له ئه‌مڕۆدا، له هه‌موو شوێنێکی ئه‌م جیهانه به‌رینه‌دا. ته‌له‌فزیۆن بۆته ده‌زگایه‌کی سه‌ره‌کیی هه‌موو ماڵان.. که تێکڕای ئه‌ندامانی خێزانه‌کان ئالووده‌ی بوونه و، به ده‌نگ و ره‌نگ و جووڵه ، سه‌رنجی گه‌وره‌کان و منداڵانی بۆ لای خۆی راکێشاوه. زۆربه‌ی داناکان ته‌له‌فزیۆن به شاکارترین داهێنانی مرۆڤ له‌م سه‌رده‌مه‌دا ده‌زانن
و، به هۆیه‌کی زۆر گرنگی فێرکردن و وه‌رگرتنی زانست و زانیاری هه‌مه‌ره‌نگه و فراوانکردنی ئاسۆی روشنبیری گشتی و، دانه‌بڕان له شارستانی و له پێشکه‌وتن داده‌نێن.. ئه‌وه زۆر ئه‌سته‌مه که ته‌له‌فزیۆن له ماڵان‌دا نه‌بێ یا دووربخرێته‌وه.. له ماڵانی پاره‌دار و هه‌بوودا، سێ تا پێنج ده‌زگای ته‌له‌فزیۆن هه‌یه.. له هۆڵی میوان ، له ژووره‌کانی نووستندا، له چێشتخانه‌دا ، له ژووری کتێبخانه و خوێندنه‌وه‌دا.
ئه‌گه‌رچی کۆمه‌ڵێک ده‌زگا و داهێنانی تر هاتوونه‌ته کایه‌وه و، ململانێ له‌گه‌ڵ ته‌له‌فزیۆندا ده‌که‌ن.. له‌وانه ئینته‌رنێت و، یارییه ئه‌لیکترۆنییه‌کانن.. به تایبه‌تیش ئینته‌رنێت، که خه‌ریکه پێشی ته‌له‌فزیۆن بکه‌وێت.. ئینته‌رنێت دنیایه‌کی به‌رین و ئاسۆ فراوانی بێ بنی زانست و زانیاری هه‌موو بواره‌کانی ژیانی له خۆگرتووه. جیهانی مه‌زنی کردووه به گوندێک و به‌ئاسانی ده‌توانین تێیدا په‌ی بکه‌ین و، ئاره‌زووشمان له‌چی بێ لێی وه‌ربگرین و، چیشمان بوێ پێی ببه‌خشین.. به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا، هێشتا ته‌له‌فزیۆن بایه‌خ و کاریگه‌ری خۆی له‌ده‌ست نه‌داوه. رۆژانه کاتێکی زۆرمان به سه‌یرکردنی به‌رنامه‌کان و هه‌واڵه‌کان و بابه‌ته هه‌مه‌جۆره‌کانی تری ته‌له‌فزیۆن به‌سه‌ر ده‌به‌ین.
ئایا ته‌له‌فزیۆن تا چ راده‌یه‌ک کاریگه‌ری له‌سه‌ر منداڵان هه‌یه ؟ له‌سه‌ر ژیان و ره‌فتار و هه‌ڵسوکه‌وت و گه‌شه‌کردنی هۆش و گۆش و بیر و زه‌ین و، ته‌ندروستی و باری ده‌روونی و خوو و ره‌وشت و، ئاستی فیربوونی له قوتابخانه و، په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ خێزانه‌که‌ی و تێکه‌ڵ بوونی به‌کۆمه‌ڵگاکه‌ی ده‌بێ؟ ئه‌ی چ ره‌نگدانه‌وه‌یه‌کی پۆزه‌تیڤ و نێگه‌تیڤی له ژیانی ئه‌مڕۆ و له داهاتوی منداڵاندا ده‌بێت.. ؟
پێش ئه‌وه‌ی بێنه سه‌ر وه‌ڵامی ئه‌و پرسیارانه. پێویسته دان به‌م راستییه‌دا بنێین، که نه ئه‌مڕۆ دوێنێ یه و، نه منداڵانی ئه‌مڕۆش وه‌کو منداڵانی دوێنێن.. ناشکرێت له هه‌موو لایه‌که‌وه به‌ربه‌ست له به‌رده‌م منداڵاندا دابنێن و، له خۆشی و چێژی داهێنانه سه‌یر و سه‌مه‌ره‌کانی ئه‌مڕۆ بێ به‌شیان بکه‌ین.. منداڵانیش خاوه‌نی هه‌ست و نه‌ستن ده‌یانه‌وێت بزانن چی هه‌یه و چی نییه ؟ بێ ئه‌وه‌ی که گوێ به ئه‌وه بده‌ن ئه‌م شته ـ بڤه ـ یه ، ئاره‌زووی تاقیکردنه‌وه‌ی هه‌موو شتێکیان هه‌یه. مه‌به‌ستیشم ئه‌وه نییه به‌جاری به‌ره‌ڵایان بکه‌ین و، رێنمایی و چاودێریان نه‌کین و بیان ده‌ینه ده‌ستی قه‌زا و قه‌ده‌ر و، چاره‌نووسێکی نادیار.
ئه‌مڕۆ به‌شێکی زۆری دایکان و باوکان داد و بێدادیانه له ته‌له‌فزیۆن. راماون و نازانن چی بکه‌ن.. چونکه خه‌ریکه کۆنترۆڵی منداڵه‌کانیان له‌ده‌ست بده‌ن .. گله‌یی ئه‌وه‌یان هه‌یه، که منداڵه‌کانیان رۆژانه بۆ ماوه‌یه‌کی زۆر له به‌رده‌م ته‌له‌فزیۆن یا کۆمپیوته‌ر و ئینته‌رنێت و ده‌زگاکانی یارییه ئه‌لیکترۆنییه‌کاندا داده‌نیشن.. ته‌نانه‌ت بۆ نان و ئاوخواردنه‌وه و نووستنیش به زۆر هه‌ڵیان ده‌ستێنن.. خولیای یاری کردن و وه‌رزش و چوست و چالاکییان کزبووه و ، ئه‌رکه‌کانی قوتابخانه‌شان جێبه‌جێ ناکه‌ن و له خوێندنیشدا دواکه‌توون و، په‌یوه‌ندی هاوڕێتی و په‌یوه‌ندی نێوان خێزانیشیان سارد و سڕبووه.. ترسی دایکان و باوکان له‌جێی خۆیدایه .
لێکۆڵه‌ره‌وان و ده‌روونناسان و پزیشکانی منداڵان و پسپۆر و شاره‌زایانی بواری په‌روه‌ره‌ده‌ی منداڵان.. تا راده‌یه‌کی زۆر هه‌موویان له را و بیر و بۆچوونه‌کانیاندا ده‌رباره‌ی سووده‌کان و زیانه‌کانی سه‌یرکردنی ته‌له‌فزیۆن و کاریگه‌ری له‌سه‌ر منداڵاندا.. هاوڕان و له یه‌که‌وه نزیکن.. هه‌ندێ له‌م لێکۆڵه‌ره‌وانه به مه‌یدانی و پراکتیکی، تۆژینه‌وه و لێکۆڵینه‌وه‌کانیان ئه‌نجام داون..به زمانی ژماره ده‌دوێن.
به‌شێک له زاناکان پێیان وایه که ته‌له‌فزیۆن کاریگه‌رییه‌کی زۆر قووڵی باش و خراپی له‌سه‌ر منداڵاندا هه‌یه ، هه‌ر له سه‌ره‌تای ژیانییه‌وه تا ده‌بێته مرۆڤێکی هه‌ستیار و هۆشیار.. ئه‌م کاریگه‌رییه‌ش به‌پێی قۆناغه‌کانی منداڵی، له منداڵێکه‌وه بۆ منداڵێکی تر جیاوازه.
به‌شێکی زۆری لێکۆڵینه‌وه مه‌یدانییه‌کان. جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌که‌نه‌وه، که دانیشتنی رۆژانه‌ی منداڵان له به‌رده‌م شاشه‌ی ته‌له‌فزیۆندا بۆ ماوه‌یه‌کی زۆر
دووچاری سۆزکزی و هه‌ست لاوازیان ده‌کات و، په‌یوه‌ندی خیزانییان سارد و سڕ ده‌کا و، گۆشه‌گیر ده‌بن و په‌یوه‌ندی هاوڕیتیشیان لاواز ده‌بێت.
له‌م رووه‌وه پرۆفیسۆر ( گلین سپارکس) پسپۆر له زانستی په‌یوه‌ندییه‌کان له زانکۆی ( بروود) له هه‌رێمی ئه‌ندیانا له‌ئه‌مریکادا ده‌ڵێت : ” خووگرتنی خه‌ڵکی به سه‌یرکرنی ته‌له‌فزیۆنه‌وه، زیان به په‌یوه‌ندییه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان ده‌گه‌یه‌نێ.. بوار بۆ هاوڕێ گرتنی تازه ناهێڵێته‌وه.. که له ژوورێکدا داده‌نیشن و هه‌موو سه‌یری ته‌له‌فزیۆن ده‌که‌ن.. زۆر که‌م ده‌دوێن و، ته‌نانه‌ت سه‌یری رووخساری یه‌کتریش ناکه‌ن.. له جیاتی ئه‌و ماوه درێژه‌ی که به دیاری ته‌له‌فزیۆنه‌وه شه‌واره ده‌گرن.. له ماڵ ده‌ربچن و به‌پێ پیاسه بکه‌ن یا وه‌رزش بکه‌ن.. یا پێکه‌وه دابنیشن و پلانی داهاتوویان دابنێن.. گه‌لێ له فیلم و ئه‌ڵقه دراماییه‌کان ژه‌هراوین و، فاکته‌رن بۆ لاوازکردنی په‌یوه‌ندیی خێزانی و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان.. گۆشه‌گیری دروست ده‌که‌ن و، سۆز و هه‌ست و گوێدێری و رێزی منداڵان بۆ دایک و باوکیان لاواز ده‌که‌ن… “
بێجگه له‌و زیانانه‌ی که پرۆفیسۆر سپارکس باسی لێ کردوون.. زۆر دانیشتنی منداڵان له به‌رده‌م ته‌له‌فزیۆندا.. له‌گه‌لێ رووی تره‌وه زیان به منداڵان ده‌گه‌یه‌نێت.
له رووی ته‌ندوسستی یه‌وه ( تووشی کورت بینین ده‌بێت، قه‌ڵه و ته‌مه‌ڵ و که‌م جووڵه ده‌بێت، هه‌ست به ئازاری پشت و ملی ده‌کات، تووشی سه‌رئێشه ده‌بێت…) له رووی ده‌روونی یه‌وه تووشی ( گۆشه‌گیری ده‌بێت، توڕه و جیکڵدانه ته‌نگ ده‌بێت، په‌یوه‌ندی خێزانی و هاوڕێتی و کۆمه‌ڵایه‌تی کاڵ ده‌بێته‌وه، توندڕه‌و و توندوتیژ و خۆپه‌رست ده‌بێت ، له خۆبایی و سه‌رکێش ده‌بێت، که‌له‌ڕه‌ق و لاسار و چه‌قاوه‌سوو و شه‌راگێز ده‌بێت، ئازاری هاوڕێکانی ده‌دات…) له رووی ره‌وشتیشه‌وه دیمه‌نی فیلمه‌کان ( زووتر چێژ و حه‌زی جینسیان ده‌خرۆشێنن، دوور نییه که تووشی خۆشه‌ویستییه‌کی کاڵی زوو وه‌خت ببن و، په‌یوه‌ندی نه‌شیاو و ره‌فتاری سه‌قه‌تیان لێ بووه‌شێته‌وه …).
به‌ڵام له راستیدا سووده‌کانی سه‌یرکردنی ته‌له‌فزیۆن له‌لایه‌ن منداڵانه‌وه زیاترن له زیانه‌کانی، به مه‌رجێ ماوه‌ی سنووری دیاری کراو نه‌به‌زێنن و، له ژێر چاودێری و ڕێنماییدا سه‌یری به‌رنامه و بابه‌ت و فیلمه په‌روه‌رده‌یی و بنیاتنه‌ره‌کان بکه‌ن. پزیشکانی منداڵانیش، به تاقیکردنه‌وه ئه‌و راستییه‌یان بۆ ده‌رکه‌وتووه.. که له کاتی پشکنینی منداڵاندا، بۆ نموونه وه‌کو خوێن وه‌رگرتن لێیان ، ئه‌گه‌ر له‌م ساته‌دا منداڵان سه‌یری ته‌له‌فزیۆن بکه‌ن، که‌متر هه‌ست به ئێش و ئازار ده‌که‌ن.
تیپێکی لێکۆڵه‌ره‌وان به سه‌رۆکایه‌تی (ئالمی گوردان) له مه‌ڵبه‌ندی( ئینێرک) له هه‌رێمی ( ڤیلادیلڤیا ) له ئه‌مریکادا.. تاقیکردنه‌وه‌یه‌کیان له‌سه‌ر (180) منداڵ ئه‌نجامدا، که ته‌مه‌نیان له نێوان ( 6 ــ 13) ساڵان بوون.. زۆربه‌یان رۆژانه بۆ ماوه‌ی ( سێ کاژمێر ) سه‌یری ته‌له‌فزیۆن ده‌که‌ن.. کاتژمێرێکی زیاتره له‌کاتی رێپێدراو.. په‌یمانگای پزیشکی ئه‌مریکی بۆ منداڵان. ته‌نها دوو کاتژمێری دیاری کردووه بۆ منداڵان که سه‌یرکردنی ته‌له‌فزیۆن بکه‌ن.
بۆ که‌م کردنه‌وه‌ی ماوه‌ی سه‌یرکردنی ته‌له‌فزیۆن له لایه‌ن منداڵانه‌وه.. هیوادارم دایکان و باوکان سوود له‌م رێنماییانه وه‌ربگرن :
(*) سنووردارکردنی ماوه‌یه‌ی سه‌یرکردنی ته‌له‌فزیۆن بۆ منداڵان.
(*) که ئاره‌زووی سه‌یرکردنی ته‌له‌فزیۆن نه‌بێت ، پێویست ناکات هه‌ڵبکرێت.
(*) نابێت ده‌زگای ته‌له‌فزیۆن له ژووری منداڵاندا دابنرێن.
(*) کورتکردنه‌وه و سنووردیاری کردنی سه‌یرکردنی ته‌له‌فزیۆن، له ماوه‌ی رۆژانی خوێندندا.
(*) نابێت ته‌له‌فزیۆن له چێشخانه‌دا دابنرێت.. بۆ ئه‌وه‌ی نانخواردن و سه‌یرکردنی ته‌له‌فزیۆن نه‌بێت به خوویه‌کی ده‌ق گرتوو.
(*) پێویسته چه‌ند ده‌زگا و که‌ره‌سته و ئامێرێکی تر بۆ منداڵان له ماڵان‌دا دابین بکرێن ، تا منداڵان پێیانه‌وه بخافڵێن و.. له ته‌له‌فزیۆن دوور بکه‌ونه‌وه.
(*) فێرکردنی منداڵان بۆ ئه‌وه‌ی له دووره‌وه سه‌یری ته‌له‌فزیۆن بکه‌ن.. تا زیان به چاوه‌کانیان نه‌گه‌یه‌نێت.
(*) نابێت رێ به منداڵان بدرێت به ئاره‌زووی خۆیان ته‌له‌فزیۆن بکه‌نه‌وه و.. به ئاره‌زووی خۆشیان سه‌یری ئه‌و به‌رنامه و درامایانه بکه‌ن که بۆ ئه‌وان ناشێن.
(*) دایک یا باوک له‌گه‌ڵ منداڵه‌کانیاندا دابنیشن و، پێکه‌وه سه‌یری ته‌له‌فزیۆن بکه‌ن و، مه‌به‌سته‌کانی به‌رنامه و فیلمه‌کانیان به جوانی بۆ شیبکه‌نه‌وه و، وه‌ڵامی پرسیاره‌کانیان بده‌نه‌وه.
(*) له یه‌ک ده‌زگای ته‌له‌فزیۆن زیاتر له ماڵدا دانه‌نرێت.
(*) پێویسته ماوه‌ی به‌رنامه‌کانی منداڵان له ته‌له‌فزیۆنه کوردییه‌کانماندا ، له‌ژێر چاودێری که‌سانێکی پسپۆر و شاره‌زایانی په‌روه‌رده‌ی منداڵاندا بن.. ئه‌و بابه‌ت و به‌رنامانه و فیلمانه‌ی پێشانیان ده‌درێن .. په‌روه‌رده‌یی و سوودبه‌خش بن.
(*) پێویسته هانی منداڵان بده‌ین بۆ خوێندنه‌وه‌ی کتێب و گۆڤاری منداڵان.. تا له ماوه‌ی سه‌یرکردنی ته‌له‌فزیۆنیان که‌متر بکه‌ینه‌وه.
(*) پێویسته هانی منداڵان بده‌ین که خوو بده‌نه وێنه‌کێشان ، یا فێربوونی ئامێرێکی موزیک، تا له ماوه‌ی سه‌یرکردنی ته‌له‌فزیۆنیان که‌متر بکه‌ینه‌وه.
(*) هانیان بده‌ین بۆ یاری و وه‌رزش کردن و چۆست و چالاکی.. تا بۆ ماوه‌یه‌ک له ته‌له‌فزیۆن دوور بکه‌ونه‌وه.
(*) پێویسته، جێبه‌جێ کردنی ئه‌رکه‌کانی قوتابخانه‌یان ، بکه‌ین به مه‌رجێک بۆ ماوه‌ی سه‌یرکردنی ته‌له‌فزیۆن.
(*) که منداڵان پێبه‌ندبوون به رێنماییه‌کان و، ماوه‌ی دیاری کراوی سه‌یرکرنی ته‌له‌فزیۆن و، سه‌رپێچی نه‌که‌ن.. پێویسته خه‌ڵات بکرێن و دیاریان پێشکه‌ش بکه‌ین، ئه‌مه‌ش ده‌بێته هانده‌ر بۆ زیاتر رێزگرتن له رێنماییه‌کان.
شایانی باسیشه که، ته‌له‌فزیۆن و ڤیدیۆ و کۆمپیوته‌ر و ئینته‌رنێت و ده‌زگاکانی یارییه ئه‌لیکترۆنییه‌کان و موبایل و … هتد، له‌وه زیاتر نین که ، هه‌ریه‌که‌یان ده‌زگایه‌کی ته‌کنه‌لۆژیای دروستکراون و، ده‌سته‌مۆی ئاده‌میزادن.. کۆنترۆڵه‌کانیان له ده‌ستی خودی مرۆڤ خویدایه، که‌واته سووده‌کانیان یا زیانه‌کانیان له چۆنییه‌تی به‌کارهێنانیانیان دایه.
چاوه‌ڕێی به‌شی دووه‌می ئه‌م بابه‌ته بن : ( کاریگه‌ری ئینته‌رنێت له‌سه‌ر منداڵان)
نه‌رویچ : 6 / 4/ 2012
{jcomments off}