"an independent online kurdish website

شەی شەهید، وشەیەكی عەرەبییە كە لە پاش سەرهەڵدانی ئایینی ئیسلام بەم چەشنە واتای گرتووەتە خۆی. بەڵام ئەمە بەو مانایە نیە كە پێش لە سەرهەڵدانی ئیسلام وشەی شەهید بوونی نەبووە، بەڵكوو بە پێچەوانە خودی وشەی شەهید لە زمانی یوونانییەوە وەرگیراوەgllko_qzi-muhammad

و بە مانای ئەو كەسانە هاتووە كە ئامادەبوون كە لە پێناو ئازادیی گەل و ئاو و خاك و نیشتمانەكەیان گیانی شیرینی خۆیان خۆبەخشانە و دڵخوازانە بەخت بكەن. بە تایبەتی بەو جەنگاوەرانە دەگوترا كە بێباكانە و گیان لەسەردەست ئامادەی گیانفیدایی لە پێناو ئامانجە پیرۆزەكانیان بوون.

ئێستا زۆربەی خەڵك پێیان وایە كە ئەم وشەیە بە واتای مردن لە رێگەی خودادایە، بەڵام ئەوەی كە ڕاستییە ئەمەیە كە ئەم وشە بە واتای مردن نیە و مانا سەرەكییەكەی دەگەڕێتەوە بۆ ئامادە و شاهید و شایەتبوون. هەرچەند ئەركی ئەم نووسینە باسكردنی مانای وشەی شەهید نیە بەڵكوو بۆ بەرچاوڕوونی خوێنەرانی خۆشەویست پێویست بوو ئاماژەیەكی سەرەتایی بە خودی وشەی شەهید بكرێت. بەڵام بە ڕاستی شەهید كێیە؟ كە ناوی لە لای ئێمە چ وەك كورد و چ وەك خەباتكاری رێگەی ڕزگاری و ئازادیی ئاو و خاك و نیشتمانەكەمان ئەوەندە پیرۆز و خۆشەویستە.

شەهید مرۆڤێكی واڵا و ئارمانجخوازە كە بەهای بیروبڕوا و ئارمانجەكەی لە سەرووی هەموو بەهاكانە. ئاسایش و خزمەت بە مرۆڤەكان لە ئاسایشی خۆی بە گرینگتر دەزانێ‌. خەمخۆر و پەرۆشی مرۆڤەكانە و بۆ پاراستنی بەها مرۆییەكان گیان لە سەر دەست و ئامادەی گیانفیداییە. ئەو لەگەڵ مرۆڤەكاندا دەبێتە هاودەرد، لە شادی مرۆڤەكان شادمان دەبێ و لەگەڵ خەمەكانیاندا خەم و پەژارە دایدەگرێ. ئەو ئەوەندە هۆگری بیروبڕوا و ئارمانجە پیرۆزەكانیەتی كە قازانجەكانی خۆی لەگەڵ ژیان و سروەت و سامانی بۆ گەیشتن بە بەختەوەریی گەل و نیشتمانەكەی بە ئاسانی فیدا دەكات.

كەوایە شەهید مرۆڤێكی رەها و ئازادیخواز، ناخبین و قارەمانە كە دونیا و هەموو ئەو شتانەی كە لە دونیادا هەیە بۆ ئەو بایەخ و قۆربێكی نیە و بە ئاسانی لێیان دەگوزەرێ و دەگەڕێتەوە بۆ حەقیقەتی مرۆڤایەتی كە خزمەتكردن بە هاوچەشن و مرۆڤدۆستییە. شەهید نامرێ و شاهیدی هەموو ئەو شتانەیە كە ساڵیانی ساڵ ململانێیان لە سەر كراوە و شایەتە بۆ هەموو ئارمانجخوازی و ئازادیخوازییەكانی مرۆڤەكان بۆ رەهابوون لە چنگی زۆڵم و زۆر و دیكتاتۆری، ئەو هەڵقوڵاوی جیهانی نەمانە و لكاوە بە جیهانی هەتاهەتایی هەبوون.

شەهید مرۆڤێكی نموونەیە كە لە هەر زەمەن و لە هەر شوێنێكدا بە ئامادەبوونی خۆی نموونەیەكە بۆ ژیاندۆستی هەموو مرۆڤەكان. شەهید بە شەهیدبوونی خۆی ترس لە مەرگ دەڕەوێنێتەوە و كۆمەڵگا زیندوو دەكاتەوە و ناوی خۆی بۆ هەتا هەتایە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا بە باشی و زیندوویی تۆمار دەكات.

لە فەرهەنگی مرۆڤە ئازادیخوازەكاندا شەهیدبوون ئارمانج نیە و هەروەها مەرگێكیش نیە كە دوژمنان بە سەر مرۆڤە ئازادیخوازەكاندا دایسەپێنن، بەڵكوو شەهیدبوون مەرگێكی دڵخوازانەیە كە مرۆڤی ئازادیخواز و خەباتكار بە تێگەیشتن و ئاگایی و لۆژیك و شعوور و ڕابوون بۆ گەیشتن بە ئازادی و سەربەرزی و گەیشتن بە ژیانێكی مرۆییانە هەڵیدەبژێرێ.

سه‌رچاوه‌: کوردستان مێدیا

{jcomments off}

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی