"an independent online kurdish website

سبەی):
زۆرجار داستانی شکستهێنانمان بیستوە لە خۆشەویستیدا، لەناو کوردا داستانی(شیرین و فەرهاد و مەم و زین و شەم و دێوانە) لەو چیرۆکە ناسراوانەنali_ashiq1

، کە بەسەرهاتی عاشقەکان و بە ئاوات نەگەشتنیانمان بۆ باس دەکەن.

لە ئێستادا عەلی عاشق پیاوێکە تەمەنی نزیکەی ٨٠ ساڵە، پاش بێ هیوابون لە گەیشتن بە مەعشوقەکەی و زویربونی لە خۆشەویستی، نزیکەی ٤٠ ساڵە روی لە تاڤگەی گەلی عەلی بەگ کردوە و بە تەنیا ژیان بە سەر دەبات.

عەلی عەبدوڵا شێخ، لە ساڵی ١٩٣٧ لە گوندی سرێشمەی سەر بە ناحیەی خەلیفان لەدایکبوەو ئێستا بە (عەلی عاشق) ناسراوە، ناوبراو بەسەرهاتی عاشقبونی خۆی، بۆ کچە خاڵەکەی گێڕایەوە و بە(سبەی) وت: ئێمە گەرمیان و کوێستانمان دەکرد و من شوان بوم، لە تەمەنی لاوێتیدا لەگەڵ کچە خاڵەکەی خۆم پێکەوە شوان بوین، بەو هۆیەوە بوین بە هاوڕێ و بە تێپەڕبونی رۆژگار هاوڕێیەتیمان پتەوتر دەبو، ئیتر وایلێهات بوین بە خۆشەویست و بەڵێنمان بە یەکتریدا، یان بۆ یەکتر بین یاخود بۆ گڵ.

عەلی عاشق بەردەوام دەبێت و دەڵێت: خۆشەویستەکەم ناوی(…..) بو، خۆشەویستیمان زۆر بەهێز بوبو، بەڵام بەهۆی ئەوەی دەموت بۆ خۆم دەبێت، جگە لەیەکتربینین هیچ ژوانێکی ترمان نەبو، ئەو خۆشەویستیەمان ٩ ساڵی خایاند.

عەلی عاشق کە ئێستا تاڵە موەکانی بە تەواوی سپی بون و لە تەوالێتە کۆنەکانی گەلی عەلی بەگ ژیان بە سەردەبات، هۆکاری جیابونەوەی خۆی و خۆشەویستەکەی دەگێڕێتەوە، بۆ جیاوازی چینایەتی و زۆرداری ئاغا کوردەکان و ئاماژە بەوەدەدات: پاش ئەوەی دایک و باوکی خۆشەویستەکەم نەما و کەس نەبو بەرگری لێبکات، ئاغای گوندی سرێشمە بە خۆشەویستەکەمی وتبو، شو بە عەلی مەکە، چونکە شێتە و دەتبات لە شاخێکدا لەگەڵ مەڕوماڵاتدا فڕێتدەدات، بە هەرجۆرێک بێت باوەڕیان بە خۆشەویستەکەم هێنا و لە یەکێک لە کوڕەکانی خۆیی مارەکرد، بەڵام دواتر کوڕەکەی ئاغا شێتبو لە شاخ خۆی فڕیدایە خوارەوە، منیش دڵم خۆشبو وتم: خۆشەویستەکەم بۆ دەگەڕێتەوە، بەڵام پاش ئەوەش وازیان لێنەهێنا و مارەیان کرد لە خزمێکی خۆیان.

پاش بەشودانی خۆشەویستەکەی، رەنگە عەلی عاشق هیچ هیوایەکی نەمابێت و پەنای شاخەکانی بۆ ژیان بەسەربردن بە باش زانیبێت، بۆیە لە باسی بێ هیوابونی خۆیدا دەڵێت: پاش ئەوەی خۆشەویستەکەم شویکرد، من مەڕوماڵەتەکەم فرۆشت و روم کردە تاڤگەی گەلی عەلی بەگ بۆ ژیان بەسەربردن، نازانم کەی بو هاتم، بەڵام لە یادمە دوەم ساڵی سەرۆکایەتی ئەحمەد حەسەن بەکر بو، لەوکاتەوە لێرەدا ژیان بە سەر دەبەم و تەنها چوارجار بۆ سەرچاککردن چومەتە دیانا و یەکجاریش چومەتە نەخۆشخانە و یەکسەر گەڕاومەتەوە بۆ ئێرە.

ئەو عاشقە لەڕوی کۆمەڵایەتیشەوە رونیکردەوە: دایکی خۆم نەبینیوە، تەمەنم چل ساڵ بو باوکیشم مرد، ئێستا یەک برام هەیە و ئەویش پیرە و خەریکی مەڕداریە و کوڕەکانی زۆر باشن لە گەڵمدا.

لە باسی ژیانی رۆژانەشیدا دەڵێت: ژیانم لەسەر ئەو کەسانەیە کە رۆژانە رو لە هاوینەهەواری گەلی عەلی بەگ دەکەن، خەڵکی سلێمانی زۆر باشن و لەڕوی مادی و مەعنەویەوە زۆر هاوکاریم دەکەن، خەڵکی کەرکوکیش باشن لە گەڵمدا، جگە لەوانەش برادەرێکم هەیە لە هەولێر ناوی غازیە و زۆر هاوکاریم دەکات و سەعات و رادیۆ و خۆراکم بۆ دەهێنێت، لە سۆرانیش محەمەد غازی و بیلال باڵەکی هاوکاریم دەکەن، حەز دەکەم هەمیشە هاوینیش بێت، چونکە لەو وەرزەدا سەیرانکەرەکان زیاتر دێنە ئێرە.

عەلی عاشق باس لە ئەزمونێکی تری خۆشەویستیش دەکات، کە لە ژیاندا توشی هاتوە و لەویشدا شکستی هێناوە و ئاشکرایکرد: نزیکەی ١٤ ساڵ پێش ئێستا هۆڵی گەلی عەلی بەگ نۆژەن دەکرایەوە، ئەوکات من چومە جوندیان و لە ماڵی ئاغایەک ساڵێک نیشتەجێبوم، لەو ماوەیەدا لەگەڵ گەورە خاتونێک عاشقی یەکتر بوین، بەڵام دواتر بە زۆر لە کەسێکی تریان مارەکرد و ئەویش بەوە رازی نەبو، بۆیە خۆی و سوتاند و مرد، ئیتر منیش بۆ هەمیشە گەڕامەوە ئێرە.

ئەو عاشقە کە ئەزمونی لەگەڵ دوجار خۆشەویستیدا هەیە و رەنگە یادگاری زۆری ئەو رۆژانەی لامابێت، باس لەو کوڕو کچە گەنجانە دەکات کە ئێستا دەچنە هاوینەهەوارەکە بۆ سەیرانکردن” کاتێک کوڕ و کچێک دەبینم یەکیان خۆشدەوێت و دەستیان لە ملی یەکترە و بۆ سەیرانکردن دێنە ئێرە، زۆر خەفەت دەخۆم و جگەرەیەک دادەگیرسێنم و بیر لە گەنجێتی و رۆژگارە بەسەرچوەکانی خۆم دەکەمەوە.

عەلی عاشق کە تەمەنێکی زۆری تێپەڕاندوە و ئێستا بە تەنیا لەو هاوینەهەوارە ژیان بەسەردەبات، هیوادارە لەلایەن حکومەتەوە هاوکاری بکرێت و موچەیەکی بۆ ببڕنەوە و وتی: هیچ موچەیەکم نیە، جارێک بە د.رۆژ نوری و فەرەنسۆ هەریریشم وتوە و بەڵێنیان پێدام، بەڵام هیچیان بۆ نەکردم، داوا لە حکومەتی هەرێم دەکەم، لەناو گەلی عەلی بەگ دو ژورم بۆ دروستبکات و موچەیەکم بۆ ببڕدرێتەوە، بۆئەوەی چەند ساڵێک بە ئارامی تەمەنی تێدا بەسەربەرم، حەزیش دەکەم بە هۆی عەشقەکەمەوە ناوم بچێتە مێژو.

ئه‌حمه‌د باڵه‌کی

{jcomments off}سه‌ر چاوه‌ سایتی سبه‌ی

ali_ashiq2

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی