپه‌روه‌ری، هه‌ستێکه تا ئازاره‌کانی نیشتمان گه‌وره‌تر بن و نه‌هامه‌تییه‌کانی زیاتربن ، ئه‌ویش زیاتر کوڵ ده‌سێنێت “

کاکه‌ی فه‌للاح ده‌ڵێت : ”     دڵم ئه‌ڵێ وه‌ک زمانم          خۆشم ئه‌وێ کوردستانم   “

کامه‌ران موکری ده‌ڵێت : ” ژین له‌ لای دڵسۆز هه‌ر تێ کۆشانه‌    هه‌وڵه‌ بۆ خاکی ئه‌م  کوردستانه‌ “

ناپلیۆن ده‌ڵێت : ” با پاشاش بم ، هه‌ر نیشتمانپه‌روه‌رم “

بۆ دڵنیابوون له‌ دابینکردنی داهاتوویه‌کی باشتر و ژیانێکی خۆشتر و شیاوتر بۆ کورد و کوردستان.. پێویسته‌ کوردیله‌کانمان به‌ سۆز و خۆشه‌ویستی بۆ کوردستان رابهێنین و، ئه‌م هه‌سته‌ پێویست و پیرۆزه‌ له‌ دڵیاندا بڕوێنین.. بۆ هێنانه‌دی ئه‌م هیوا و ئامانجه‌ش.. پێویسته‌ هه‌موو لایه‌کمان هاوکاربین، خێزان، قوتابخانه‌، راگه‌یاندنه‌کان، رێکخراوه‌کان ، حکومه‌ت و هه‌موو ئه‌و لایه‌ن و ئه‌و که‌سانه‌ی خۆیان به‌ دڵسۆز و به‌ کوردستانپه‌روه‌ر ده‌زانن.. له‌م باره‌یه‌وه‌، من را و بۆچوون و پێشنیاره‌کانی خۆم ، به‌ کورتی له‌م خاڵانه‌دا چڕ ده‌که‌مه‌وه‌ :  

1 ـ داڕشتنی زمانی ستانداری یه‌کگرتووی کوردی ، تا ببێته‌ زمانی فه‌رمی نووسین و  خوێندنه‌وه‌ و دوواندن له‌ دایره‌کاندا.. تا هه‌موو تاکێکی کورد هه‌ست بکات که‌ ئێمه‌ی کورد له‌ کوردستاندا هاوزمانین .. با له‌ پۆلی یه‌که‌می بنه‌ڕه‌تییه‌وه‌ ده‌ست به‌‌ خوێندن و نووسین و قسه‌کردن به‌م زمانه‌ یه‌کگرتووه‌ بکه‌ین و ، ساڵ له‌ دوای ساڵیش ، پۆل له‌ دوای پۆل، هه‌موو بابه‌ته‌کانی خوێندن و نووسین به‌م زمانه‌ فه‌رمییه‌مان بێت.. زمانی یه‌کگرتوومان په‌یوه‌ندی و هه‌ستی هاونه‌ته‌وه‌یی و هاونیشتمانی له‌ دڵی رۆڵه‌کانی گه‌له‌که‌مان به‌هێزتر وشیرینتر ده‌کات.. زۆر داخم ده‌خوارد و دڵته‌نگ ده‌بۆم ، که‌ له‌ شاری بێرگن له‌ نه‌رویج که‌ وانه‌ی کوردیمان ـ زمانی دایک ـ مان به‌ منداڵانی کوردمان ده‌وته‌وه‌ ، سێ مامۆستا بووین و به‌ سێ شێوه‌زاری کوردی وانه‌مان ده‌وته‌وه‌( سۆرانی ـ بادینی ـ کرمانج ) ئێستاشی له‌گه‌ڵدابێ مایه‌ی شه‌رمزارییه‌ بۆ ئێمه‌ که‌ پێمان ده‌ڵێن: ( مامۆستای سۆرانی ) و ( مامۆستای بادینی ) و ( مامۆستای کرمانجی ).. ئایا حکومه‌تی باشووری کوردستان ناتوانێت .. ئه‌م هیوایه‌ بێنێته‌ دی..؟ هه‌موو بڕیارێک ئازایه‌تی ده‌وێ و.. هه‌موو هه‌وڵ و کارێکیش ، به‌ هه‌نگاوێکی سه‌ره‌تاوه‌ ده‌ست پێ ده‌کات .. ده‌با به‌بێ ترس بڕیار له‌ زمانی ستانداری یه‌کگرتووی کوردی بده‌ین.

2 ـ ئاشناکردنی کوردیله‌کانان به‌ رۆڵ تێکۆشان و ژیاننامه‌ی سه‌رکرده‌کان و تیکوشه‌ره قاره‌مانه‌ نه‌مره‌کان و ناوداران و ناسراوانی گه‌له‌که‌مان له‌ هه‌موو بوارێکدا.

3 ـ پێویسته‌ مێژووی پڕ له‌ شانازی گه‌له‌که‌مان و شۆڕشه‌کانمان له‌ پێناوی رزگاری کوردستان و به‌‌ده‌ستهێنانی مافه‌ ره‌واکانمان .. به‌شێویه‌کی ئاسان بۆ پۆله‌کانی قۆناخی بنه‌ڕه‌تی ، به‌ وێنه‌ی ره‌نگاوڕه‌نگه‌وه‌ ، دابڕێژین .

4 ـ جوگرافیای کوردستانی گه‌وره‌مان، به‌ نه‌خشه‌ و وێنه‌ی ره‌نگاوڕه‌نگه‌وه‌، له‌ وانه‌ی جوگرافیادا ، له‌ قۆناخی بنه‌ڕه‌تیدا ، داڕێژرێ و، کوردیله‌کانمان رابهێنین له‌سه‌ر کێشانی نه‌خشه‌ی کوردستان .. ئه‌وه‌شیان تێ بگه‌یه‌نین که‌ کوردستان هه‌ر یه‌ک کوردستانه‌.

5 ـ پێویسته‌ فێری وێنه‌کێشانی ئاڵای پیرۆزی کوردستانیان بکه‌ین و ، راڤه‌ی هه‌ر چوار ره‌نگه‌ جوانه‌که‌شی بۆیان بکه‌ین..له‌ رۆژی یادی ساڵڕۆژی هه‌ڵکردنی ئاڵای کوردستاندا له‌ سه‌رده‌می کۆماری کوردستاندا واته‌ له‌ ( جه‌ژنی ئاڵای کوردستان ).. پێویسته‌ هه‌موو قوتابخانه‌کان.. ئاڵایه‌کی بچووک له‌ به‌رۆکی هه‌ر قوتابی و مامۆستایه‌ک بده‌ن.. فێری ئه‌و سروودانه‌شیان بکه‌ن که‌ ، گوزارشت له‌ رێزیگرتنی ئاڵای کوردستانمان ده‌که‌ن .

6 ـ فێری وتنی مارشی نه‌ته‌وایه‌تیمان ( ئـه‌ی ڕه‌قیب ) بکرێن .. هه‌روه‌هاش فێری کۆمه‌ڵێک  سروودی نیشتمانی ترمان بکرێن .. فێریان بکه‌ین به‌ ته‌نها و پێکه‌وه‌ بیان چڕن .. با سروود‏ گه‌لێکی له‌م چه‌شنه‌ سرووده‌یان فێربکه‌ین :

ئێمه‌ منــــاڵین جـــــوانین         ئـاواتـی نیشـــــــتمانین

کامه‌رانین ، شـــادومانین         که‌ نه‌وه‌ی کوردستانین

رۆڵه‌ی خاکی پیـــــرۆزین         بۆیه‌ هێنده‌ به‌ســـۆزین

شه‌و و رۆژ تێ ئه‌کۆشین         بۆ وڵات به‌ په‌رۆشــین

7 ـ پێویسته‌ له‌ جه‌ژنی نه‌ته‌وایه‌تیماندا ‏( نه‌ورۆز ) جلی کوردی له‌به‌ر کوردیله‌کانمان   بکه‌ین.. به‌ کورتی و ئاسانیش باسی نه‌ورۆز و .. داستانی کاوه‌ی ئاسنگه‌ری کوردیان بۆ بگیرینه‌وه‌ .. نۆقڵ و جه‌ژنانه‌ی نه‌ورۆزیشیان بده‌ینێ .. فێری ئه‌و سروودانه‌شیان بکه‌ین که‌ بۆ جه‌ژنی نه‌ورۆز و ، سه‌ری ساڵی کوردیمان وتراون . وه‌ک ( ئه‌م رۆژی ساڵی تازه‌یه‌ نه‌ورۆزه‌ هاته‌وه‌ ) و ( جه‌ژنه‌ جه‌ژنی کوردستانه‌ ، جه‌ژنی نه‌ورۆزه‌ ) .

8 ـ پێویسته‌ له‌ هه‌موو بۆنه‌ و بیره‌وه‌رییه‌ نه‌ته‌وایه‌تییه‌کان و کوردستانییه‌کانماندا ، چ خۆش و چ ناخۆش کوردیله‌کانمان به‌شدار بکه‌ین و، باسی بۆنه‌کانیشیان بۆ بکه‌ین ، بۆ نموونه‌ : یادی دامه‌زراندنی کۆماری کوردستان له‌ ( دووه‌می مانگی رێبه‌ندان ) ، ‏یادی هه‌ڵه‌بجه‌ و ئه‌نفال ، یادی ڕاپه‌ڕینه‌که‌ی باشووری کوردستان له‌ ( 1991) دا ، یادی رزگارکردنی که‌رکوک و شاره‌کانی تری با شووری کوردستان له‌ هه‌مان ساڵدا .. یادی رۆژی شه‌هیدانی کورستان ، یادی … هتد .

9 ـ فێریان بکه‌ین ژینگه‌ی کوردستان بپارێزن ، کوردستان به‌ دار و به‌رد و ئاو و خاک و خۆڵییه‌وه‌ مووڵکی هه‌موو کوردێکه‌ ، پێویسته‌ سه‌یرانگاکان و هاوینه‌هه‌واره‌کانمان و هه‌موو شوێنێکی کوردسانی جوانمان ، که‌ به‌هه‌شتی سه‌رزه‌مینه‌ و، شابووکی جیهانه‌.. پاک و خاوێن رابگرین.. کوردستانێکی پاک، هێمایه‌ بۆ گه‌لی کوردی پاک و جوانخواز .

10 ـ فێریان بکه‌ین که‌ ، پێشمه‌رگه‌ی کوردستانیان خۆشبوێ و ئه‌وپه‌ڕی رێزیان لێ بگرن .. چونکه‌ پێسمه‌رگه‌ سوپای رزگاری کوردستانه‌ .. هه‌میشه‌ ئاماده‌ن و گیان له‌سه‌ر ده‌ستن و ، پارێزگاری له‌ کوردستانمان ده‌که‌ن .

11ـ دروستکردنی رووحی هاونه‌ته‌وه‌ی و برایه‌تی و ته‌بای و یه‌کتری خۆشویستن و.. تا درک به‌وه‌ بکه‌ن که‌ ئێمه‌ی کورد له‌ هه‌ر چوار پارچه‌ی کوردستاندا نه‌وه‌ی گه‌لێکین و کوردستان نیشتمانی ره‌سه‌ن و ناسنامه‌ی هه‌موومانه‌ ، هاوچاره‌نووسین و، له‌ خۆشی و ناخۆشییه‌کاندا هاوبه‌شین.. بۆ نموونه هه‌ڵوێستی‌ هه‌ستکردنی منداڵێکی کوردمان له‌ شاری بێرگن له‌ وڵاتی نه‌رویجدا ده‌هێنمه‌وه‌: خونچه‌گوڵ ( ئه‌ڤین ره‌مه‌زان ) کچۆڵه‌یه‌کی ته‌مه‌ن حه‌وت ساڵانه‌ و خه‌ڵکی باشووری کوردستانه‌ . له‌ پۆلی دووه‌می بنه‌ڕه‌تیدایه‌.. له‌ کاتی کاره‌ساتی بوومه‌له‌رزه‌که‌ی شاری( وان ) له‌ باکووری کوردستاندا، هه‌موو خێزانه‌ کورده‌کانی شاری بێرگن پاره‌یان بۆ لیقه‌وماوه‌کانی وان کۆکرده‌وه‌ .. ئه‌ڤین له‌ دایکی پرسی : ” دایکه‌ ئه‌م پارانه‌ بۆ کوێ ده‌نێرن.. ده‌یانده‌ن به‌ کێ ؟ “. دایکی زۆر به‌ جوانی باسی بوومه‌له‌رزه‌ و، بوومه‌له‌رزه‌که‌ی شاری وانی بۆ ئه‌ڤین کرد ، که‌ به‌سه‌دان منداڵ و خێزانی کوردمان به‌ برسێتی و له‌ سه‌رما هه‌ڵده‌له‌رزن و، هیچیان نه‌ماوه و، هه‌ندێکیان دایک و باوکیشیان بوونه‌ بن خانووه‌وه‌ و مردن… هتد . ئه‌ڤین واخێکی کرد و به‌ ته‌وای خه‌م دایگرت.. رایکرد و قووتی داخیله‌ی ( پاشه‌که‌وتی پاره‌ ) که‌ی هێنا .. که‌ زیاتر له‌ دوو سه‌د کرۆنی نه‌رویجی تێدا بوو ، به‌ نیازی کڕینی بووکه‌ڵه‌یه‌کی جوان کۆی کردبووه‌وه‌ .. پاره‌که‌ی ده‌رهێنا و‌‌ دای به‌ دایکی و وتی : ” دایکه‌ ئه‌م پاره‌یه‌ی منیش بۆ منداڵانی کوردی شاری وان بنێره‌ .. پاره‌ی تریشیان بۆ کۆده‌که‌مه‌وه‌ “

پێویسته‌ به‌م هه‌ست و سۆزه‌ نه‌ته‌وایه‌تییه‌ ، کوردیله‌کانمان گۆش و په‌روه‌رده‌ بکه‌ین .

12 ـ فێریان بکه‌ین ، که‌ رێز له‌ سه‌ر‌وه‌ری یاسا و رێساکانی کوردستان بگرن.. چونکه‌ سه‌رپێچیکردن له‌ یاسا.. به‌ره‌ڵایی و پاشاگه‌ردانی لێده‌که‌وێته‌وه‌ .

13 ـ فێری دڵسۆزی و خزمه‌تکردنییان بکه‌ین .. ئینتمابوونیان بۆ کوردستان به‌هێزتر بکه‌ین .. فێریان بکه‌ین نه‌فره‌ت له‌و کورده‌ خۆفرۆشانه‌ بکه‌ن ، که‌ ناپاکی ده‌رهه‌ق به‌ کوردستان ده‌که‌ن.. مافی ئه‌وه‌شیان نه‌بێت که‌ به‌ کورد ناوبه‌رێن و ناشبێ له‌ کوردستاندا بژین .. چونکه‌ که‌سانی ناپاک ، شایسته‌ی سوکایه‌تی و ڕسواکردنن .

14 ـ فیری خوو و ره‌وشت و به‌ها جوانه‌کانیان بکه‌ین وه‌کو : خوشک و برایه‌تی ، هاوڕێتی ، نیشتمانپه‌روه‌ری ، مرۆڤایه‌تی ، ته‌بایی ، یه‌کڕیزی، یه‌کێتی ، خۆشه‌ویستی ، پێکه‌وه‌ژیان ، هاوکاری ، یارمه‌تی ، به‌زه‌یی ، چاکه‌ و خێرخوازی ، راستگۆیی ، یه‌کسانی ، رێزگرتن ، دادپه‌روه‌ری ، ئیره‌یی نه‌بردن ، پێکه‌وه‌ یاری کردن ، قبۆڵ کردنی ره‌خنه‌ ، قبووڵ کردنی رای جیاواز ، یاساخوازی ، پاکی و ژینگه‌پارێزی ، جوانکاری ، ئاشتیخوازی ،… هتد.

15 ـ دوورخستنه‌وه‌ی کوردیله‌کانمان ، له‌ ململانێ و به‌ربه‌ره‌کانی حیزبی و سیاسی و له‌ ئاژاوه‌ و له‌ کاری توندوتیژی و له‌ رق و ر‌قه‌به‌رایه‌تی و له‌ خۆخۆی و… هتد . به‌ داخه‌وه‌ هه‌ندێ لایه‌نی حیزبی له‌ کوردستاندا له‌م ماوه‌یه‌ی رابردوودا ، دڵپاکی منداڵانیان قوزته‌وه‌ و ، بۆ مه‌به‌ستی سیاسی و به‌رژه‌وه‌ندی ته‌سکی حیزبایه‌تییان ، گاڵی منداڵانی کوردمانیاندا ، که‌ هه‌ندێ کاری نه‌شیاو بکه‌ن..به‌بێ ئه‌وه‌ی بزانن مه‌به‌ست له‌و کارانه‌ی ده‌یان که‌ن چییه‌.. یا چ ئه‌نجامێکیان لێده‌که‌وێته‌وه‌..تکات لێده‌که‌ین به‌ دروشمی بریقه‌دار و به‌ به‌ڵینی درۆ منداڵانی دڵپاک و خۆشباوه‌ڕی کوردمان مه‌خه‌ڵه‌تێنن و ، چیتر مه‌یان که‌ن به‌ مه‌قاشی ده‌ستان.. ئه‌م ره‌فتارانه‌ به‌ پێچه‌وانه‌ی جاڕنامه‌ی مافه‌کانی منداڵانن .

16 ـ مامۆستایانی هونه‌ر( وێنه‌کێش، شانۆکار، موزیکژه‌ن ) ده‌توانن توانا و به‌هره‌کانی کوردیله‌کانمان بقۆزنه‌وه‌.. به‌ ئاره‌سته‌ی کوردستانپه‌روه‌ری ئاراسته‌ و رێنماییان بکه‌ن.. بۆ نموونه‌ ، مامۆستای وێنه‌ ، ده‌توانێت داوا له‌ قوتابییه‌کانی بکات ، که‌ به‌شێک له‌و وێنانه‌ی ده‌یکێشن ، با گوزارشت بن له‌ دیمه‌نه‌ سروشتییه‌ قه‌شه‌نگه‌کانی کوردستانمان.

17 ـ دایکانی دڵسۆز و میهره‌بان ، بێگومان ئێوه‌ رۆڵێکی سه‌ره‌کی و کاریگه‌رتان هه‌یه‌‌ له‌ گۆش کردن و په‌روه‌رده‌کردن و رێنمایی کردنی جگه‌رگۆشه‌کانتان .. له‌ زاری ئێوه‌وه‌ فێری گڕوگاڵ ده‌بن ، له ‌ئێوه‌وه‌ یه‌که‌مین وشه‌ی زمانی کوردیمان فێرده‌بن.. بۆیه‌ ئه‌رکی ئێوه‌ له‌ په‌روه‌رده‌کردنی دروستی کوردیله‌کانماندا قورسه‌ .. سه‌رلانک و‌ سه‌ربێشکه‌ی کۆرپه‌کانتان به‌ نه‌خشه‌ی ره‌نگینی کوردستان بنه‌خشێنن .. هه‌ر به‌ وشه‌ی کوردستان گوێچکه‌یان بزرنگێننه‌وه‌ .. با چیتر لایلایه‌کانتان گورگانه‌ شه‌وێ و که‌متیاری سمپان و شومقاری ترسناک و وه‌وه‌که‌ و پشه‌که‌ و ده‌عبا و ده‌عجانی ترسناک نه‌بن ، به‌م وشانه‌ مه‌یان ترسێنن .. با لایلایه‌کانتان گوزارشت بن له‌ سۆز و خۆشه‌ویستی بۆ کوردستان . بۆ نموونه‌:

لای لایـه‌ ، کـۆرپه‌ جــــوانه‌که‌م

هیوای داهاتووی کورستانه‌که‌م

کوردیله‌ی شــــــیرینم لای لایه‌

بۆ کوردســتان زوو ‏وه‌ره‌ کایه‌

‏18ـ بۆ ئه‌وه‌ی کوردیله‌کانمان له‌ تاڕاوگه‌دا ، زمانی شیرینی کوردیمان له‌ یاد نه‌که‌ن ، بۆ ئه‌وه‌ی سۆز و خۆشه‌ویستیان بۆ کوردستان کاڵ نه‌بێته‌وه‌ ، بۆ ئه‌وه‌ی له‌ مێژوو و جوگرافیای کوردستان نابه‌ڵه‌د نه‌بن، بۆ ئه‌وی له‌ که‌سوکاریان له‌ کوردستاندا دانه‌بڕێن ، بۆ ئه‌وه‌ی داب و نه‌ریتی ره‌سه‌نی کوردیمان له‌ یاد نه‌که‌ن ، بۆ ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی و به‌سه‌رکردنه‌وه‌ و ئاوڕدانه‌وه‌ له‌ یه‌کتری له‌ نێوان منداڵانی کوردمان به‌هێزبکه‌ین‌ و هه‌ست به‌ هاونه‌ته‌وه‌یی و هاونیشتمانی بکه‌ن ، بۆ ئه‌وه‌ی زیاتر و زیاتریش سۆز و په‌رۆش و خوشه‌ویستی کوردستانیان له‌ دڵیاندا بڕوێنین ، بۆ ئه‌وه‌ی … هتد . هێنانه‌دی ئه‌م ئه‌رک و مه‌به‌سته‌ گرنگه‌ ، به‌ پله‌ی یه‌که‌م له‌ ئه‌ستۆی خێزان و ، مامۆستایانی زمانی دایک دایه‌.. پێویسته‌ له‌ ماڵه‌وه‌ ته‌نها به‌ زمانی کوردی له‌گه‌ڵیاندا بدوێن .. باسی کوردستانیان بۆ بکه‌ین .. دوو ساڵ جارێک ـ ئه‌گه‌ر کرا هه‌موو ساڵێک له‌پشووه‌کاندا ـ بیان هێنینه‌وه‌ بۆ کوردستان .. تا هه‌ست به‌وه‌ بکه‌ن که‌ کوردستانه‌ نیشتمانی ئه‌وان .

19 ـ هه‌ریه‌که‌ش له‌ شاعیران و نووسه‌ران ، به‌ تایبه‌تیش ئه‌وانه‌ی له‌ بواری ئه‌ده‌بی منداڵاندا خزمه‌ت ده‌که‌ن .. با هۆنراوه‌ و چیرۆک و شانۆ و ئۆپه‌رێت و په‌خشانه‌کانیان ، هانده‌ربن و له‌و بابه‌تانه‌ بن که‌ ، سۆز و خۆشه‌ویستی بۆ کوردستانمان ده‌خه‌نه‌ هۆش و دڵ و ده‌روونی کوردیله‌کانمانه‌وه‌ .

20 ـ خوێنه‌رانی دڵسۆز ، ئێوه‌ش کوردن و کوردستانین .. به‌شێکن له‌ئه‌مڕۆ و له‌ داهاتوو .. ئێوه‌ش تامه‌زرۆ و به‌ په‌رۆشی داهاتووی باشترن بۆ کورد و کوردستان .. دڵنیام هه‌ریه‌که‌ له‌ ئێوه‌ش کۆمه‌ڵێک را و سه‌رنج و بۆچوون و پێشنیاری به‌جێتان هه‌یه‌ .. که‌ چۆن به‌ هاوکاری هه‌موو لایه‌کمان کوردیله‌کانمان ، به‌ راستی و دروستی ، به‌ سۆز و خۆشه‌ویستییه‌کی راستی بۆ کوردستانمان ، گۆش و په‌روه‌رده‌یان بکه‌ین .. زۆرم پێخۆشه‌ که‌ ، سوود له‌ راو بۆچوونه‌کانی ئێوه‌ش وه‌ربگرم .. هه‌ر وه‌کو له‌ سه‌ره‌تاشه‌وه‌‌ وتوومه‌ و، جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌که‌مه‌وه‌، په‌روه‌رده‌کردن و ئاراسته‌کردن و خه‌مخواردن له‌ کوردیله‌کانمان.. ئه‌رکێکی پیرۆز و پێویستی ئه‌ستۆی هه‌موومانه‌.. به‌ هاوکاری هه‌موومان دێته‌ دی.. له‌ راده‌ی گرنگی پێدانمان به‌ دروستی په‌روه‌رده‌کردنی کوردیله‌کانمانه‌وه‌ ، ده‌توانین دڵنیابین و ، پشبینی له‌ داهاتووییه‌کی باشتر و رووناکتر بۆ کورد و کوردستان بکه‌ین .. با ئه‌م هیوا و خواستانه‌شمان ، ته‌نها قسه‌ی زل و دروشمی بریقه‌دار نه‌بن .. به‌ڵکو بیان خه‌ینه‌ بواری پراکتیکی و کار و سه‌لماندنه‌وه‌.{jcomments off}

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی