لەو چەند رۆژەی رابردوودا دەنگی یەکێک لە قۆتابییەکانی حۆجرەی مامۆستا کە هێرشی کردبووە سەر دۆکتور قاسملو، کەوتە سەر لاپەڕەی فەیس بووک و ماڵپەڕی یوتیوب.
قۆتابیانی مامۆستا کە هیچ پاساوێکیان بۆ ئەو هەموو بێ ڕێزیە نەبوو، لە دەرفەت کەڵکیان وەر گرت بۆ جنێو دان و بێ حورمەتی کردن بە من، ئەویش بە تاوانی ورووژاندنی هێندێ راستی لە وتاری پێشوومدا. من نەمدەویست لە سەر ئەو ئاخاوتنە هیچ بنووسم، چونکە ئاخاوتنەکەی ئەو قۆتابییەی مامۆستا خۆی شرۆڤەی خۆی دەکا. بەڵام بابەتێکی منیان کە لە ژێر ناوی “بۆ مامۆستا عەبدۆڵا حەسەنزادە” لە ماڵپەڕی پێشمەرگەکاندا بڵاو بۆتەوە، لە سەر فەیس بووک داناوەو ئەوەی وا لایەقی باڵای خۆیانە، بە منیان وتووە. سەیر ئەوەیە کە ئەو بابەتەی منیان لە گەڵ قسەی هاوحۆجرەییەکەی خۆیان هەڵسەنگاندووە. پێویست بە ئاماژەیە کە پێشتریش، لە کاتی بڵاو بوونەوەی بابەتەکەی مندا سەربازە گۆمنامەکانی مامۆستا لە ماڵپەڕەکانیاندا، پێشکەوتوویی حۆجرەی مامۆستایان پیشانی خەڵکی کوردستان دا. بۆیە ویستم لە لایەک بەرگری لە بیرو بۆچوونی خۆم بکەم و لە لایەکیترەوە، مێژوویەک کە لە پشت جنێو دان بە دۆکتور قاسملو هەیە، دەری بخەم.
هێندێک لە قۆتابییانی گۆمنام و ئاشکرای حۆجرەی مامۆستا، داوای ئەوەیان کردووە کە حیزبی دیمۆکرات من سزا بداو هەروەها لە ئەندامانی حدکا رەخنەیان گرتووە کە بۆچی لەو بارەیەوە بێدەنگ بوون؟ منیش پێمخۆشە پێتان بڵم کە من لە ژیانمدا درۆو بۆختانم بۆ کەس، هەڵ نەبەستووە تا لایەنێک بێت و من سزا بدا. من وەکوو ئێوە گەورە بووی حۆجرەی مامۆستا نیم تا هەرکەس قسەیەکی کردو لە پڕێکدا هەزار جنێوو قسەی ناشیرینی پێ بکەم. من یان هیچ نانووسم، یان ئەگەر بنووسم بە بەڵگەوە شت دەنووسم. بۆیە نەتەنیا ئێوەو مامۆستا، بەڵکوو هەموو دنیا ناتوانێ یەک وشە لەو بابەتەی وا بۆ مامۆستام نووسی رەد بکاتەوە، چون هەمووی راستەو بە دوورە لە درۆو بۆختان و پشت بەستووە بە نووسین و ئاخاوتنەکانی مامۆستا.
ئەو بابەتەی وا من بۆ مامۆستام نووسی هەمووی بەڵگەمەندەو لە نووسین و ئاخاوتنەکانی خۆدی مامۆستا نموونەم بۆ هێناوەتەوە. هەمووی بەڵگەکانم لە کۆرتە مێژووی حیزب وەرگرتووە کە بۆ خۆی نووسیویە. بۆیە لە سەر دێڕ بە دێڕی نووسراوەکەم بۆ مامۆستا کە نە خۆی نە لایەنگرانی، نەیانتوانی تەنیا یەک وشەی رەد بکەنەوە، پێداگری دەکەمەوە. قۆتابییانی مامۆستا بە مەبەستی بە لاڕێدا بردنی بیرو ڕای گشتی و سووک کردنی باری قورسی سەر شانی مامۆستا لە وەڵام دانەوە، تێرۆری کەسایەتی من کەوتوونەتە کنووکۆ تا بەڵکوو ئەو وتارەی من، وەک ئاخاوتنە قیزەونەکەی هاوحۆجرەییەکەیان بدەنە قەڵەم، تا بەم شێوەیە جارێکی دیکە راستییەکان دابپۆشن.
ئەو بابەتەی من لە سەر مامۆستا، لە سەر مرۆڤێکە کە زیندووەو دەتوانێ لە خۆی بەرگری بکا. جا ئەگەر وڵامێکی پێ بێ، یان بە نووسراوە دەیداتەوە یان لە دادگایەکدا سکاڵام لە سەر تۆمار دەکا. منیش بە دڵنیاییەوە ئامادەم. چون بۆ ئەو شتانە کە لەو نووسراوەیەدا دەرمبڕیون، بۆ بەرگری کردن لە خۆم دەیان بەڵگەی حاشا هەڵنەگرم هەیە.
بەڵام با بێمە سەر قسەو ئاخاوتنی ئەو قۆتابییەی حۆجرەی مامۆستا لە سەر دۆکتور قاسملو. قسە کردن لە سەر کەسێک کە شەهید بووەو ناتوانێ لە خۆی بەرگری بکا دوورە لە هەر چەشنە پرینسیپێکی مرۆڤی. جیا لەوە ئەو ئاخاوتنانە بە هەڵکەوت نیە، بەڵکوو مێژوویەکی دوورو درێژیان لە پشتە. ئەگەر گوێ لە جنێوەکانی بدەین راست ئاماژە بە بڕکەکانی ئەو مێژوویە دەکا، وەک کۆنگرەی دوو، کۆنگرەی چوار، کۆنگرەی هەشت و کۆنگرەی سێزدە. جنێوەکانی رەنگ و بۆنی هەموو لایەنەکانی ناو حۆجرەی مامۆستای پێوە دیارە. واتە جنێوی تایبەت بە هەموو لایەنەکانی تێدایە کە لە درێژەدا بە بەڵگەوە دەیانخەمە روو. ئەم حۆجرەیە چەندین لایەنی تێدایە کە بۆ ورد کردنی دژبەرانیان ئەوەی وا قسەی ناحەزو ناشیرین و هەروەها ناوو ناتۆرەی وەک جاش و خائین بێ، دێتە زاریانا. ئەویش بە بێ ئەوەی یەک بەڵگەیان بە دەستەوە هەبێ.
بۆ نموونە یەکیک لە سەربازە بێ تورمێزەکانی مامۆستا منی لە گەڵ عێرفان قانعی فەرد هەڵسەنگاندووە. لێرەدا حەز دەکەم وەبیری ئەو سەربازە کاڵفامە بێنمەوە کە ئەو کات وا دوو رۆژ لە جیابوونەوەکە تێ پەڕی بوو، لە گەڵ هاوڕێیانی چەکی کردبووە شان و بە شانازییەوە ببوونە بادیگاردی عیرفان قانعی فەردو هێنایانە ناو مەقەڕی حیزب و بردیانە لای مامۆستا. مامۆستاش خوا هەڵناگرێ بە دڵ ئاوەڵاییەوە ئەوەی وا بە دژی حیزب بوو بۆ ئەو فاڵانژەی مۆحسێن رەزایی وتبووی و هەموومان لە رۆژنامەکاندا خوێندمانەوە. کە واتە جەنابی زۆر لەوە چووکەترە بە من بڵێ عیرفانی قانعی فەرد، چونکە خۆی بادیگاردی عیرفان بووە و عیرفانیش جێی متمانەی مامۆستا بوو، هەر بۆیە بە بێ ترس سفرەی دڵی پان کردەوە بۆی. ئێستاش هەر لە بیرمە کە ئەو جەنابەو هاوڕێیانی لە بەر دەرکەی ژوورەکەی مامۆستادا، بە دەنگی بەرز دەیانگۆت مامۆستا ئەوەندە ناودارە کە دۆکتور عیرفان لە گەڵی قسان دەکا! خۆ ئەوکات شانازیتان پێوە دەکردو لۆمەی کەسانێکیترتان دەکرد کە لە گەڵ دۆکتور عیرفان قسە ناکەن و بە جاشی دەزانن! دنیایەکی سەیرە، رۆژێک دە دانە ئێسکۆرت بۆ دۆکتور عیرفان دادەنێن و بە حۆرمەتەوە دەیهێنن بۆ دەفتەری مامۆستا، رۆژێک لە گەڵ عیرفان لە سەر گڵکۆی دۆکتور قاسملو وینەی بیرەوەری خۆیان تۆمار دەکەن و رۆژێکیش تاوانی عیرفان بوون کە سەردەمانێک شانازییان پێوە دکردو دەبوونە بادیگاردی، دەخەنە پاڵ من! (نموونەی لە خوارەوە هاتووە)
مێژووی ئەم ئاخاوتنانەی دژی دۆکتور قاسملو هەڵدەگەڕێتەوە بۆ کۆنگرەی دووهەمی حیزب. لە کۆنگرەی دووهەمی حیزب کە مامۆستاو چەند هاوڕێیەکی ئێستای بەشدار بوون، دۆکتور قاسملویان وەک خائێن لە حیزب دەرکردو شەهید پێشەواشیان وەک خائێن و گەمژە ناودێر کرد. سەیر ئەوەیە کە جەنابی مامۆستا لە لاپەڕەی ٢١٩ی کۆرتە مێژووی حیزبدا، دەڵێ من لە گەڵ چەند هاوڕێیەکی دیکەم لە کۆنگرەی سێهەمدا، پێمان لە سەر شەرعی بوونی ئەو کۆنگرەیە داگرت! کەوابوو مامۆستا بڕیارەکانی کۆنگرە دووهەمی قبووڵ بووە. دەنا کۆنگرەیەک کە بە فیتی ئەم لاو ئەولا بنیاتنەری حیزب و سەرکۆماری کوردستان بە خائێن و کەم فامی سیاسی کۆمەڵایەتی بزانێ، بە پێی چ یاسایەک مەشرووعە؟ ئەوە جیا لەوەیە کە بە بڕیاری ئەو کۆنگرەیە دۆکتور قاسملویان وەک خائین لە ریزەکانی حیزبدا دەرکرد.
کۆنگرە چوارییەکان کە ناوو ناتۆرەی وەک “جاشی بەعس” و “جاشی ناتۆ”یان دەخستە پاڵ دۆکتور قاسملو، دژمنایەتییەکی بێ وێنەیان لە گەڵ دۆکتور قاسملو هەبووە. مامۆستا لە بارەی بڕیاری حیزب لە سەر ئەو تاقمە دەڵێ:” کومیتەی ناوەندی لە کۆبوونەوەی خۆیدا کردەوەی تاقمی حەوت کەسی بە خەیانەت دانا.” (کۆرتە مێژووی حیزب لە بەشی تاقمی حەوت کەسی/ع.حەسەن زادە). بەڵام ئێستا مامۆستا لە گەڵ ئەو کەسانەی کە تا پێش جیابوونەوەی بە خائین ناوی دەبردن یەکی گرتووە! واتە لە یەک سەنگەرن.
بەشێکی دیکە لە قۆتابییانی حۆجرەی مامۆستا، ئەو کەسانەن کە دژ بە سوسیالیزمی دیمۆکراتیک بوون. ئەوانە کەسانێکن کە وێڕای دژایەتی سوسیالیزمی دیمۆکراتیک، پێیان وابووە زیاد کردنی هەر چەشنە پاشگرو پێشگرێک بە سوسیالیزم خەیانەتە. بۆیە دۆکتور قاسملوویان بە وەرچەرخان بەرەو راست و سەرمایەداری تاوانبار دەکرد. کە دواتر ریزەکانی حیزبیان بە جێ هێشت و تێکڕا پەنایان بردە بەر وڵاتانی سەرمایەداری! بەڵام ئێستا هێندێکیان هاتوونەتەوە ناو حۆجرەی مامۆستا!
بەشێکی بەرچاوی قۆتابییانی حۆجرەی مامۆستا کۆنگرە هەشتییەکانن، کە لە نامەی پێشوومدا رای مامۆستام لە سەر ئەو تاقمە باس کرد کە دەڵێ بە دانانی ناوی حیزب لە سەر خۆیان بە کردەوە زەمینەی شەڕیان ساز کرد. لێرەدا پێویستە کە بە رای کاک سدێق بابایی کە ئەوکات لە گەڵ کۆنگرە هەشتییەکان بووە ئاماژە بکەم. کاک سدێق لە دووتۆی وتارێکدا لە ژێر ناوی “ فارسهکان فێدراڵی به بۆمبی ئهتۆم دهشۆبهێنن و حێزبهکانی ڕۆژههلات له بهرنامهی خۆیان پاشهکشهی زهبوونانه دهکهن” دەڵێ: ” ساڵی 1367 کاتێک به شێک له حێزب له ژێر نێوی ڕێبهرایهتی شۆڕشگێر جیابوونهوهی خۆیان ڕاگهیاند له گهڵ مۆجاهدین پێوهندیان دامهزراند . له سهردانێکی ئهم ڕێکخراوه له قهڵایێکی کهرکووک که ئهزیش بهشدار بووم له گهڵ بهڕێزان (ابرشمچی، جابر زاده ) و دوو کهسیترله دهستهی ڕێبهرییان دانیشتین .به داخهوه دۆستانی خۆشهویستی من دهستیان کرد به هێنانه گۆڕی بابهتگهلێک دژ به دۆکتۆر قاسملو و دۆکتۆر شهرفکهندی که له دڵی من لانی کهم لهلای ئهوان(مجاهد) وهک نهیاری کورد و دۆکتۆر قاسملو زۆر گران هات. مجاهدهکان ئهمهیان به ههل زانی و ههڵیان کوتا سهر حێزب و دوکتۆری شههید به تایبهت ئهبریشهم چی وتی” می بریمشان روی آنتن”. ئەم تاقمەش بێجگەم لە شڕ، ئەوەی قسەی ناحەزو ناشیرین بێ بە دۆکتور قاسملوو دۆکتور شرەفکەندییان دەکرد. بۆ وێنە بڕواننە رۆژنامەی کوردستان کە ئەوکات ئەو تاقمە بڵاویان دەکردەوە، لە نێو هەموو ژمارەکانی رۆژنامەدا، ئاوەها نێوی پێشمەرگەکانی حیزب دێنن؛ “جینایەتکارانی باندی قاسملوو شەرەفکەندی”
بۆ ئەوەی کە مێژووی جنێوەکانی ئەم قۆتابییەی حۆجرەی مامۆستا بە تەواوی روون بکەمەوە، پێویستە بە شێوەی ئاخاوتنی مامۆستای حۆجرەکە بە نیسبەت دۆکتور قاسملو ئاماژە بکەم. لە کتێبی بیرەوەرییەکانی د.حسێن خەلیقی دا کە ئەو کات بەرپرسی کومیسیونی کۆمەڵایەتی حیزب بووە هاتووە کە؛
” بە یارمەتی خودی دۆکتور قاسملوو توانیمان لە یارمەتی بەرفراوانی پزیشکە جیهانییەکان کە سەر چاوەکەیان لە وڵاتی فەرانسەوە هەڵدەقۆڵێ، کەڵک وەرگرین. دواتر هەر بە هۆی لێوەشاوەیی و توانایی و هەوڵی ناوبراووە، پێوەندی گرتن لەگەڵ کۆڕو کۆمەڵی خاوەن پێوەندی بڕیار درا بەرەبەرە کەم ئەندامانی حیزب بە دوو هۆ بۆ دەرەوەی وڵات بەڕێ بکرێن… حسێن فەقێ عەلی کە یەکێک لە کەم ئەندامان بوو، دوو یان سێ برای شەهید بوون، چەند کەسی دیکە لە بنەماڵەکەیان لەو پێناوەدا گیانیان لە دەست دابوو بۆ ناو نووسین و چوونی بۆ دەرەوەی وڵات بە مامۆستا عەوڵا حەسەن زادە موراجعە دەکا کە ناوبراو زۆر بە قەڵسی بە جنێو دان بەو کەسەی (د.قاسملوو) کە ئەو بازارەی کردۆتەوە بۆ یەکێک لە رەفیقە هەرە نێزیکەکانی لەو پێوەندییەدا بەم جۆرە دەنووسێ:
برای خۆشەویستم کاک محەممەد حەسەن پوور
پاش سڵاوو دۆعا خوانی
وادیارە ئەمساڵ ”راهیان کەربلا”مان زۆر بن، ئێستا نۆرە گەیوەتە کاک حەسەن فەقێ عەلی، تکایە هەر ئەو فورمە بۆ ویش بنووسە، با نۆش بێتە سەر دەی، لەعنەت لە بابی ئەوەی یەکەم جار ئەو دوکانەی کردەوە!
برات عەوڵا
25/2/75″
کەوابوو ئەم حۆجرەیە هەر لە سەرەتاوە حۆجرەی جنێودان، درۆ کردن و بۆختان هەڵبەستن بۆ دۆکتور قاسملو بووە. شوێنی کۆبوونەوەی دژمنانی دوکتور قاسملو بووە. هەموو لایەنەکانی پێکهێنەری ئەم حۆجرەیە دژایەتییەکی قووڵیان لە گەڵ رێبازی دۆکتور قاسملو هەیەو تەنیا خاڵی هاوبەشیان دژایەتی دۆکتور قاسملوە. سەیر ئەوەیە کە هەر هەموو ئەوانەی کە لەو حۆجرەیە کۆ بوونەتەوە، لە جنێو دان و بۆختان هەڵبەستن بۆ دۆکتور قاسملو پێشبڕکێ دەکەن. بۆ پاساو هێنانەوەش پەنا دەبەنە بەر هەر کردەوەیەکی بە دوور لە ئەخلاقی شۆڕشگێڕانە. دەنا وتارێک کە من بۆ مامۆستام نووسیوە چ پێوەندییەکی بە جنێوو بۆختانی ئەو هاوحۆجرەییەیانەوە هەیە. کە بە شێوەیەکی دوور لە ئەخلاق ئەوەی وا بە زاریاندا هاتووە، هەڵیان رشتووە. ئەوە نیشانەی ئەوەیە کە هیچ وڵامێکیان پێ نیەو دەیانەوێ بە قسەی ناحەز کردن تۆڵەی خۆیان بکەنەوە.
مەبەستی من لە نووسینی بابەتی پێشوو بۆ مامۆستا، بە پێچەوانەی بیری زۆر لایەن ئاژاوە گێڕی نەبوو. بەڵکوو دەرخستنی پرۆژەیەکی مەترسی هێنەر بوو بۆ داهاتووی کوردستان. پرۆژەیەک کە بە قسەی خۆش و رووناکبیرانە رازێندراوەتەوە، بەڵام لە دیوی ناویەوە بۆنی شەڕی نێوخۆیی لە داهاتوودا دەدا. مامۆستا دەسەڵاتی سێبەری لە نێو گرووپەکەی خۆیدا پێک هێناوە، رێبەرایەتی ئەو گرووپە ناتوانن بە بێ مامۆستا بڕیار بدەن. تەنانەت بڕیاری نەگۆڕیشیان بۆ دەر دەکا. ئەم پرۆژەیە لە وتووێژی مامۆستا لە گەڵ واڵا پرێسدا بەتەواوی دەرکەوت. بۆ ئاگاداری لایەنگرانی مامۆستا ئەگەر زوێر نەبن یەکێک لە شەڕەکانی داهاتووی کوردستانی رۆژهەڵات شەڕی ناوی حیزبەکانە کە رەنگە هەزاران کەس ببنە قوربانیی. مامۆستا کە دەڵێ: ” ئێمە وەکو حیزبى دیموکرات لەکەس قبوڵ ناکەین داواى ناوگۆڕینمان لێبکات، کەسیش لەسەر ناو ناکوژین” خەریکە لە لایەکەوە فەرمانی شەڕ دەدات و لە لایەکی دیکەوە چەواشە دەکا.
ئەگەر چەواشە ناکا، خۆ هەر لە ماوەی دە ساڵدا (لە کۆنگرەی چوارو هەشت) دوو جار لە سەر ناوی حیزب شەڕو ئاژاوە کەوتۆتەوە کە سەدان کەس بوونەتە قوربانی. ئەگەر کۆنگرە چوارییەکان و کۆنگرە هەشتییەکان ناوی حیزبیان لە سەر خۆیان داناو بە قەولی مامۆستا کە لە کۆرتە مێژووی حیزبدا دەنووسێ بە کردەوە زەمینەی گرژی و ئاڵۆزییان پێک هێنا، بە دڵنیاییەوە مامۆستاش زەمینەی شەڕو ئاژاوەی پێکهێناوە. هەر لێرەدا بە دڵنیاییەوە دەڵم، ئەگەر سبەی بڕۆینەوە کوردستانی رۆژهەڵات شەڕی ناوخۆیی لە بەین جەماعەتی مامۆستاو حیزبدا سەر هەڵدەدات. لانیکەم هەر لە تەمەنی حیزبایەتی مامۆستادا دوو جار لە سەر ناوی حیزب شەڕ رووی داوەو مامۆستاش بە کردەوە بەشێک بووە لەو شەڕانە. ئەوە لە کاتێکدایە کە ئەو کات کەسانێک لە نێو ریزەکانی حیزبدا بوون کە لە مێژووی کورددا هاوتایان نیە، کە چی هەر شەڕەکە رووی دا. نەکا مامۆستا فریوی لایەنگرەکانی کە پێ دەڵن لە دۆکتور قاسملو گەورەتری، خواردبێ و بڵێ من لە دۆکتور قاسملو گەورەترم، ئیزن نادەم شەڕ بخۆلقێ! کەوابوو ئەوە “ئێمە کەس لە سەر ناو ناکوژین” و “پەیماننامەی نەتەوەیی دەبەستین” هەمووی درۆیەو بۆ هەڵخەڵەتاندنی مرۆڤە ساویکەکانە کە هڕ لە بڕ لێک ناکەنەوە.
لە کۆتاییدا پێمخۆشە ئەوە بڵێم کە بە درۆ کردن و بۆختان هەڵبەستن کەس سەر نەکەوتووە تا ئێوە دووهەمی بن. درۆو بۆختان ئاخری هەر شکست و داڕمانە. من بە پێچەوانەی ئێوە کە تەنیا بیر لە یەک کەس و یەک حیزب دەکەنەوە، من بیر لە خەڵکێک دەکەمەوە کە لە داهاتوودا دەبێ لە سەر ناوی حیزبەکان بە ناحەق بکوژرێن. دڵنیا بن ئەو شەڕە لە نێوان حیزب و لایەنی ئینشعابی و هەروەها لە نێوان کۆمەڵەو لایەنە ئینشعابییەکانی روو دەدات. با بە دوو ژێستی دیمۆکراتیک و بە دوو قسەی خۆش هەڵنەخەڵەتین. با چاوێک لە مێژوو بکەین، هیچ کەس نە لە نێو رێبەرانی حدکاداو نە لە نێو لایەنگرانی مامۆستادا، نە بە قەد دۆکتور قاسملو زانایەو نە بە قەد ئەو ئاشتیخوازن، دەی هەر لە سەر دەمی سکرتێری ئەودا دوو جار لە سەر ناوی حیزب شەڕ رووی داوە. ئەمجار شەڕ روو بدات زۆر ماڵوێرانکەرتر دەبێ و قوربانیی زۆرتری لێ دەکەوێتەوە. با کڵاوی قسەی رووناکبیرانەو ژێستی دیمۆکراتیک نەڕواتە سەرمان! با بیر لە مافی نەتەوەیەک بکەینەوە کە بە هۆی “ناوی” حیزبەکانییەوە دەفەوتێ. رەنگە کەسانێک هەبن کە بەتەمای یەکگرتنەوە بن، بەڵام بە داخەوە دەبێ بڵم مەگەر بەرژەوەندی بنەماڵەیی مامۆستا بخوازێ، دەنا شتێک بە ناو یەکگرتنەوە نایەتە ئاڕاوە. هەموو دنیا دەزانێ کە ئینشعاب نە لە بەر جیایی بیرو ئەندێشە، بەڵکو لە سەر ئەساسی کۆرسی بوو، کەوابوو حیزب و بەرژەوەندی کورد فشەیەو تەنیا ئامرازێکن بۆ گەیشتن بە بەرژەوەندی تاکە کەسی و بنەماڵەیی. کەوابوو یەکگرتنەوە شتێکە کە بەستراوەتەوە بە بەرژەوەندی تاکە کەسی و بنەماڵەیی ئەو کەسانەی وا بە بۆنی کورسی، ئینشعابیان خستە ناو ریزەکانی حیزب.
لینکی وتوێژی مامۆستا لە گەڵ عیرفان قانعی فەرد
http://talash-online.com/didgha/matn_191_40.html
نووسهر خۆی بهرپرسه له ناوهرۆکی بابهتهکه. پێشمهرگهکان
{jcomments off}