« قه‌ده‌مخێر ئه‌ی خوشكی پۆڵایین ـــــــ كۆشكی په‌هله‌ویت هێنایه له‌رزین » له زووه‌وه كورد وتوویه‌تی :
« شێر له لانه ده‌رچێ چ نێر چ مێ » مێژووی دێرین و نوێی پڕ له شانازی و شكۆداری گه‌له‌كه‌مان ، لاپه‌ڕه زێڕینه‌كانی به ناوی ده‌یان ئافره‌تی هه‌ڵكه‌وتووی كوردمان له‌هه‌موو بواره‌كاندا ڕازاندۆه‌ته‌وه كه هه‌ریه‌كه‌یان له بوارێكدا ڕوڵێكی به‌رز و گرنگی بینیوه له خزمه‌تكردن و و به‌رگریكردن له كورد و كوردستان ، له زانست و زانیاری ، له بنیاتنانی شارستانێتیدا، له ناویاندا شازاده و میرزاده و سه‌ركرده و شاسواری ئازا و دلێر و شۆڕشگێڕ و پێشمه‌رگه و فه‌رمانڕه‌وا و زانا و دانا و سیاسه‌تمه‌دار و شاعیر و نووسه‌ر و ئه‌فسه‌ر و مامۆستای زانكۆ و… تا ده‌گاته په‌ڕله‌مانتار.
ئه‌گه‌ر گه‌شتنامه و یاداشت و كتێب و نووسینه‌كانی ئه‌و گه‌شتیار و گه‌ڕیده و كوردناس و بازرگانه بیانییانه بخوێنینه‌وه ، كه هاتوونه‌ته كوردستان و به چاوی خۆیان ڕۆڵ و هه‌ڵسوكه‌وتی ئافره‌تی كوردیان بینیوه ،به ویژدانه‌وه له سه‌ریان نووسیون..هه‌موویان چه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه ڕاستییه ده‌كه‌ن كه ئافره‌تی كورد نموونه‌ی ئافره‌تی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاسته..له ئافره‌تانی تورك و فارس و عه‌ره‌ب ئازادتر و سه‌ربه‌سترن ،له هه‌موو بواره‌كاندا شان به‌شانی پیاوان تێده‌كۆشن و خزمه‌ت ده‌كه‌ن..له به‌رگری و شه‌ڕیشدا له جیهاندا بێوێنه‌ن.
یه‌كێك له‌و ئافره‌ته ناودارانه‌مان،میرزاده« قه‌ده‌مخێر»ی نه‌مره،كچه قاره‌مان و كه‌ڵه سه‌ركرده‌یه‌كی شۆڕشگێڕی نه‌به‌ردی كورد بوو،شۆڕه‌سوارێكی زۆر به‌جه‌رگ و دلێر و چاونه‌ترس بوو، كورد و كوردستانپه‌روه‌رێكی كه‌م وێنه بوو ،كوردستانی له گیانی و ژیانی لاشیرنتر بوو.هیوا و ئاواتی ئه‌وه‌بوو كه كورد و كوردستان له داگیركه‌رانی ڕه‌گه‌زپه‌رست و بێ‌ویژدان ڕزگار بكات. بۆ هێنانه‌دیی ئه‌م ئامانجه پیرۆزه‌ش له گیانبازی و له مردن سڵی نه‌كرده‌وه. چیتر جه‌ور و زوڵم و ناهه‌قی و چه‌وسانه‌وه‌ی كوردی ، له‌لایه‌ن شای ئێران ره‌زا شاه په‌هله‌وییه‌وه ، پێ قبووڵ نه‌كرا، كه‌م بژی و كه‌ڵ بژی ی له ژیانی ژێرده‌ستی و دیلی پێ‌خۆشتر بوو، بۆیه چه‌كی كوردایه‌تی و مه‌ردایه‌تی كرده شانی و، له ناوچه‌ی لوڕستان له ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستاندا ، جاڕی ڕاپه‌ڕین و شۆڕشی ڕاگه‌یاندا ،ویستی سه‌ربه‌خۆیی لورستان ڕابگه‌یه‌نێت..ئه‌م شۆڕشه‌ش هاوكات بوو له‌گه‌ڵ شۆڕشه‌كه‌ی سه‌ركرده‌ی گه‌له‌كه‌مان سمكۆی شوكاك، و شۆڕشی ئه‌زه‌رییه‌كان له ئێران..به به‌راورد له‌گه‌ڵ كچه سه‌ركرده‌ی شۆڕشی فه‌ره‌نسا «ژاندارك» له دژی ئینگلیزه‌كانی داگیركه‌ری وڵاته‌كه‌ی،قه‌ده‌مخێری كورد زۆر له‌ویش ئازاتر بوو..به‌ڵام هه‌ردووكیان به نامه‌ردی له‌ناوبران.
میرزاده « قه‌ده‌مخێر»كچی میر« قه‌ندی قه‌لاوه‌ندی »یه، كه یه‌كێك بوو له میره‌كانی میرنشینی لورستانی بچووك..له هۆزی لوڕی فه‌یلییه، كه ناسراون به قاره‌مانی و جوامێری و خۆشه‌ویستی و دڵسۆزییان بۆ كورد و كوردستان. له كۆتایی سه‌ده‌ی نۆزده،یا له سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیسته‌مدا قه‌ده‌مخێر له‌دایكبووه ( به‌داخه‌وه له هیچ سه‌رچاوه‌یه‌كدا، ساڵی له‌دایكبوون و ، ساڵی كۆچكردنیم به‌رچاو نه‌كه‌وت ، به ته‌له‌فۆنیش په‌یوه‌ندیم له‌گه‌ڵ چه‌ند خوشك و برایه‌كی ڕۆشنبیری فه‌یلیمان كرد ئه‌وانیش نه‌یان زانی) .قه‌ده‌مخێر كیژێكی جوان و باڵابه‌رز و شۆخ و شه‌نگ بوو، زۆر زیره‌ك و ژیر و وریا و بیرتیژبوو، جوانی و سوارچاكی وئازایه‌تی وكوردستانپه‌روه‌ریی،بوو به هه‌وێنی چه‌ندین شیعر و گۆرانی به تایبه‌تیش به دیالێكتی فه‌یلی ، كه تا ئه‌مڕۆش هه‌ندێ له‌و گۆرانییانه كه به‌سه‌ر قه‌ده‌مخێردا هه‌ڵدراون، له‌سه‌ر زاری برا فه‌یلییه‌كانمانداماونه‌ته‌وه..كه باس له دلێری و قاره‌مانێتی و شۆڕشگێڕێتی قه‌ده‌مخێر ده‌كه‌ن.
له ساڵی «١٩٢٥»دا، ره‌زا شای په‌هله‌وی به ناهه‌ق و به فڕوفێڵ و ناڕه‌وا، دوا میری میرنشینی لوڕستانی بچووكی كوشت،كه « شامراد خان »ی برای قه‌ده‌مخێر بوو.ئه‌م ناهه‌قی و نامه‌ردییه‌ی شای ئێران ،بووه هۆی تووڕه‌یی و ڕقئه‌ستووریی قه‌ده‌مخێر..به‌ڵێنی دا كه زورداری و ژێرده‌ستی قبووڵ نه‌كات و نه‌هێڵی وڵاته‌كه‌ی ببێت به پاروویه‌كی ئاسان و شای ئێران قووتی بدات..له ماوه‌یه‌كی كه‌مدا توانی هێزێكی باش له فه‌یلییه‌كان پێكبهێنێت. جاڕی ڕاپه‌ڕین و شۆڕشی دا و خۆشی بوو به سه‌ركرده‌ی شۆڕشه‌كه ،ویستیشی سه‌ربه‌خۆیی لوڕستان ڕابگه‌یه‌نێت ، باره‌گای شۆڕشه‌كه‌شی شاخه سه‌ركه‌شه‌كانی لوڕستان بوو.
چه‌ندین جار و له چه‌ندن لاوه شێرانه په‌لاماری سوپاكه‌ی ره‌زا شایان دا، زه‌ره‌ر و زیانێكی گه‌وره‌یان پێ گه‌یاندن و، زه‌خیره و چه‌ك و جبه‌خانه‌یه‌كی زۆریشیان لێیان ده‌سكه‌وت..شای ئێران ویستی عه‌شیره‌ته‌كانی كوردمان به پاره و پایه بخه‌ڵه‌تێنێ وبیان كا به جاش و،بیان كات به گژی شۆڕشگێڕه‌كاندا به‌ڵام كه‌سیان ئه‌م ناپاكییه‌یان قبووڵ نه‌كرد و،ڕازی نه‌بوون ده‌سخه‌نه خوێنی براكانیان، سوپای شاه چه‌ند هێڕشێكی تری كرده سه‌ر شۆڕشگێڕه‌كان،به‌ڵام له به‌رده‌م بڕوای پۆڵایین و هه‌ڵمه‌ت و لێدانی گورچكبڕی شۆڕشگێڕه‌كان، خۆیان ڕانه‌گرت و زیاتر تووشی شكستی و زیان بوون..له ماوه‌یه‌كی كه‌مدا زۆربه‌ی ناوچه‌كانی لوڕستانیان له سوپای داگیركه‌ری ئێرانی پاكرده‌وه.
قه‌ده‌مخێر نامه‌یه‌كی بۆ شێخ مه‌حموودی حه‌فید نارد..له نامه‌كه‌یدا باسی ئه‌و زوڵم و زۆر و ناهه‌قییه‌ی كردبوو كه لێیان ده‌كرێ و ،چۆنیش ره‌زا شای په‌هله‌وی ، زۆر به نامه‌ردی و ناڕه‌وا شامراد خانی كاكی كوشتووه..هه‌ر له‌و نامه‌یه‌دا ، داوای له شێخی نه‌مر كردبوو ،كه سوپاكه‌یان بكه‌ن به یه‌ك و به یه‌ك هێزه‌وه په‌لاماری داگیركه‌ران بده‌ن له ڕۆژهه‌ڵات و له باشووری كوردستاندا..ئه‌وه‌شی بۆ نووسیبوو،كه من ئاماده‌م هه‌موو شۆڕشگێڕه‌كانمان بخه‌مه ژێر فه‌رمانده‌ی به‌ڕێزتان،له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌و چه‌ك و جبه‌خانه‌یه‌ی كه هه‌مانه، كه به‌شی دوو ساڵی شه‌ڕكردن ده‌كه‌ن..به‌ڵام شێخ مه‌حموود گوێی به نامه‌كه‌ی نه‌دا و به‌ده‌نگی داخوازییه‌كه‌یه‌وه نه‌هات.گوایه شێخ له‌وه ترساوه كه ئه‌گه‌ر ڕێكه‌وتنێكی وا بكات سواره‌كانی لێی دوورده‌كه‌ونه‌وه، چونكه له‌وانه‌یه ئه‌وان به هه‌ڵه لێكیبده‌نه‌وه و، وابزانن كه شێخ له پێناوی سه‌روه‌ت و سامانی میرزاده‌یه‌كی ده‌وڵه‌مه‌ندا ئه‌م ڕێكه‌وتن و یه‌كگرتنه‌ی كردووه.
ره‌زا شای په‌هله‌وی،دوای ئه‌وه‌ی چه‌ند جارێك سوپاكه‌ی شكستی هێنا،په‌نای
بۆفێڵ و درۆ برد..به كۆمه‌ڵێك دیاریی به نرخه‌وه، وه‌فدێكی بۆلای قه‌ده‌مخێر نارد،به‌ڵێنی ئه‌وه‌یان دایی كه شاه بڕیاری داوه كۆمه‌ڵێك چاكسازی و ئاوه‌دانی له لوڕستاندا جێبه‌جێ بكات و، باری گوزه‌ران و ژیانی دانیشتوانیشی خۆشتر ده‌كات، بڕیاری لێبووردنی گشتیی بۆ هه‌موو چه‌كهه‌ڵگرتووه‌كان ده‌ركردووه، داواشی كردووه كه قه‌ده‌مخێر شووی پێ بكات. قه‌ده‌مخێر له وه‌فده‌كه زۆر تووڕه بوو، وتی چی دیارییه‌كتان هێناوه هه‌رهه‌مووی له‌گه‌ڵ خوتاندا بیان به‌نه‌وه ، ده‌قی ئه‌م قسه‌یه‌ی منیش كه وه‌ڵامی داخوازییه‌كه‌ی شایه‌كه‌تانه پێی ڕابگه‌یه‌نن: «من ئافره‌ت نیم تا شوو بكه‌م ، به‌ڵكو تۆ ئافره‌تی». قه‌ده‌مخێر زۆر به باشی له نیاز و مه‌به‌ستی گڵاوی شای بێڕه‌وشت گه‌یشتبوو كه چییه. به‌ڵام به‌داخه‌وه هه‌ندێك له شۆڕشگێره‌كانی بڕوایان به‌و لێخۆشبوونه كرد و به چه‌كه‌كانیانه‌وه خۆیان دایه ده‌سته‌وه، ئه‌مه‌ش به زیانی شۆڕشه‌كه شكایه‌وه.
ره‌زا شاه كه ئه‌و وه‌ڵامه‌ی قه‌ده‌مخێریان پێ ڕاگه‌یاند ،زۆرگرژو تووڕه بوو..سوپایه‌كی زۆر و زه‌به‌ڵاحی به به‌هێزترین چه‌كه‌وه به‌ره‌و لوڕستان به‌ڕێكرد..له هیچ شتێك ده‌ستیان نه ده‌پاراست و به سه‌دان منداڵ و ئافره‌ت و پیری بێگوناهیان كوشت ، به ده‌یان دێیان كاولكرد و سوتاند ، تاڵان و دزییان كرد. به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا سه‌ركه‌وتنیان به ده‌ست نه‌هێنا و نه‌یان توانی شاخه‌كانی لورستان بگرن..شۆڕشگێره‌كانیش له دیوی گه‌رمیانی باشووری كوردستاندا ڕیزه‌كانی خۆیان ڕێكخسته‌وه و، دووباره هاتنه‌وه بۆ دیوی لورستان و له چه‌ند لایه‌كه‌وه هێڕشیان كرده سه‌ر سۆپاكه‌ی شای ئێران و زه‌برێكی كاریگه‌ر و زیانێكی زۆریان پێ گه‌یاندن.
شای ئێران كه زانی مه‌حاڵه كه بتوانێت به زه‌بری هێز و سوپا زاڵ بێت و كۆتایی به شۆڕشه‌كه‌ی قه‌ده‌مخێر بهێنێت.دووباره كه‌وته فێڵكردن و سوێند و به‌ڵێنی درۆ و پیلانی گڵاوتر.ئه‌مجاره‌یان ویستی له رێی ئایینه‌وه كورد بخه‌ڵه‌تێنێ ، ئه‌گه‌رچی ئه‌وه یه‌كه‌مین جار نه‌بوو كه له‌ژێر په‌رده‌ی ئاینی ئیسلامدا دوژمنان كورد بخه‌ڵه‌تێنن .. شای نامه‌رد وه‌فدێكی تری بۆ لای قه‌ده‌مخێر نارد ، كه نامه‌یه‌كی تری بۆێ پێیاندا ناردبوو ، هه‌ر به ئه‌م وه‌فده‌ده‌شدا نوسخه‌یه‌كی قورئانی به دیاری بۆ قه‌ده‌مخێر ناردبوو، له‌سه‌ر به‌رگی یه‌كه‌می قورئانه‌كه‌دا ، شای درۆزن مۆری شوێن ده‌ستی خۆی له‌سه‌ر مۆركردبوو، تا بڕوای پێبكه‌ن گوایه مۆسوڵمانێكی له خواترسه و، ده‌ستی به ئه‌م قورئانه‌دا داوه و نێتی پاكه و قورئانه‌كه‌ش شاهیده..ئه‌وه‌شی بۆ نووسیبوون كه لێبووردنی گشتی به‌بێ هیچ مه‌رجێك ،هه‌موو چه‌ك هه‌ڵگرێك ده‌گرێته‌وه،هه‌مووشتان ده‌گه‌ڕێنه‌وه بۆ ناو ماڵ و منداڵی خۆتان.
و لورستانیش له جاران ئاوه‌دانتر ده‌كه‌ینه‌وه..زۆربه‌ی شۆڕشگێڕه‌كان كه قورێانه‌كه‌یان بینی ، بڕوایان به به‌ڵێن و بڕیار و به درۆ‌كه‌ی شاه كرد، به چه‌كه‌كانیانه‌وه خۆیان به ده‌ست سوپای ئێرانه‌وه دا.. ته‌نها قه‌ده‌مخێر و چه‌ند كه‌سانێكی زۆر كه‌م نه‌بێت ،ئه‌وانیش كه زانیان هیچ ده‌ره‌تانیان نییه به ناچاری خۆیان دا به‌ده‌سته‌وه..گه‌رچی بڕواشیان به‌و لێبووردنه نه‌بوو. سوپای دڕنده‌ی ئێران هه‌ر له‌شه‌وی یه‌كه‌مدا ،زۆربه‌ی شۆڕشگێڕه‌كانیان كوشت و قه‌ده‌مخێر و« ١٧» له‌سه‌ركرده‌كانی شۆڕشه‌كه‌شیان ناردن بۆ ته‌هران ، هه‌ر دوای ڕۆژێك هه‌ر حه‌ڤده سه‌ركرده‌كه له سێداره دران.
هه‌ندێك ده‌ڵێن نامه‌ردانه پرچی قه‌ده‌مخێریشیان به‌ست به كلكی ئێسترێكی چه‌مووشه‌وه،هه‌موو گیانی شكا و خوێنی لێ ده‌چۆڕایه‌وه ،ئینجا خستیانه زیندانه‌وه ، به‌ڵام زۆر ئازا و خۆڕاگربوو ، داوای لێبووردن و به‌زه‌یی لێنه‌كردن .. نه‌خۆش كه‌وت و له ماوه‌یه‌كی زۆر كه‌مدا، ئه‌م شێره‌كچه سه‌ركرده‌یه‌مان له زینداندا به سه‌ربه‌رزی و مه‌ردی كۆچی دوایی كرد . شانازی و سه‌روه‌ریی بۆ كورد و كوردستان و، نه‌مریشی بۆ خۆی تۆماركرد..شۆڕشه‌كه‌ی قه‌ده‌مخێر سێ ساڵی خایاند.. به‌پێی ئه‌وه‌ی كه له‌دوای شه‌هیدكردنی شامراد خانی كاكی،شۆڕشه‌كه‌ی ڕاگه‌یاند ، له‌وانه‌یه له كۆتایی ساڵی «١٩٢٨» یا سه‌ره‌تای ساڵی«١٩٢٩»دا قه‌ده‌مخێر كۆچی دوایی كروودبێ ، تا ئێستا زانیاری زۆر كه‌مه ده‌رباره‌ی ئه‌م سه‌ركرده كورد و كوردستانپه‌روه‌ره قاره‌مانه نه‌مره‌ی گه‌له‌كه‌مان..ئه‌وه‌ی كه شایانی باس و جێی داخه به لای ئێمه‌وه ، ئه‌ویه كه ئێمه‌ی كورد تا ئه‌مڕۆش به هۆی دڵپاكی و خۆشبڕواییمانه‌وه ، زۆر له سه‌ركرده‌كانمان بوونه‌ته قوربانی خۆشبڕواییمان ، دوژمنانی گه‌له‌كه‌مان ئه‌م خاڵه لاوازه‌ی ئێمه‌یان قۆزتۆته‌وه و ، به به‌ڵێن و په‌یمانی درۆ و فێڵوفه‌ره‌جه زۆر جار ته‌فره‌یان داوین،تا ئه‌مڕۆش په‌ندمان له هه‌ڵه‌كان و له قوربانییه‌كانمان وه‌رنه‌گرتووه. كه‌چی هه‌ر خۆشمان ده‌ڵێین:«دوژمن بوو به پرد،به سه‌ریا مه‌په‌ڕه‌ره‌وه».
ماوه ئه‌وه‌ش بڵێین ،كه هونه‌رمه‌ندانی شانۆكار و دراما و سینه‌مه‌كارانی كوردمان ،ده‌توانن سه‌رگوزشته‌ی ژیانی قه‌ده‌مخێر و شوڕشه‌كه‌ی بكه‌ن به فلیمێكی سینه‌مایی یا درامایه‌كی ته‌له‌فزیۆنی .. پێشنیاری ئه‌وه‌ش ده‌كه‌م كه له شاری خانه‌قین یا له هه‌ر شارێكی تری باشووری كوردستاندا بێت، له گۆڕه‌پانێكدا،په‌یكه‌رێكی شایسته بۆ قه‌ده‌مخێری نه‌مر دروست بكرێت . ره‌زا شوان / نه‌رویج : 2012
{jcomments off}