"an independent online kurdish website

چەند رۆژێکی مابوو بۆ پاییز کە بە فرۆکە بۆ سنە راگوزراین.سەیر کردنی مووچە و مەزرا و باخەکان لەو سەرەوە بۆ من شتێکی نوێ بوو .هەرگیز لەو بەرزایەوە سنەم نەدیبوو ،ferzad_kemanger_qutabian

ئەویش لە وەرزی پاییزدا، وەرزی پاییزی کوردستان بە راستی سەرنج ڕاکێشە هەروەک بەهار و لەوانەیە زیاتریش. من بە ژیان لە ناو ئەو تابلۆ جوانە هەزار رەنگە ڕاهاتەبووم بەڵام نە لەو بەرزاییەوە.
لە پاییز چاوی مرۆڤ لەو هەموو جوانی و تێکەلاوی رەنگە حەیران دەبێ بەڵام تا لە بەرزای کێوی ئاویەر و دەور و بەری بۆ تێروانینی دانەنیشی و تا بۆ سۆزی ئاوازی عەباس کەمەندی گوێ رانەدێری نازانی بۆچ ئاویەر هاوژیانی هۆنراوە و سروود و عیشقی سنەیەکان بووە ، ئەشێ لە پاییزی هەورامان و رەزەکانیدا بووبی ئەو کات کە خۆر خۆی بۆ ئامێزی کێوە سەرکەشەکانی نزیک دەکاتەوە تا هەنارستانی هەزار رەنگ و دۆڵە قووڵەکانی هەورامان سێبەری رووناکیان پێ بەبخشێ و جوانترین تابڵۆ بخاتە بەر چاوان …
خەیاڵ وەک ئەسپێکی سەرکێش منی لە نێوان دیوارەکانی بەندیخانەی سنە بۆ شوێنە دوورەکان بردەبوو. دەمزانی بۆ لە بیر کردنی ئازارەکانم دەبەی بۆ بیرەوەریە خۆشەکانم پەنا بەرم ، بەڵام تەواوی جەستەم پاش ئەشکەنجەیەکی تەواو کە خۆم بۆ راگرتەبوو ئازاری دەدام ، ئەشکەنجەیەک کە بە تاوانی گوناحێکی نەکراو دەستبەردارم نەدەبوو .
یەک لەو سێ پاسەوانەی کە ئازاری دابووم لە درزی ژوورە تاکەکەسیەکەمەوە ئارام و بێدەنگ سەیری منی دەکرد تا بزانێ جوولە دەکەم یان نا .چاوە نامۆکانی رێگر بوون لە سەر بیرەوەریە شیرینەکانم، بە ناچار جووڵێیکم کرد تا بزانێ زیندووم و ئۆقرە بگرێ و خەڵوەتی شەوانەم و تەنیاییم لێ تێک نەدا ( بەندیخانە ئیتلاعاتی سنە لە نێوراست شاری سنە دایە و لە نزیک بەندیخانە دەنگی رێ و رەسمی زەماوەند دەبیسترا )
بە هاتنی شەو دەنگی ئاوازی گەڕیان دەهاتە گوێ ،ئاوازی کاک نەجمەدین کە بە گەڕەکەکانی شاری سنەدا هەڵدەدا و ئاوازی پەسند کراوی سنەیەکانە بۆ هەڵپەرکێ و لە زۆربەی شاییەکاندا دەچڕێ ،لە مێشکمدا کچە لاوەکان و کورە لاوەکانی لە خۆباییم دەبینی کە دەست لە ناو دەست لە هەڵپەرکی و سەمادا بوون . سەمای گەریان سەمایێکە کە سەیرکەر و بیسەر نەخوازراو دەخاتە جۆش و خرۆشەوە تا چۆپی لە دەستەکانیدا هەڵسوورینێ و سەما بەکا .
جووڵەیێکم کرد ، ئازاری سەر و چاوم و دیانە ورد کراوەکانم پتر بووبوو،بەڵام دڵم نەیدەویست دیمەنێک کە درووستم کردەبوو وازی لێ بێنم، دوبارە هەر بەو ئازارەوە چاوەکانم لە سەر یەکنا ، دیوارەکانیش بە دەوری سەرمدا دەخولانەوە وەک ئەوەی ئەوانیش لە سەمادا بن ، دەنگی لێدانی دڵم و سازی مۆسیقام دەبیست و هەولم دەدا
لەساتێکدا کە هەست دەکەم وا بازنەی هەڵپەرکێ قاچەکانیان بە عەرزدا دەدن خۆم رێک بەخەم . حەزم دەکرد هەستمە سەر پێ و سەما بەکەم و لە گەڵ سەمای ئەوان هەڵپەرکێ کەم، لە گەڵ پێکەنینیان پێبەکەنم .هێند ئاوێتەی ئەو دیمەنە بووبووم دەتگوت زاوا منم، وەک زەماوەندی من بێ ، وەک ئەوەی هەموویان بە دەورمدا سەما بەکەن ، کە لە ناکاو تامی کوڵۆ خوێنێک کە قووتم دا بوو تەواوی خەیالاتمی ئالۆز کرد …
ئاوازی گەڕیان گەیشتبووە چەپی سەمای تایەبەتی ناوچەی هەورامان، لە جێگەمدا بەرەو هەورامان خولم خوارد و و سەر لە نوێ چاوەکانم لە سەر یەکنا. پشێوی و ئێشی گیانم ئازاری دەدام بەلام بە دەنگی موسیقا و ئاوازی شایی جیرانی بەندیخانە بە هەورامان گەیشتبووم و لە خەیالی قووڵمدا تێکەڵاوی ئەو خەلکە بووبووم.دەنگی شای و سەمای هاوسێکان بێخەبەر لە حالی ئێمە گێیشتبوە ئەوپەری خۆی. لە خەیاڵدا چۆپی لە دەستی مندا بوو ،کارێک کە لە هیچ شاییکدا نەمکردبوو ، سەمام دەکرد و بە دەوری خۆمدا هەڵدەسووڕام و هاوارم دەکرد ؛
شاباش ، شاباشی تەواوی ئەو دایکانی کە بینینی رۆڵەکەیان لە ناخیاندا قورسای دەکا
شاباش شاباشی بووکی ئازادی ئەو کاتەی کە بۆ وڵاتەکەم دەگەرێتەوە و عەرزی ژێر پێی ئەو و لاوەکانی هاورێی دەخاتە لەرزەوە.
لە خەودا یا بەخەبەری و یا لە بیهۆشیدا سەرخۆش لە میوانی و شای دەرەوەی بەندیخانە بووم و گۆرانی بێژی بی خەبەر لە دڵی من شایی گەیاندبووە ئاسمان.
نازانم چەند کاتژمێر تیپەریبوو ، جوولەی ماشینێک کە منی بەرەو نەخۆشخانێیک لە دەرەوەی بەندیخانە دەبرد وەخەبەری هێنام، وەک چەندین کاتژمەر بێ هۆش بووبم ، کاتێک خۆم لە ئاوێنەی شۆفێرەکەدا بینی زەردەخەنێیکم بە خۆم و میوانی دویشەومدا کرد و بە دەستە کەلەپچەکراوەکانم دەستێکم بە سەر و چاوی باکراو و قووپاوی خۆمدا هێنا و وەتم روخسارت بۆ زماوەند لەبار نییە و لە ژێر چاوی پاسەوانەکانی چەپ و راست و پێشەوەم کە دانیشتبوون زەردەخەنەکم شاردەوە نەکا ئازاریان بدا.
پاش دەرمان کردن لە چەند شەقامێکی سنەوە تیپەر و بۆ بەندیخانەیان هینامەوە ، کاتێک گەرامەوە ناو ژوورە تاکە کەسیەکەم
دوانیوەڕۆی شەممۆ بوو، شای تەواو بووبوو ، ڕاکشام ، شەو دەنگی ئارام، کچێکی لاوی بەندکراو کە ژوورەکەی لە پشت ژوورەکەی منەوە بوو ، سەرنجی ڕاکێشام ، ئارام ئاوازێکی فولکڵوری کوردی دەخوێند.
من کچی کوردستانم
گوڵێک لە ناو دەستی لاوان
چەپکە گوڵی جوانی کوردستان
من کچی کوردستانم
وەک رێحانە و نیرگسی بۆن خۆشی قراخ رەزەکانی کوردستان
بە بیستنی ئاوازی جوانی کجێکی بەندکراو کە ناوەکەشیم نەدەزانی ، کەڵپەی گریان ئەمانی لی بریم . بە خۆمم وت خوایە ئەم کجە پاکە غەرق لە خەیاڵاتیدا لە کوێی ئەم وڵاتە زامدار بووە ، بە پارێزگاری لە زامی هاو وڵاتیانی سەرقاڵە یا ئاوازە بێ غەل و غەشەکەی پێشکەشی چ کەسێکی کردووە. خۆم دایە دەست ئاوازی جوانی کچی بەندکراو و فینکی هەوایەکی ئارام کە لە درزی ژوورە تاکەکەسیەکمدا سەریهەڵدا بوو و چاوەکانم سەر لە نوێ لە سەر یەک نایەوە و چاوەروانی لیدانی دەرگا مامەوە کە ئەم جارەیان کێ بە شوینمدا دێت.

فەرزاد کەمانگەر
خاکەلێوەی 1389
بەندیخانەی ئەوین

وەرگێرانی  بۆ کوردی لە لایەن  رەشید رەحمانی

………..

“رۆژی 19ی گوڵان (بانه‌مه‌ڕ) ی 2010  (فه‌رزاد که‌مانگه‌ر، شیرین عه‌له‌م هولی، فه‌رهاد وه‌کیلی، عه‌لی حه‌یده‌ریان، مه‌هدی ئیسلامیان)‌ له‌ سێداره‌ دران.


نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی