66 ساڵ بەرلە ئێستا و چەند رۆژ دوای رێزگرتن لە 8ی مارس، لە 24 ی رەشەمەی ساڵی 1324ی هەتاویدا
، یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران وەک یەکەمین رێکخراوی ژنان لە کوردستانی ئێران بە شێوەیەکی مودێڕن دامەزرا. بەو بۆنەیەوە گەرمترین پیرۆزبایی خۆمان پێشکەش بە خەڵکی کوردستان و بە تایبەت ژنانی مافخوازی کورد و هەموو ئەندامانی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران دەکەین.
دامەزرانی یەکیەتیی ژنان بوو بە دەسپێکی فەسڵێکی نوێ لە بزووتنەوەی ژنان لە کوردستانی ئێراندا، کە شانازیەکەی وەک دەسکەوتێکی بەنرخ دەگەڕێتەوە بۆ کۆماری کوردستان و حیزبە دامەزرێنەرەکەی، واتە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران. ئەو هەنگاوە گرینگ و مێژووییە کە بوو بە هۆی لە دایک بوونی رێکخراوەکەمان، هەنگاوێکی پێشکەوتوانە و سەردەمیانە بوو کە لەو هەلومەرجە هەستیارەی ئەو کاتەدا زۆر ئەستەم بوو، بەڵام هاویشتنی ئەو هەنگاوە لە هزر و بیری تیژ و ستراتیژیی درێژخایەنی رێبەرانی کۆمار، بە تایبەت پێشەوا قازی محەممەد سەرکۆماری کوردستانەوە سەرچاوەی دەگرت. پاش تێکچوونی کۆمار، خەبات و تێکۆشانی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە پێی هەلومەرجی هەر کام لە قۆناغەکانی خەباتی نەتەوەکەمان، لەگەڵ هەوراز و نشێوی زۆر بەرەوڕوو بوو، بەڵام ئەوەی لەو نێوەدا گرینگ و شایانی باسە ئەوەیە کە ژنانی کورد دەستیان لەو رێبازە هەڵنەگرتووە و لەو کاتەوە ههتا هەنووکە بە شێوەیەکی بەربڵاو لە پێناو دەستەبەربوونی ماف و ئازادیە نەتەوەییەکانیان و دابین کردنی مافە ئینسانی و دێموکراتییەکانی ژنان و یەکسانی لە کۆمەڵگادا تێکۆشاون. ئەمڕۆ رێژەیەکی زۆر لەو ئۆرگانیزاسیۆن و رێکخراوانەی ژنان لە نێوخۆیی کوردستان و دەرەوەی کوردستاندا هەن کە لە پێناو ئەو ماف و ئازادییانە تێدەکۆشن. یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران خۆی بەڕێوەبەر و درێژەدەری ئەو رێبازە دەزانێ کە هەتا گەیشتن بە ئامانج لە خەبات بەردەوام دەبێ.
رێژیمه چەوسێنەرەکانی قۆناغە جۆراوجۆرەکانی مێژوو، وەک یەک مافە ئینسانییەکانی کۆمەڵ، چ ژن، چ پیاو پێشل دەکەن، بۆیە زۆر روونە کە خەباتی ژنان لە پێناو بەدەستهێنانی کەسایەتی ئینسانی و حقوقی خۆیاندا، لە پێشدا دەبێ بۆ لەنێو بردنی ستەمە کۆمەڵایەتییەکان بە گشتی و بە دژی ئەو نیزام و رێژیمه زۆردارانە بێ کە لە زۆر وڵاتاندا لەسەر کارن. دیارە ئەو کارەش لە رێگەی خەبات و تێکۆشانی ژنان لە نێو رێکخراوە سیاسییە پێشکەوتوو و خەباتگێڕەکاندا ئەنجام دەدرێ. بۆ وێنە، زۆر ئاشکرایە کە هەر جۆرە هەوڵدان و خەباتێکی راستەقینەی ژنانی ئێران، بۆ لابردنی ستەمی جینسی لەسەر خۆیان و بۆ وەدەستهێنانی مافە ئینسانی و کۆمەڵایەتییەکانی خۆیان ناچار دەبن لە پێشدا تێکەڵ بە خەبات بۆ رووخاندنی رێژیمی کۆنەپەرەستی ئاخووندی ببن، کە ژنان و پیاوانی ئێرانی وێکڕا لە پەت و بەندی دواکەوتوویی و دیکتاتۆری رەشی سەدەکانی نێوەڕاستدا راگرتووە.
بەڵام لە قۆناغی دواتردا دیارە ژنان رەنجی ستەمێکی دیکەش دەکێشن، کە ئەویش بە تاوانی ژن بوون ستەمێکی دووقاتیان بەسەردا سەپێندراوە، بۆ لە نێوبردنی ئەو ستەمە تایبەتیە دیارە رێکخراوە سیاسی و خەباتگێڕ و پێشکەوتووەکان دەتوانن یارمەتیی ژنان بدەن، بەڵام هەر ئەوەندەش بەس نییە و ئەو کاتە بە کردەوە بەو ئامانجە دەگەین کە ژنان خاوەن رێکخراو و کۆمەڵەی تایبەت بە خۆیان بن. لە بارەی ژنانی کوردستانەوە هەموومان دەزانین کە چۆن لە ماوەی ئەو 33 ساڵەدا کە ئەو جوڵانەوە شۆڕشگێرانەی کوردستان بە دژی رێژیمی دژە ئینسانی ئاخووندی لە گۆڕێدا بووە، شێرە ژنانی بێبەشی کوردستان هەستیان بە بەرپرسایەتی کردەوە و شانیان داتەوە بەر بەشێکی گەورەی ئەرکەکانی ئەو جووڵانەوەیە. ئەو بارودۆخە بۆ خۆی هۆیەکی گرینگە بۆ ئەوەی هەموو پیاوانی شۆڕشگێری کوردستان و بەتایبەتی هاوڕێیانی تێکۆشەری حیزیی هان بدا، هەتا خەبات لە پێناو رزگاریی دایکان و خوشکانی بێبەشی خۆیاندا لە یەکێک لە ئەرکە گرینگەکانی خۆیان بزانن و ئەوان لە خەبات بە دژی هەموو کۆت و بەندێکی چەوسێنەرانە و نائینسانیدا، یارمەتی بدەن.
زۆر روونە کە ئەو خەباتە بەر لە هەموو لایەک لە پێشدا دەبێ لە لایەن ژنانی خەباتگێڕەوە بەڕێوە بچێ و هەر بۆیەش بە گەرمی داوایان لێ دەکەین بە شێوەیەکی رێکخراو چالاکانە بێنە نێو مەیدانی خەبات و تێکۆشان.
بەرز و پیرۆز بێ 24 رەشەمە، 66مین ساڵڕۆژی دامەزراندنی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران
سەرکەوێ خەباتی رەوا و مافخوازانەی ژنان لە پێناو وەدەست هێنانی ماف و ئازادییەکانیان
یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران
کۆمیتەی بەڕێوەبەریی گشتی
24ی رەشەمەی 1390ی هەتاوی
14ی مارسی 2012ی زایینی
{jcomments off}