"an independent online kurdish website

حیزبی سۆسیالیستی چەپی نۆروێژ، یەکێک لەو سێ حیزبە سەرەکیانەی ئەو وڵاتەیە کە لە گەڵ حزبی کار و سێنتەر پارتی  حکومەتیان بە دەستەوەیە. sv_norge

ئەو حیزبە بۆ  بردنەپێشی عەداڵەتی کۆمەڵایەتی، کەمکردنەوەی ڕادەی جیاوازیی چینایەتی و هەڵاواردن و هەروەها بۆ پاراستنی ژینگە لە کۆمەڵگای نۆروێژ دا خەبات دەکا. دەبێ بگوترێ  ئێسڤێ، یانی حیزبی سۆسیالیستی چەپێ نۆروێژ، حیزبێکی دۆستی کوردە و بەشێک لە ڕێبەرانی حیزبەکە چ لە ئاستی نۆروێژ و چ لە ئاستی نێونەتەوەییدا، لایەنگری لە چارەسەری مەسەلەی کورد دەکەن.

لەو چەندساڵانەی دوایی دا ڕادەی لایەنگریی لە سیاسەتەکانی ئێسڤێ لە بارۆمیتری هەڵسەنگاندنی حیزبەکانی نۆروێژدا، سلێمانی وتەنی دابەزیوە. ئەوە بوە هۆی ئەوەی ئەو حیزبە بکەوێتە هەڵسەنگاندنەوەی وەزعی خۆی و بە سیاسەت و هەڵوێستەکانی خۆیدا بچێتەوە. بۆ ئەو مەبەستە لە  چەند  ڕۆژی ڕابردوودا کۆنگرەیەکی نائاسایی گرت و ئاڵوگۆڕێکی لە بەرنامە و سیاسەت و هەیکەلی تەشکیلاتی و ئیداری خۆی دا پێکهێنا. خاتو کریستن هالڤۆرشن، کە ماوەیەکی زۆر بوو سەرۆکی حیزب بوو ، دەستی لە کارکێشایەوە و بەو جۆرە بەرپرسایەتی ئەو وەزعەی کە بۆ حیزبەکەی پێکهاتبوو، گرتە ئەستۆ .

 دەڵێن ڕێبەرانی کەم لێوەشاوە ئەگەر وەزع باش بوو دەچنە بەر ئاوێنە تا باشی وەزعەکە لە خۆیاندا ببینن و ئەگەر وەزعەکە خراپیش بوو دەچنە بەر  پەنجەرە تا هۆیەکانی خراپی وەزعەکە لە دەرەوە بدۆزنەوە. ڕێبەرانی لێوەشاوەش ئەو  ئەو ڕیبەرانەن کە ئەگەر وەزع خراپ بوو دەچنە بەر ئاوێنە تا خۆیان ببین و بە کار و سیاسەت و ڕەفتار و بەرنامە و پلانەکانیاندا بچنەوە. وتارەکەی خاتو کریستن هاڵڤۆرشن، بە بۆ نەی دەست لە کارکێشانەوەی ئەوەی دەرخست کە بە ڕاستی ئەو لەو ڕێبەرە لێوەشاوانەی  حیزب و میللەتەکەیەتی. هەر بۆیەش بوو دەرکی بەوەکرد کە ئێسڤێ  لەو قۆناخەدا پێویستی بە ڕێبەرایەتیەکی تازە، سازماندەهیەکی نوێ،  بەرنامە و ستڕاتیژی و خوێندنەوەیەکی تازە لە کۆمەڵگای نۆروێژ و دونیای تازە هەیە.  هەر بۆ یەش بۆخۆی ئاندازیاری ئەو ئاڵوگۆڕە پێویستانە بوو کە حیزبەکەی دەبوایە لە خۆی و سیاسەت و ڕێکخراوەکەیدا پێکیان بێنێ.

بەمجۆرە لەو کۆنگرە نائاساییەدا  سەرۆکێکی تازە کە  یەکیک لە ڕێبەرانی جەوانی ئەو حیزبەیە بە ناوی ئاودون لیسباکن بۆ ئێسڤێ هەڵبژێردرا. بە خۆشیەوە ئەویش یەکێک لە دۆستانی کوردە.

لیسباکن دوای هەڵبژێرانی لە وتارەکەی دا ڕای گەیان کە هەموو توانای خۆی و حیزبەکەی  بۆ  نوێکردنەوەی حیزب و کۆمەڵگای نۆرویژ و هاوئاهەنگ کردنیان لە گەڵ سەردەم و پێداویستیەکانی ئەمڕۆی کۆمەڵگای  و مرۆڤایەتی پێشکەوتووتەر خان دەکا. ناوبراو وتی هەموو ئەو دەسکەوت و نەریت و سوننەت و بایەخ و بەها گرانقیمەتانەی  کە لە دەورانی کریستن و  ڕێبەرانی پێشوتری حیزبدا بۆ ئێسڤێ درووست بوون دەپارێزین و بەرەو پێشەوەیان دەبەین و نوێ یان دەکەینەوە. بەڵام بۆ ئێمە مەسەلەی خەبات بۆ عەداڵەتی کۆمەڵایەتی سکەی قەتاری حیزبەکەمانە و لە هیچ هەلومەرجێکدا لێی لانادەین و ئەو مەسەلەیە وەک ئەستێرە کاروانی خەباتی حیزبەکەمان ڕێنوێنی دەکا.

دەبێ بگوترێ کە لە سەرجەمی ٢٠٧ نوێنەر کە لە کۆنگرەدا بەشداربوون، ١٩٢ نوێنەر دەنگیان بە لیسباکن دا و پازدە نوێنەریش  دەنگی سپیان دا.

واتە سەرۆکی تازەی حیزب بە دەنگی زۆرایەتیەکی نزیکەی لە سەداسەد هەڵبژێردرا.   پاش خوێندنەوەی دەنگەکان و ڕاگەیاندنی ئاکامی دەنگدانەکە، سەرۆکی تازەی حیزب لە وتارێکدا سوپاسی ئەو ئیعتیمادەی کرد کە کۆنگرە و ڕێبەرایەتی پێشوی حیزب بە ناوبراویان کردوە  و  بەتایبەتیش سوپاسی ئەوانەی کرد کە لە کۆنگرەدا دەنگیان بە ئەو نەداوە. لەوەش زیاتر ڕایگەیاند کە کارێک دەکات کە ئەو کەمایەتیە نەک هەر هەست بە وەلانان و پەراوێزخستن و پشتاوبوون نەکا، بەڵکو  هەستبکا کە لە ماڵی خۆیەتی واتە بەشێکە لە ئەکسەریەت.   هەربۆیە لەو گروپەدا کە لیسباکن بۆ ڕیبەرایەتی حیزب  و کار لە تیمی ڕێبەریدا بە کۆنگرەی ناساندن،  نوێنەرانی ئەو ئەقەلیەتە کەمەشی تێ دان. لێرەدایە  کە ئەو کۆنگرەی ئێسڤێ بۆ ئێمە دەرسێکی تێدایە کە دەبێت لێی فێربین.

ئاخر ئەکسەریەت تەنیا ئەو کاتە ئەکسەریەتە کە ئەقەلیەتی لە پەنابێت و لە گەڵ خۆی بەشداری کات و مەیدانی کار و تەئسیردانانی بۆ دروستکا. دیارە دەبێت ئەقەلەتیش بە دیسپلین بێ و لە چوارچێوەی قانوونی ئەساسی حیزب دا، یانی لە چوارچێوەی بەرنامەو پێڕەوی ناوخۆی حیزبدا ڕەفتاربکات. لە غەیری ئەوەدا ئیتر وەک ئەقەلیەت نامێنی و دەچێتە خانەی یاخی یا گێرەشێوێن. ئەکسەریەتێک کە بڕوای بە خۆی بێت و هەست بە بەرپرسایەتی بە رانبەر خۆی و حیزب و  ئەقەلیەت و ئەو ڕیسالەتە بکا کە کەوتۆتە سەرشانی، بە هەموو تواناوە تێ دەکۆشێ کەمایەتی ڕەگەڵخۆی بداو  بیکاتە شەریک و برابەشی سیاسەت و بڕیارەکانی خۆی. ئەکسەریەتێک ئەقەلیەت تەحەموول نەکاو ئەقەلیەتێک لە گەڵ ئەکسەریەت نەحەوێتەوە، ئەکسەریەت و ئەقەلیەت نین و مافەکانی تاکیش وەبەرچاوناگرن. ئەگەر دەستەلاتی سیاسیش بە دەستەوە بگرن  زۆر وێدەچێ دەستەو تاقمەکانی غەیری خۆیان تەحەموول نەکەن.

ئیبڕاهیم لاجانی

١٥.٠٣.٢٠١٢

hizbi_chepno{jcomments off}

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی