"an independent online kurdish website

لە ڕۆژی٧ی ئاوریلی ١٩٤٨ بە بەشداری ٦١ وڵات لە وڵاتی ژنێڤ ئەم رۆژە بە رۆژی نێونەتەوەیی تەندرستی دیاریکرا.shehen_behman_sultani

مەبەست لە دیاریکردنی ئەم رۆژە، دانی زانیاری پاک و خاوێنی و تەندروستییە بە هەموو دانیشتوانی جیهان، دابینکردنی کەرەستەی پاک و خاوینی بە بێ جیاوازی بۆ هەموو مرۆڤێک، بن بڕکردنی  نەخۆشییەکانی وەکوو، سیل، وەبا، تاعوون و مالاریا و زۆر نەخۆشی تر و هەروەها پاراستنی تەندروستی دایکان لە کاتی سک پڕی و منداڵبووندا.  کارەساتە سروشتییەکانی کە ڕوودەدەن وەک زریان، بوومەلەرزە، لافاو، وشک ساڵی، سۆنامی و ئاگرکەوتنەوە بە هۆی گەرم بوونی گۆی زەوی، ئەماندەش دەبنە هۆی تێکچوون و هەندێک کاتیش وێرانبوونی بنکە تەندروستیەکان و لە ناوچوونی کارمەند و کەسانی شارەزا لە بواری تەندروستیدا و لە ئاکامیشدا پاش ماوەی ئەم کارەساتانە دەبێتە هۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشیە واگیرەکان.

تەندروستی، خۆی ژێرخانی ئابوری و پێشکەوتنی هەر کۆمەڵگایەکە، تەندروست بوون مافی هەر تاکێکە و بۆ دابینکردنی  سڵامەتی خۆی دەبێ بە پێداویستییە سەرەتاییەکانی خۆی بگات بە ئاسانی و بەبێ جیاوازی.
بیۆلۆژی ژنان جیاوازی زۆری لەگەڵ پیاواندا هەیە و زۆرێک لە نەخۆشییەکان لە کاتی منداڵبووندا بۆ دایک وپاشان بۆ کۆرپەکەشی دەگوێزرێتەوە. بۆیە پێویستە کە لەم بوارەدا خزمەتی تایبەت بە ئەوان بکرێت.
لەو وڵاتانە کە شەڕ و نائارامی هەیە، ئاوارەبوون و قوربانیدان  بە زۆری ژنان و منداڵان دەگرێتەوە

لەم دنیا چینایەتییەشدا، کە زۆرینەی دانیشتوانی چینی هەژار پێکیدێنێ، ٧٠% ئەم هەژارییەش ژنان پێکی دەهێنن.

دیاردەیەکی حاشا هەڵنەگریشە کە جیاوازی زۆرە لە ئاستی جیهانیدا بە گشتی و لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئێمەشدا بە تایبەتی  و بە پێی دوایین سەرژمێرییەکانی رێکخراوەی مناڵپارێزی جیهانی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان واتە  یونیسف، لە هەر خولەکێکدا، هەزاران دایک بە هۆی منداڵبوونەوە گیانیان لە دەست ئەدەن. لە ئاکامی نەبوونی چاودێری پێویست لەو کاتەدا و هەروەها چاودێرینەکردنی بەردەوامی باری تەندروستی دایک لەماوەی سکپڕیدا.

لە وڵاتی شەر لێ دراو و هەژاری ئەفغانستان، بەرزترین ڕێژەی مردنی دایک و کۆرپەی هەیە لە ئاستی جیهانیدا. تەندروستی هەمیشە خیی لە هەژاریدا نیشان دەدا ، بۆ نموونە داهاتی کەم، نەخوێندواری، نەبوونی خۆراکی باش، بارودۆخی خراپی ژیان. ئەماندە و زۆر هۆکاری دیکەش مرۆڤ زیاتر لە نەخۆشبوون نزیک دەکاتەوه. لە خولەکێکدا هەزاران منداڵ بە هۆی نەبوونی خۆراکی باش و خراپی باری تەندروستی گیانیان لە دەست دەدن. لێکۆڵینەوەکان ئەو ڕاستییە بە بەڵگەوە دەسەلمێنن کە لە ٤٠ وڵاتی دنیادا، مردنی منداڵانی ژێر پێنج ساڵ، بە هۆکاری ئەوەوەیە  کە دایکەکان نەخوێندەوارن و زانیاری پێویستیان نییە. ئەگەر نە تەنیا لە ڕوانگەی پزیشکییوە بڕوانینی بارودۆخی تەندروستی، هاوکات لە ڕووی فەرهەنگی و کۆمەڵایەتی و ئابووریشەوە بڕوانینە ئەم مەسەلەیە، زۆرن ئەو نەخۆشانەی کە بەرەوڕووی تانە و توانج دەبنەوە چ لە بنەکەکانی تەندروستییدا و چ لە ناو کۆمەڵگاشدا، بە تایبەتی ئەو کەسانەی کە لەگەڵ نەخۆشییە رۆحی و دەروونیەکان  ڕووبەڕون، زۆرن ئەوانەی کە بەم دەردانەوە بێ خانە و لانە   دەمێننەوە و شەوان لە  سەر شەقامکاندا رۆژ دەکەنەوە،  یان ئەو پیر و پەک کەوتوانەی کە لە لادێکانەوە ڕوو لە شارەکان دەکەن بۆ چارەسەری نەخۆشی و لە بواری ئابوورییەوە لاوازن، بە بوخچەیەک نان و جل و بەرگ لە دەوروبەری نەخۆشخانەکان دەمێنننەوە و چاوەڕێی بەرکەوتنی سەرەی پزیشک دەکەن.

تەنانەت لە نەخۆشیەکانیشدا، جیاوازی ڕەگەزیی هەیە بۆ نموونە بۆ نەخۆشی ئایدز  ڕێگای بەرگری  تووشبوونی پیاوان  بەو نەخۆشیە دۆزراوەتەوە و زۆرینەی تووشبووانیش بەو نەخۆشیە بە پێی ئامارە جیهانییەکان، ژنان پێکی دەهێنن. ئەم دیاردەیەش کاتێک چارەسەر دەبێ کە دەسەڵات دارانی وڵاتەکان، هەڵواردنی رەگەزی و هاوکات نەتەوەیی وەلا بنێن بۆ دانیشتوانی  وڵاتەکەیان مافی ژیان و  و تەندروستی بە بێ جیاوازی دابین بکەن.  لە کۆتاییدا، پاک و خاوێنی، پاراستنی کەرەستەی تندروستی و دابینکردنی پێدوایستییە سەرەتاییەکانی پاراستی تەندروستی کۆمەڵانی خەڵک لە هەر جێگایەک،  ئەرکی تاک بە تاکی سەرشانی مرۆڤەکانە و هەرچی زیاتر ئەم بووارە گەشەندن بەخۆیەو ببینێ ، زیاتر کولتوور و تێگەیشتنی مرۆڤەکان  لەو کۆمەڵگایەدا لە پێوەندی لەگەڵ مافە سەرەتاییەکانی دانیشتوان نیشان دەدات.

شەهین سوڵتانی

{jcomments off}

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی