"an independent online kurdish website

به‌داخه‌وه‌ دوکتۆر جه‌عفه‌ر ئه‌یووبزاده‌  به‌ هۆی ته‌سادوفی ماشێن له‌ وڵاتی یوونان کۆچی دوایی کرد!jaifer_ayubzade


وتم ئیدی نانووسم. باسی زیندوو و مردووی کەس ناکەم! بەڵام “مەرگ” لێ ناگەڕێ  و ژیان بەر نادا! زۆرجار ئارەزوو دەکەم کە بریا قەت پەنام بۆ نووسین نەبردبا، بەڵام مەرگ لێ ناگەڕێ، لە دەست زیندووان هەڵدێم و بە سەر مردوواندا هەڵدەڵێم، دەڵێی بۆتە فەرهەنگ و لە گەڵم دەژی.

 دەیان ساڵە مەرگ بۆتە سووژەی ژیان و نووسین و شانۆکانم، هەر لە تەمەنی منداڵییەوە، ئەو کاتە ڕەحمان دەرمانخوارد کرا، هەتا مەرگی دایک و باوک و خوشک و برا و خاڵ و دۆست و ناسیاو و خزم و کەس و مەرگی هەموو ئەو کەسانەی کە ڕۆژانە هەڵدەواسرێن، لە دار دەدرێن، بەردەباران دەکرێن و بە کۆمەڵ ژەهڕئاژێن دەکرێن.

خۆم دەدزمەوە، پشت لە جەنجاڵ و هات و هاوار دەکەم، لە هەر شوێنێکی ئەم جیهانە بم، هەواڵەکان بە شوینمدا دەگەڕێن و دەمدۆزنەوە و لە گەڵ مەرگێکی تازە، دەملاوێنەوە! هێندە لە مەرگ بێزارم، دەلێم لە خۆمی بگرم، بۆ ئەوەی ڕزگارم بێ، لە چنگی، بەڵام وەسوەسەی ژیان لێم ناگەڕێ.

تەنیا یەک جار بینیبووم، ئەویش لە پرسەی مەرگی کەسێکی تیرۆرکراودا، بێدەنگ و مات لە سووچێک دانیشتبوو. لە فەرانسەوە هاتبوو، چەند ڕۆژێک لە هولەند دەمایەوە و دەچوو بۆ یۆنان. بوو بە پزیشک و لە دوورگەیەکی کۆنە یۆنان دەژیا، هەتا ئەوڕۆژەی کەسێک بە ماشێنەکەی لێیدەدا و لەشی نەحەساوەی کە سەردەمێک بۆ گەیشتن بە ئازادی، گوند و شار و شاخەکانی کوردستانی دەپێوا، دەخاتە سەر شەقام.

دوای چەند مانگ چەشتنی ژان و ئازار و تەنیایی و بوژانەوە، بێ ئەوەی خۆی بزانێ لە دەروونەوە دڵی دووچاری خوێنڕێژی دەبێ و ڕۆژێک دواتر چاوەکانی بۆ هەمیشە لە سەر یەک دادەنێ و برا و خوشک و برازا و خزم و کەس و ناسیاو، بە هەواڵی مەرگی خۆی دەتەزێنێ، تا ئەو شوێنەی برا شاعیر و نووسەرەکەی، کە لە چەند مانگی ڕابووردودا ماڵ بە کۆڵ لە نێوان یۆنان و هولەندا لە هات وچۆ دابوو، لە گەڵ ژانێکی بێ بڕانەوە ڕووبەڕوو دەکات.

دوکتور جەعفەر ئەیووب زادە ڕەنگە یەکەم کورد بێ کە پەیکەری لە دوورگەیەکی یۆنان کە جێی ڕابوواردنە نە مردن، بە تەنیا دەمێنێتەوە، هەروەک چۆن دەیان و سەدان و هەزاران کوردی هەڵوەدای ئازادی، گۆڕەکانیان لە سەراسەری ئەم جیهانە، نیشانەیەکە بۆ بوونی میللەتێکی هەڵوەدای ئازادی، بەڵام ناکام. بۆ دەبێ وابێ؟

ڕەشەمەی ئەمساڵ

برایم فەڕشی

————————-

ئێمه‌ له‌ ماڵپه‌ڕی پێشمه‌رگه‌کان وێڕای سه‌ره‌خۆشی له‌ بنه‌ماڵه‌ی به‌ڕێزی ئه‌یووبزاده‌ به‌ گشتی و به‌ڕێز مامۆستا گۆران به‌ تایبه‌تی ، خۆمان به‌شه‌ریکی غه‌میان ده‌زانین و ڕووحی دوکتۆر جه‌عفه‌ر شاد و سه‌ری بنه‌ماڵه‌ و که‌س و کاریان خۆش بێ.{jcomments off}

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی