یارسانیەکان لە دێرزەمانەوە خۆیان بە ئاڵاهەڵگری خەباتی کوردایەتی زانیووە و بۆ پاراستنی ناسنامەی
نەتەوەیی خۆیان خەباتیان کردووە. متونە پیرۆزە دەفتەریەکانی یارسانیەکان ئەو ڕاستییە نیشان دەدەن کە ئێمەی یارسانی بۆ پاراستنی هەویەتی نەتەوایەتی خۆمان نەک تەنها خەباتمان کردوە، بەڵکو لەم ڕێگایەدا زۆر خۆڕاگریمان لە خۆمان نیشان داوە و بەدەیان لە ڕێبەرانمان لەم ڕێگایەدا شەهید بوون. بۆ نموونە شا وەیسقولی لە سەدەی ١٣ ی میلادی مەرەموو:
اسلمەن جە کرد بابوم کوردنان اسلمەن جە کرد
من ئەو کردنان چنی دستەگرد
سلسلەی سپای ضحاک کردم هرد
لەم متوونە دەفتەریەدا ڕەوایی خەباتی کوردی ئێمەی یارسانی ڕوون و ئاشکرایە. كۆمەڵگای ئێمە پەنای بۆ هیچ کلتورێکی بێگانەی نەبردوە و ڕاست ئاینە کوردیەکەی خۆی کردۆتە سەرمەشقی تێکۆشان و خەبات دژی داگیرکەری و ناعەداڵەتی کۆمەڵگا. شاوەیسقولی بە کوردبوونی خۆی دەنازێ و خۆی و یارانی دەبنە پارێزەی مەرز وبوومەکانی کوردستان لە بەرانبەر سلسلەی زوحاکەکان کە بۆ داگیرکردنی کوردستان هاتوون سنگی خۆیان دەکەنە قەلخان.
جێگا پێرۆزەکانمان هەمیشە هەوڵدراوە بشێوێنن و ئاسەوارە نەتەوەیەکان لە ناو ببن. شک لەوەدا نییە کە دەسەڵاتداران و کۆنەپەرەستان هەمیشە هەوڵیانداوە جنوسایدی سپی بە سەر ئەم خەڵکە و ناوچەکانیاندا بسەپێنن. ئەڵبەت ئەمە شتێکی سەیر نییە، چونکە ئەم پیلانانە هەمیشە درێژەی هەبووە و یارسانیەکان چاک لەم ڕاستیە تێگەیشتوون. ئەوەی لێرەدا بۆ من جێگای تێڕامان و پرسیارە ئەوەیە، بۆ هێندێک کەس و هێندێک لە لایەنگرانی حیزبە کوردیەکان، دووای دروستبوونی ڕێکخراوێکی یارسانی هەوڵدەدەن پلان و بەرنامەکانی دوژمنانی گەلەکەمان ئیدامە بدەن؟ پرسیار دروستکردن بۆ ناسنامەی نەتەوەیی یارسانیەکان لە قازانجی کێدایا کە ئەم هاوڕێیانە بۆ دژایەتیکردن و پەراوێز خستنی ئەم خەڵکە هەوڵدەدەن لایەنە کوردیەکانی دیکە لە خەباتی ڕەوا و حەقخوازانەی ئەم خەڵکە مەشکوک بکەن.
ئەڵبەت ئێمە چاک دەزانین هێندێک لایەن چاویان برایی نابینێت و لایان وایە ڕێکخراوی یارسانی خەتەرێکە بۆ ئەوان کە نفوزی خۆیان لە ناو یارسانیەکان لە دەست بدەن. مێژووی یارسانیەکان نیشان دەدات کە ئێمە نەک هیچ خەتەریەک بۆ لایەنەکانی دیکە دروست ناکەین، بەڵکو دەتووانین ببینە پاڵپشتێکی زۆر گەورە بۆ دۆزی ڕەوای کورد. تولرانس و لەخودگوزەشتەگی خەڵکی یارسان هەمیشە بەشێک بووە لە فەرهەنگی ئەم خەڵکە.
ڕێکخراوی دیموکراتیکی یارسان بۆ دژایەتی هیچ لایەنێک دروست نەبووە، بەڵکو باوەڕی وایە کە خەڵکی یارسان مافی خۆیەتی کە خۆی خەبات بۆ وەدەستهێنانی مافەکانی بکات. ئێمە هەمیشە دەستی برایەتی و دوستیمان بۆ لای هەموو کەس درێژکردوە، کە بڕوای بە مافە ئینسانیەکامان بێت. قەد لە مێژووی ئێمە خەیانەت بە نەتەوە و گەلەکەمان نابیندرێت. ئێمە خەباتی باوباپیرانمان درێژە دەدەین. ئەوان فێریان کردوین کە گەلی خۆمانمان خۆش بوێت و لە ڕێگای مانی ناسنامە و هەویەتی نەتەوەییمان پێداگر بین. ئێمە بڕوامان وایە ئازادی ئێمە گرێدراوی ئازادی کوردستان و گەلانی دیکەیە. بۆ نموونە شا تەیمووری بانیارانی لە سەدەی ١٩ دەفەرموێت:
یاران مر اوسا تیمور دلشاد بو
آزادی مخلوق دادرسی داد بو
ئازادی و عداڵەتخوازی بۆ ئێمە تەنها لە چوارچێوەی مافەکانی یارساندا نییە، بەڵکو ئاواتی ئێمە ئازادی هەموو گەلانی دونیایە. گەورە پیاوانی ئێمە فێریان کردوین کە تاکاتێک کەسێک لە ژێردەستەدا بێت و ئازادی پێشێل بێت، هیچ یارسانییەک نابێت هەست بە ئازادی بکات.
پەیامەکانی ئایینی یاری هەموو ئەو بوختان و قسەهەڵواسینەی نەیاران و بێباوەڕان بە مافە ڕەواکانی خەڵکی یارسان بەدرۆ دەخەنەوە و تەنها و تەنها سەرشۆڕی بۆ ئەو کەسانە دەمێنێتەوە کە هەوڵدەدەن ئەفکاری خەڵک چەواشە بکەن.
مێژوی ئێمە نیشانیداوە کە یەکیەتی و برایەتی ڕێزەکانی ئێمە تەنها زامنە بۆ پاراستنی دەسکەوتەکانمان. بۆ ئێمە بە یەکگرتنی دوو جەریانی یارسانی نەک جارێکی دیکە سەڵماندمان کە خەڵکێکی لە خود گوزەشتەین، بەڵکو پەیامێکی ڕوون و ئاشکرامان بۆ لایەنەکانی دیکەش نارد، کە بۆ کۆکردنەوەی دەنگەکان دەبێت بەرژەوەندی باڵای نەتەوەیی لە سەرەوەی بەرژەوەندی تاک و حیزبەوە.
لە سەدەی ١٢ی میلادی کاتێک گەورەپیاوانی یارسانی هەست بە دابەشبوون و پەرشوبڵاو بوونی کوردستان دەکەن بەم پەیامە داوای یەکڕێزی دەکەن بۆ کورد و کوردستان:
هم وە موجزات هم وە سفرە و نان
یکسر کردەوە کرد و کردستان
هەموو ئەم پەیامانە نیشانەی سەداقەت و ڕاستگۆیی ئەم خەڵکەیە لە گەڵ گەل و نەتەوەکەیان. ئێستا چۆنە هێندێک کەس دەیەوێت دەرسی کوردایەتی بە ئێمە بدات و بەشداری کوڕی شا لە کونگرەی یارسانیەکان بکەنە بەڵگە بۆ بێوەفایی ئێمە لە ئاست نەتەوەکەمان. بێگومان ئەمە تەنها گێرەشێونییە و بەس و هێندێک کەس قازانج و بەرژەوەندی حیزبی خۆیان لە یەکگرتنی یارسانیەکان لە خەتەردا دەبینن.
پەیامی ئێمە پەیامی ئاشتی و پێکەوە ژیانە. ئەگەر ئێمە دەمانهەوێت خۆمان بۆ مافی خۆمان خەبات بکەین، بە مانای ئەوە نییە، دژایەتی لە گەڵ لایەنەکانی دیکەن بکەین و قازانجی نەتەوەیی بخەینە لاوە.
مەجید کازمی